عەتا محەمەد: لە رێگەی لیژنەیەکەوە هاوکارییە مادییەکان بەسەر زیانلێکەوتووان دابەش دەکرێت
محەمەد رزگار
٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
تا ئێستا زیاتر لە 11 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ، سەرۆکی کۆمسیۆنەکەش دەڵێت: لە رێگەی لیژنەیەکەوە هاوکارییەکان بەسەر زیانلێکەوتووان دابەشدەکرێت.
عەتا محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵ، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە عیراقدا هەر پرۆسەیەکی قەرەبووکردنەوە بەهۆی کارەساتی سروشتییەوە زیاتر لە ساڵێکی خایاندووە، بەڵام ئەوان لەلایەن کۆمسیۆنەکەیانەوە نەیان هێشتووە بگاتە 10 رۆژ قەرەبوکردنەوەکە دەستپیدەکات.
وتیشی، رۆژی دووشەمە دەست بە دابەشکردنی هاوکارییەکان دەکرێت و هاوکارییە مادییەکانیش لە رێگەی چەک بەسەر ئە ماڵانەدا دابەشدەکرێت کە زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش لەرێگەی لیژنەیەکەوە ئەنجامدەدرێت کە بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێم پێکهێنراوە.
عەتا محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، ئومێدەوارن هاوکارییەکان بەشی قەرەبووکردنەوەی هەموو زیانلیکەوتووان بکات، هەروەها چاوەڕوان دەکەن هاوکارییە مادییەکان زیاتر ببێت، وەک چۆن لە چەند رۆژی رابردوودا چەند لایەن و خێرخوازێک بەڵێنی ئەوەیان داوە کە هاوکاری مادی بخنەسەر هەژماری بانکی کۆمسیۆنەکە.



