سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی ئیمارات و میری قەتەر، جەخت لەسەر بەکارهێنانی دیپلۆماسی و دیالۆگ دەکەنەوە بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ.
سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و میری دەوڵەتی قەتەر بە تەلەفون تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە میانی دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەر یەک لە شێخ محەمەد کوڕی زاید ئال نەهیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری دەوڵەتی قەتەر، ئەمڕۆ دوایین پێشهاتی ناوچەکە لە بەر ڕۆشنایی شەڕی بەردەوام و کاردانەوەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری وڵاتان تاوتوێ کرد.
لە هەردوو پەیوەندییەکەدا جەختکرایەوە، لەسەر پێویستی گرتنەبەری دیالۆگ و رێگەی دیپلۆماسی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و دانانی کاری لە پێشینە بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی جەنگ، بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری گەلانی ناوچەکە و بەرژەوەندییە باڵاکانیان بپارێزێت.
هەرسێ سەرکردە پابەندبوونیان بە پتەوکردنی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەرسێ وڵاتەکە دووپاتکردەوە، هەروەها فراوانکردنی ئاسۆی هاریکارییەکان بە شێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ پەیوەندی قووڵی برایەتی نێوان هەرسێ وڵات و پاڵپشتی ئاشتی و سەقامگیری جیهانی دوپاتکردەوە.
سەرۆك كۆماری عیراق پەیامی سەرەخۆشیی ئاڕاستەی ئێران دەكات و جەخت لەوەدەكاتەوە كە هەڵوێستی عیراق نەگۆڕە و لەگەڵ راگرتنی شەڕ و زمانی گفتوگۆدایە.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، بەبۆنەی كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و چەند لێپرسراوێكی تری باڵای ئەو وڵاتە پەیامێكی هاوخەمیی ئاڕاستەی ئێران كردووە و رایگەیاندوە، عیراق لەم رەوشە سەختەدا لەگەڵ گەلی ئێراندایە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەم بارودۆخەی ناوچەكەی پێدا تێپەڕ دەبێت، جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی عیراق دەكەینەوە بۆ راگرتنی شەڕ و پێویستی بەكارهێنانی زمانی گفتوگۆ، بۆ ئەوەی رێگری لە هەڵكشانی قەیرانەكان بكرێت و رێگری بكرێت لە هەر گرژییەك كە ببێتە هۆی قوڵكردنەوەی قەیرانەكان و دروستكردنی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری گەلانی ناوچەكە.
سەرۆك كۆمار راشیگەیاندووە، عیراق ساڵانێكی زۆرە بەدەست شەڕ و ململانێكانەوە دەناڵێنێت، بۆیە پێمان وایە چارەسەری دیپلۆماسی و سیاسی باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی ناوچەكە لە كارەساتی زیاتر بپارێزین.
دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026 لە بەغداد پێشوازی لە جوشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق کرد.
لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کرا و سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هاریکارییەکان کردەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنی.
هەروەها باس لە پێویستی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، ئاسایش و سەروەریی عیراق کرا، لەگەڵ هەماهەنگی هاوبەش دەربارەی رەوشی ناوچەکە بۆ بەدیهێنانی ئارامی.
لای خۆیەوە جوشوا هاریس ئاماژەی بە بەهێزی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق کرد و ئامادەیی ئەمریکای نیشاندا بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکارییەکان بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو گەل و سەقامگیری ناوچەکە بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران کرد و رەوشی گشتی وڵات و دوایین پێشهاتە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانیان تاوتوێ کرد.
لەو کۆبونەوەکەدا، جەخت لەسەر پێویستیی گەڵاڵەکردنی لێکتێگەیشتنەکان لە نێوان هێزە سیاسییە نیشتمانییەکاندا کرایەوە، بە مەبەستی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان بە جۆرێک کە خواستەکانی گەلی عیراق بەدیبهێنێت.
هەروەها باس لە رێگاکانی بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرا، بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیری و پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوەکانی چاکسازی.
تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە، تایبەت بوو بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و رەنگدانەوەیان لەسەر کاروباری عیراق؛ تێیدا جەخت کرایەوە، کە ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی گەلەکەمان دەبنەوە، پێویستییان بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات لە سایەی گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا.
هەروەها جەخت لە پاڵپشتیکردنی رێکار و هەنگاوەکانی حکومەت کرایەوە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی میحوەری عیراق لە چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتیدا.
دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 24ی شوباتی 2026 لە بەغداد، پێشوازی لە عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی سەید عەبدولعەزیز حەکیم، سەرەخۆشی لە عەممار حەکیم کرد و ئاماژەی بە رۆڵی نیشتمانیی کارای خوالێخۆشبوو کرد لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی بەهێزکردنی ئاسایش، بونیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی کولتوری پێکەوەژیان لە وڵاتدا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە کۆی پەرەسەندنەکانی بارودۆخی وڵات و پێویستیی خێراکردن لە یەکلاکردنەوەی شایستە نیشتمانییەکان کرا، بەو ئاراستەیەی کە کاروانی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی بەهێزتر بکات و سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی مسۆگەر بکات. هەروەها دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە خرانە رو؛ لەم تەوەرەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە هەڵوێستی عیراق کردەوە کە داوای پەنابردن بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دەکات بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەکان، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لەوەفدێکی فراکسێۆنی"ئەبشر یا عیراق" بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار مستەفا سەند.
لەمیانی دیدارەکەدا بارودۆخی گشتی وڵات و پرسەکانی یاسادانان و چاودێریکردنیان تاوتوێ کران ، کە تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاساداناندا کردەوە، کە ڕێگاخۆشکارە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و خێراکردنی دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە و گەرەنتی بەرژەوەندی و بەدیهێنانی خواستەکانیان دەکات.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەگرنگی جێبەجێکردنی شایستە دەستورییەکان کرد بۆ بەهێزکردنی پرەنسێپی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و چەسپاندنی پرۆسەی دیموکراسی و دوپاتیشی کردەوە لەگرنگی هەستکردنی هەموو لایەنەکان بەگیانی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و کارکردنی پێکەوە لە پێناوی وڵاتدا .
لەلای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە پێزانینی خۆیان بۆ ئەو رۆڵە دەربڕی کە سەرۆک کۆمار لەپاڵپشتیکردنی دیالۆگی بنیاتنەر و کۆکردنەوەی بۆچوونی هێزە سیاسییەکان دەیگێڕێت و جەختیشیان لەپەرۆشییان بۆ پشتیوانیکردنی یاسا و ئەو دەستپێشخەرییانە کردەوە کە بەشدارن لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی کەپێشکەش بەهاووڵاتیان دەکرێت لەپارێزگا جیاوازەکانی وڵاتدا.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی 2ـی 2026، لەکۆشکی بەغداد، پێشوازی لە خەلیل عەبدوڵا محەمەد، باڵیۆزی کۆماری لوبنان لە عیراق کرد.
لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆک کۆمار پابەندبوونی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ بەرزکردنەوە و فراوانترکردنی ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و لوبنان کە یارمەتیدەربێت بۆ پتەوکردنی هاوبەشی و فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاری، بەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوو گەلی برا دەهێنێتەکایەوە.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی لوبنان، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاریی دووقۆڵی کە لەگەڵ قووڵایی پەیوەندییە برایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پتەوکردنی هەماهەنگی هاوبەش دووپاتکردەوە.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە غولام ئیسحاق رێکخەری گشتی نێشتەجێ نەتەوە یەکگرتووەکان و وەفدی یاوەری کرد و لە میانەی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-2- 2026 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو ، هەماهەنگی و هاریکاری نێوان عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بەگوێرەی کاری پێشینەی قۆناغی ئێستا تاوتوێ کرا.
هەروەها باس لەو بەرنامە و پڕۆژانە کرا کە لەلایەن دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە وڵاتدا جێبەجێ دەکرێن، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی تەکنیکی و بەکارهێنانی بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام لە وڵاتدا.
لای خۆیەوە رێکخەری گشتی نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی ئاستی هاریکاریی هەنووکەیی کرد و ئامادەیی رێکخراوەکەی دەربڕی بۆ بەردەوامبوون و فراوانکردنی کاری هاوبەشی نێوان عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکان.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازیی لە سەید عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە کرد و لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، جەختیان لە گرنگی بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی وڵات و پەرەسەندنە سیاسی، ئەمنی و ئابورییەکان و پێشهاتەکانی هەرێمی و کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە تاوتوێکران، جەختیان لە گرنگی بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان کردەوە لەپێناو بەدیهێنانی ئاواتەکانی هاوولاتیان و پاراستنی سەروەری وڵات و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە شایستە دەستورییەکان و پێویستی پەلەکردنی پێکهێنانی حکومەت کرا بەمەبەستی مسۆگەرکردنی بەردەوامی کاری دامودەزگاکانی دەوڵەت و چالاککردنی رۆڵیان لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان.
لەدیدارەکەدا پێشهاتەکانی رەوشی گشتی وڵات تاوتوێکرا و جەختیشیان لە پێویستی پێشخستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و یەکلاییکردنەوە و شایستە دەستورییەکان بۆ رووبەڕوبونەوەی ئاستەنگە هەنوکەییەکان کردەوە.
هەروەها لەدیدارەکەدا باس لەدۆسێی یاسادانان کرا، کەسەرۆک کۆمار پشتگیری سەرۆکایەتی کۆماری بۆ رۆڵی سەرەکی پەرلەمان لەدەرکردنی یاسا بنەڕەتیەکاندا دووپاتکردەوە، هاوکات جەختیشی لەخێراکردن لەکارکردن کردەوە بەجۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستا و بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتیاندا بگونجێت.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەگرنگی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا کردەوە، دوپاتیشی لەپابەندبوونی پەرلەمان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی یاسادانان و چاودێریکردنی خۆی کردەوە بەشێوەیەک کەخزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات و وەڵامی ئاڵنگارییەکانی قۆناغی ئێستایش بداتەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی شوباتی ٢٠٢٦ لە بەغداد، چاوی بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کەوت.
لە دیدارەکەدا پەرەسەندنە گشتییەکانی وڵات و ناوچەکە تاوتوێ کران، و جەخت لەسەر پێویستی بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و پاڵپشتیکردنی هەنگاو و رێکارەکانی حکومەت بۆ چەسپاندنی رۆڵی میحوەریی عیراق لە ناوچەکەدا کرایەوە.
هەر لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی حکومەت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا، و گرتنەبەری زمانی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی.
هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان کردەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای تەواوکردنی کاروانی گەشەپێدان و بوژانەوەی ئابووری هەبێت و خواستی کۆمەڵانی خەڵکی عێراق لە قۆناغی داهاتوودا بەدی بهێنێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی 2ـی 2026، لەکۆشکی بەغداد، پێشوازی لە عەلی تورکی، پارێزگاری نوێی بابل کرد.
لە میانەی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار مەرسومی کۆماری دەستەبەکاربوونی پێشکەش بەپارێزگاری نوێ کرد وهیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست و جەختی لەگرنگی خستنەگەڕی هەموو هەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانیانی پارێزگای بابل و کارکردن بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کەخواستی هاووڵاتیان بهێنێەدی و بەشداربێت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی گەشەپێدان.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری نوێی بابل، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ئەو متمانەیەی پێی دراوە، هاوکات ویستی خۆی دووپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە و کارکردن بەگیانی یەک تیم بۆ خزمەتکردنی پارێزگا و دانیشتوانەکەی.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، لەسەر رێککەوتنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سوریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و پێشوازی لە رێککەوتنەکە دەکات ، ئاماژەی بەوەکردوە، بە گرنگیەوە لێی دەڕوانین بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان و سەقامگیری ناوچەکە .
سەرۆک کۆمار جەختیکردوەتەوە، جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە بە کردەیی دەبێتە سەرەتایەک بۆ مسۆگەرکردنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان لە دەستووری هەمیشەییدا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئومێد دەکات ئەم رێککەوتنە ببێتە بناغەیەک بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی و گەشەسەندن و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ماڵوێرانی لە سەرجەم ناوچەکانی سوریا.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی 1ـی 2026 لەکۆشکی بەغداد، پێشوازی لە حەسەن فەدعەم ئەلجەنابی، بەرپرسی کاروباری دەوڵەت لە رەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد.
لە دیدارەکەدا باسیان لەپەرەسەندنەکانی رەوشی سیاسی و ئاڵنگارییەکان کرد، سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی رێزگرتن لەماوە دەستوورییەکان کردەوە، هاوکات داوای لەهێزە سیاسییەکان کرد بەرژەوەندی گشتی بکەنە پێشینەی کارەکانیان.
هەروەها هانی ئەنجومەنی نوێنەرانیدا بەشێوەیەکی چالاکانە رۆڵی یاسادانان و چاودێریکردنی خۆی بەجێبهێنێت کەدەبێتە هؤکاری پاراستنی سەروەری وڵات و خزمەتکردن بە بەرژەوەندی هاووڵاتیان و ئاماژەشی بەوەکرد کە سەرۆکایەتی کۆمار چەندین رەشنووسی یاسای پێشکەش بە پەرلەمان کردووە بۆ پەسەندکردن وهاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانیشدا کردووە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی هەزاران دەستگیرکراو کە سزاکانیان بەسەرچووە.
هەروەها لەدیدارەکەدا باس لەچەند پرسێکی ناوخۆیی کرا، لەگەڵ پێشهاتە ناوخۆییەکان و کاریگەرییەکانیان، سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی نیشتمانی و یەکخستنی هەڵوێستەکان لەبارەی پرسە گرنگەکان بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی عیراقیەکان و ئاسایش و سەقامگیری سیاسی بپارێزێت.
لەلای خۆیانەوە وەفدەکە پێزانینی خۆیان بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار لە بوارە جیاجیاکان دەربڕی لەگەڵ دانایی لە سەرکردایەتیکردنی و پابەندبوونی بە پەرەپێدانی کۆدەنگی سیاسی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عیراق لەگەڵ گەلانی برا و دۆستدا .
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە ئەنیل بۆران ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عیراق.
لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دوپاتی لەگرنگی بەهێزکردنی ئاسۆی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەش کردەوە، بەشێوەیەک کە لەخزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلدا بن و ئاماژەی بەگرنگی بەرجەستەکردنی ئاسایشی وسەقامگیری کرد بۆ ئەوەی ناوچەکە لە ململانێی زیاتر بپارێزێت لەگەڵ گرتنەبەری رێگاچارەی ئاشتیانە بۆ قەیرانەکاندا، بە شێوەیەک کەسەروەری دەوڵەتان و ئاسایشی گەلەکانیان بپارێزێت و داواشی لەتورکیا کرد پاڵپشتی مرۆیی پێشکەش بەخەڵکی سڤیل لەسوریا بکات کەبەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی تورکیا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەگرنگی گۆڕینی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان بۆ هاوکاری کردەیی کرد کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکەن.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی نوری مالیکی دەکات بەبۆنەی کاندیدیکردنی لەلایەن چوارچیوەی هەماهەنگییەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق.
سەرۆک کۆمار، لە پەیامەکەیدا، هیوای سەرکەوتن بۆ نوری مالیکی دەخوازێت لە ئەرکەکەیدا و ئومێد دەکات سەرکەوتوبێت لە ئەرکەکەی بۆ خزمەتی زیاترعیراق و گەلەکەی.
هەروەها سەرۆک کۆمار هیواشی خواستوە لە داهاتوودا عیراق چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی بەخۆوە ببینێت لەسەر بنەمای بەهێزکردنی پرەنسیپی هاوبەشی نیشتمانی و رەوچاکردنی بەرژەوەندیی باڵای عیراق بەشێوەیەک کە ئاواتەکانی گەلی عیراق لەبواری ئەمنی و گەشەپێدان و خزمەتگوزاری بەدی بهێنێت.