سەرۆک کۆمار: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاو بنێت بۆ راگرتنی کردەوەکانی توندوتیژی و تیرۆر لە سوریا
٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سوریای تاوتوێ کرد.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە بەغداد، پێشوازیکرد لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی.
لە دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی ئەمنیی وڵات و پەرەسەندنەکانی سوریا کرا.
سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی پەنابردن بۆ گفتوگۆ کردەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە، هەروەها جەختی لە گرنگی دابینکردنی پاراستن بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی کردەوە.
سەرۆک کۆمار ئیدانەی ئەو تاوانانەی کوشتنی کرد کە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دژی هاووڵاتیان ئەنجامیان داوە، لەگەڵ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ئەو رێکخراوانەوە.
داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و هەنگاو بنێت بۆ راگرتنی کردەوەکانی توندوتیژی و تیرۆر لە سوریا و دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ مەدەنییەکان.



