د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە ئەنیل بۆران ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عیراق.

لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار دوپاتی لەگرنگی بەهێزکردنی ئاسۆی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەش کردەوە، بەشێوەیەک کە لەخزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلدا بن و ئاماژەی بەگرنگی بەرجەستەکردنی ئاسایشی وسەقامگیری کرد بۆ ئەوەی ناوچەکە لە ململانێی زیاتر بپارێزێت  لەگەڵ گرتنەبەری رێگاچارەی ئاشتیانە بۆ قەیرانەکاندا، بە شێوەیەک کەسەروەری دەوڵەتان و ئاسایشی گەلەکانیان بپارێزێت و داواشی لەتورکیا کرد پاڵپشتی مرۆیی پێشکەش بەخەڵکی سڤیل لەسوریا بکات کەبەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی تورکیا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەگرنگی گۆڕینی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان بۆ هاوکاری کردەیی کرد کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکەن.