د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە بەغداد پێشوازیکرد لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی تەقەدوم.

لە میانی دیدارەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە 22- 1- 2026 بەڕێوەچوو ، باس لە بارودۆخی گشتی وڵات کرا و جەختکرایەوە لەسەر پتەوکردنی سەقامگیری سیاسی و پاڵپشتیکردنی هەوڵە نیشتمانییە هاوبەشەکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عیراق.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پەلەکردن لە تەواوکردنی مەرجە دەستوورییەکان لە ماوەی دیاریکراوی خۆیاندا و ئاماژەیکرد کە پابەندبوون بەم وادانە پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ چەسپاندنی سیستەمی دیموکراسی و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دەستوورییەکان.

سەرۆک کۆمار  جەختیکردەوە لە سەر گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان و هاریکاری نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان و کارکردن بە گیانی بەرپرسیارێتی نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی ئێستا و هێنانەدی گەشەسەندنی هەمەلایەنە و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵات.

هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی و کاریگەرییان لە سەر گۆڕەپانی عێراق و هەروەها پێویستی پاڵپشتیکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرا بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهاندا.

لای خۆیەوە محەمەد حەلبوسی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و جەختیکردەوە لە پەرۆشی خۆی بۆ پشتیوانی لە هەوڵەکان بە ئامانجی پتەوکردنی سەقامگیری سیاسی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکان بە شێوەیەک کە ویستی گەلی عێراق بەدیبێنێت.