د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی روسیا لە عیراق.

لەمیانی دیدارەکەدا باسیان لەچۆنیەتی پەرەپێدانی هاوکارییە دووقۆڵیەکان و هەروەها کۆمەڵێک بابەتی ناوچەیی و جیهان کرد، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی گەیشتن بەچارەسەرێکی سیاسی کرد کەیەکێتی خاکی سوریا بپارێزێت و کۆتایی بەئازارەکانی گەلەکەی بەهەموو پێکهاتەکانیەوە بهێنێت و دوپاتیشی لە پێویستی پشتیوانیکردن لەهەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە سەقامگیری لەناوچەکە بەگشتی کرد.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی روسیا ، سڵاوی سەرکردایەتی روسیای گەیاندە سەرۆک کۆمار و دووپاتیشی لەپەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پتەوکردنی هاریکاری و هاوبەشی لەگەڵ عیراق لەبوارە جیاجیاکاندا بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتی دۆست بکەن.