سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "کۆتایی بە ئێران هاتووە" و ئاشکرای کرد، سوپای وڵاتەکەی لە رێگەی ئەرکێکی نهێنییەوە لە گەروی هورمز، زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەسەلامەتی گەیاندووەتە بازاڕەکانی جیهان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا ئەرکێکی نهێنی بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز سەرکەوتووانە جێبەجێکردووە و جەختیشیکردەوە، ئەمریکا کۆنترۆڵی گەروەکەی کردووە، نەک ئێران.
لە پەیامێکدا کە بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، مانگی رابردوو فەرمانی بە سوپای ئەمریکا کردووە ئەرکێکی نهێنی بۆ پشتیوانیکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کەشتییە بازرگانییەکانی تر لە گەروی هورمز ئەنجام بدەن.
ترەمپ خۆشحاڵی خۆی بۆ سەرکەوتنی ئەرکەکە دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "لە دەرەنجامی ئەم هەوڵەدا، زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوت گەیشتووەتە بازاڕە کراوەکان و زیاتر لە 200 کەشتی بازرگانیش بە سەلامەتی بە گەروەکەدا تێپەڕیون."
سەبارەت بە هەژموونی وڵاتەکەی لە ناوچەکە، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر ئێران و رایگەیاند: "ئەم سەرکەوتنە گەورەیە بەهۆی ئەوەیە کە ئەمریکا کۆنترۆڵی گەروی هورمزی کردووە، نەک ئێران."
دۆناڵد ترەمپ رەوشی ئێرانی بە شکستخواردوو وەسف کرد و وتی: "سوپای ئێران تێکشکاوە و ئابورییەکەیان لەدەستچووە، هەموو شتێک بۆ ئێران کۆتایی هاتووە."
ترەمپ بە توندی هەڕەشەی وەشاندنی هێرشی سەربازیی نوێ دەکاتە سەر وێستگەکانی وزە و ژێرخانی ئابوریی ئێران و رایدەگەیەنێت، تاران لە دانوستانەکاندا کات دەکوژێت و هێشتا کارم لەگەڵ ئەو وڵاتە تەواو نەبووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە هۆشداریی توند و نوێی ئاڕاستەی ئێران کرد و هەڕەشەی وەشاندنی لێدانی سەربازیی بەهێزی لێکرد. ترەمپ تاران بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە دانوستانەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یاری بە کات دەکات و سوکایەتی بە مێشکی ئەمریکا دەکات.
ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "واشنتۆن ئەمڕۆش هێرشی توند و بەهێز دەکاتەوە، رێک وەک ئەوەی دوێنێ ئەنجاممان دا."
سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، وڵاتەکەی دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێکی "راستەقینە، کارا و جێبەجێکراو"، ئەوەشی خستەڕوو، "ئێران پێشتر رازی بووە بەوەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و ئێستاش کاتی ئەوەیە ئیمزا لەسەر رێککەوتنەکە بکەن."
ئاماژەی بەوەشکرد، تاران بەردەوامە لە سستکردنی پرۆسەکە و کات دەکوژێت، بەڵام "دەبینین لە داهاتوودا چی رودەدات."
سەبارەت بە هەڕەشەکانی بۆ لەناوبردنی ژێرخانی ئابوریی ئێران، ترەمپ وتی: "وردەکاریی زیاتر نادەم لەسەر نیازم بۆ تێکدانی پردەکان و وێستگەکانی وزەی ئێران."
پێشتریش، بەپێی راپۆرتێکی "فۆکس نیوز"، ترەمپ رایگەیاندبوو، ئامادەیە فەرمانی هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران دەربکات، بەڵام هاوکات دەرفەتێکی پێداون بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە و رزگاربوون لەو هێرشانە. ترەمپ جارێکی تر جەختی کردەوە کە تاران زۆر دواکەوتووە لە ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە و وتی: "هێشتا کارم لەگەڵ ئێران تەواو نەبووە."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت؛ وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە کارکردنی رژد و توند لە دژی ئێران و گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن نوسینگەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، تاران و هاوپەیمانەکانی هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
وتیشی، بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی تاران دەبنەوە و ناهێڵن هیچ مەترسییەک لەسەر وڵاتەکەیان هەبێت.
لە پەرەسەندنێکی تردا، لێپرسراوێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە "فۆکس نیوز"ی راگەیاندووە، سەرەڕای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ وەشاندنی لێدانی سەربازیی نوێ لە تاران، دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران بەردەوامییان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانەکان هێشتا لە ئارادان و واشنتۆن لە پێناو گەیشتن بە رێککەوتن، بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژی تاران.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پەیامێکی دەنگی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆکارەکانی رودانی گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات.
قالیباف رایگەیاند، ئەوەی بووە هۆی گرژییەکانی ئەم دواییە، ئەوە بوو کە ئەمریکییەکان هەم بە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی دژی گەلی ئێران و هەم بە پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنەی سەبارەت بە ئاگربەستی لوبنان کرابوو، ئاگربەستەکەیان بە شێوەیەکی ئاشکرا پێشێلکرد.
وتیشی، قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە یاداشتی لێکتێگەیشتن، پێچەوانەی ئەو بەشانە بوو کە لەسەری رێککەوتبوون؛ ئەمەش ئەوەی نیشاندا کە ئەمریکییەکان نە بەدوای ئاگربەستدا دەگەڕێن و نە بەدوای گفتوگۆدا.
ئەوەشی روونکردەوە، دڵنیایی بە گەلی ئێران دەدات کە لەمەودواش بە هێزەوە بەرگری لە مافەکانی گەلەکەیان دەکەن .
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکەی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل یارمەتیدەر نییە بۆ دانوستانە بەردەوامەکان، لە هەمان کاتیشدا گەشبینی خۆشی دەربڕی کە ڕێککەوتنێک لە ئارادایە و نزیکە.
ترەمپ لە لێدوانێکیشدا بۆ فۆکس نیوز وتی، هێرشەکە هەوڵە دیپلۆماسییەکان ئاڵۆز دەکات هەرچەندێکیش نزیک بین لەوەی بگەینە رێککەوتنێکی جێگیر.
ئاماژەی بەوەشداوە، زۆر نزیکن لە رێککەوتن، ئەگەری هەبوو لە رۆژی دووشەممە، سێشەممە یان چوارشەممەی ئەم هەفتەیە رێککەوتنێک ئیمزا بکرێت، کەچی ئێستا ئێران دەستیکردووەتەوە بە هێرشەکانی.
هەر لە لێدوانەکەیدا بۆ فۆکس نیوز ترەمپ وتی: موشەکەکانی خۆتان هاوێشت، ئەوەندە بەسە. بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتنێک بکەن.
هاوکات، سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە هێرشەکانی رۆژی یەکشەممەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروتی پایتەختی لوبنان گرت و رایگەیاند، بەم هێرشانە دڵخۆش نییە.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لەدوای هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و کوەیت رایگەیاند، هێرشکردنەسەر سەروەریی وڵاتەکەمان هێڵی سورە و کاردانەوەمان دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ئاماژەی بەوەشکردووە، ئارامگرتنی وڵاتەکەیان سنوردارە و هێرشەکانی ئێرانیش دەستدرێژییەکی راستەوخۆیە بۆسەر سەرەوەریی وڵاتەکەیان و تاران سەرپشکە لەوەی دەیەوێت ئاشتی بەرقەرار بێت یان گەمارۆکانی سەری بەردەوام بێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، چوار کەشتیی نەوتهەڵگر بەبێ رەزامەندیی ئەوان ویستوویانە بە گەروی هورمزدا تێپەڕبن، لەبەرئەوە هێرشیانکردووەتەسەر یەکێک لە کەشتییەکان و سیانەکەی دیکەش گەڕاونەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، لە بەرانبەر هێرشکەی سوپای پاسداران بۆسەر کەشتییە نەوتهەڵهرەکان، سوپای ئەمریکا هەندێک راداری پاسدارانیان بەئامانجگرتووە و لە وەڵامیشدا، ئێران هێرشیکردووەتە سەر هەندێک بنکەی ئەمریکا لە بەحرەین و کوەیت.
وەزیری دەرەوەی ئێران راگەیاند، موجتەبا خامنەیی تەندروستی باشەو بە هۆكاری ئەمنی دەرناكەوێت.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا هۆكاری دەرنەكەوتنی موجتەبا خامنەیی رابەری نوێی ئێرانی ئاشكراكرد و جەختی لەوەكردەوە، هۆكارەكە بۆ راسپاردەی ئەمنی دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، خامنەیی بە تەواوی چاودێری بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات دەكات، بەڵام بەهۆی رەوشی ئەمنی ئێستا و لەسەر راسپاردەی دەزگا ئەمنیەكان و هەواڵگرییە پەیوەندیدارەكان پێویستە لەم قۆناغەدا بە شێوەی گشتی دەرنەكەوێت.
عراقچی روونیشكردەوە، كەناڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ رابەری باڵا هێشتا بەردەوامە و رێنمایی و فەرمانەكان بە بەردەوامی دەگەنە دامەزراوەكانی دەوڵەت و لە دۆسیە جیاوازەكاندا.
عراقچی راشیگەیاند، پێویستە ئەمریكا پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمایی ئەوە دارێژێتەوە كە تاران وڵاتێكی بەهێزە لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی .
ئەم لێدوانانەی عراقچی لە كاتێكدا دێن، دەنگۆی ئەوە هەیە موجتەبا خامنەیی لە سەرەتای هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران لە مانگی شوباتی رابردوودا تووشی پێكانێكی سەخت بووبێت، لە كاتێكدا ئێران ئەو بانگەشانەی رەتكردووەتەوە.
ترەمپ وادەی گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران ئاشكرا دەكات و وردەكاری رێكەوتنێكی چوار قۆناغیش بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەركردنی دۆسیەی ئەتۆمی و گەروی هورمز دەخرێتەروو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، رەنگە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە لەگەڵ ئێران بگەینە رێككەوتن، هاوكات سەرچاوە میدیاییەكان وردەكاریی رێككەوتنێكی چوار قۆناغییان بڵاوكردەوە كە وەك نەخشەڕێگایەك بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە دیاریكراوە.
بە پێێ سەرچاوە میدیاییەكانی نزیك لە كۆشكی سپی، قۆناغی یەكەمی رێككەوتنەكە بریتییە لە ئاگربەستێكی هەمیشەیی و دووبارەنەبوونەوەی جەنگ، كە تاران پێداگری دەكات دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە، قۆناغی دووەم تایبەتە بە ئاسایشی كەشتیوانی و كردنەوەی گەروی هورمز بە رووی بازرگانیی جیهانیدا.
قۆناغی سێیەم بریتییە لە هەنگاوەكانی متمانەسازیی ئابوری، كە لادانی بەشێك لە گەمارۆكان و ئازادكردنی بەشێك لە پارە بلۆككراوەكانی ئێران و ئاسانكاری بۆ هەناردەی نەوت دەگرێتەوە، قۆناغی چوارەمیش تایبەتە بە دۆسیە ستراتیژییەكانی وەك بەرنامەی ئەتۆمی، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و گرەنتییە نێودەوڵەتییەكان.
لەلایەكی دیكەوە، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران خاڵی سەرەكیی دانوستانەكانە، و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت؛ تا ئێستا هیچ پێشكەوتنێكی بەرچاو بەدی نەهاتووە.
واشنتۆن هەوڵەکانی بۆ رێگری لە چەکی ئەتۆمی تاران چڕکردووەتەوە و ترەمپیش دەڵێت؛ لە کۆتایی هەفتەدا پێشهاتی نوێ رودەدات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بە ئاڕاستەیەکی زۆر باشدا بەڕێوەدەچن و ئەگەری زۆرە لە کۆتایی هەفتەدا پێشهاتی نوێ روبدات.
ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، ئەمریکا نزیکە لە ئیمزاکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ تاران، کە تێیدا ئێران پابەند دەبێت بەوەی هیچ جۆرە چەکێکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەو رێککەوتنە هاوشێوەی ئەو رێککەوتنەی پێشتر نییە کە ئۆباما ئیمزای کردبوو.
سەبارەت بە رەوشی سەربازی، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان، بەڵام پێیان باشترە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە ئامانجەکانیان بەدیبهێنن نەک بەردەوامی بە جەنگ بدەن.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، تاران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر رادەستکردنی "تۆزە ئەتۆمییەکە" و لە ئەنجامی گرژییەکاندا بنکە ئەتۆمییە ژێرزەمینییەکانیان لەناوبراون.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە رەوشی لوبنان کرد و رایگەیاند، بۆ یەکەمجارە گفتوگۆ لەگەڵ حزبوڵڵا ئەنجام دەدەن و ئەوانیش رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر راگرتنی هێرشەکانیان بەرانبەر ئیسرائیل، بەو مەرجەی وەستانی شەڕ لەو ناوچەیە جیاواز بێت لە شوێنەکانی تری جیهان.
لە کۆتاییشدا سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لە ئەگەری ئیمزاکردنی رێککەوتنەکەدا، گەروی هورمز بە خێرایی بەڕووی هاتووچۆدا دەکرێتەوە و ئەوەش وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ ناوچەکە دەبینرێت.
لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەسەڵاتی دەستپێکردنی هەر هەڵمەتێکی سەربازیی بەرفراوان دژی تاران بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەونێکدا تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن بی سی)، رایگەیاند: هەر بڕیارێک بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان دژی ئێران، لە دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادایە.
ناتانیاهۆ جەختی لەوەکردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەیی تەواویان بۆ ئەو ئەگەرە هەیە و وتیشی: "ئێمە و ترەمپ لەسەر خاڵە بنەڕەتییەکان سەبارەت بە ئێران هاوڕاین، ئەگەرچی هەندێک جار لە رووی تاکتیکییەوە جیاوازیی بیروڕامان هەیە، بەڵام دەگەینە چارەسەر". ئەوەشی خستەڕوو، دوو رۆژ جارێک سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دەکات.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە بارودۆخی لوبنان و حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوەدا، زۆرێک لەو کەسانەی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج لە بەیروت خۆیان حەشارداوە، ئاشکراشیکرد، ترەمپ لەگەڵی هاوڕایە لەسەر ئامانجی "چەککردنی حیزبوڵڵا ".
سەبارەت بە ئێران، ناتانیاهۆ باسی لەوەکرد، کە ئێران لاواز کراوە، بەڵام پرۆسەکە کۆتایی نەهاتووە، سەبارەت بە گەروی هورمزیش، دووپاتی کردەوە، "کردنەوەی گەروی هورمز لە رێگەی سەربازییەوە ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام ئەگەر پێویست بە پەرەسەندن بکات، ئەوە ترەمپ بڕیاری لەسەر دەدات".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ناتانیاهۆ، ئاشکرایکرد، ئێران هێشتا رازی نەبووە بە دەستبەرداربوون لە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی، بەڵام جەختی کردەوە کە "گوشارەکان لەسەر تاران لە زیادبووندان".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: وڵاتەکەی و ئێران نزیژن لە ئیمزاکردنی رێککەوتنە پێشبینیکراوەکەی نێوانیان و ئەگەری ئاگربەستێکی 60 رۆژەش لە ئارادایە.
ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتنێک کە تێیدا کردنەوەی گەروی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەبارەی سنوردارکردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی تاران، لەخۆدەگرێت.
ڤانس وتیشی، لەسەر هەندێک خاڵی پەیوەست بە داڕشتنی دەقەکە گفتوگۆ دەکەن و پێشکەوتنی باشیان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا ناتوانن گەرەنتیی ئەوە بدەن کە دەگەنە ئەنجامی کۆتایی.
ئاماژەی بەوەشداوە، دانوستاکارانی هەردوولا رێککەوتووب لەسەر ئاگربەستێکی 60 رۆژە، بەڵام لەسەر ئیمزاکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا وەستاون.
ماڵپەرێكی ئەمریكی رێكکەوتنی نێوان ئەمریكاو ئێران رادەگەیەنێت و تا ئێستاش هیچ لێپراوێكی رەسمی ئاماژەی بە رێكەوتنەكە نەكردووە.
ماڵپەڕی ئاكسیۆسی ئەمریكی ئاشكرای كرد، كە ئەمریكا و ئێران رێكکەوتوون، بەڵام جێبەجێكردنی پڕۆسەكە تەنها پێویستی بە ڕەزامەندیی كۆتایی دۆناڵد ترەمپ هەیە.
بەپێی زانیارییەكانی ئاكسیۆس، رێككەوتنەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە 60 رۆژی یەكەمی دانوستانەكاندا دۆسیەی ئەتۆمی لە پێشینەی كارەكان بێت، لە بەرانبەریشدا ئەمریكا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران و گەروی هورمز دەكاتەوە.
هەروەها رێككەوتنەكە ئێران پابەند دەكات بەوەی هیچ هەوڵێك بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نەدات و لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئەو مینانە كۆبكاتەوە كە لە گەروی هورمزدا چاندوویەتی.
لەلایەكی دیكەوە، دۆناڵد ترەمپ بە نێوەندگیرەكانی راگەیاندووە، پێویستی بە چەند رۆژێكە بۆ بیركردنەوە لە وردەكارییەكان، هاوكات هۆشداری ئەوەشیداوە ئەگەر رێككەوتنەكە بە دڵی ئەو نەبێت، ئیمزای ناكات و شەڕ دەستپێدەكاتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆ سوپای ئەمریكا چەند درۆنێكی ئێرانی خستە خوارەوە و هێرشی كردە سەر بنكەیەكی سەربازی لە باشووری ئێران، تارانیش بە بۆردومانكردنی بنكەیەكی ئەمریكی وەڵامی دایەوە.
بەهۆی پێشێلكردنی ئاگربەست لە لایەن ئەمریكاوە و بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە بەرانبەر ئێران و عومان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای هەڵوێستی یاسایی لە ئەنجومەنی ئاسایش دەكات.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ سەر بەندەر عەباس پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری نیشتمانی و یاسا نێودەوڵەتییەكانە.
وتیشی، پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش بەرپرسیارێتی یاسایی خۆی لە بەرانبەر ئەم دەستدرێژییانە هەڵبگرێت بۆ لێپرسینەوە لە هێرشبەران.
ئاماژەی بەوەشكرد، واشنتۆن چەندین جار ئاگربەستی پێشێل كردووە و رەوشی كەشتیوانی لە كەنداو خستووەتە مەترسییەوە. هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە تاران بەپێی مادەی 51ی نەتەوە یەكگرتووەكان مافی بەرگری لە خۆی هەیە و هاوسۆزی خۆشی بۆ وڵاتی عومان لە بەرانبەر هەڕەشەكانی لێپرسراوانی ئەمریكا دەربڕی.
سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس لە باشوری ئێران، بنکەیەکی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمەریکایان کردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیەنراوێکی سوپای پاسداران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئەمەریکی خاڵێکیان لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس کردووەتە ئامانج، لە بەرانبەردا هێزەکانی ئێران وەڵامیان داوەتەوە و ئەو بنکە ئاسمانییەیان کردووەتە ئامانج کە فڕۆکەکان لێوەی ئاڕاستەکراون.
لە کاتێکدا سوپای پاسداران وردەکاری زیاتری لەبارەی شوێنی بنکە ئاسمانییەکە و قەبارەی زیانەکان ئاشکرا نەکردووە، راپۆرتە میدیاییەکان باس لە بەرزبوونەوەی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەی کەنداو دەکەن.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، میدیا نێودەوڵەتییەکان بڵاویانکردەوە، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی کوەیت، رووبەڕووی هێرشێکی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونەتەوە.
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە، کە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە پەرەسەندنی بەردەوامدان و هەردوولا بەردەوام یەکتر بە ئەنجامدانی هێرش و جووڵەی ئەمنی لە ناوچەکە تۆمەتبار دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، دەیانەوێت بە هەر رێگەیەك بێت لەگەڵ ئێران بگەنە رێككەوتن، ئاماژەكانیش بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ ئەرێنین.
ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆبوونەوەیەكدا لە كۆشی سپی رایگەیاند، دانوستان و گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران بەباشی بەرەو پێش دەچن و ئاماژەی ئەرێنییان تێدایە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی باش كە ببێتە هۆی كۆتایی هێنان بە جەنگ و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وتیشی، ئەمریكا دەیەوێت بە هەر رێگەیەك بێت لەگەڵ ئێران بگاتە رێككەوتن و ئاماژەكانیش بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ ئەرێنین كە رەنگە لە چەند سەعاتی داهاتوودا دانوستان بگاتە ئەنجام و رێككەوتن لە نێوان واشنتۆن و تاراندا ئیمزا بكرێت.
پێت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریكاش دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەی هەموو جیهانی لە مەترسییەكانی چەكی ئەتۆمی ئێران پاراستووە و هەر كاتێكیش ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی بدات، هێرشی دەكەنە سەر.
لە نوێترین پێشهاتی گرژییەکانی ناوچەکەدا، هێزەکانی ئەمەریکا رووبەڕووی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بوونەوە و پاش تێکشکاندنی چوار فڕۆکەی هێرشبەر، وێستگەیەکی هەڵدانی ئەو فڕۆکانەشیان لەسەر زەوی کردە ئامانج.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ تۆڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، هێزەکانی ئەمەریکا توانیویانە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئێرانی بخەنە خوارەوە کە ئاڕاستەی کەشتییەکی جەنگیی ئەمەریکا و کەشتییەکی بازرگانی کرابوون.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن ئێرانەوە بە ئاڕاستەی ئەو کەشتییانە هەڵدرابوون، بەڵام پێش گەیشتنیان، هێزەکانی ئەمەریکا لە ئاسماندا تێکیان شکاندوون.
هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سوپای ئەمەریکا لە کاردانەوەیەکدا، وێستگەیەکی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەسەر زەوی کردووەتە ئامانج.
سەرۆكایەتی ئەركانی گشتی سوپای كووەیتیش لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، هێزەكانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەكەی توانیویانە بەرپەرچی چەندین هێرشی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانی بدەنەوە كە ئاراستەیانكرابوو.