ئەمریکا کۆتاییهاتنی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر دەیان پێگەی سەربازی و بەرگریی ئاسمانی لە ناوخۆی ئێران رادەگەیەنێت و تاران-یش دەڵێت دوو کەشتییان لە گەروی هورمز راگرتووە.

سوپای ئەمریکا ئاشکرایکرد، شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانی و دەریاییەکانی بۆ سەر دەیان ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران کۆتایی پێهێناوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەو هێرشانەدا کە لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، کەشتیی گەلی سەربازی و بۆ یەکەمجاریش لە رێگەی بەلەمی کۆنتڕۆڵکراوی خۆکوژەوە ئەنجامدراون، چەندین سیستمی بەرگریی ئاسمانی، وێستگەی راداری کەناراوی، بنکەی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، هێزە دەریاییەکانیان لە گەروی هورمز پرۆسەیەکیان بۆ راگرتنی دوو کەشتیی سەرپێچیکار جێبەجێ کردووە کە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانیان خستبووە مەترسییەوە.