جەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکاجەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، لە حاڵەتی ئەنجامدانی هەر هێرشێکدا بۆ سەر وڵاتەکەی، ژێرخانی سەربازی و مەدەنیی تەواوی ئێران دەکەنە ئامانج.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لە حاڵەتی ئەنجامدانی هەر هێرشێکدا بۆ سەر وڵاتەکەی لەلایەن تارانەوە، ئێران دەگەڕێننەوە بۆ "سەردەمی بەردین و تاریکی".

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد،، لە بەرانبەر هەر هێرشێکدا ژێرخانی سەربازی و مەدەنیی ئێران دەکەنە ئامانج.

 ئەوەشی خستەڕوو، تاران بە باشی هۆکاری هێرشنەکردنە سەر ئیسرائیل دەزانێت، ئەمەش دوای ئەو زیانە گەورانەی کە لە ئۆپراسیۆنەکانی پێشوودا بەر بەتوانای سەربازی و ئەمنیی ئەو وڵاتە کەوتوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە نهێنی سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەگەری راگەیاندنی کۆتاییهێنانی جەنگە لەگەڵ ئێران.

رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ لێپرسراوە باڵاکانی ئیدارەکەیدا بە نهێنی سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەگەری راگەیاندنی کۆتاییهێنانی جەنگە لەگەڵ ئێران، لە هەمان کاتدا سەربازانی وڵاتەکەی ئامادەکاری بۆ مانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ساڵی 2027 دەکەن.

رۆژنامەکە لە زاری لێپرسراوانی ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، لە ئێستادا ترەمپ بەرەو بژارەی راگەیاندنی کۆتاییهێنانی جەنگەکە دەڕوات، بەو پێیەی پێیوایە زیاتربوونی فشارە ئابورییەکان سەرئەنجام تاران ناچار دەکات بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە یانیش رووبەڕووی مەترسیی داڕمان بێتەوە.

لەلایەکی ترەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ"، ترەمپ رایگەیاندووە، "رەوشی ئێستامان زۆر بە دڵە؛ کۆنترۆڵی نزیکەی تەواوەتیمان بەسەر گەروی هورمزدا هەیە و ئابوریی ئەوانیش بە تەواوی داڕماوە، ئەوان تەنها بەرەنگاری شتێک دەبنەوە کە لێی دەرباز نابێت. کەی گەلی ئێران رادەپەڕێت و دەکەوێتە جەنگەکەوە؟"

لە رووی سەربازییەوە، پێچەوانەی ئاراستەی لێدوانە سیاسییەکان، پێت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا بڕیاریداوە ماوەی جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ساڵی 2027 درێژ بکاتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری بەردەوامبوونی ململانێکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، لە دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا دژی ئێران، وەزیری جەنگی ئەمریکا بەڵێنی لێدانێکی خێرا و یەکلاکەرەوەی دابوو بۆ رێگری لە درێژەکێشانی جەنگ، بەڵام لە ئێستادا بە بێدەنگی ماوەی مانەوەی هێزەکان درێژ دەکاتەوە وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی سەربازیی کراوە بۆ رەخساندنی بژارەی جیاواز لە بەردەست ترەمپدا.

لە ئێستادا ئەمریکا هێزێک کە پێکهاتووە لە 50 هەزار سەرباز، 19 کەشتیی جەنگی، یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەی جەنگی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە، ئەرکی سەرەکیی ئەم هێزانە بریتییە لە رێگری لە موشەکەکانی ئێران، پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز، و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێراندا، هاوکات لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانتر ئەگەر ترەمپ بڕیاری ئاڵۆزکردنی جەنگەکە بدات.

مانگی رابردووش، ترەمپ لەلایەن یاریدەدەرە باڵاکانییەوە زانیاری لەسەر بژارەی سەربازیی نوێ پێدرا، لەوانە چڕکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان، رەوانەکردنی هێزی وشکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگە ئێرانییەکانی نزیک گەروی هورمز، و بۆردومانکردنی بنکەی ئەتۆمیی کێوی تەور.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا کۆنترۆڵکردنی دەریاوانیی لە گەروی هورمز راگەیاند و ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەکانیان بۆ سەر ئێران زۆر بەردەوام نابێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "هێزەکانمان کۆنترۆڵی تەواوی گەروی هورمزیان کردووە و ررۆژانە بەپێی بەرنامە ئاسایشی رۆشتنی دەیان کەشتیی هەڵگری ملیۆنان بەرمیل نەوت دەپارێزن"، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم پڕۆسەیە لە زۆربەی کاتەکاندا بەبێ هیچ ئاستەنگێک بەڕێوەدەچێت.

ترەمپ جەختیشیکردەوە، هەڵمەتە نوێیەکەیان بۆ سەر ئێران درێژخایەن نابێت و دەشڵێت: "تاران هەوڵی دەدا سیستمی رادار و موشەکەکانی نوێ بكاتەوە و موشەکێکی تایبەت بە داچاندنی مینی دەریایی گەشە پێبدات، بەڵام توانیمان بە تەواوی تێکیبشکێنین و لەناوی ببەین."

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو "هێرشەکەی شەوی رابردوو زۆر توند و بەهێز بوو، هێزەکانیشمان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی تر لە هەر کاتێکدا کە بمانەوێت."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت؛ وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی فشارەکان بۆ سەر ئێران و رێگە لە هەر ئاستەنگێک دەگرێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی دەریاوانی بکات.

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێران بەردەوام بووە لە بۆردومانکردنی کەشتییەکان بەتایبەت کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز، بەڵام لە ئێستادا کۆنترۆڵی ئەو گەروەی لەدەستداوە."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، واشنتۆن هەرگیز رێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەروەها سەرجەم ئەو شوێن و پێگانە دەکەنە ئامانج کە هەڕەشە لەسەر هێزەکانیان و ئاسایشی دەریاوانیی جیهانی لە گەروی هورمز دروست دەکەن، دەشڵێت؛ گەروەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و ناکەوێتە ژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی ئێرانەوە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا رۆبیۆ ئاماژەی بەوەکرد، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تاران کۆتایی هاتوو و دەسەڵاتی ئێران لەژێر فشاری بەردەوامدا دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی رێگریی لێبكرێت لە دەستگەیشتن بەو داراییانەی بۆ پاڵپشتیکردنی تیرۆر بەکاریان دەهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتۆن ناچار بووە رێکاری سەربازی دژی تاران بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، هاوكات جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا گەروی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: "ئەگەر کارێکی وەهامان نەکردبا، ئێستا ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوو،" ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر پێش ساڵێک ئەمریکا بۆمهاوێژەکانی  B-2ی نەناردایە بۆ تێکشکاندنی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران، تاران تەنهـا "دوو هەفتەی مابوو بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی".

ترەمپ جەختیشی کردەوە، ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگەیشتایە، ئەوا ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسڕانە، هەروەها جەختی کردەوە، ئێران ئامانجی بووە شارەکانی ناوخۆی ئەمریکاش بکاتە ئامانج.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم لێدانە سەربازییانە لە کاتێکدا ئاڕاستەی ئێران کراون کە ئابوریی ئەمریکا لە رەوشێکی باشدا بووە و نرخی نەوت رووی لە دابەزین کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ترەمپ دەستپێکردنەوەی هێرشی بەهێزی ئەمریکای بۆ سەر ناوچەکانی نزیک گەروی هورمز راگەیاند و دەڵێت؛ ئەو هێرشانە وەک وەڵامێک بۆ چاندنی مین و ئاڕاستەکردنی موشەک بۆ سەر بنکەکانیان لە ئوردن.

دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیال تروس نووسیویەتی؛ ئەمریکا لەم ساتەدا خەریکی بۆردومانکردنی ئامانجەکانی ئێرانە لە نزیک گەرووی هورمز. هێرشەکان گەورە و بەهێزن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ هەوڵە شکستخواردوەکەی ئێرانییەکان بۆ چاندنی مین لە دەریادا لە گەروی هورمزدا.

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، هێرشەکان تۆڵەسەندنەوەیە بۆ ئاڕاستەکردنی هەشت موشەک لەلایەن ئێرانەوە بەرەو بنکە سەربازییەکەیان لە ئوردن، کە سەرجەم موشەکەکان بە سەرکەوتوویی خرانەخوارەوە.

ترەمپ راشیگەیاند، ئەگەر دەوڵەتی ئێرانی شکستخواردوو وەڵامی هێرشەکان بداتەوە، ئەوا رووبەڕووی هێرشێکی زۆر گەورەتر و قرستر دەبێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریكا زنجیرەیەك هێرشی بۆ سەر بنكەكانی سوپای پاسداران لە باشوری ئێران دەستپێكرد و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە بەندەر و شارە كەناراوییەكان بیستران.

بەپێی راگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا  'سێنتکۆم'، هێزەكانیان چەندین پێگەی سوپای پاسدارانی ئێرانیان بۆردومانكرد ، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ هەوڵی هێرشەكانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەروی هورمز و هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا.

بەپێی زانیاری میدیا ئێرانییەكان، ئەمریكا هێرشی چڕی كردووەتە سەر شاری بەندەر عەباس و دەنگی تەقینەوەی بەهێزیش لە بەندەری چابەهار و چەند ناوچەیەكی تری باشوری ئێران بیستراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

واشنتۆن هۆشداریی لە قورسکردنی سزاکان دەدات و جەخت لە خنکاندنی ئابوریی ئێران دەکاتەوە.

سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن لەبارەی ئێرانەوە گفتوگۆی تایبەتی لەگەڵ چین ئەنجام داوە، ئاشکراشیکرد، ئەگەری زۆرە لە ماوەی هەفتەیەکدا سزای ئابوری بەسەر ئەو بانکانەدا بسەپێندرێت کە هاوکاری ئێراندا دەکەن.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەمریکا سورە لەسەر خنکاندنی ئابوریی ئێران و بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی ناکەن، هەروەها هەوڵی دۆزینەوەی ئەو سەرمایە نایاساییانەی تاران دەدەن کە لە گەلی ئێرانی دزیوە.

سەبارەت بە توانا سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، لەناوبردنی ئەو توانایانە کارێکی سەخت بوو، بەڵام پێویست بوو ئەو کارە بکرێت بۆ رێگریکردن لە گەشەپێدانی سیستمی بەرگریی موشەکیی لەلایەن تارانەوە، لە ئێستاشدا سەرجەم ئەو توانایانە بە تەواوی تێکشکێنراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، واشنتۆن پێچەوانەی یاداشتی لێکتێگەیشتن دەیەوێت لە رێڕەوی باشوری گەرووی هورمزەوە تێپەڕێت، بەڵام تاران رێگە بەوە نادات.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، سەڕەڕای ئەوەی دوژمن توانیویەتی چەند کەشتییەک لە گەروی هورمزەوە تێپەڕێنێت، بەڵام هێزەکانی ئێران کۆنترۆڵی گەروەکەیان کردووە و رێگە بە دەستپێکردنەوەی هاتووچۆ تێیدا نادەن.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاشکراشیکرد، لەگەڵ عومان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە گەروی هورمز و سەپاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئێرانی بەسەر گەروەکەدا پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تاران بەرپرسیارییەتیی پێشێلکردنی رێککەوتنی ئیسلام ئاباد دەخاتە ئەستۆی واشنتۆن و جەخت دەکاتەوە ملکەچی داواکارییەکانی ئەمریکا نابێت.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفراسنی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند، لە هەر گفتوگۆیەکدا لەبارەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد، نابێت ئەوە فەرامۆش بکرێت کە ئەمریکا رێککەوتنێک بە رەسمی لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتیدا ئیمزای لەسەر کردبوو، پێشێلیکردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی ئەمریکی تەنها 22 رۆژ دوای ئیمزا کردنی رێککەوتنەکە، بە ئاگادارییەوە بڕیاری پێشێلکردنی داوە، جەختیشی کردەوە، بەردەوامیی گەمارۆکان و گۆشەگیریی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە، بە کردەوەیەکی دوژمنکارانە هەژمار دەکرێت.

سەبارەت بە سەردانی سوپاسالاری پاکستان بۆ تاران، بەقائی روونیکردەوە کە ئەو سەردانە لە چوارچێوەی رۆڵی ئیسلام ئاباد بووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران بەرژەوەندیی نیشتمانی دەکاتە بنەما بۆ بڕیارەکانی و ملکەچی سەپاندنی داواکارییەکانی واشنتۆن نابێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت؛ ئێران بە رەسمی بووەتە "دەوڵەتێکی شکستخواردوو و مردوو"، و جەخت دەکاتەوە هێزە سەربازییەکان و ئابوریی وڵاتەکەش بە تەواوی داڕماون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆسیال تروس بە رەوشی ناوخۆیی و سەربازیی ئێران نوسیویەتی، ئێران بە رەسمی دەوڵەتێکی شکستخواردوو و مردووە، هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان نەماوە و دراوەکەیان بەهاکەی لەدەستداوە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، تاران توانای پێدانی موچەی سەربازەکانی نییە و رێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە %300، هاوکات سەرکردایەتیی وڵاتەکە لە پاشگەردانیی تەواودایە و ناتوانن بە شێوەیەکی گونجاو نوێنەرایەتیی وڵاتەکەیان بکەن.

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە "تەنها شتێک لای ئێرانییەکان مابێت بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆیە لە ئەمریکاوە، لەگەڵ ئامادەیییان بۆ کوشتنی خۆپیشاندەرانی خۆیان کە تا ئێستا ژمارەیان 100 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و دەبێت لەسەر تاوانی جەنگ دژی مرۆڤایەتی دادگایی بکرێن."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوو دووگەری بچوکی ئێران، یەکێکیان شاریانی هەناردەی نەوتە و ئەوی دیکەیان سەنگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، تێکچوونی ئاسایشی هەر یەکێکیان، بەسە بۆ ئەوەی بازاڕەکانی جیهان و نرخی نەوت توشی شۆک بکات.

لە کۆگاکانی نەوت لە دورگەی خارگەوە تا رێڕەوە دەریاییە بەرتەسکەکانی نزیک لارک، هەردوو دوورگەکە لەسەر نەخشە بچووک دەبینرێن، بەڵام کێش و گرنگییان زۆر لە رووبەرە جوگرافییەکەیان گەورەترە، یەکێکیان شاریانی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، لە کاتێکدا ئەوی دیکەیان بووەتە بنکەیەکی سەربازیی هەستیار کە راستەوخۆ دەڕوانێتە سەر یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان.

دوورگەی خارک، دڵی نەوتی ئێران

لە کەنداو، لەو شوێنەی رێگاکانی وزە و بازرگانی لەگەڵ هاوکێشە سەربازییەکاندا بەیەک دەگەن، دوورگەی خارگ وەک دڵی نەوتیی ئێران دەردەکەوێت، دوورگەکە بەرانبەر کەناراوەکانی ئێران هەڵکەوتووە و یەکێک لە گرنگترین و گەورەترین دامەزراوەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاوی وڵاتەکەی تێدایە، بەپێی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، وێستگەی خارگ گەورەترین وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی خاوە لە ئێران و بۆ وەرگرتنی بڕێکی زۆر لە نەوت و لەخۆگرتنی نەوتهەڵگەرە زەبەلاحەکان دروستکراوە.

گرنگیی خارگ لە پێگە دەریاییەکەی و بەستراوەیی بە تۆڕێکی فراوانی هێڵەکانی بۆڕی و دامەزراوە نەوتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، سەرچاوە نوێیەکان مەزەندە دەکەن کە نزیکەی %90ـی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لەم دوورگەیەوە تێپەڕ دەبێت، ئەمەش وا دەکات هەر شڵەژانێک لە دامەزراوەکانیدا نەخوازراو کاریگەری لەسەر ئابوریی ئێران و بازاڕەکانی وزەی جیهانیش دروست بکات.

گرنگیی خارگ تەنها لە کەرتی ئابوریدا کورت نابێتەوە، ئەو دوورگەیەی کە بۆ چەندین سەدە وەک وێستگەیەکی دەریایی و بازرگانی سەیر دەکرا، لە سەدەی بیستەمدا بووە ناوەندێکی بنەڕەتیی نەوتی لە ئێران، بە بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی بەرهەمهێنانی نەوت، نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان لە بەندەرەکانیدا لەنگەریان دەگرت بۆ بارکردنی نەوت بەرەو بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش بەهایەکی ستراتیژیی ناوازەی بە دوورگەکە بەخشی.

لارک.. ئەو چاوەی دەڕوانێتە سەر گەروی هورمز

لە دیمەنێکی دیکەی دوور لە نەوت، دوورگەی لارک وەک توخمێکی گرنگ لە هاوکێشەی سەربازی و دەریاییدا دەردەکەوێت، دوورگەکە لە ئاوەکانی گەروی هورمزدا دەکەوێتە نزیک رێڕەوە کەشتیوانییەکان، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا.

شیکارییە ستراتیژییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لارک، جیا لە دوورگەکانی قشم و هورمز، کۆمەڵە دوورگەیەک پێکدەهێنن کە ئامادەییی و گرنگییەکی تایبەتیان لە دەروازەی گەروەکەدا هەیە، پێگە نزیکەکەی لە هێڵەکانی کەشتیوانی، مۆڵەتی چاودێریکردنی جوڵەی کەشتییەکانی پێدەبەخشێت، هەروەها دامەزراوەی سەربازیی سەر بە سوپای پاسدارانیشی تێدایە.

گرنگیی لارک زیاتر دەبێت کاتێک دەخرێتە چوارچێوەی سروشتی خودی گەروی هورمزەوە، گەرووەکە کەنداو بە کەنداوی عومان و دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە، و بڕێکی زۆر لە نەوت و گازیشی پێدا تێپەڕدەبێت، بەپێی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، تێکڕای رێژەی رۆشتنی نەوت و مادە خاوەکان لە رێگەی گەروەکەوە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 20.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە ئەمەش بەرانبەر بە %20ـی جیهانیی مادە نەوتییەکانە.

بۆچی لارک تا ئەم رادەیە هەستیارە؟

وەڵامەکە لە جوگرافیادا شاراوەیە، ئەو کەشتییانەی لە گەروەکەوە تێپەڕدەبن لە ناو رێڕەوی دەریایی سنورداردا دەجووڵێنەوە، ئەمەش وا دەکات ئەو دوورگانەی لەم رێڕەوانەوە نزیکن ببنیە خاڵی گرنگ بۆ روانگە، چاودێری و کاریگەرییدانان لەسەر جووڵەی کەشتیوانی.

لە پێشهاتێکی زۆر بەرچاو کە لە 30ـی ئابی 2026دا رویدا، سەرچاوە ئەمریکییەکان رایانگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر دوو سەکۆی هەڵدانی موشەکی ئێرانی لە نزیک دوورگەی لارک، دوای ئەوەی واشنتۆن، ئآکرایکرد، هێزەکانی ئێران ئامادەکارییان دەکرد بۆ بەکارهێنانی موشەک و مینی دەریایی.

ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستی کردەوە، هێرشەکە دوو شوێنی هەڵدانی موشەکی لە دوورگەکەدا کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک ئاڵۆزبوونی نوێ لە دەوری ئاسایشی دەریادەوانی لە گەروی هورمزدا.

دەکرێت گرنگیی هەردوو دوورگەکە لە هاوکێشەیەکی روندا کورت بکرێتەوە، خارگ دەروازەی نەوتی ئێرانە بۆ جیهان، لە کاتێکدا لارک یەکێکە لە خاڵە جێگیر و سەربازییەکانی ئێران لە نزیک دەروازەی دەریایی کەنداو.

خارگ لە بنەڕەتدا بە ژێرخانی نەوتی و هەناردەکردنەوە بەستراوەتەوە، لە کاتێکدا لارک بە چاودێری، بەرگری و بوونی سەربازی لە نزیک هێڵەکانی کەشتیوانییەوە بەستراوەتەوە، بەڵام پێگەی هەردوو دوورگەکە لە ناو سیستمی جوگرافیی کەنداو، دەیانکاتە بەشێک لە یەک هاوکێشە: وزە لە لایەک، و ئاسایشی رێگاکانی وزە لە لایەکی دیکەوە.

هەستیاریی ئەم هاوکێشەیە دوو بەرانبەر دەبێتەوە چونکە هەر شڵەژانێک لە گەرووی هورمزدا روبدات لە ناوچەکەدا سنوردار نابێت و کاریگەری زۆر دەبێت، ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە، گەرووەکە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە بەرتەسکە دەریاییەکانی نەوت لە جیهاندا، و ئەو جێگرانەی لەبەردەستدان بۆ تێپەڕاندنی گەروەکە ناتوانن تەواوی ئەو بڕانە لەخۆبگرن کە پێیدا تێپەڕ دەبن.

لە دوو دوورگەوە بۆ کارتی فشاری نێودەوڵەتی

لەبەر ئەم هۆکارە، خارگ و لارک لە دوو دوورگەی ئاسایی ئێرانییەوە لە کەنداو بوونەتە دوو کارتی ستراتیژی لە ململانێیەکی گەورەتردا لەسەر ئاسایشی وزە و کەشتیوانی.

ئەوەی توانای پاراستنی دامەزراوەکانی خارگی هەبێت، بەشێکی گرنگی کلیلی بەردەوامیی هەناردەی نەوتی ئێرانی لەدەستدایە، و ئەوەشی کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی نزیک لە لارک و رێڕەوەکانی هورمز ببات، توانایەکی گەورەتری دەبێت بۆ چاودێریکردنی یەکێک لە گرنگترین شاریانەکانی بازرگانیی دەریایی لە جیهاندا.

لە سایەی گرژییەکانی ئێستادا، گرنگیی هەردوو دوورگەکە تەنها وەک پرسێکی ناوخۆیی ئێران نەماوەتەوە، بەڵکو راستەوخۆ بە نرخەکانی نەوت، جوڵەی نەوتهەڵگرەکان و ئاسایشی بازرگانیی جیهانییەوە بەستراوەتەوە، ئاڵۆزییەکانی دوایی دەوروبەری لارک و گەروی هورمز راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر بازاڕەکان هەبووە، بەوپێیەی نرخەکانی نەوت بەهۆی نوێبوونەوەی مەترسییەکان لەسەر جوڵەی کەشتیگەلەکان لە گەروەکەدا بەرزبوونەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە جەرگەی هەستیارترین رێڕەوی دەریایی جیهاندا، دوورگەیەکی بچووکی ئێران بووەتە ئامانجی راستەوخۆی هێرشە ئاسمانییەکانی پنتاگۆن، دوورگەی لارک کە بە باڵادەستییە جۆگرافییەکەی بەسەر گەروی هورمزدا وەک "چاوی ئێران" دەبینرێت.

دوورگەی "لارک"ی ئێران لە گەروی هورمز، کە کەوتووەتە نزیک بەندەری ستراتیژیی بەندەر عەباس، ناوەندێکی گرنگی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و تارانە، ئەوەش دوای ئەوەی بووە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا.

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی هەڵدانی موشەکیان لە دورگەی لارک بۆردومان کرد، کە ئەوە یەکەم هێرشی ئەمریکایە بۆ سەر ناوخۆی ئێران لە کۆتاییەکانی تەمموزی رابردووەوە. لە بەرانبەردا، ئێران بە ئاڕاستەکردنی هەشت موشەکی بالیستی بۆ سەر ئوردن وەڵامی دایەوە، کە تەواوی موشەکەکان بە لە ئاسماندا تێکشکێنران.

حەشاردگەیەکی سەربازی لە شوێنێکی بەرتەسکدا

لەسەر نەخشە، لارک تەنها دوورگەیەکی بچووکە لە رۆژهەڵاتی دوورگەی قشم و باشوری دوورگەی هورمز لە کەنداو، بەڵام دەکەوێتە هەستیارترین ناوچەی بەرتەسکی گەروی هورمز و زۆر نزیکە لە رێڕەوی کەشتی و نەوتهەڵگرە جیهانییەکان.

ئەم پێگە جۆگرافییە وادەکات لارک ببێتە چاوی چاودێریی ئێران بەسەر گەروەکەدا، چونکە تاران رادار و دامەزراوەی چاودێریی پێشکەوتووی تێدا جێگیرکردووە بۆ بەدواداچوونی جووڵەی کەشتیگەلەکان.

بنکەی سەربازی و تێرمیناڵی نەوت

جگە لە چاودێری، لارک بنکەیەکی سەربازیی گرنگی سوپای پاسدارانی تێدایە و هاوكات بنکەیەکی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتیشی تێدایە کە مێژووەکەی بۆ کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، سوپای پاسداران بەندەرەکانی ئەم دوورگەیە بەکاردێنێت بۆ سه‌پاندنی مەرجەکانی بەسەر کەشتییەکاندا، لەوانەش وەرگرتنی باج و رسوومات لە بەرانبەر تێپەڕبوونیاندا.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، ئەم گرنگییە سەربازییەی لارک وایکردووە هەمیشە لە ریزی یەکەمی ئەو ئامانجە سەربازییانەدا بێت کە پنتاگۆن بۆ لێدان لە بنکەکانی ئێران و پاراستنی ئازادیی دەریادەوانی لە گەروی هورمز دیارییان دەکات.

رووبەری دوورگەکە نزیکەی 77 کیلومەتری چوارگۆشەیە، ژمارەیەکی کەم دانیشتووانی کە نزیکەی دوو هەزار کەسن و زۆربەیان بە ماسیگری و کەرتی خزمەتگوزاری سەربازییەوە سەرقاڵن.

پانایی گەروی هورمز لە نزیک دوورگەی لارک نزیکەی 39 کیلومەترە، بەڵام رێڕەوی کەشتیوانیی سەلامەت بۆ کەشتییە زەبەلاحەکان تەنها نزیکەی چوار کیلومەتر پانە، ئەمەش وادەکات لارک باڵادەستیی تەواوی بەسەر ئەم رێڕەوە باریکەدا هەبێت.

 

سەرچاوەکان: ماڵپەڕی ئەکسیۆس، میدیا جیهانییەکان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات تێکشکاندنی درۆنێکی لە ئاسمانی وڵاتەکەی راگەیاند کە لە ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوو.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بەرپەرچی درۆنێکیان داوەتەوە کە لە ئێرانەوە ئڕاستەی ئاوە هەرێمییەکانی ئیمارات کرابوو، هاوکات جەختیشی لە ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "هێزە ئاسمانییەکانمان لە ئاسمانی ئاوە هەرێمییەکانی دەوڵەتدا مامەڵەیان لەگەڵ درۆنێکدا کردووە کە لە ئێرانەوە دەهات"، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەسەر جۆری درۆنەکە یان چۆنیەتی بەرپەرچدانەوەی ئاشکرا بکات.

جەختیشی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەک، و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بەردەوامن لە چاودێریکردنی ئاسمانی وڵات بە شێوەی شەوڕۆژ لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتیان و کەناڵەکانی راگەیاندن کردووە زانیارییەکان تەنها لە سەرچاوە رەسمییەکانەوە وەربگرن و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و زانیاری هەڵە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوو مین لە گەروی هورمز بە کەشتییەکی نەوتهەڵگردا تەقییەوە و سوپای پاسدارانیش هۆشداری دەداتە کەشتییەکانی تر.

سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایکرد، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەروی هورمزدا رووبەڕووی تەقینەوەی دوو مینی دەریایی بووەتەوە و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و بە تەواوی پەکی کەوتووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، کەشتییەکە هەوڵیدابوو بە شێوەیەکی "نایاسایی" لە رێڕەوییە ئاوییەکە تێپەڕێت، تا ئێستا زانیاری لەسەر ناسنامەی کەشتییەکە و چارەنووسی دەستەی کارگێڕییەکەی و ستافی کەشتییەکە رانەگەیەندراوە.

هاوكات سوپای پاسداران هۆشدارییداوە کە هەر کەشتییەکی تر سەرپێچی رێنماییە ئەمنییەکانیان بکات رووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبێتەوە، و جەختیشی کردووەتەوە کە پابەندبوون بە رێکارەکانی ئەوان بۆ تێپەڕبوون لە گەروی هورمز ناچارییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکی نوێدا هۆشداری لە لاوازکردنی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی دەدات و دەڵێت؛ هیچ لێدوانیک مەدەن ورەی هاووڵاتیان داببەزێنێت.

موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە رێگەی پەیامێکی نوێی نووسراوەوە کە ئاژانسی "تەسنیم" بڵاویکردووەتەوە، داوای کردووە رێگری لە هەر رەفتار و لێدوانێک بكرێت کە زیان بە یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و ورەی نیشتمانی لە وڵاتدا دەگەیەنێت.

لە پەیامەکەیدا، خامنەیی داوای لە لێپرسراوان کردووە خۆیان لە باسکردنی خاڵە لاوازەکان و راگەیاندنی لێدوانی بێئومێدکەر بەدوور بگرن، چونکە بە وتەی ئەو، دەرخستنی ئەم لایەنانە خزمەت بە دوژمن دەکات.

لە رووی ئابورییەوە، رابەری ئێران جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە هەڵئاوسان، بێکاری و گرانبوونی نرخەکان کردەوە؛ هاوکات رایگەیاند، پشتبەستن بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و پیشەسازیدا دەبێتە تەوەری سەرەکی بەرەنگاربوونەوەی فشارە ئابورییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...29