جەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکاجەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا

واشنتۆن و تاران بە نێوەندگیری پاكستان و قەتەر لە ئیمزاكردنی یاداشتێكی 14 بەندی بۆ راگرتنی جەنگ نزیكبوونەتەوە و پێشبینی دەكرێت لە سەعاتەكانی داهاتوودا رێككەوتنەكە رابگەیەنرێت.

بەپێی راپۆرتەكان، یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی14 خاڵی بۆ رێككەوتن ئامادەكراوە بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە جەنگ بۆ ماوەی 30 تا 60 رۆژ.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان، گرنگترین خاڵەكان بریتین لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی جەنگ و كەمكردنەوەی گەمارۆكانی سەر بەندەرەكانی ئێران و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی تاران لە دەرەوە، لەگەڵ كردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی گەروی هورمز، هەروەها پابەندبوون بە گفتوگۆكان لەسەر پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەڵام پرسی ئەتۆمی بەهۆی ئاڵۆزییەكەیەوە بۆ دوای 30 رۆژ لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دواخراوە.

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت لە 24 بۆ 48 سەعاتی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی بدرێت، ترەمپیش ئاشكرای كرد كە رەشنووسەكەی پێگەیشتووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پاكستان پیرۆزبایی لە ترەمپ دەكات و ئامادەكاری بۆ میوانداریكردنی گفتوگۆكانی ئاشتی دەكات.

شەهباز شەریف، سەرۆك وەزیرانی پاكستان، بە رەسمی پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كرد بەبۆنەی هەوڵە ناوازەكانی لە پێناو چەسپاندنی ئاشتیدا.

ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەك پەیوەندی چڕوپڕ دێت كە ئامانج لێیان گەیشتنە بە رێككەوتنێك بۆ كۆتاییهێنان بە گرژی و جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران.

شەهباز شەریف ئاماژەی بەوەكرد، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانەی ترەمپ لەگەڵ سەركردەكانی عیراق، ئیمارات، سعودیە، قەتەر، توركیا، میسر، ئوردن و پاكستان ئەنجامی داون، زۆر بەپیت و بەرهەمدار بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە درێژەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامدا و تێیدا تاوتوێی پشتیوانیکردن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان بۆ ئاشتییان کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی  دیوانی ئەمیری قەتەر، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، میری قەتەر و سەرۆکی ئەمریکا باسیان لە گرنگیی بەهێزکردنی ئەو هەوڵانە کرد کە پاکستان بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە و خاوکردنەوەی گرژییەکان دەستی پێکردووە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، گفتوگۆکان تەوەرێکی گرنگیان بۆ پاراستنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی و رێڕەوە ستراتیژییەکان تەرخان کرد، بەتایبەت بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی دابینکردنی وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ئاماژەی بەوەشکرد، میری قەتەر جەختی لە هەڵوێستی جێگیری قەتەر کردەوە کە بریتییە لە پێشخستنی چارەسەری ئاشتییانە و پشتیوانیکردن لە هەر دەسپێشخەرییەک کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە بێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە.

ئەم جوڵە دیپلۆماسییەی قەتەر لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە رەوشێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هەموو لایەک چاویان لەوەیە ئایا هەوڵەکانی نێوەندگیری دەتوانن رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێ سەربازییەکان بکەن یان نا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، سوپای ئیسرائیل لە ئاستی ئامادەباشیی تەواودایە، ئەوەش بەهۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران.

ئەم ئامادەباشییە لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە دەکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری ئەنجامدانی کردەی سەربازی دژی ئێران بدات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکی چڕ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بەپێی راپۆرتەکە، ئیسرائیل پێی وایە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران ناگاتە هیچ ئەنجامێکی کۆتایی و ئامادەکارییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە هێرشەکە "رەنگە لە ماوەی چەند رۆژێکدا روبدات".

ئەم ئامادەکارییانە لەژێر رۆشنایی ئەو وادە کورتەدا دێت کە ترەمپ دیاری کردووە، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، لە لێواری ئەنجامدانی هێرشێکدا بووە، بەڵام بڕیاریداوە چەند رۆژێکی تر بدات بە هەوڵەکانی نێوەندگیری کە لەلایەن پاکستان و قەتەرەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

سەرچاوەیەکی ئەمریکی بە کەناڵی 12ـی راگەیاندووە، ترەمپ هەست بە "نیگەرانی و بێزارییەکی زۆر دەکات" بەرانبەر بە ئاڕاستەی دانوستانەکان لەگەڵ تاران.

لە لایەکی ترەوە، رۆژی هەینی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەشتەکەی بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی کوڕەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە و لە واشنتۆن دەمێنێتەوە، هۆکارەکەشی بۆ "پەرەسەندنە نوێیەکان" گەڕاندەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران و سوپاسالاری پاكستان لە تاران كۆبونەوە و تاوتوێی هەوڵە دیپلۆماسییەكان كرا بۆ رێگریكردن لە پەرەسەندنی گرژیەكان.

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویكردەوە، درەنگانی شەوی هەینی عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە و عاسم مونیر سوپاسالاری پاكستان لە تاران كۆبونەوە.

دەشڵێت، عراقچی و مونیر باسیان لە هەوڵە دیپلۆماسییەكان كرد بۆ رێگریكردن لە پەرەسەندنی گرژییەكان و كۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ رێگەكانی بەهێزكردنی ئاشتی و سەقامگیر لە رۆژهەڵاتی ئاسیا.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئاژانسە جیهانیەكان بڵاویانكردەوە، مونیر دانوستانی چڕ لە نێوان ئەمریكا و ئێران بۆ ئامانجی لێكنزیككردنەوەیان و گەیشتن بە رێككەوتن.

وەفدێكی قەتەریش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریكا لە ئێران بۆ ئەوەی وەك نێوەندگیر لە نێوان تاران و واشنتۆن كار بكەن و كۆتایی بە شەڕی نێوانیان بهێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ توندکردنی هەڵوێستەکانی تاران لەبەرانبەر داواکارییەکانی ئەمریکا، بڕیار درا بە هێشتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەناو خاکەکەی و رێگری کردن لە گواستنەوەی بۆ دەرەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی باڵای ئێرانییەوە رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵای ئێران بڕیاری دەرکردووە کە نابێت ئەو یۆرانیۆمەی بە رێژەیەکی بەرز پیتێنراوە رەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێت، ئەم بڕیارە رەوشی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن ئاڵۆزتر دەکات و هەڵوێستی ئێران لە بەرانبەر داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا توندتر دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، مـوجتەبا خـامنەیی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی بۆ دەرەوەی ئـێران قەدەغەکرد

لە لایەکی ترەوە، لێپرسراوانی ئیسرائیل ئاشکرایانکردووە، دۆناڵد ترەمپ دڵنیایی پێداون ناردنە دەرەوەی یۆرانیۆم مەرجی سەرەکی هەر رێککەوتنێکە. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە بۆ رێگریکردنە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە و پێویستە کۆگاکان بۆ دەرەوەی وڵات بگوازرێنەوە.

چاودێران پێیان وایە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی زیاتربوونی فشارەکان لەسەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا و رەوتی گفتوگۆکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا بەرەو بنبەست دەبات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێران تاوتوێی وەڵامێكی ئەمریكا دەكات و ترەمپیش دەڵێت؛ دانوستانەكان  گەیشتوەتە خاڵێكی یەكلاكەرەوە.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، خەریكی تاوتوێكردنی وەڵامێكی واشنتۆنن لە چوارچێوەی هەوڵە نێوەندگیرییەكانی پاكستان بۆ كۆتایهێنان بە ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە ئەمە هاوكاتە لەگەڵ پێشوازیكردنی رۆژی چوارشەممە لە موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاكستان بۆ دووەمین جار لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا، راشیگەیاند، ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی پاكستان بۆ ئاسانكارییە لە گۆڕینەوەی پەیامەكان لەگەڵ ئەمریكا

لەلایەكی دیكەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دا لەوەی كە بارودۆخی نێوان وڵاتەكەی و ئێران گەیشتووەتە خاڵێكی یەكلاكەرەوە، و جەختیشی كردەوە، هەمووان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ جووڵە، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ نزیكبوونەوەی بڕیاردان لەسەر هێرشی سەربازی.

بەڵام ترەمپ لە هەمان كاتدا ئاماژەی بەوەش كرد، رەنگە چەند رۆژێك چاوەڕوان بكات بۆ بەدەستهێنانی ئەو وەڵامە راستانەی كە لە ئێرانی دەوێت، و هۆشداریشیدا كە بارودۆخەكە رەنگە زۆر بە خێرایی پەرەبسێنێت و تێكبچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێگەیەكی ئەمریكی باس لە ئەگەری ئیمزاكردنی یاداشتنامەیەك دەكات لە نێوان واشنتۆن و تاران كە كۆتایی بە جەنگ بهێنێت.

لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكا بە پێگەی ئەكسیۆسی راگەیاند، قەتەر، پاكستان، سعودیە، توركیا و میسر كار لەسەر داڕشتنی یاداشتنامەیەكی نیازپاكی دەكەن كە بڕیارە لەلایەن واشنتۆن و تارانەوە ئیمزا بكرێت بۆ كۆتاییهێنانی رەسمی بە جەنگ و دەستپێكردنی دانوستانێك كە 30 رۆژ بخایەنێت سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و كردنەوەی گەروی هورمز.

ئاماژەی بەوەش كردووە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی "سەخت" لە نێوان دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەڕیوەچووە و تیایدا ناتانیاهۆ گومانێكی زۆری لەسەر رێڕەوی دانوستانەكان دەربڕیوە و پاڵپشتی لە دەستپێكردنەوەی جەنگ كردووە، لە بەرامبەریشدا، ترەمپ جەختیكردووەتەوە لە ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، جوڵەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل دەریدەخەن بە نیازی خولێكی تری جەنگە و واشنتۆن لە جەنگێكدا تێوەدەگلێت كە ناتوانێت تێیدا سەربكەوێت.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەمریكا لە جەنگێك تێوەدەگلێت تێیدا سەركەوتوو نابێت و باجی هەڵگیرساندنی جەنگەكان لەلایەن بازرگانانی جەنگەوە، دەبێت هەژارانی ئەمریكا بیدەن.

دەشڵێت، ئەمریكا بە هەڵە پێی وایە بە گەمارۆدان ناچاریان دەكات وەڵامی داواكارییەكانی بدەنەوە، بەڵام گەمارۆكە كاریگەری لەسەر ئەوان نییە و سازش لەسەر مافەكانی ئێران ناكەن.

وتیشی، جوڵە ئاشكرا و شاراوەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل دەریدەخەن كە هەوڵی خولێكی نوێی جەنگ دەدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان "دواین هەل" دەداتە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن "پەلەی نییە".

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە پەلە ناکات، داوای کرد بە زووترین کات "گەروی هورمز" بکرێتەوە و وتی: "پێویستە گەروی هورمز دەستبەجێ بکرێتەوە، بەڵام من سەبارەت بە ئێران لە پەلەپەلدا نیم".

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل بە "تەواو هەماهەنگ" وەسف کرد و وتی: "من و بنیامین ناتانیاهۆ سەبارەت بە ئێران هاوڕاین، ئەو هەرچییەکی لێ داوابکەم لەبارەی ئێرانەوە بۆم جێبەجێ دەکات".

سەبارەت بە رەوشی ناوخۆیی ئێران و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیش، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، کارێکی سەربازی گەورەیان لە ئێران بە کەمترین زیان ئەنجامداوە، هێزەکانیان کارێکی سەرسوڕهێنەریان کرد و ئێران سڕایەوە". ئاماژەی بەوەش کرد، ئاستی بژێوی لە ئێران زۆر خراپە و بەو هۆیەشەوە توڕەییەکی زۆر لەناو ئەو وڵاتەدا هەیە.

جێگەی ئاماژەیە، واشنتۆن مەرجی رێککەوتنەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربوونی تاران لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و کردنەوەی گەروی هورمز، لە بەرانبەردا ئێران داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی شەڕ، هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی و راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لەسەر پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ پلانێک ئاشکرادەکات کە بڕیاربووە سبەینێ هێرشەکانیان بۆسەر ئەو وڵاتە دەستپێبکەنەوە، بەڵام وڵاتانی کەنداو بوونەتە نێوەندگیر و بۆ ماوەیەکی کاتی پلانەکەیان وەستاندووە.

دەقی بڵاوکراوەکەی دۆناڵد ترەمپ: 

لەلایەن تەمیم بن حەمەد ئەمیری قەتەر و محەمەد بن
سەلمان جێنشینی سعودیە و محەمەد بن زاید سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، داوام لێکراوە کە ئەو هێرشە سەربازییەی بۆ سەر ئێران پلانمان بۆ داڕشتبوو و بڕیاربوو سبەینێ ئەنجام بدرێت، رایبگرم.

بەو پێیەی ئێستا دانوستانی جددی لە ئارادایە و بە بڕوای ئەوان وەک سەرکردەی گەورە و هاوپەیمان، ڕێککەوتنێک دێتە کایەوە کە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەش زۆر قبوڵکراو دەبێت. ئەم ڕێککەوتنە، بە شێوەیەکی سەرەکی، ئەوە دەگرێتەوە کە ئێران بە هیچ شێوەیەک چەکی ئەتۆمی نەبێت!

لەبەر ڕێزم بۆ ئەو سەرکردانەی کە ناویان هاتووە، ڕێنماییم داوە بە پیت هیگسێس وەزیری جەنگ و جەنەراڵ دانیال کەین سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپا، سوپای ئەمریکا، سبەینێ ئەو هێرشە ئەنجام نەدەین کە کاتی بۆ دیاریکرابوو.
فەرمانیشم پێکردوون، ئامادەبن بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گشتگیر و بەرفراوان بۆ سەر ئێران لە هەر کاتێکدا بێت، ئەمەش لە حاڵەتێکدا رودەدات کە ئەگەر رێککەوتنێکی پەسەندکراو بەدەست نەهات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوەیەكی نزیك لە دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی رایگەیاندووە، ئێران پێشنیازیكی 14 خاڵی رەوانەی ئەمریكا كردووە.

بە پێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، پێشنیازە 14 خاڵییەكەی ئێران جەخت لەسەر كۆتایی هێنان بە جەنگ  و رێكارەكانی دروستكردنی متمانە لە نێوان ئەمریكا و ئێران دەكاتەوە.

سەرچاوەكە دەشڵێت، ئەمریكا بەشێوەیەكی كاتی لێبووردنی بۆ كەرتی نەوتی ئێران و سوككردنی گەمارۆكان دەركردووە.

ئەم گۆڕانكارییانە دوای سەردانە بەپەلەكەی موحسین نەقەوی وەزیری ناوخۆی پاكستان بۆ تاران بە مەبەستی كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكان و زیندووكردنەوەی دیالۆگی نێوان تاران و واشنتۆن دێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە وەڵامی هۆشدارییەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنی نوێ، سوپای ئێران هۆشداری دەداتە واشنتۆن لە هەر جۆرە جووڵەیەکی سەربازی دژی تاران.

ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند: "دووبارەبوونەوەی هەر کارێکی نەخوازراوی ئەمریکا، هیچ ئەنجامێکی نابێت جگە لە رووبەڕووبوونەوەی گورزی بەهێزتر و توندتر.

وتیشی، پێویستە سەرۆکی ئەمریکا بزانێت لە ئەگەری جێبەجێکردنی هەڕەشەکان و دەستدرێژی بۆ سەر ئێران، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و سوپاکەی رووبەڕووی سیناریۆی نوێ، هێرشبەرانە، کتوپڕ و گەردەلوولی دەبنەوە.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەو زۆنگاوەدا نقوم دەبن کە واشنتۆن خۆی دروستی کردووە بەهۆی سیاسەتە سەرکێشییەکانی ترەمپەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەگەڵ تێکچوونی زیاتری رەوشی ناوچەکەدا، ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەکارییە سەربازییەکانیان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ململانێ دژی تاران گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان و زانیارییەکانی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمریکی، هەردوو وڵات نەخشەیەکی وردیان بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی هاوبەش داڕشتووە کە چەندین کەرتی ستراتیژی لە ناوخۆی ئێران دەکاتە ئامانج.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر تاران زیادیان کردووە و واشنتۆن دەیەوێت لە رێگەی ئەم پلانەوە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بگۆڕێت و رێگری لە پەرەپێدانی زیاتری تواناکانی تاران بکات.

ژێرخانی نیشتمانی و وزە:

کەناڵی 13ـی ئیسرائیل ئاشکرایکردووە، بانکی ئامانجەکانی ئەم هێرشە بە شێوەیەکی فراوان دیاریکراوە و لە چەندین ئاستی جیاواز پێکدێت، یەکەمین ئامانج، پێکانی ژێرخانی نیشتمانی و کەرتی وزەی ئێرانە، کە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و دامەزراوەکانی سوتەمەنی دەگرێتەوە، ئامانجی ئەم کارە پەکخستنی تەواوی جووڵەی ئابوری و خزمەتگوزارییە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.

سیستمی بەرگری و سەربازی:

سیستمی بەرگری و بنکە موشەکییەکان وەک بەشێکی سەرەکی لە پلانەکە دیاریکراون بۆ ئەوەی توانای وەڵامدانەوەی سەربازیی تاران بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە و رێگە بۆ هێرشی تر خۆش بکرێت.

تیرۆرکردنی لێپرسراوان:

میدیاکانی ئیسرائیل ئەوەشیان خستوەتەڕوو، لە رووی سیاسی و فەرماندەییەوە، پلانەکە هەوڵی "بێسەرکردەکردنی" ئێران دەدات، فڕۆکە جەنگییەکان و سیستمی موشەکیی پێشکەوتوو کار بۆ تیرۆرکردنی لێپرسراوە باڵاکانی تاران دەکەن تاوەکو ناوەندی بڕیاردان پەکبخەن.

جوڵاندنی هێزی زەمینی بۆ یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە:

جگە لەوەش، باس لە ئەگەری جووڵاندنی هێزی تایبەت بۆ سەر خاکی ئێران دەکرێت بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئەو شوێنانەی یۆرانیۆمی پیتێنراویان تێدایە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئۆپراسیۆنەکە تەنها لە ئاسمانەوە نابێت، بەڵکو رەنگە رەهەندی زەمینیشی هەبێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرەستە ئەتۆمییەکان.

ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێشبینی دەکەن لە سەعاتەکانی سەرەتای هێرشەکەدا، ئێران بە هاویشتنی دەیان موشەکی بالیستی بۆ ناو قوڵایی خاکی ئیسرائیل وەڵام بداتەوە، بەپێی وتەی لێپرسراوە سەربازییەکان، پێشبینی دەکرێت بەهۆی توندیی گورزەکانەوە، قەبارەی وەڵامدانەوەکانی تاران بە تێپەڕبوونی کات بەرەو کەمی بچێت، ئامانجی کۆتایی واشنتۆن و تەلئەبیب ئەوەیە کە تاران ناچار بکەن لە پێگەیەکی لاوازەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و هەموو مەرجە پێشوەختەکان بۆ رێگری لە چەکی ئەتۆمی قبوڵ بکات.

ترەمپ بڕیار دەدات؟

دۆناڵد ترەمپ و راوێژکارەکانی رۆڵێکی سەرەکی لەم پلانەدا دەگێڕن و نەخشەی هێرشە گشتگیرەکەیان ئامادە کردووە، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" رایگەیاندووە، تاران دەبێت لە نێوان رێککەوتن یان لەناوچوون یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێران هیچ هێزێکی دەریایی و ئاسمانیی ئەوتۆی نەماوە و رێگە نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی چونکە مەترسییە بۆ سەر جیهان، بڕیاری کۆتایی لەسەر کاتی دەستپێکردنی هێرشەکە دوای کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی چین دەدرێت، تاوەکو هەموو رەهەندە نێودەوڵەتییەکان رەچاو بکرێن.

سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی "بی ئێف ئێم"ی فەرەنسی راگەیاند، ئێران بە کاتێکی زۆر نالەباردا تێپەڕدەبێت ئەگەر نەگاتە رێککەوتن لەگەڵمان، ئاماژەی بەوەشكردووە، نازانم بەم زووانە دەگەنە رێککەوتن یان نا بەڵام باشترە ئێران رێککەوتن بکات.

ئەم ئامادەکارییە چڕانە نیشانەی ئەوەن کە ناوچەکە لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و مەترسیداردایە، ئەگەر ئەم پلانە سەربازییە وەک ئەوەی داڕێژراوە جێبەجێ بکرێت، رەنگە نەخشەی سیاسی و سەربازیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی بگۆڕێت، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر بڕیارەکانی واشنتۆن و تەلئەبیبن تا بزانرێت ئایا ئەم هەڕەشانە دەبنە راستییەکی مەیدانی یان وەک ئامرازێکی فشاری سیاسی بۆ سەر ئێران دەمێننەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی توند ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی لە ژێر هیچ جۆرە فشارێکدا لە هەڵوێستە ستراتیژییەکانی پاشگەز نابێتەوە.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، گەروی هورمز لەبەردەم هەموو کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوەیە، بەڵام بەو مەرجەی سەرجەم کەشتییەکان هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئێران بکەن.

عراقچی جەختیکردەوە، گرتنەبەری رێگەی سەربازی بەرانبەر بە ئێران "چارەسەر نییە" و هیچ ئەنجامێکی نابێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، کە تەنها رێگە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان پەنابردنە بۆ دیپلۆماسییەت، نەک فشار و هەڕەشە.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە رەوشێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و چاودێرانی سیاسیش وەک هێورکردنەوەیەکی ئاراستەکراو لە لایەک و جەختکردنەوە لەسەر سەروەریی دەریایی ئێران لە لایەکی ترەوە لێکی دەدەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەمارۆی دەریایی ئەمریكا بۆ سەر ئێران چوار هەفتەی تێپەڕاند و سێنتكۆمیش دەڵێت، لەو چوار هەفتەیەدا رێگرییان لە تێپەڕبوونی 67 كەشتی بازرگانی لە گەروی هورمز كردووە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، گەمارۆیی دەریایی بۆ سەر ئێران بەردەوامە و لە چوار هەفتەی رابردوودا رێگرییان لە تێپەڕبوونی 67 كەشتی بازرگانی لە گەروی هورمز كردووە و رێگەیان بە تێپەڕبوونی 15 كەشتی هەڵگری هاوكاری مرۆیی داوە، چوار كەشتیشیان بەهۆی پابەندنەبوون بە رێساویاساكانی ئەمریكا لەكارخستووە.

ئەوەشی خستووەتەڕو، فڕۆكەی سەربازی ئێف 35 تایبەت بە هێزی ئاسمانی ئەمریكا بەردەوام بە ئاسمانی گەروی هورمز دەسووڕێتەوە، كە توانای هەڵگرتنی لە هەشت هەزار كیلۆگرام تەقەمەنی هەیە و توانای فڕینی بە خێرایی سەروو خێرایی دەنگ هەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...56789...25