گرۆسی: پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەستراوەتەوە بە دانوستانەکانی واشنتۆن و تاران
محەمەد رزگار
٤ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایدەگەیەنێت، دەستپێکردنەوەی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەستراوەتەوە بە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، گەیشتنی پشکێنەرانی ئاژانسەکە بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەیوەستە بە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
وتیشی، تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە ئەو بنکانە، بەڵام پێویستە درک بەوە بکەن کە ئەم پرسە تا رادەیەک بەستراوەتەوە بەو دانوستانە بەردەوامانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەن، هاوکات پشت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان دەبەستێت.
رافایل گرۆسی ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغێک کە تێیدا کاتی وردی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان بزانن، هیوایشی خواست پرۆسەکە کاتێکی زۆر نەخایەنێت و وتی؛ "دەبێت ئێستا رێگەمان پێبدرێت سەردانی بنکەکان بکەین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە پێشتر ئێران و ئەمریکا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کردووە، کە تێیدا هاتووە کۆتایی بە ناکۆکییە سەربازییەکانی نێوانیان دەهێنرێت، هاوکات چوارچێوەیەکی کاتی دیاری دەکات بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە و گەڕانەوەی ئێران بۆ سەرپەرشتیکردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز.



