عراقچی: ئەگەر هەڕەشەکان بەردەوام بن دەست بە دانوستاندنی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکا ناکەین
محەمەد رزگار
٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک دەست بە دانوستاندنی تایبەت بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ناکات ئەگەر هاتوو هەڕەشەکان بەردەوام بن.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "ملیۆنان ئێرانی بۆ بەڕێکردن و رێزلێنان لە عەلی خامنەیی، رابەری کۆچکردووی ئێران و میراتەکەی کۆبوونەوتەوە، نە ئەو خەڵکە و نە هێزە چەکدارەکانمان بە چاوترساندن و هیچ جۆرە هەڕەشەیەک کاریگەر نابن."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕگەی سیازدەیەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە تەواو روونە و تێیدا هاتووە کە لەکاتی بەردەوامیی هەڕەشەکاندا دانوستاندن بۆ رێککەوتنی کۆتایی دەست پێناکات، لە کۆتایی پەیامەکەشیدا نووسیویەتی: "رێز لە ئیمزاکەتان بگرن."
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، کە واشنتۆن و تاران خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانیان ئامادە دەکەن، کە بەهۆی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێرانەوە بە شێوەیەکی کاتی راگیرابوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناڕوونی و ناكۆكی قووڵ لەسەر چەندین مەلەفی سەرەکی هێشتا بەردەوامە، کە لە پێشەنگیاندا مەلەفی ئەتۆمی و سزاکانی ئەمریکان.



