دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی تاران بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن واشنتنەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمریکا بە پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان تۆمەتبار دەکات و رادەگەیەنێت، وڵاتەکەی تەواوی بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.

کەمێک پێش ئێستا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ تاران تەواوی ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ کردووە کە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان لەگەڵ ئەمریکادا هاتبوو.

عراقچی لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئێران تا ئێستا بەڵێنەکانی خۆی بردووەتە سەر، بە پێچەوانەی ئەوەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکات، کە خۆی بڕگەی نۆی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی پێشێل کردووە".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەم پێشێلکارییە لە دوای زنجیرەیەک پێشێلکاری و هەڵەی تری ئەمریکاوە دێت، کە لە راستیدا، هیچ رێگەیەک نییە جگە لە پابەندبوونی دوولایەنە".

ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە تێیدا لایەنێکی سەرەکی دارایی موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵایئێران، لەگەڵ 13 کەسایەتی و قەوارەی تر کرانە ئامانج؛ ئەوەش دوای ئەوەی تاران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەروی هورمز دەستپێکردەوە.