جەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکاجەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا

ئەمریکا شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەندین ئامانجی سەربازی لە ئێران راگەیاند.

سوپای ئەمریکا بە رەسمی رایگەیاند، هێزەکانیان شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییان بۆ سەر چەندین بنکە و ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردەوە: "لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا کە پێنج سەعاتی خایاندووە، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە چەندین ئامانجی سەربازی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بە وردی بپێکن."

بەپێی راگەیەنراوەکەی سێنتکۆم، ئەو ناوچە و شارانەی کە کراونەتە ئامانج بریتین لە، بوشەهر، چابەهار، جاسک، کۆنارەک، دورگەی ئەبو موسا و بەندەر عەباس.

سێنتکۆم ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە، بۆ "بەردەوامبوون لە لاوازکردن و تێکشکاندنی تواناکانی تارانە لە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوەکانی ناوچەکەدا."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای پاسداران رایگەیاند، ناوەندی كۆنترۆڵی ئاسمانی دەستەی پێنجەمی دەریایی ئەمریكایان لەناوبردووە.

سوپای پاسداران سەبارەت بە هێرشەكانی ئەمریكا بۆسەر وڵاتەكەی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، لە قۆناغی دووەمی هێرشەكاندا، ناوەندی كۆنترۆڵكردن و چاودێریكردنی بەلەمە بێسەرنشینەكان لە بەحرین و سیستمێكی راداری ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی سی رام لەناوبراون.

راشیگەیاندووە، بە هێرشێكی موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ناوەندی كۆنترۆڵكردن و چاودێریكردنی بەلەمەكان بەتەواوی لەناوبراون.

جەختی لەوەشكردوەتەوە، لە بەردەوامی هێرشەكانی ئەمریكا، وەڵامدانەوەی هاوشێوە بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا بۆ یەكەمجار درۆنی خۆكوژی و بەلەمی بێفڕۆكەوانی لە هێرشەكانی رۆژی یەكشەممەدا لە دژی ئێران بەكارهێنا، هاوكات تەقینەوەی بەهێز ناوچەكانی بەندەر عەباس و دوورگەی قەشمـی هەژاند.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا 'سێنتكۆم' لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، كە بۆ یەكەمجار درۆنی هێرشبەری خۆكوژی و بەلەمی جەنگیی کۆنتڕۆڵکراو لە بۆردومانكردنی ئامانجە سەربازییەكانی ئێراندا بەكارهێناوە.

 ئەم درۆنە نوێیانە كە ناویان "لوكاس"ـە، تێچوویەكی كەمیان هەیە و لە سەر شێوازی درۆنی "شاهێد"ی ئێرانی دروست كراون.

هاوكات میدیا ئێرانییەكان بیستنی دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێزیان لە دەوروبەری شاری بەندەر عەباس و دوورگەی قەشم لە باشوری وڵات پشتڕاست كردەوە.

ئاژانسی میهری ئێرانیش رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بۆ سەر شاری ئابادان ، دوو كەس گیانیان لەدەستداوە و لانی كەم سێ كەسی تریش بریندار بوون

لە بەرانبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران وەڵامی هێرشەكانی دایەوە و رایگەیاند، بنكە سەربازییەكانی ئەمریكایان لە كوەیت و بەحرەین و عومان بۆردومان كردووە و زیانی زۆریان بە كۆگاكانی سوتەمەنی و تەقەمەنی لە بنكەی "ئەمیر حەسەن" لە ئوردن گەیاندووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایدەگەیەنێت، سزادانی فەرمانبەران و ئەنجامدەرانی تیرۆکردنی رابەری کۆماری ئیسلامی و شەهیدانی دیکەی دوو جەنگی سەپێندراوی ئەم دواییە، مافێکی رەوای گەلی ئێرانە.

عەلی باقری، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، سزادانی سەرجەم ئەو کەسانەی فەرمانیان داوە یان بەشداربوون لە تیرۆکردنی رابەری ئێران و شەهیدانی دوو جەنگی سەپێندراوی ئەم دواییە، مافێکی بنەڕەتی گەلی ئێرانە.

باقری ئاماژەی بەوەشکرد، هاووڵاتیانی ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە 130 شەو لە شەقام و مەیدانەکاندا کۆبوونەتەوە و جەختیان لەسەر ئەم داواکارییە و تۆڵەسەندنەوەی رابەری کۆچکردوو و شەهیدانی دیکە کردووەتەوە.

جێگری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەختیکردەوە، دەبێت رووبەڕووی سەرجەم ئەو فەرماندەر، ئەنجامدەر و هاوکارانە ببنەوە کە دەستیان لە تیرۆکردنی رابەرەکەیاندا هەبووە و هاووڵاتیانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریکا کۆتاییهاتنی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر دەیان پێگەی سەربازی و بەرگریی ئاسمانی لە ناوخۆی ئێران رادەگەیەنێت و تاران-یش دەڵێت دوو کەشتییان لە گەروی هورمز راگرتووە.

سوپای ئەمریکا ئاشکرایکرد، شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانی و دەریاییەکانی بۆ سەر دەیان ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران کۆتایی پێهێناوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەو هێرشانەدا کە لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، کەشتیی گەلی سەربازی و بۆ یەکەمجاریش لە رێگەی بەلەمی کۆنتڕۆڵکراوی خۆکوژەوە ئەنجامدراون، چەندین سیستمی بەرگریی ئاسمانی، وێستگەی راداری کەناراوی، بنکەی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، هێزە دەریاییەکانیان لە گەروی هورمز پرۆسەیەکیان بۆ راگرتنی دوو کەشتیی سەرپێچیکار جێبەجێ کردووە کە هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانیان خستبووە مەترسییەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیان پێکردەوە؛ دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە بەندەر عەباس و دورگەی قەشم بیسترا.

میدیا جیهانی و ناوخۆییەکان رایانگەیاند، چەندین تەقینەوەی بەهێز باشوری ئێرانیان هەژاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا هێرشی نوێی ئاسمانیی بۆ سەر سیستمەکانی موشەکی و بەرگریی ئاسمانیی ئێران دەستپێکردەوە.

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان سیستمی بەرگری و پێگەی موشەکیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. هاوکات ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی پشتڕاستی کردەوە کە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە رۆژهەڵاتی شاری "بەندەر عەباس" و ناوچە کەنارییەکانی دوورگەی "قەشم" بیستراوە. ئاژانسی رەسمی "ئێرنا"ش ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئەمریکا" چەند موشەکێکی ئاراستەی دوورگەی قەشم کردووە.

لەلایەکی ترەوە، لێپرسراوێکیئەمریکی ئاشکرای کرد، هێزەکانیان لە دوو شوێنی جیاوازی دەوروبەری گەروی هورمز، بەلەمە خێرا و بچووکەکانی سەر بە سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج و پێکاویانە.

هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کەمێک پێش ئێستا دەنگی چەند تەقینەوەیەکی تر لە بەندەر عەباس بیستراوە.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا و ئێران هێرشی چڕی موشەکی و درۆنییان کردەسەر یەکتر، بە جۆرێک پێشتر ئێران چەندین بنکە و دامەزراوەی ئەمریکی لە چەند وڵاتێکی ناوچەی کەنداو کردبووە ئامانج و تاران جارێکی دیکە داخرانی گەووی هورمزی راگەیاندبووەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هێزەکانیان گورزی توندیان لە ئێران داوە و گەروی هورمزیش بە کراوەیی ماوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی شەوی رابردوو "گورزی زۆر توند و بەهێزیان" لە ئێران داوە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی تاران کردیانە سەر چەند کەشتییەک لە گەروی هورمزدا.

سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (NBC) ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای ئەوەی تاران پێشتر داخرانی گەروی هورمزی راگەیاندبوو، بەڵام لە ئێستادا ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە بە کراوەیی بە رووی هاتوچۆی دەریاییدا ماوەتەوە.

ترەمپ پەردەی لەسەر زانیارییەکی نوێ لادا و ئەوەی خستەڕوو، "رۆژی شەممە واشنتۆن و تاران لە لێواری گەیشتن بە رێککەوتنێک بوون و ئێرانییەکان ئامادەبوون دەستبەرداری هەموو شتێک ببن، بەڵام لەپڕێکدا و دوای دوو سەعات لەو کەشە، هێرشیان کردە سەر کەشتییەکان."

هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' جەختیکردەوە، هێزەکانیان لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی گەشتە دەریاییەکان، و راشیانگەیاند، ئێران هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر گەروی هورمزدا نییە و جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی سروشتی بەردەوامە.

ئەم گرژییە قورسە دوای ئەوە دێت کە ئێران رایگەیاندبوو، رێگە بە چوونەژوورەوەی هیچ کەشتییەک نادات بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە لە تاران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سێنتکۆم کراوەیی گەروی هورمز بە رووی کەشتییە نێودەوڵەتیدا رادەگەیەنێت و ئاشکرایدەکات، تەنها لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 140 کەشتی بە گەروەکەدا تێپەڕیون.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، گەروی هورمز بە رووی سەرجەم ئەو کەشتیانەدا کراوەیە کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی یاسایی بەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا تێپەڕن، دەشڵێت: "ئێران هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر گەروەکەدا نییە."

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا، بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە: "هێزەکانمان لە ناوچەکەدا جێگیرکراون و لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی، ئەمەش سەرەڕای ئەو هێرش و رەفتارە شەڕەنگێزانەی ئێران کە هیچ پاساوێکیان نییە."

له‌ به‌شێكی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە، جوڵەی بازرگانی و دەریاوانی لە گەروی هورمز بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 140 کەشتیی جۆراوجۆر بە سەلامەتی بە ناو ئەو گەروەدا تێپەڕیون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، واشنتن داوا دەکات سەرجەم رێڕەوەکانی گەروی هورمز بە کراوەیی بمێننەوە و هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بە تەواوی رابگیرێن، بەپێچەوانەوە دەرئەنجامەکان باش نابن.

کەناڵی 'ئەی بی سی نیوز' لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، واشنتن چاوەڕوان دەکات، تاران پابەندبوونی خۆی بە کراوەیی گەروی هورمز رابگەیەنێت، ئەو بەرپرسانە هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئێران گەرەنتی روونی پێشوەختە نەدات، دەرئەنجامەکان باش نابن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، کە پێشتر هەردوولا دوو گەڕی دانوستانیان لە سویسرا و قەتەر ئەنجامدابوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند: "ئێران داوای بەردەوامیی گفتوگۆکانی کردووە و ئێمەش رەزامەند بووین، بەڵام بە روونی پێمان راگەیاندوون کە کاتی نەرمیوان نواندن کۆتایی هاتووە".

ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا هێرشیکردووەتەسەر چەندین پێگەی ئێران، هەروەها سەرۆکی ئەمریکا، تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی پلانی بۆ تیرۆرکردنی داڕشتووە و هۆشداریی دا: "1000 موشەک ئامادەی ئاڕاستەکردنن بەرەو ئێران؛ ئەگەر تاران هەوڵی زیان گەیاندن بە من بدات.

لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئەمریکا لەوانەش "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" و "ئەکسیۆس" ئاشکرایان کردووە کە دەزگا هەواڵگرییەکان زانیاری وردیان داوەتە واشنتن سەبارەت بە پلانی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ. بەپێی سەرچاوەکان، واشنتن مۆڵەتی داوەتە تاران بۆ ئەوەی بە رەسمی بەڵێنی راگرتنی هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز بدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرایدەکات، سوپای ئیسرائیل تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازیی بەهێز بۆ سەر ژێرخانی ئابوری و نەوتیی ئێران کۆتایی پێهێناوە، لە کاتێکدا بنیامین ناتانیاهۆ دەیەوێت لە ئێستادا وڵاتەکەی نەگلێنێتە ناو گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.

رۆژنامەی "مەعاریف"ـی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵاوە بڵاویکردەوە؛ سوپای ئیسرائیل پلانە هێرشبەرییەکانی بۆ سەر ئێران تەواو کردووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی بەرفراوان یان لە حاڵەتی رووبەڕووبوونەوەی هێرشێکی کتوپڕ لەلایەن تارانەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، مانەوەی هەزاران سەرباز و هێزێکی ئاسمانی گەورەی ئەمریکا لە ناو ئیسرائیلدا، فاکتەرێکی سەرەکی دەبێت لە هەر سیناریۆیەکی گرژبوونەوەی رەوشەکە.

بەپێی راپۆرتی ڕۆژنامەکە، لیستی ئامانجە دەستنیشانکراوەکانی ئیسرائیل پێکهاتوون لە دامەزراوە کەرتی نەوت و غازی ئێران (لە نێویاندا دورگەی خارک)، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، کۆمەڵگە پیشەسازییەکان و تۆڕەکانی گواستنەوە، ئەمەش بە ئامانجی لێدانی کوشندە لە ئابوریی ئێران.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە دەڵێت: "ئەم ئامانجانە لە خولەکانی پێشوی جەنگدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا نەکرابوونە ئامانج، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە بژاردەی ترمان نەبێت، چونکە ئێران تەنها لە زمانی هێز تێدەگات".

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی رەسمی ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تارانی راگەیاندووە، لە بەرانبەردا، محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەسەر بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوە و خۆ بەدەستەوەنەدان کردووەتەوە.

هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان کە وڵاتەکەی نێوەندگیری سەرەکی بوو، داوای لە ئێران کردووە دەستکەوتەکانی ئەو ئاشتییە بپارێزێت کە بە زەحمەت بەدەست هاتوون.

شایەنی باسە تاران و واشنتۆن لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، بە نێوەندگیریی ئیسلام ئاباد یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئیمزا کردبوو، کە مۆڵەتی 60 رۆژی دیاریکردبوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، بەڵام پێشهاتەکانی ئەم دواییە پرۆسەکەیان بەرەو هەڵوەشانەوە برد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی تاران بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن واشنتنەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمریکا بە پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان تۆمەتبار دەکات و رادەگەیەنێت، وڵاتەکەی تەواوی بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.

کەمێک پێش ئێستا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ تاران تەواوی ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ کردووە کە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان لەگەڵ ئەمریکادا هاتبوو.

عراقچی لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئێران تا ئێستا بەڵێنەکانی خۆی بردووەتە سەر، بە پێچەوانەی ئەوەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بانگەشەی بۆ دەکات، کە خۆی بڕگەی نۆی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی پێشێل کردووە".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەم پێشێلکارییە لە دوای زنجیرەیەک پێشێلکاری و هەڵەی تری ئەمریکاوە دێت، کە لە راستیدا، هیچ رێگەیەک نییە جگە لە پابەندبوونی دوولایەنە".

ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە تێیدا لایەنێکی سەرەکی دارایی موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵایئێران، لەگەڵ 13 کەسایەتی و قەوارەی تر کرانە ئامانج؛ ئەوەش دوای ئەوەی تاران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەروی هورمز دەستپێکردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک دەست بە دانوستاندنی تایبەت بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ناکات ئەگەر هاتوو هەڕەشەکان بەردەوام بن.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "ملیۆنان ئێرانی بۆ بەڕێکردن و رێزلێنان لە عەلی خامنەیی، رابەری کۆچکردووی ئێران و میراتەکەی کۆبوونەوتەوە، نە ئەو خەڵکە و نە هێزە چەکدارەکانمان بە چاوترساندن و هیچ جۆرە هەڕەشەیەک کاریگەر نابن."

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕگەی سیازدەیەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە تەواو روونە و تێیدا هاتووە کە لەکاتی بەردەوامیی هەڕەشەکاندا دانوستاندن بۆ رێککەوتنی کۆتایی دەست پێناکات، لە کۆتایی پەیامەکەشیدا نووسیویەتی: "رێز لە ئیمزاکەتان بگرن."

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، کە واشنتۆن و تاران خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانیان ئامادە دەکەن، کە بەهۆی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێرانەوە بە شێوەیەکی کاتی راگیرابوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناڕوونی و ناكۆكی قووڵ لەسەر چەندین مەلەفی سەرەکی هێشتا بەردەوامە، کە لە پێشەنگیاندا مەلەفی ئەتۆمی و سزاکانی ئەمریکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روسیا گەیشتنی ئەمریكا و ئێران بە رێككەوتنی كۆتایی بە زۆر قورس دەزانێت و چەند پێشنیازێكیش بۆ چارەسەری دۆسێی ئەتۆمیی دەداتە ئێران.

ئاژانسی هەواڵی رەسمی روسیا بڵاویكردەوە، لە رێوڕەسمی ماڵئاواییكردن لە تەرمی عەلی خامنەیی رابەری باڵای پێشووی ئێران، دیمیتری مێدڤێدیڤ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا، لەگەڵ مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران كۆبووەتەوە و چەند پرسێكی گرنگیان تاووتوێكردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، مێدڤێدیڤ جەختیكردووەتەوە بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجەكانی ئێستا، گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لە نێوان ئەمریكا و ئێران زۆر قورس دەبێت و چەند رێگەچارەیەكیشی بۆ ئێران پێشنیازكردووە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی مادە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە بە رێگەی ئاشتییانە.

مێدڤێدیڤ راشیگەیاندووە، گەروی هورمز سەلماندوویەتی كارتێكی بەهێزی فشارە بۆ ئێران و گەروی بابولمەندەبیش دەتوانێت هەمان رۆڵ بگێڕێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختدەکاتەوە، ناکرێت گەروی هورمز ببێتە گۆڕەپانی نمایشکردنی هێزی سەربازی لەلایەن ئەو هێزانەی کە سەر بەم ناوچەیە نین.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی رایگەیاند: "وڵاتەکەی هۆشداری دەدات لە هەر جووڵەیەکی سەربازی لە ناوچەکەدا کە ببێتە هۆی زیاترکردنی گرژییەکان."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر کەناراوەکانی گەروی هورمز، خۆیان بەرپرسیارێتیی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دەگرنە ئەستۆ، هاوكات دووپاتی کردەوە کە "هەر لایەنێک هەوڵی نانەوەی قەیران بدات، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە دەرئەنجامی سەرکێشییەکانی."

ئەم لێدوانانەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدا دێن، کە گرژییە ناوچەیییەکانی پەیوەست بە هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمزدا بەردەوامییان هەیە، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ستراتیژییەکانی جیهان بۆ هەناردەکردنی نەوت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت؛ وڵاتەکەی ورەی شەڕکردنی ئێرانی تێکشکاندووە و لەبەرانبەریشدا بۆ بەڕێوەبەردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای پێشووی ئێران، هەفتەیەک مۆڵەت و ئارامیی پێداون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا بەبۆنەی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا لە چیای "راشمۆر" رایگەیاند: ململانێکانیان لەگەڵ ڤەنزوێلا تەنها لە یەک رۆژدا یەکلاکردەوە، هاوكات گورزی زۆر کوشندە و بەهێزیان لە ئێران وەشاند.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لایەنی ئێرانی بە پەرۆشەوەیە و بە هەموو شێوازێک هەوڵدەدات بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکادا بگاتە رێککەوتن و چارەسەرێکی سیاسی.

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "ئێمە لە ڕووی بەخشندەیی و میهرەبانیی خۆمانەوە، مۆڵەتی هەفتەیەکمان بە ئێران داوە بۆ راگرتنی ئۆپراسیۆنەکان، تا بتوانن رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رابەرەکەیان ئەنجام بدەن."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن کە لە بەیانی دوێنێ هەینییەوە، رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رابەری کۆچکردووی ئێران بە ئامادەبوونی وەفدە بیانییەکان و کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان دەستیپێکردووە. بڕیاریشە رێورەسمەکە بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام بێت و تەرمەکەی بە شارەکانی تاران و قوم و وڵاتی عیراقدا تێپەڕێت، تا دواجار لە زێدی خۆی لە شاری "مەشەدە" بە خاک بسپێردرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایدەگەیەنێت، دەستپێکردنەوەی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەستراوەتەوە بە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.

رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، گەیشتنی پشکێنەرانی ئاژانسەکە بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەیوەستە بە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.

وتیشی، تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە ئەو بنکانە، بەڵام پێویستە درک بەوە بکەن کە ئەم پرسە تا رادەیەک بەستراوەتەوە بەو دانوستانە بەردەوامانەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەن، هاوکات پشت بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان دەبەستێت.

رافایل گرۆسی ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغێک کە تێیدا کاتی وردی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان بزانن، هیوایشی خواست پرۆسەکە کاتێکی زۆر نەخایەنێت و وتی؛  "دەبێت ئێستا رێگەمان پێبدرێت سەردانی بنکەکان بکەین."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە پێشتر ئێران و ئەمریکا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کردووە، کە تێیدا هاتووە کۆتایی بە ناکۆکییە سەربازییەکانی نێوانیان دەهێنرێت، هاوکات چوارچێوەیەکی کاتی دیاری دەکات بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە و گەڕانەوەی ئێران بۆ سەرپەرشتیکردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1234...25