سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتۆن دەستپێکردنی جەنگێکی ئابوری و سەپاندنی گۆشەگیرییەکی بێپێشینەی بەسەر ئێراندا دەستپێکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، تاران دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتەکەی لەدەستداوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نووسیویەتی، دەرفەتێکی گەورەی بەخشیوە بە ئێران بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، بەڵام تاران سودی لەو دەرفەتە وەرنەگرت، وتشی: "ئەمڕۆ توندترین رێکاری ئابوری لە مێژوودا ڕادەگەیەنم کە تا ئێستا دژی هیچ وڵاتێک نەگیراوەتەبەر."

سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە، ئەو رێکارە نوێیانە بریتیین لە جەنگێکی ئابوری و سەپاندنی گۆشەگیری لەسەر ئاستێک کە پێشتر وێنەی نەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد توانا سەربازییەکانی ئێران بەر زەبری گەورە کەوتوون و ئابوری وڵاتەکەش لە بارودۆخێکی سەختدایە.

هاوکات ترەمپ هۆشداری توندی دایە ئەو وڵاتانەی هاوکاری تاران دەکەن و رایگەیاند، هەر وڵاتێک رێگە ببات دامەزراوە داراییەکانی، کۆمپانیاکانی، فڕۆکەخانەکانی یان لایەنە حکومییەکانی هاوکاریی خزمەتگوزاری بۆ ئێران دابین بکەن، رووبەڕووی لێکەوتەی ئابوری زۆر قورس دەبنەوە.