لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جارێكی تری جەنگی دژی ئێران، ئەمریكا تەنها هەزار و 105 موشەكی بەدەستەوە ماوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە ئاسمانییەكانی ئێران.

ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی " سی ئێس ئای ئێس" بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی جەنگی دژی ئێرانەوە، موشەكە كۆگاكراوەكانی ئەمریكا كە موشەكی بەرگریكارن بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبوونەوەتەوە، بەجۆرێك پێش جەنگ نزیكەی 2200 موشەكی پاتریۆت و 452 موشەكی تاد هەبوو، بەڵام ئێستا كەمتر لە 827 موشەكی پاتریۆت و 278 مووشەكی تادی ماوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تێچووی هەر موشەكێك لەو دوو موشەكە بەرگریكارە ملیۆنان دۆلارە.

ئەو ناوەندە دەشڵێت، كەمبوونەوەی بەرچاوی موشەكە كۆگاكراوەكانی ئەمریكا، ترس و دڵەڕاوكێی لەلای هاوپەیمانانی ئەو وڵاتە دروستكردووە، كە بەهۆی كەمی ژمارەی موشەكەكانییەوە نەتوانێت وەك پێویست پارێزگارییان لێبكات.

ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، بەمدواییانە پنتاگۆن گرێبەستێكی ملیارەها دۆلاری لەگەڵ كۆمپانیاكانی پیشەسازی بەرگریی ئیمزاكرد، بۆ بەرزتركردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی موشەك و سەرجەم كەرستە بەرگرییەكانی تر.