كەشتیی فڕۆكەهەڵگری جەنگی رۆزفێڵتی ئەمریكی ئامادەكاری دەكات بۆ ئەركێكی جێگیربوونی حەوت مانگی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی زانیارییەكانی پەیمانگەی دەریایی ئەمریكا، كۆمەڵەی جەنگیی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكی یو ئێس ئێس پیودۆر رۆزفێڵتی، ئامادەكاری بۆ ئەركێكی جێگیربوون لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات كە زیاتر لە حەوت مانگ دەخایەنێت، ئەوەش لە بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوە و ململانێ سەربازییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێراندا.

هەربەپێی زانیارییەكانی پەیمانگەكە، چاوەڕوان دەكرێت لە هەفتەكانی داهاتوودا كەشتییەكە لەگەڵ كەشتییە هاوڕێكانی، بەندەری سان دییگۆ بەرەو ناوچەی بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا_سێنتكۆم بەجێبهێڵن، ئەم هێزە دەبێتە جێگرەوەی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج واشنتۆن.

هێزی دەریایی ئەمریكا لە دوای دەستپێكردنی جەنگ لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە، ئامادەیی بەردەوامی كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكانی لە دەریای عەرەبدا پاراستووە، كە خزمەت بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بەسەر ئامانجەكان لە ناوخۆی ئێران و سەپاندنی گۆشەگیری و گەمارۆی دەریایی بەسەر تاراندا دەكەن.