جەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکاجەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە ئاڕاستەیەکی زۆر باشدا بەڕێوەدەچن و ئیدارەی واشنتۆن دەیەوێت دەرفەتێکی راستەقینە  بدات بۆ  سەرکەوتنی پڕۆسەی گفتوگۆکان.

ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، رێنماییەکانی سەرۆکی ئەمریکا رونن بۆ پێشڕەویکردن بەرەو ئیمزاکردنی رێککەوتنێک و دانوستانکردن بە نیازپاکی و لە ئێستاشدا وەفدە تەکنیکییەکان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ ئێرانییەکان و لایەنەکانی تر کۆدەبنەوە بۆ تاوتێکردنی وردەکارییەکان و پرسی ئاسایشی هێڵەکانی دەریاوانی.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، ئامانجێکیان دەستنیشانکردووە و هەنگاوی زیاتریش بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی ئێرانییەوەکان.

ناوبراو ئەوەشیخستوەتەڕوو، هەست بە گۆڕانکاری دەکەن لە دەسەڵاتدارانی ئێراندا و بەشێکی زۆریان دەیانەوێت لاپەڕيیەکی نوێ هەڵدەنەوە و درک بە پێویستی گۆڕینی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا دەکەن.

جەی دی ڤانس نیگەرانی وڵاتەکەشی لەبارەی مەلەفی ئەتۆمییەوە نەشاردەوە و رایگەیاند، لە قۆناغەکانی داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەستپێدەکەن، بەڵام هۆشداریشی دا، ئەگەر ئێران هەوڵی سەرلەنوێ بنیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات یان دەستبکاتەوە بە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان، ئەوا هاوکێشە و حیساباتەکانی واشنتۆن بە تەواوی دەگۆڕێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، دڵنیایی هەمیشەیی و چاودێری وردیان دەوێت بۆ لەناوبردنی تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا رایگەیاند، وڵاتەكەی هەوڵدەدات بەڵێنێكی جێگیر لە ئێران وەربگرێت، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە لەناوبردنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتە.

وتیشی، دۆناڵد ترەمپ داوای لێكردوون یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئێران بەكاربهێنن بۆ سەرلەنوێ دابینكردنەوەی نەوت بۆ ئابووری جیهان.

راشیگەیاند، رەوشی ئێران زۆر گۆڕاوە و توانای سەربازییان كەمبووەتەوە، ئابوورییەكەیان لاوازتر بووە، بەڵام ئەگەر دانوستانەكان سەركەوتووبن ئەوا گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە ئێران  روودەدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف وەک نێردراوانی ئەمریکا گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەندێک لایەنی تەکنیکیی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەوبارەیەوە رایگەیاند، کە جارێ کۆبوونەوەی ئاستی باڵا لەگەڵ ئێران ئەنجام نادرێت، بەڵکو تەنها وتوێژی تەکنیکی لەسەر پرسە ئەمنی و ئابوورییەکان بەڕێوەدەچێت.

ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە ئامانجیان جێبەجێکردنی رێککەوتنە کاتییەکەی نێوان واشنتۆن و تارانە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کردنەوەی گەروی هورمز، کە بەهۆی شەڕەکەی نێوانیان. پێوانەی بازرگانیی جیهانی نەوتی پەکخستووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەردوولا هێشتا یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەست و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمەتبار دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: کۆبوونەوەکەی سبەینێ لەگەڵ ئێران گرنگە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامەکەی دەردەکەوێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان واشنتۆن و تاران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، لەوانەیە کۆبوونەوەیەکی "زۆر گرنگ" بێت و دەرەنجامەکانی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەردەکەون.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پێشکەوتنی زۆر باشی بەدەستهێناوە لەو شەڕەی کە بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمیی ئێران دەستیپێکردووە و وتی: "سبەی سێشەممە خولێکی نوێی گفتوگۆکان لە دەوحە بەڕێوەدەچێت و تیمە تایبەتەکامان لە ئێستادا ئامادەکاری دەکەن بۆ گەشتکردن بەرەو قەتەر."

ئەم لێدوانە ئەرێنییەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، سەردانی وەفدە تەکنیکییەکەیان بۆ قەتەر تەنها بۆ بەدواداچوونی بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیە و پەیوەندی بە هاتوچۆی لێپرسراوانی ئەمریکاوە نییە، بەڵام کۆشکی سپی بە رەسمی بەشداریکردنی نوێنەرانی باڵای خۆی وەک جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆفی لەو کۆبوونەوانەدا پشتڕاستکردووەتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێران، ئەمڕۆ، لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای سەبارەت بە بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە پڕۆسەی پاککردنەوەی گەروی هورمز لە مین رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەم ئەرکە بەپێی رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن، تەنها لەلایەن ئێران خۆیەوە جێبەجێ دەکرێت.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "پاكکردنەوەی گەروی هورمز لە مین تەنها و تەنها لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە بەپێی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەیە کە لە نێوان تاران و واشنتۆندا ئیمزا کراوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بارودۆخی ناوچەکەی بە "هەستیار و ئاڵۆز" وەسف کرد و هۆشداری دایە فەرەنسا لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیاتربوونی گرژییەکان و رایگەیاند: "ئامۆژگاری فەرەنسا دەکەین کە بە کردەوە دەستێوەردانەکانی، رەوشەکە ئاڵۆزتر نەکات."

ئەم پەرچەکردارە توندەی تاران تەنها چەند سەعاتێک دوای لێدوانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هات کە تێیدا رایگەیاندبوو؛ فەرەنسا و عوممان لەگەڵ هاوبەشەکانیاندا کار دەکەن بۆ پاککردنەوەی گەروی هورمز لە مین، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابینکردنی ئاسایشی دەریاوانی و ئازادی هاتوچۆی کەشتییەکان لەو گەرووە ستراتیژییەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، سبەینێ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نووسیویەتی، "ئێران داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە، کۆبوونەوەکەش سبەینێ سێشەممە لە دەوحە بەڕێوەدەچێت." جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئێران "هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

هاوکات ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکەی سبەینێ دەوحە جیاواز دەبێت لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی پێشوو کە لە سویسرا بەڕێوەچوون، چونکە ئەمجارە سەرنجی سەرەکی لەسەر پرسی بەڕێوەبردنی گەروی هورمز و هێورکردنەوەی گرژییەکان دەبێت.

رۆیتەر ئاشکرایشیکردووە، وەفدە تەکنیکییەکانی ئەمریکا و ئێران، کە بەرپرسن لە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان، لە چەند رۆژی داهاتوودا لە دەوحە کۆدەبنەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە هێرشە پێچەوانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە لەرزۆکەکەی نێوانیانی دەکرد.

بەپێی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر راوێژکاری ترەمپ، بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

ئاژانسەکە روونیکردوەتەوە، وڵاتە نێوەندگیرەکان لە ئێستادا خەریکی دروستکردنی کەناڵی پەیوەندین بۆ رێگریکردن لە هەر گرژییەک و بڕیاریشە گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەردەوام بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بڕیارە سێشەممە ئەمریکا و ئێران لە قەتەر کۆببنەوە و تاوتوێی ناکۆکییەکانیان لەسەر گەروی هورمز بکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمریکا و ئێران دوای ئیمزاکردنی رەشنووسی رێککەوتنێک و راگەیاندنی ئاگربەست بۆ60 رۆژ، تەنها 11 رۆژ بەسەر ئاگربەستدا تێپەڕی و هەردوولا هێرشیانکردەوەسەر یەکدی و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش، هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی جەنگەکە و تەواوکردنی کارە ناتەواوەکەیانی کرد.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، نەبوونی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا، هۆکاری سەرەکیی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بوو بۆسەر یەکدی.

هاوکاتی گرژییەکان، لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، بڕیارە سێشەممە وەفدی هەردوولا لە پایتەختی قەتەڕ کۆببنەوە و لەبارەی ئەو خاڵانەی رێککەوتنەکە کە لێکتێنەگەیشتن و ناکاکۆییان لەسەر، گفتوگۆ بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی سەرەهەڵدانی ناکۆکیی نوێ لەسەر چەند دۆسیەیەکی سەرەکی، گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی ئەم هەفتەیەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سویسرا بە شێوازێکی کتوپڕ هەڵپەسێردران.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەو گفتوگۆیە تەکنیکییانەی کە بڕیاربوو ئەم هەفتەیە لە سویسرا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەڕێوەبچن، بە شێوازێکی کتوپڕ هەڵپەسێردران؛ ئەمەش نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەر ئایندەی پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات دروستکردووە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دێت کە تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر واشنتۆن رایگەیاندبوو، تیمە تەکنیکییەکانی هەردوولا لە سویسرا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوانیاندا ئیمزاکراوە، کە خۆی لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، سزاکان، و میکانیزمی ئازادکردنی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی تاراندا دەبینێتەوە.

پێشتریش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردبووەوە، گفتوگۆیە تەکنیکییەکان تیشک دەخەنە سەر لایەنە وردەکانی رێککەوتنەکە، ئاماژەی بەوەش کردبوو، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لە ماوەی 60 رۆژدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیوای خواستبوو تاران پابەندی بەڵێنەکانی بێت.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لە چەند ڕۆژی رابردوودا جیاوازی و ناکۆکی لە لێدوانی بەرپرسانی واشنتۆن و تاراندا دەرکەوتووە سەبارەت بە چەند دۆسیەیەکی سەرەکی، لەوانەش، میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو پارە ئازادکراوانەی ئێران، گەڕانەوەی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، و پرسی ئایندەی گەشتی دەریایی لە گەروی هورمز، کە پێدەچێت هۆکاری سەرەکیی راگرتنی گفتوگۆکان بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەریتانیا ئاشکرایکرد، كەشتییەكی نەوتهەڵگری وڵاتەكەیان لە گەروی هورمز لە لایەن لایەنێكی نەناسراوەوە بە موشەك كراوەتە ئامانج.

دەستەی دەریاوانیی بەریتانیا لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد،  كەشتییەكی نەوتهەڵگری وڵاتەكەیان لە گەروی هورمز لە لایەن لایەنێكی نەناسراوەوە بە موشەك كراوەتە ئامانج.

بەپێی زانیارییەكان، زیان بە كەشتییەكە گەیشتووە بەڵام سەرجەم ئەندامانی تیمەكەی سەلامەتن. ئەم روداوە بووە هۆی هەڵگیرسانی یەكەم پێكدادانی سەربازیی نێوان واشنتۆن و تاران لە دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند، كە وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكەی سەر كەشتییە بازرگانییەكە، چەندین بنكەی كۆگاكردنی موشەك و درۆن و وێستگەی راداری ئێرانییان لە كەناراوەكان بۆردومان كردووە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێران، ئەمرۆ شەممە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کرد کە سوپای ئەمریکا شەوی رابردوو کردیانە سەر چەند پێگەیەک لە کەناراوەکانی باشوری وڵاتەکە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، ، ئەو هێرشانەی ئەمریکا کە دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، "پێشێلکردنێکی روونی بەندی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنە" کە لە نێوان هەردوولادا هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن ئەنجامدراون، ئەمەش بە هەمان شێوە "پێشێلکردنی بەندی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیە".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەتیکردەوە، هێرشە بەرگرییەکانی ئەوان بۆ سەر ئەو ئامانجانەی کە پەیوەندییان بە هێزەکانی ئەمریکاوە هەیە، تەنها پشت بە "مافی رەوای خۆیان بۆ بەرگریکردن لە خۆ" دەبەستێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای بۆردومانەکەی دوێنێی ئەمریکا بۆ سەر چەند پێگەیەکی ناوخۆی ئێران، سوپای پاسداران بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: وەڵامەکانیان خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت.

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەڵامی ئەوان بۆ هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا زۆر خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت و هۆشداری توندیش دەداتە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

له‌ راگەیەنراوێکدا كه‌ ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، سوپای پاسداران رایگەیاندووە، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانیان توانیویانە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر شاری سيرك پووچەڵ بکەنەوە و هێزە هێرشبەرەکان ناچار بە پاشەکشە بکەن.

سوپای پاسداران ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم دەستدرێژییەی ئەمریکا بێ وەڵام تێپەڕ نابێت، وەڵامەکانیان خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت و لە کات و شوێنێکدا دەبێت کە خۆمان دیاریی دەکەین."

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆشداری دەدەن کە هەر هێرشێکی نوێ، بە وەڵامێکی زۆر توند دەدرێتەوە کە سەرجەم بەرژەوەندییەکانی دەستدرێژیکاران لە ناوچەکەدا تێکدەشکێنێت.

ڤانس دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوخۆی ئێران رایگەیاند: "هەر لایەنێک هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان هاوڕێکانمان لە ناوچەکە، دەبێت باجەکەی بدات." جەختیشی کردەوە کە: "توندوتیژی تەنها بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە."

 

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت، پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاندبوو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی درۆنیی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەروی هورمز، چەند ئامانجێکیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە وەڵامێکی تونددا بۆ سەر هێرشەکەی دوێنێی سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەروی هورمز، چەند هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر پێگەکانی ئێران.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا کۆگاکانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و وێستگەکانی راداری کەناراوی ئێرانیان کردووەتە ئامانج؛ ئەمەش دوای ئەوەی، ئێران بە درۆنێکی خۆکوژ هێرشی کردە سەر کەشتیی بازرگانیی کەشتییە کە بە ئاڵای سەنگافورەوە لە کاتی هێرشەکەدا لە گەروی هورمزەوە بەرەو کەناراوەکانی عومان لە رێگادابوو.

سێنتکۆم رایگەیاندووە کە ئەم دەستدرێژییە بێ پاساوەی هێزەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی، پێشێلکردنێکی روونی رێککەوتنی ئاگرربەستەکەیە. هاوکات جەختیان کردووەتەوە کە ئەم رەفتارە مەترسیدارانەی ئێران ئازادیی هاتوچۆی دەریایی دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەت لەم رێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگەی کە جموجۆڵی بازرگانیی تێدا لە گەشەکردندایە.

لە کۆتاییدا فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانیان بەردەوامن لە هەماهەنگی و دابینکردنی رێڕەوی ئارام بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروەکەد، سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ئامادەباشی و چاوکراوەییدا دەمێنێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوون بە سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێراندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی گورزێکی توندی لە تاران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا وەشاندووە، بەڵام جەختیشی کردەوە کە هێشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە و پێویستە ئیسرائیل لە رووی سەربازییەوە سەربەخۆ بێت و پشتبەستن بە ئەمریکا کەم بکاتەوە.

بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ خوێندکارانی خولی ئەفسەرانی یەدەگی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئێمە گورزێکی کوشندەمان لە ئێران و هاوپەیمانەکانی داوە، بەڵام پێویستە هەمووان بزانن کە پرۆسەکە هێشتا بەردەوامە و شەڕ بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە."

لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب لەسەر پرسی لێکتێگەیشتنەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و رەوشی لوبنان بەردەوامە، ناتانیاهو ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆشکی سپی کرد و وتی: "من رێز و پێزانینی زۆرم هەیە بۆ ئەو هاوکاری و پاڵپشتییانەی کە لەلایەن هاوڕێ ئەمریکییەکانمانەوە پێشکەش بە ئیسرائیل کراون، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە خۆمان لە پشتبەستن بەوان رزگار بکەین."

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر ستراتیژییەکی نوێی سەربازی کردەوە و ئاشکرایکرد: "ئێمە پێویستمان بە بنیاتنانی سیستمێکی پڕچەککردنی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆمان هەیە، و دەبێت سەرجەم پێداویستییە سەربازییەکانمان لە ناوخۆدا بەرهەم بهێنین تا چیتر پاشکۆی لایەنی دەرەکی نەبین."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری ئێران پێشکەوتنی پرۆسەی گفتوگۆکان بە پابەندبوونی کرداریی لایەنەکان دەبەستێتەوە و هۆشداریش دەدات لەوەی هەر لێدوانێک لە دەرەوەی دەقی رێککەوتنەکان بێت، زیان بە ئاڕاستەی دانوستانەکان دەگەیەنێت.

سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، کاریگەری و سەرکەوتنی دانوستانەکان تەنیا بە پابەندبوونی تەواو و جێبەجێکردنی وردی ئەو بەڵێنانەوە بەندە کە لەسەری رێککەوتوون.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێکدا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دانوستانەکان رایگەیاند: "پێشکەوتن لەم رێڕەوەدا، تەنها لە رێگەی پابەندبوونی کردارییەوە بە بەرپرسیارێتییە پەسەندکراوەکان دەپێورێت."

پزیشکیان هۆشداریشیدا لە تێکدانی رەوشی گفتوگۆکان و ئەوەی خستەڕوو، "هەر لێدوانێک لە دەرەوەی دەقی رێککەوتنەکە بێت، هیچ خزمەتێک بە پێشخستنی پرۆسەی دانوستانەکان ناکات."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە ئیمزا لەسەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن نەکات، هاوکات ترەمپیش هۆشداریدەداتە تاران لە پابەند نەبوون بە بەڵێنەکانی.

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاند: "ترەمپ هەمیشە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەخاتە پێشینەی کارەکانی، بۆیە هەرگیز ئیمزا لەسەر رێککەوتنێک ناکات کە لە خزمەت ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەماندا نەبێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، "سەیرە کەسێک پێشبینی ئەوە بکات ترەمپ رێککەوتنێک ئیمزا بکات کە هاوشێوەی رێککەوتننامە ئەتۆمییە کارەساتبارەکەی سەردەمی باراک ئۆباما بێت، بەڵکو پێویستە هەر رێککەوتنێکی نوێ، لە بەرژەوەندی گەلی ئەمریکا و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەدا بێت."

لەلایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان هۆشداری توندی دایە تاران و رایگەیاند: "ئەگەر ئێران پابەندی رێککەوتنەکەی نەبێت و بە شێوازێکی گونجاو رەفتار نەکات، ئەوا ئەوەی پێویست بێت لە دژی ئەنجامی دەدەم." وتیشی: "تا ئەو کاتەی ئێران رێزمان لێبگرێت، هیچ کێشەیەکمان نابێت."

ترەمپ ستایشی تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی کرد بە سەرۆکایەتی (جەی دی ڤانس) و رایگەیاند کە کارێکی باشیان کردووە، ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە بەشێکی زۆری توانای سەربازی ئێرانمان لەناوبردووە و هێڵەکانی ئاستی یەکەم، دووەم و سێیەمی سەرکردایەتی ئەو وڵاتەمان سڕیوەتەوە."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت: پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکانیاندا لەگەڵ تاران بەدیهاتووە و گەروی هورمز بە تەواوی کراوەیە، هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش ئاشکرایکرد، لە سویسرا لەسەر ئازادکردنی 12 ملیار دۆلاری بلۆکەکراوی وڵاتەکەی رێککەوتوون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا پەرەسەندنی ئەرێنی لە دۆسیەی دانوستانەکانی لەگەڵ تاران ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ پێشکەوتنی زۆر باش لە پرۆسەی گفتوگۆکاندا بەدیهاتووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و ژیرانە لەگەڵ ئێران.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا گەروی هورمز بە تەواوی کراوەیە و توانراوە بڕێکی زیاتری نەوت بەراورد بە رابردوو بگوازرێتەوە، جەختیشی کردەوە، ئێران لەبارەی ئاسایشی گەروی هورمزەوە "کارێکی زۆر باش دەکات" و "هەرگیزیش نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

سەبارەت بە دۆسیەی داراییە بلۆکەکراوەکانی تاران، ترەمپ مەرجێکی نوێی ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ ئەو پارە سڕکراوانەی ئێران کە بڕیارە ئازاد بکرێن، بە شێوەیەکی بەدەرکراو و تەنها بۆ کڕینی مادەی خۆراکی لە جووتیارانی ئەمریکی بەکاردەهێنرێن.

ترەمپ راشیگەیاند، ئەگەر ئێران رەفتاری خراپ بکات ئەوا چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەم.

لە درێژەی لێدوانەکانیدا سەبارەت بە نەخشە رێگەی نوێی نێوان واشنتۆن و تاران وتی؛ پێویستە و لەسەر بنەمای رێککەوتنەکە وایە کە ئێران داهاتەکانی نەوت بۆ بونیاتنانەوە و بەهێزکردنەوەی سوپاکەی بەکارنەهێنێت.

سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردەوە، دەبێت تاران ئەو پارە و داهاتانە تەنها بۆ کڕینی پێداویستیی کتوپڕ و دابینکردنی خۆراک بۆ گەلەکەی بەکاربهێنێت.

لە بەرانبەردا محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکی گرنگدا لە مەسقەتی پایتەختی عومان، ئەنجامی دانوستانەکانی سویسرای ئاشکرا کرد و رایگەیاند؛ لە چوارچێوەی گفتوگۆکاندا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، رێککەوتن کراوە لەسەر ئازادکردنی دارایی و پشکی بلۆکەکراوی ئێران بە بەهای 12 ملیار دۆلار.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
12345...25