وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، هێرشێکی دارایی بێپێشینە دەکەنە سەر ئێران بە مەبەستی بڕینی تەواوی سەرچاوەکانی داهاتی تاران.

سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، دەستپێکردنی هێرشێکی دارایی گەورە بۆ سەر ئێران رادەگەیەنن بە مەبەستی بڕینی تەواوی سەرچاوەکانی داهاتی ئەو وڵاتە.

ئاشکراشیکرد، واشنتۆن هەنگاوەکان بۆ وشککردنی سەرچاوە ئابورییەکانی تاران دەستپێدەکات و هۆشداریشی دا بەو وڵاتانەی پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵ ئێراندا هەیە کە رووبەڕووی فشاری دارایی دەبنەوە.

لە رووی سەربازییەوە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی کەنداو، وەڵامی راستەوخۆ و یەکلاکەرەوەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە دەبێت.

پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی وەشاندنی زەبرێکی کوشندەی لە ئابوری ئێران کردبوو، لە بەرانبەردا تاران وەڵامی توندی بەپێدانەوەی ئەو سزایانە دایەوە و هۆشداریی دایە ئەو وڵاتانەی هاوکاری واشنتۆن دەکەن.