کاروان گەزنەیی ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەیان بڕیاریداوە بانگھێشتی کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکان بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەسەرکردنی گرانی نرخی بەنزین و نەوت و غاز.
کاروانە گەزنەیی وتیشی، سەرباری کێشەکانی تر، بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی ژیانی ھاووڵاتیانی سەختترکردووە و پێویستە بەزووترین کات چارەسەر بکرێت.
ئەمین بابەشێخ، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کوردسات نیوزی رایگەیاند، بەرنامەمان ھەیە لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەست بە دانوستان و سەردانی لایەنەکان بکەین بە تایبەت لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان و ئامانجمانە بە یەک دەنگ و یەک ڕیزی بچینە بەغداد.
وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەشی ئاشکراکرد، بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکان ئێمە دەستپێشخەریی خۆمان دەکەین و دەرگاشمان کراوەیە بۆ ھەر لایەنێک سەردانمان بکات.
ئەبو عەلی عەسکەری وتەبێژی کەتائیبی حزبوڵای عێراق رایگەیاند، ئەو ھەڵبژاردنەی ئەنجامدرا گەورەترین فێل و چەواشەکردن بووە بۆ گەلی عێراق و داوا دەکات مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دادگایی بکرێت، چونکە لەگەڵ نەیاراندا کاری کردووە بۆ ساختەکردنی ئەنجامەکان.
وتەبێژەکەی کەتائیبی حزبوڵا راشیگەیاند، پێویستە مافی دەنگدەر و کاندیدەکان بگەڕێندرێنەوە، ئەگەرنا رەوشەکە ئاڵۆزتر دەبێت و لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.
کەتائیبی حزبوڵای عێراق لەو ھێزە شیعانە بوو کە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی رەتکردەوە و ئەستۆی شکستی ھەڵبژاردنیشیان خستە پاڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان.
رەوشی تەندروستی تووشبوانی کۆرۆنا و شوێنی مانەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی ئیدارەی راپەڕین لە حاڵەتێکی خراپدایە و بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیش رایگەیاند، د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم ئەمبوڵانسەکانی سەنتەری خێرای ١٢٢ی سلێمانی و نەخۆشخانەکانی سلێمانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پاڵپشتیکردن و پشتیوانی و ھاوکاری و گواستنەوەی نەخۆشانی کۆرۆنا، لە ئێستاشدا لە رێگەی ئەمبوڵانسەوە توشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی سنووری ئیدارەی راپەینەوە دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی.
فەریبۆرز کەرەمی بەڕێوەبەری رێگەوبان و گواستنەوەی کرماشان بە ئاژانسی ھەواڵی مێھری راگەیاندووە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ٦٠ ھەزار و ٥٤١ تۆن کاڵا، لە رێی سێ ھەزار و ٥٥٣ بارھەڵگرەوە لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوەی ھەناردەی ھەرێمی کوردستان کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر لەو ماوەیەدا ١٨٢ ھەزار و ٥٥ تۆن کاڵا لە سنوری پەروێزخانەوە ھاوردەی ئێران کراوە.
ریاز مەسعودی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران کە سەر بە رەوتی سەدرە رایگەیاندوە، رەوتەکەیان بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانی و پێکھێنانی گەورەترین کوتلە لە ئەنجومەنی نوێنەران تا بتوانن بە زوترین کات حکومەتی داھاتوو پێکبھێنن.
ھەر بۆ ئەو مەبەستەش موقتەدا سەدر گەیشتوەتە بەغداد تا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا کۆببێتەوە و خۆی سەرپەرشتی دانوستانەکانی پێکھێنانی حکومەت بکات.
راشیگەیاندوە، رەوتی سەدر پلانی روونی بۆ قۆناغی داھاتوو ھەیە.
سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران ھیچ مەرجێکی پێشوەخت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دانانێن و نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت، لە چەند رۆژی داھاتووشدا دانوستانە ئەتۆمییەکان لە ڤییەنا دەستپێدەکەنەوە.
وتیشی، ئێران دەیەوێت حکومەتەکەی جۆ بایدن لە حکومەتەکەی دۆناڵد ترامپ جیاواز بێت و سزاکان ھەڵبگرێت.
پێشتریش وەحید جەلال زادە سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران لە زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، دانوستانەکان لەو خاڵەوە دەستپێدەکەنەوە کە ترامپ لێی کشاوەتەوە.
وتیشی، دانوستانەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا دەبێت و ئەگەر ئەمریکاش بیەوێت بەشدار بێت، پێویستە سزاکان ھەڵبوەشێنێتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ وەفدەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی گەیشتە سلێمانی و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی پێشوازییان لێکرا و وەفدی یەکێتی و پارتی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبونەوە و گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمی پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکومەتی عێراق و یەکڕیزی کورد لە بەغداد و چەند پرسێکی تر کرا.
بڕیارە وەفدەکەی پارتی ھەر ئەمڕۆ لە سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست کۆببێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆئەوەکردووە، بەیانی ئەمڕۆ وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان سەردانی رانیە و چوارقوڕنەی کردووە بە مەبەستی بەدواداچوونی رەوشی نەخۆشانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ژیان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
بەھۆی بەردەوامی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی توشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا و نەمانی شوێن بۆ داغڵبوونی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی ئیدارەی راپەڕین، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین ھۆشداری دەداتە ھاوڵاتیان و داوایان لێدەکات گیانی خۆیان و کەسوکاریان بپارێزن.
وەفدەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی گەیشتە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی پێشوازییان لێکرا.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیشدا ھەردوولا جەختیان کردەوە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بۆ یەکڕیزی و پاراستنی مافە دەستوورییەکان بووە لە بەغداد و باسی ھیچ پۆستێک نەکراوە.
ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەکێتیش رایگەیاند، یەکێتی بەرنامەی خۆی ھەیە دوای راگەیاندنی کۆتایی ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەست بە دانوستان و سەردانی لایەنەکان بکات.
وەفدەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی سەردانی گۆڕانی کرد و لەلایەن رێکخەری ژوورەکانی توێژینەوەی سیاسی و رۆژنامەوانی و پەرلەمانی بزوتنەوەکە پێشوازیان لێکرا. ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی پارتی و گۆڕان تایبەت بوو بە رەوینەوەی نیگەرانییەکان و لێکتێگەیشتن و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکان و یەکڕیزی کورد.
بڕیارە وەفدەکەی پارتی لەگەڵ یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەری و سۆسیالیستیش کۆببێتەوە.