هەواڵەکانهەواڵەکان

سەرۆك كۆماری عیراق بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، سەردانی سویسرا دەكات.

سەرۆكایەتی كۆماری عیراق بڵاویكردەوە، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق سبەینێ بەرەو سویسرا بەڕێدەكەوێت بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس.

كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس بە ناونیشانی "هاوكاری بۆ سەردەمی زیرەك"، 20ی ئەم مانگە دەستپێدەكات و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و نزیكەی سێ هەزار سەركردە لە 130 وڵاتی جیاواز و 350 سەرۆكی حكومەت بەڕێوەدەچێت، گفتوگۆكانی كۆڕبەندەكەش لە چوارچێوەی پێنج تەوەردا دەبن، كە بریتین لە پاراستنی سەرچاوەكانی گەشەكردن و پیشەسازیی لەسەردەمی زیرەك و وەبەرهێنان لە خەڵك و گۆڕانكارییە جیۆئابوورییەكان، لەگەڵ پاراستنی هەسارە و بنیادنانەوەی متمانە لە جیهانێكی ئاڵۆز و خێرادا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەراگیەنراوێكدا رایگەیاندووە, لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە دوو تۆمەتبار دەستگیركران و توانیان دەست بگیرێت بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا كە تۆمەتباران بردبوویان.

لەراگەیەنراوەكەشدا ئەوە هاتووە, دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە ئۆتۆمبێلەكەی دزراوە ، هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی و بەهاوكاری نەهێشتنی تاوانی ڕانیەو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو دەستگیربكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا كە تۆمەتباران بردبوویان.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە, لە ئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کاتێک ئۆتۆمبێلێک پەکی دەکەوێت لە شوێنێکی نەگونجاودا، رەنگە شۆفێرەکەی داوای هاوکاری بکات و بە چەند کەسێکەوە تاوەکو لایەکی شەقام پاڵی بنێن، ئەوە ئەو دیمەنەیە کە ئاساییە، بەڵام ئەوەی نامۆیە پاڵنانی فڕۆکەیە، کە لە فڕۆکەخانەیەکی هیندستان روویداوە.

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پاڵنانی فڕۆکەیەک لەلایەن تیمێکی فڕۆکەوانییەوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە دیمەنەکە لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکەنای هیندستان روویداوە و لەبری راکێشانی فڕۆکەکە بە کرێن چەند کەسێک بە دەست پاڵی دەنێن.

روداوەکە لە فڕۆکەخانەی گوجەراتی رۆژئاوای هیندستان روویداوە، تیمەکە ویستوویانە فڕۆکەکە ببەنە شوێنێکی دیکە و پشکنینی تەکنیکی بۆ بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ساڵح موسلیم دەڵێت ئامانجی توركیا لە هێرشكردنە سەر بەنداوی تشرین داگیركردنی كۆبانێیە لە رۆژئاوای كوردستان.

ساڵح موسلیم ئەندامی دەستە سەرۆكایەتیی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" رایگەیاند: توركیا و چەكدارانی هاوپەیمانی هەوڵدەدەن بەنداوی تشرین و شاری مەنبج داگیر بكەن، لە بەرانبەردا رووبەڕووی بەرگریی بەهێزی شەرڤانان بونەتەوە و رۆژانە كوژراو و برینداریان هەیە.

موسلیم وتویەتی: ئامانجی سەرەكیی توركیا لە پشتیوانیی سەربازیی و ئاسمانیی بۆ چەكدارانی سوری بە ئامانجی داگیركردنی كۆبانێیە.

بە وتەی موسلیم لێپرسراوانی رۆژئاوای كوردستان بە مەبەستی راگرتنی هێرشەكانی توركیا لەگەڵ لێپرسراوانی یەكێتی ئەوروپا كۆبونەونەتەوە و هاوكات چاوەڕێی دەستبەكاربونی سەرۆكی نوێی ئەمریكا دەكەن بۆ ئەوەی ئاگربەستی پێشوی نێوان توركیا و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بە نێوەندگیریی ئەمریكا جارێكی دیكە چالاك بكرێتەوە.

ساڵح موسلیم جەختی لەوە كردەوەتەوە كە رۆژئاوای كوردستان سەرەڕای هەوڵی دۆست و هاوپەیمانەكانی بەڵام خۆی بۆ هەر دۆخێكی دیكەی نەخوازراو ئامادە كردووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای 40 ساڵ، لە رێورەسمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد تڕەمپدا هەمان روداوی ساڵی ١٩٨٥ دووبارە دەبێتەوە و دەستبەکاربوونەکە لە ناو باڵەخانەی کۆنگرێسدا بەڕێوەدەچێت.

لە ساڵی 1985 رێورەسمی دەستبەکاربوونی رۆناڵد مێگان وەک 40ـەم سەرۆکی ئەمریکا، بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە لەناو هۆڵی 'رۆتۆندا' لەناو باڵەخانەی کاپیتۆڵ بەڕێوەچوو، کە لەو ساڵەوە ئەوە کۆتا جار بوو ئەو رێورەسمە لەناو هۆڵێکی داخراودا ئەنجام بدرێت.

ئێستاش دوای 40 ساڵ، بەهۆی ئەو شەپۆلە سەرمایەی روی لە چەند ویلایەتێکی ئەمریکا کردووە، بڕیارە رێورەسمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد تڕەمپ لەناو هۆڵی باڵەخانەی کۆنگرێس یان لە هەمان هۆڵی رۆتۆندای باڵەخانەی کاپیتۆڵدا ئەنجام بدرێت.

کەشناسیی ئەوەی خستووەتە روو، پێشبینی دەکرێت لەکاتی رێورەسمی سوێندخواردنی تڕەمپدا پلەکانی گەرما 20 پلەی سیلیزی داببەزن و لەگەڵ رۆژانی ئاساییدا جیاوازیان زۆر بێت.

لە ساڵی 1985ـەوە سەرمای لەوجۆرە لە واشنتن تۆمار نەکراوە

بەپێی کەشناسی، رۆژی 20ی مانگ، لەدوای 40 ساڵ ساردترین رۆژی واشنتن دەبێت و لە ساڵی 1985ـەوە سەرمای لەو جۆرە روی لەو ویلایەتە نەکردووە و لەگەڵ ئەو سەرمایەشدا خێرایی با بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و وادەکات هەستکردن بە سەرما وەک ئەوە وابێت پلەکانی گەرما 25 پلە لە خوار سفری سیلیزییەوە بن.

ئەوەش وایکردووە، 220 هەزار کەس کە بڕیارە وەک میوان بەشداری رێورەسمەکە بکەن، بەسەر هەریەک لە هۆڵەکانی باڵەخانەی کاپیتۆڵ و کۆنگرێسدا دابەش بکرێن و بەشێکیان بەشێوەی راستەوخۆ نمایشەکە ببینن و بەشێکیشیان خۆیان تێیدا بەشدار بن.

لە رابردودا بەهۆی گەورەیی رێورەسمەکە و ژمارەی میوانەکان، لەناو باخچەی کۆنگرێسدا رێورەسمەکە بەڕێوەدەچوو و سەرۆکی نوێ دەستبەکار دەبوو و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکرا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی ئیسپانیا رایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی تەلەفریک لە ناوچەیەکی گەشتیاری ئیسپانیا، ٣٠ کەس بریندار بوون و دۆخی تەندروستی نۆ کەسیان ناجێگیرە.

حکومەتی ئیسپانیا ئەوەی خستووەتە روو، رووداوەکە لە ناوچەی گەشتیاریی ئاستۆن لە باکووری خۆرهەڵاتی ئیسپانیا روویداوە و هەشت لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە و دۆخی تەندروستی نۆ برینداریش ناجێگیرە.

باسی لەوەشکردووە، بریندارەکان راستەوخۆ لە رێگای هێلیکۆپتەرەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریان بۆ دەکرێت، دەیان گەشتیاری دیکەش لەسەر کورسییەکانی دیکەی تەلەفریککە گیریان خواردووە و تیمەکان سەرقاڵی هێنانەخوارەوەیانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە بۆ ئەوەی بزانرێت بە وردی هۆکاری رووداوەکە و کەوتنەخوارەوەی تەلەفریکەکە چی بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەمەبەستی دووبارە دەستبەکاربوونەوەی وەک سەرۆکی ویلایەکە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد تڕەمپ و خێزانەکەی لە واشنتنن.

دۆناڵد تڕەمپ و میلانیای هاوسەری بەو فڕۆکەیەی کە جۆ بایدن ناردبووی بەدوایدا بۆ فلۆریدا، چوونە واشنتن و بڕیارە سبەینێ دووشەممە، ٢٠ی مانگ مەراسیمی دەستبەکاربوونی تڕەمپ و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەنێوان جۆ بایدن و دۆناڵد تڕەمپدا بەڕێوەبچێت.

تڕەمپ و هاوسەرەکەی کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە واشنتن، سەرەڕای ئەوەی شەپۆلێکی سەرمای سەخت ویلایەتەکەی گرتووەتەوە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنیان ئاهەنگگێڕان دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.

لەئێستادا تڕەمپ و هاوسەر و منداڵەکانی لە واشنتنن و ئامادەکاری دەکەن بۆ دووبارە بوونەوە بە خێزانی یەکەم لە ئەمریکادا. 

رێورەسمی دەستبەکاربوونەکە کە بڕیار بوو لە باخچەی باڵەخانەی کۆنگرێسدا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی شەپۆلی سەرماوە رێورەسمەکە دەبرێتە ناوەوەی باڵەخانەکە، ئەوەش تاڕادەیەک گرفتی دروستکردووە، چونکە جێگای ئەو ژمارە زۆرەی میوان نابێتەوە لەناو باڵەخانەکەدا.

ژمارەی ئەو میوانانەی بڕیارە لە رێورەسمی دەستبەکاربوونەکەی دۆناڵد تڕەمپدا بەشدار بن دەگاتە ٢٢٠ هەزار کەس و بڕیارە ژمارەیەکیان ببرێنە باڵەخانەی کاپیتۆڵ و لەوێوە بەشێوەی راستەوخۆ بینەری رێورەسمەکە بن. کە ئەمەش لەدوای ساڵی ١٩٨٥ و دەستبەکاربوونی رۆناڵد رێگانی ٤٠ـەم سەرۆکی ئەمریکا یەکەمجارە ئەو رێورەسمە گەورەیە لە شوێنێکی داخراودا ئەنجام بدرێت.

لە مانگی ١١ی ساڵی رابردوودا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئەنجامدرا و تیایدا دۆناڵد تڕەمپ بەسەر جۆ بایدنی رکابەریدا سەرکەوت و بۆ دووەمجار بووەوە بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حوسییەكانی یەمەن كەشتییەكی فڕۆكە هەڵگری ئەمریكایان لە باكوری دەریای سوور بە موشەكی كروز كردە ئامانج.

 یەحیا ساری، وتەبێژی سەربازی حوسییەكان لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە، لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازییدا، کەشتی فڕۆکە هەڵگری"یو ئێس ئێس هاری ترومانی" ئەمریكایان لە باكوری دەریای سور كردووەتە ئامانج، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئۆپراسیۆنەكەیان لە رێگای ژمارەیەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكی كروز ئەنجامداوە، كە توانیویانە ئامانجەكەیان بە سەركەوتوویی بپێكن.

ساری هۆشداریدا بە وڵاتان لە دەریای سوردا لە بەرانبەر هەر هێرشێك بۆ سەر یەمەن لە ماوەی ئاگربەستی غەززەدا.

پێشتر، حوسییەكانی یەمەن رایانگەیاند، رێز لە ئاگربەستی غەززە دەگرن و هێرشەكانیان بۆسەر ئیسرائیل رادەگرن، بەڵام ئەگەر هێرش بكرێتە سەریان وەڵامدەدەنەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین ناتانیاهۆ هۆشداری لە هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستی غەززە دەدات و دەڵێت، تاكو حەماس لیستی ناوی بارمتەكان پێشكەش نەكات كە ئازاد دەكرێن، ئیسرائیل پابەندی ئاگربەستەكە نابێت.

بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێكدا رایگەیاند، تاكو حەماس لیستی ناوی ئەو بارمتانە پێشكەش نەكات، كە ئازادیان دەكات، ئیسرائیل ئامادە نییە پابەندی ئاگربەستی غەززە بێت، ئەو كاتەش بەرپرسیارێتی جێبەجێنەكردنی ئاگربەستەكە لە ئەستۆی حەماس دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بە پشتیوانی ئەمریكا ئیسرائیل بە مافی خۆی دەزانێت درێژە بە شەڕی غەززە بدات، ئەگەر پێویست بكات.

ناتەنیاهۆ ئاماژەی بەوەشدا، بە لەناوبردن و لاوازكردنی گروپە چەكدارەكانی بەرەوی مقاومە، ئیسرائیل توانیویەتی رووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت، بەڵێنیشیدا بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەكان لە غەززە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بانكی ناوەندیی عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە كە باس لە فرۆشتنی دەروازەكانی ئاڵوگۆری دراو دەكەن و دەڵێت، هیچ بڕیار و ڕێنمایی و بەیاننامەیەك سەبارەت بە داخستنی ئەو شوێنانە و گۆرینیان بۆ كۆمپانیای ئاڵوگۆری دراو دەرنەچووە.

بانكی ناوەندی دەڵێت ئەو بریارەی لەم دوواییانەدا دەرچووە باس لە فراوانكردنی دەروازەكانی وەرگرتنی دراو دەكات لەرێی هەموو ئەو ئامرازە بەردەستەكان و ئامێرەكانی ئەی تی ئێم و ئامێری پارەدانی كاش (پی ئۆ سی) و كۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەكان  و ئامێرەكانی پی ئۆ سی.

دووپاتیشی كردەوە، ئەو فەرمانانەی بانكی ناوەندی كە ئاراستەی سەرجەم لایەنەكانی كەرتی دارایی و بانكی عێراقی كردووە، بریتی بوون لە ئاڕاستەكردنی بانكەكان و دامەزراوە داراییە نابانكییەكان بۆ فراوانكردنی خزمەتگوزارییە داراییەكانیان لەو ناوچانەی كە ئەو خزمەتگوزارییانەی تێدانیە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هاوڵاتییانی مەدەنیی لە بەنداوی تشرین دەكەنە ئامانج  و هەسەدەش دەڵێت چەند ئۆپەراسیۆنێكیان دژی سوپای توركیا و چەكدارانی هاوپەیمانی ئەنجام داوە و كوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە.

میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردووەتەوە، سوپای توركیا لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی كردووەتە ئامانج كە بۆ پارێزگاری لە بەنداوەكە وەك قەڵغان چالاكیی دەكەن و ژمارەیەكیشیان برینداربوون.

21 چەكدار و چوار سەربازی توركیا برینداربوون

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ش بڵاویكردەوە، لە چەند چالاكییەكی شەڕڤاناندا لە دەوروبەری مەنبج 17 چەكداری سوری كوژراون و 21 چەكدار و چوار سەربازی توركیاش برینداربوون و سێ زرێپۆشیش لە لایەن شەڕڤانانەوە تێكشكێنران.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی ئەوەی هێرشەكانی توركیا دژی ناوچەكانی باكور  و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە، شەڕڤانانیش دەستیان بە چالاكیی دژی سوپای توركیا و چەكدارانی هاوپەیمانی دەستپێكردووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق دەڵێت، دۆسیەی وشكەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاو لە كەمتەرخەمی عیراق نییە و پێویستە ئەو بابەتە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چارەسەر بكرێت.

محەمەد حەسان نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق رایگەیاند، ئێستا عیراق جیاوازە بەراورد بە ساڵانی رابردوو و ئاسایش و سەقامگیری بەهۆی هێزە ئەمنییەكانییەوە بەدیهاتووە، وتیشی، عیراق دەوڵەتێكی پەراوێزخراو نییە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ڕۆڵی سەرەكی دەبێت و دۆسیەی وشكەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاویش لە كەمتەرمی بەغداد نییە، بەڵكو پێویستە ئەو بابەتە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی عیراق گفتوگۆی لەسەر بكرێت بە مەبەستی چارەسەركردنی.

نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، عیراق مێژوو و شارستانیەتی تایبەتی هەیە و پرۆژەكانیش بۆ خزمەتكردنی ئەو وڵاتە لە رێگەی رێكخراوەكانی وەك یونسكۆ بەردەوام دەبێت بە بەشداری پسپۆڕانی عیراق و نەتەوەیەكگرتووەكان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تێكۆشەر و كەسایەتیی دیاری دەڤەری كۆیە و دۆستی دێرینی سەرۆك مام جەلال و ئەندامی پێشوتری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی هەڤاڵ (مامۆستا عەلی حەوێز)، بەهۆی نەخۆشیەوە لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد.

بەو بۆنە خەمناکەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسەنامەیەکی  ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین مامۆستا عەلی حەوێز کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی: کەسوکار و بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین مامۆستا عەلی حەوێز

هەڤاڵانی یەکێتیی و پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ماڵئاوایی یەکجارەکی هەڤاڵ عەلی حەوێز ئەندامی هەرە پێشووتری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانتان پێڕادەگەیەنین.

مامۆستا عەلی سەرکردە و خەباتگێرێکی دێرینی گەلەکەمان و یەکێتیی و شۆڕشی نوێ و هەڤاڵ و دۆستی نزیکی سەرۆک مام جەلال بوو.

هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە تێکەڵی خەباتی نەتەوایەتی و دیموکراتی گەلەکەمان بوو. لەسەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێشەوە بەوپەڕی لە خۆبردوییەوە وەک پێشمەرگە و خەباتگێری نەبەز و سەرکردەیەکی دیار و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەکەمان لەم کاروانە دوور و درێژەی خەباتی پێشمەرگایەتی  و رێکخراوەییدا رۆڵی جوامێرانەی گێڕاوە.

وەک کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی دەڤەری کۆیە و تێکڕای کوردستانیش خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و ناو جەماوەر بوو.

بە داخەوە بە هۆی نەخۆشییەوە دوێنێ شەوی ١٧ لەسەر ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥ لە شاری هەولێر لە نەخۆشخانە ماڵئاوایی یەکجارەکی لە هەڤاڵان و دۆستانیکرد و گەیشتە کاروانی نەمران.

بەم بۆنەیەوە مەکتەبی سیاسیی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی مامۆستا عەلی حەوێز و هەڤاڵانی یەکێتیی و خزمانی کۆیە دەکات.

لە خوای گەورە داواکارین  مامۆستا جێگەی بەهەشتی بەرین  بێت.

یاد و بیرەوەری هەمیشە لە دڵ و دەروونی هەڤاڵەکانی ، فەرماندە و تێکۆشەرانی کوردستاندا زیندووە و ناویشی لە تۆماری شۆرشی نوێ و کاروانی خەباتدا درەوشاوە بێت.

نەمری بۆ مامۆستا عەلی حەوێز و گشت شەهیدان و گیانبازانی یەکێتیی و تێکەڕای شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان.

مەکتەبی سیاسیی 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حكومەتی عیراق بۆ شوێنگرتنەوەی غاز ئێران كە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا بەكاریدەهێنێت، بڕی 100 ملیۆن پێ سێجا غازی رۆژانە لە ئیمارات دەكرێت.

ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند، بەپێی رێككەوتنێك ئیمارات رۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجا غاز بە بەغداد دەفرۆشێت، بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا لە كەركوك و دبس و مەلا عەبدوڵڵا كە دەتوانن 400 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ جێگیركردنی بەرهەمهێنانی كارەبا لە پارێزگای كەركوك.

ئەحمەد موسا وتیشی، ئەو غازەی كە ئێران بۆ عیراقی دابین دەكرد راگیراوە و بەو غازە شوێنەكەی پڕ دەكرێتەوە كە لە ئیماراتەوە هاوردە دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، هاوكات وەزارەتی كارەبای عیراق كار لەسەر گرێبەستێكی دیكە لەگەڵ توركمانستان بۆ دابینكردنی غاز دەكات، گرێبەستەكەش بریتییە لە دابینكردنی 20 ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.

بە کڕینی 100 ملیۆن پێ سێجا غازی رۆژانە لە ئیمارات، بەرهەمهێنانی کارەبا 400 مێگاوات زیاد دەکات و بۆ پارێزگای کەرکوک دابیندەکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژمارەی دانیشتوانی چین لە ساڵی رابردوودا بۆ سێهەم ساڵ لەسەریەك دابەزینی بەخۆوە بینی، بەو هۆیەشەوە ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی قەیرانی پیربوونی دانیشتووان و كەمیی هێزی كار بووەتەوە.

ژمارەی دانیشتوانی چین لە كۆتایی ساڵی 2024 یەك ملیار و 408 ملیۆن كەس بووە، بەراورد بە ساڵی 2023 یەك ملیۆن و 39 هەزار كەس كەمیكردووە.

ئەو ئامارانەی كە حكومەتی پەكین بڵاویكردووەتەوە،  لەگەڵ ستانداردی جیهانیدا بۆ گەشەی دانیشتوان دەگونجێت، بەڵام هاوشێوەی وڵاتانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەكو ژاپۆن و كۆریای باشوور و هۆنگ  كۆنگ  و وڵاتانی دیكە، دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی لەدایكبوونیان بەخۆوە بینیوە. 

ماوەی سێ ساڵە چین بەهۆی كەمبوونەوەی رێژەی لەدایبكوون، لەگەڵ ژاپۆن و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی سود لە ئەزمونیان وەربگرێت سەبارەت بە چۆنێتی رووبەروو بوونەوەی لایەنە نەرێنییەكانی كەمبوونەوەی ئاستی لەدایكبوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی مۆسكۆی كرد و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن هاوتا روسییەكەی كۆبووەوە.

پوتن لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ پزیشكاندا رایگەیاند، رێككەوتنی هەمەلایەنەی مۆسكۆ و تاران، بازنەی هاوكارییە ئابوورییە دوو قۆڵییەكان فراوانتر دەكات، هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژە هاوبەشەكانی نێوان مۆسكۆ و تاران كرد، لەوانەش پڕۆژەی پەرەپێدانی وێستگە ئەتۆمییەكان و كێڵگەكانی وزە و بەهێزكردنی ژێرخانی كەشتیوانی و گواستنەوە.

لە بەرامبەردا پزیشكیان ئاماژەی بە گرنگی رێككەوتنی هەردوولا كرد، هاوكات بوونی هێزی بیانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیدانە كرد و وتی، بوونی ئەو هێزانە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا.

ئاژانسی تاسی روسی بڵاویكردۆتەوە، پزیشكیان و پۆتن رێككەوتنێكیان ئیمزا كردووە كە تایبەتە بە بەرزكردنەوەی هاوكارییەكانی نێوان خزمەتگوزارییە ئەمنی و بەرگری و هاوكاری لە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەكاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...339340341342343...990