تائێستا لیستی مووچەی مانگی یەك ئامادە نەكراوە، بەغداش دەڵێت، تاكو 20 ی مانگ دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكەن.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوز رایگەیاند، تاكو دوای تەواوبوونی دەوامی رەسمی رۆژی پێنج شەممە، هیچ ئامادەكارییەك بۆ ناردنی لیستی موچەی مانگی یەك بۆ بەغداد نەكراوە، دیاریش نییە ئەم هەفتەیە لیست ئامادە بێت و رەوانە بکرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە دەبێت هەرێم هەموو مانگێك تاكو 15 ی مانگ لیستی موچە ئامادە بكات و رەوانەی بەغدادی بكات، ئەوە جگە لەوەی كە حكومەتی هەرێم موچەی مانگی 12 شی دابەشنەكردووە و داوای پارە لە بەغداد دەكات، لەبەرامبەریشدا بەغدا دەڵێت، پارەی موچەی مانگی 12 یان رەوانە كردووە.
لەلایەكی ترەوە میدیاكانی عیراق لە زاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق بڵاویانكردەوە، تاكو 20 ی مانگ دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی یەك دەكەن و ناهێڵن موچە دوابكەوێت.
سەبارەت بە موچەی هەرێمیش سەرچاوەكە رایگەیاندوە، دەكرێت موچەی هەرێم بەشێوەی سلفە رەوانە بكرێت تاكو ئەو كاتەی هەردولا دەگەنە رێكەوتن سەبارەت بەوەی ئایا ناردنی موچەی هەرێم هاوشێوەی ساڵی رابردوو دەبێت یان رێكکەوتنی نوێ دەكرێت.
بڕیارە لە رۆژی یەکشەممەوە تیک تۆک لە ئەمریکا قەدەغە بکرێت ئەگەر لەلایەن کۆمپانیا چینییەکەوە نەفرۆشرێت، دادگای باڵای ئەمریکاش سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.
ئاژانسی ''سکای نیوز'' ئاشکرایکردووە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەو ماوەیەی کە لە پۆستەکەیدایە بڕیاری قەدەغەکردنەکە جێبەجێ ناکات، ئەوەش بۆ دۆناڵد ترەمپ جێدەهێڵێت کە بڕیار بدات چی بکات کاتێک دەچێتە کۆشکی سپی.
دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا، کۆشکی سپی لە بەیاننامەکەدا رایگەیاندووە، تیک تۆک لە ئەمریکا دەمێنێتەوە بەڵام بە مەرجێک، کۆمپانیاکە لە ژێر خاوەندارێتی ئەمریکی یان خاوەندارێتییەکی دیکەدا بێت، کە چارەسەری نیگەرانی ئاسایشی نیشتیمانی بکات.
هەفتەی رابردوو لە دانیشتنێکی دادگای باڵادا، پارێزەری کۆمپانیای تیک تۆک ڕایگەیاند، ئەگەر قەدەغەکردنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەپەکە لە ئەمریکا "تاریک دەبێت".
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی ''رۆیتەرز'' بڵاویکردەوە، کاتێک هاوڵاتیانی ئەمریکی هەوڵی کردنەوەی ئەپەکە دەدەن، نامەیەکی بەپەلە دەبینن ئاراستەیان دەکات بۆ ماڵپەڕێک کە زانیاری لەسەر قەدەغەکردنەکەی تێدایە.
تیک تۆک لە ئەمریکا زیاتر لە 170 ملیۆن کەس بەکاری دەهێنێت، هاوکات زیاتر لە ملیار و نیوێک بەکاهێنەری هەیە لە سەرانسەری جیهاندا ، بۆیە کۆمپانیاکە دەتوانێت بە باشی بڕیار بدات کە دەتوانێت بەبێ کاریگەری ئەمریکا بەڕێوەی ببات یاخود نا.
بە هەوڵی وەزیری دادی عیراق، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لیژنەیەک بۆ تاپۆکردنی زەوییە زیادەڕۆکانی کەرکوک پێکدەهێنرێت.
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بە پشگیری محەمەد شیاع سودانی و بە هەوڵەکانی وەزیری داد، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ژمارە 30 پەسەند كرد بۆ تاپۆکردنی زەوییە زیادەڕۆکانی کەرکوک.
بەپێی ئەو نوسراوەی کە بڵاوکراوەتەوە، بڕیاردراوە لیژنەیەك لە هەریەك وەزارەتی شارەوانی و پلاندانان و پارێزگای كەركووك ودەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان، بۆ چارەسەر كردنی زیادەڕۆکانی كەركووك پێکبهێنرێت.
لەنوسراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لیژنەكە پێویستە لە ماوەی 90 ڕۆژدا راسپاردەكانی بخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان.
لە دوای گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوڕاست و سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردروای ئەمریکا، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، پەیوەندی نێوان ئەمریكا و عیراق دامەزراوەییە و كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانیان كردووە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە میانی سەردانەكەیدا بۆ بەریتانیا لە چاوپێككەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سكای نیوز رایگەیاند، دوای سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و ئەرێنی بووە و هەردولا ئارەزووی هاریكاری و كاركردنیان كردووە بەیەكەوە.
لە بارەی گۆڕانی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەدوای وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە، سودانی وتی، گەلی ئەمریكا دەنگیان بە ترەمپ داوە و پەیوەندی نێوان عیراق و ئەمریكاش دامەزراوەییە و لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا بەیەكەوە كار دەكەن.
دەشڵێت، حكومەت یاسا جێبەجێ دەكات و كار لەسەر چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری دەكەن و هەموو جۆرە توندوتیژیەك رەتدەكەنەوە و كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانیان كردووە.
رۆژی 20ی ئەم مانگە لە کۆشکی سپی، رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات لە نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، چاوەڕوانیش دەکرێت لە رۆژی دەستبەکاربوونیەوە ترەمپ چەند بڕیارێکی گرنگ دەربکات.
حكومەتی ئیسرائیل رێككەوتنی ئاگربەستی غەززەی پەسەند كرد و نوسینگەی ناتانیاهۆش دەڵێت، رەنگە یەكشەممە بەشێك لە بارمتەكان ئازاد بكرێن.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، "حكومەتی بچوككراوەی ئیسرائیل" كە لە وەزارەتە ئەمنییەكان پێكهاتووە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا ئیمزای لەسەر رێككەوتنی ئاگربەستی غەززە كرد، كە بڕیارە لە رۆژی یەكشەممەوە بچێتە بواری جێبەجێكردن.
هاوكات نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست ناتانیاهۆ بە كەسوكاری بارمتەكانی راگەیاندووە، خۆیان بۆ ئازادكردنی بارمتەکان ئامادە بكەن و ئاماژەی بەوەشکردووە، رەنگە رۆژی یەكشەممە بەشێك لەو بارمتانەی كە لە لای حەماس ماون لە غەززە ئازاد بكرێن.
ئەوەش لەكاتێكدایە لەدوای راگەیاندنی رێکكەوتنی ئاگربەست، دەنگی ناڕەزایی لەناو حكومەتەكەی ناتانیاهۆ لە دژی رێكەوتنەكە بەرزبووەوە، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی و پارتی ئیسرائیلی هەڕەشەی كشانەوە و جیابوونەوە لە هاوپەیمانی پێكهێنانی حكومەت دەكەن.
داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 11 ملیار و 580 ملیۆن دینارە، بەراورد بە هەفتەی رابردووش چوار ملیار دینار زیادیكردووە.
ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتیی لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان دەكات بڵاویكردەوە، داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیە لە رۆژی 11ـی مانگ تاكو 17ـی مانگ، 11 ملیار و 580 ملیۆن دینار بووە، رێژەی لە 87%ـی ئەو بڕە نەختینە و %13ـی چەك بووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی پێشوو چوار ملیار دینار زیادیكردووە.
هاوكات بەپێی ماڵپەری شەفافیەت، داهاتی نانەوتی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لە 2024دا، زیاتر لە 900 ملیار دینار بووە.
مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، گەیشتە روسیا بۆ ئیمزاكردنی پەیماننامەی هاوبەشی ستراتیژیی لەنێوان تاران و مۆسكۆ.
ئاژانسی تاسی روسی بڵاویكردەوە، مەسعود پزیشكیان سەرۆكی ئێران گەیشتووەتە مۆسكۆ بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بكات و پەیماننامەی ستراتیژی هاوبەشی نێوانیان ئیمزا بكەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، رێككەوتنەكە بۆ ماوەی 20 ساڵە و زیاتر لە 30 بوار لە خۆدەگرێت، لەوانە ئابووری، گواستنەوە و ترانزێت و بانكی و وەبەرهێنان و زانست و تەكنەلۆژیا و نەوت و غاز و چەند بابەتێكی تر.
دەشڵێت، ئەو پەیماننامە درێژخایەنە و لەسەر بنەماكانی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامدەدرێت بە لەبەرچاوگرتنی ماف و سەروەری هەردوولا.
سەرۆكی فەرەنسا بۆ پشتیوانی لە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی لوبنان گەیشتە بەیروت و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا كۆدەببێتەوە.
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا ئەمڕۆ هەینی بە سەردانێك گەیشتە بەیروت و پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەركردە نوێكان و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز دووپاتكردەوە، كە ماوەی چەند ساڵێكە ئەو وڵاتە رووبەرووی چەند قەیرانێكی یەك لەدوای یەك بووەتەوە.
سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی فەرەنسی رایگەیاندووە، ئامانجی سەردانەكەی ماكرۆن یارمەتیدانی هاوتا لوبنانییەكەی جۆزێف عەونە، كە هەفتەیەك لەمەوبەر بە سەرۆكی لوبنان هەڵبژێردرا، بڕیارە لەگەڵ هەر یەك لە نەواف سەلام، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراویش كۆببێتەوە، هاوكات چاوی بە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بكەوێت كە ئەویش بە سەردانێك لەو وڵاتەیە.
ماكرۆن لە ساڵانی رابردوودا هەوڵیدا چارەسەرێك بۆ قەیرانەكانی لوبنان بدۆزرێتەوە، چونكە بە هاوبەشێكی سەرەكی وڵاتەكەی خۆی دەزانێت و لەدوای تەقینەوەی بەندەری بەیروت لە 4ـی ئابی 2020، دوو جار سەردانی بەیروتی كردووە.
وەزارەتی نەوتی عیراق گرێبەستێك لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی و چینی ئیمزا دەكات بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بە بڕی 1.7 ملیار دۆلار لە غازدا بكەن.
باسم عەبدولكەریم بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیا نەوتییەكان لە وەزارەتی نەوتی عیراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای "هالیبێر تۆنی ئەمریكی" گەیشتوونەتە رێكەوتن بۆ ئیمزاكردنی گرێبەستێك بۆ بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی نەهر بن عومەری نەوتی لە بەسرە.
دەشڵێت، "هالیبێر تۆن" یارمەتی عیراق دەدات بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگەیەدا و بڕەكەی دەگەیەنێتە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
وتیشی، كۆمپانیاكە رۆژانە 300 ملیۆن پێ سێجا غاز لەو كێڵگەیەدا بەرهەمدەهێنێت و ئەمەش سودی دەبێت بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا.
هاوكات كۆمپانیای پترۆ چاینای چینی كار لە هەمان كێڵگە دەكات و بە بڕی یەك ملیار و 700 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە غازی ئەو كێڵگەیەدا دەكات.
سەرۆك وەزیرانی عیراق لە لەندەن چەند بەڵگەنامەی لەبارەی تاوانەكانی رژێمی پێشوو رادەستی ناوەندیی عیراقی كرد بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەی تاوان.
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، سودانی لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ بەریتانیا كۆمەڵێك بەڵگەنامەی تاوانی رادەستی ناوەندی عیراقی لە لەندەن كردووە بۆ كۆكردنەوە بەڵگەی تاوان لەبارەیانەوە كە حزبی بەعسی لەناوچوو ئەنجامی داون.
لەو بارەیەوە سودانی رایگەیاندووە، ئەو بەڵگەنامانە گرنگن بۆ نەوەكانی داهاتوو و لێكۆڵینەوە و توێژینەوە، ئەو ناوەندەش رۆڵی دەبێت لە گەیاندنی خەم و كێشەی عیراقییەكان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
میدیاكانی رۆژئاوا باس لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەبارەت بە ئازادكردنی بارمتەكراوەكان دەكەن، ئەمەش رێگە خۆش دەكات بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لە وادەی خۆیدا.
پێگەی ئاكسیۆسی ئەمریكی لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمریكییەوە بڵاویكردەوە، دوایین خاڵە ناكۆكەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زیندانییەكان لە چوارچێوەی رێككەوتنی غەززەدا یەكلایی كراونەتەوە.
هەروەها دەزگای میدیایی ئیسرائیل لەزاری لێپرسراوانی ئەو وڵاتەوە بڵاویكردەوە، ناكۆكییەكان سەبارەت بە رێككەوتنی غەززە چارەسەركراون و رۆژی یەكشەممە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوەو هەموو ئاستەنگەكان لابراون.
دەشڵێت، رۆژی هەینی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بۆ پەسەندكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە كۆدەبێتەوە.
لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش ڕایگەیاند، متمانەیان هەیە رێككەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بچێتە بواری جێبەجێكردن.
رێژەی لەدایکبوونی منداڵ لە فەرەنسا لە ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتۆتە نزمترین ئاست لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئاماری نیشتمانی ئەو وڵاتەش دەڵێت: ڕێژەی لە دایکبوون 1.5 منداڵە بۆ هەر ژنێک .
فەرمانگەی ئاماری نیشتمانی فەرەنسا بڵاویکردوەتەوە کۆی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە 68.6 ملیۆن کەسە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش ڕایگەیاندووە، دەیەوێت ڕێژەی لەدایکبوونی وڵاتەکەی بەرز بکاتەوە و بەڵێنیدا مۆڵەتی باشتر بۆ ئەو کەسانە دابین بکات کە منداڵیان هەیە.
لەلایەکی دیکەوە پەیمانگای نیشتمانی ئامار و توێژینەوە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2024دا 646 هەزار کەس لە فەرەنسا گیانیان لە دەستداوە، کە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە ڕێژەی 1.1% زیادیکردووە.
بەپێی راپۆرتی پەیمانگای نیشتمانی ئامار و توێژینەوە، تێکڕای تەمەن لە فەرەنسا لە ئاستێکی بەرزدا جێگیر بووە، کە 85 ساڵ بۆ ژنان و ٨٠ ساڵ بۆ پیاوانە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ڤیكتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدهدهری وهزیری دهرهوهی ئهمریکا بۆ کاروباری رۆژههڵاتی نزیک و وەفدێکی یاوهری كرد.
لە دیدارەكەدا كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان ئامادەبوو، دۆخی هەرێمی كوردستان و عیراق و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە جەختیلێكرایەوە.
لەدرێژەی دیدارەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سیاسەتی یەكێتی و هەوڵەكانی بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان روونكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، پابەندین بە پاراستن و بەرگریكردن لە ماف و بژێویی ژیانی خەڵكەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا لە هەوڵەكانمان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەر بەردەوامین و دەمانەوێت یەكسانی و هاوبەشیی راستەقینە بنەماكەی بێت. دەمانەوێت هەموومان بەرپرسیارانە و دوور لە هەموو ناكۆكییەك خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین و هەرێمەكەمان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیریی زیاتر ئاڕاستە بكەین.
لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی مووچە و ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان سەرۆك بافڵ رایگەیاند، داوای پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكەین و دەمانەوێت ئەم كێشەیە چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە، ناكرێت بەردەوامیی بەم دۆخە بدرێت و ژیانی خەڵك تێكەڵی ململانێكان بكرێت، ئەم پەیامەشمان بەهەموولایەك گەیاندووە.
دۆخی سووریا و رۆژئاوای كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو و لەوبارەیەوە سەرۆك بافڵ رایگەیاند، هەوڵی ئێمە بۆ پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی سووریا بووە و جەختمان لە لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ كردووەتەوە بەتایبەت لەگەڵ كورد كە قوربانییەكی زۆریان بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری داوە.
سەرۆك بافڵ وتیشی، یەكگرتوویی و یەكگوتاریی كورد لە سووریا بەشێكی گرنگی هەوڵەكانمان بووە و هەوڵمانداوە هەمووان بە ستراتیژێكی هاوبەشەوە هەنگاوبنێن، بەخۆشحاڵییەوە سەركەوتووبووین و لەداهاتوودا ئەنجامەكەی رووندەبێتەوە.
لە بەشێكیتری دیدارەكەدا پرسی وزە گفتوگۆی وردی لەبارەوەكرا و لەو رووەشەوە سەرۆك بافڵ هەڵوێستی یەكێتی روونكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، ئەو سیاسەتەی لە رابردوودا سەبارەت بەم پرسە پەیڕەوكراوە سەركەوتوو نەبووە، بۆیە دەمانەوێت لەداهاتوودا بە ستراتیژێكی نوێوە ئەم كەرتە بەڕێوەببەین و ببێتە مایەی پێشكەوتن و ئاوەدانیی وڵاتەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێككەوتنێكی هاوبەش و هەمووان پێكەوە خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین.
ساڵی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دینار زیان بەر كێڵگە پەلەوەرییەكان گەیشتووە، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانیش دەڵێت: نەخۆشی و رێگریكردن لە ناردنی بەرهەمەكان بۆ عیراق هۆكاری زیانەكانن
نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، لە 2024دا بەهۆی نەخۆشی و رێگریكردن لە نەڕۆشتنی بەرهەمی كێڵگە پەلەوەرییەكان بۆ پارێزگاكانی عیراق، خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دینار زیانیان بەركەوتووە.
وتیشی، حكومەتی هەرێم سوتەمەنی و كارەبا و ڤاكسین و عەلەف بۆ كێڵگەكە دابین ناكات، بەهۆیەوە نرخی پێداویستییەكان لە بازاڕدا زیادی كردووە و زیانێكی ترە بۆ خاوەنی كێڵگەكان .
راشیگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نەخۆشی لە كێڵگەكان بڵاوبوەتەوە، بە جۆرێك 50%ی بەرهەمی مریشك لەناوچووە.
نازم عەبدوڵا لە رێگەی كوردسات نیوزەوە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات گرنگی بەو كەرتە بدات و پشتگویی نەخات.
بەهۆی گۆڕانکاری کەش و هەواوە عیراق بەشێکی زۆری ناوچەکانی روبەروی وشکەساڵی بونەتەوە و بەپێی راپۆرتێکیش کە ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردوەتەوە 30%ی زەوی کشتوکاڵی لە دەستداوە.
سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەعیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشکرایکرد، عیراق لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا نزیکەی 30%ی زەوییە کشتوکاڵییە بەرهەمدارەکانی لەدەستداوە.
ناوەندەکە راشیگەیاندووە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی گۆڕانکاریی کەشوهەوای لەسەرە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو پێیەی ئەو گۆڕانکارییانە تادێت کاریگەریەکانی لەسەر لە ئاو، کشتوکاڵ، تەندروستی، و کەرتەکانی ئابووری، خراپتر دەبێت.
ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، عیراق بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرمای بە خۆیەوە بینیوە بەڕێژەی 1.2 پلەی سەدی بە بەراورد بە پێش ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، پێشبینیش دەکرێت تا ساڵی 2050 پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و بگاتە 2.5 پلەی سەدی ئەگەر رێوشوێنی پێویست نەگیرێتەبەر.
ماوەی چەند ساڵێکە عیراق بەدەست قەیرانی ئاوەوە دەناڵێنێت، بەڵام لە چوار ساڵی رابردوودا قەیرانی ئاو زیاتر بووە و گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، هۆکارەکەشی بۆ ئەو وشکەساڵییەوە دەگەڕێتەوە کە تەواوی ناوچەکەی گرتوەتەوە.
یەکەم کاروانی نەوتی سپی لەلایەن بەغداوە گەیشتە پارێزگای هەولێر، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش ئاشکرایکرد، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەر یەک لە پارێزگهکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بە چەند وەجبەیەک نەوتی سپیيان بۆ بێت.
ئەمڕۆ پێنجشهممه وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دابينكردنى كاروانى یەکەمی نەوتی سپيی پاڵپشتيكراو، لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵهوه بۆ پارێزگهی هەولێر دەستی پێ کرد و بڕیاریشە ههر ئهمڕۆ یان سبهى ههينى، بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکانی هەر یەک لە پارێزگهکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بە چەند وەجبەیەک نەوتی سپیيان بۆ بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی نەوتی عیراق تەنیا رەزامەندی لەسەر 19٪ ی پشکی پارێزگهکانی هەرێم لەو نەوتە داوە، کە بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر خێزانەکانی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دابەشی دەکات.
بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگه و ئیدارە سەربەخۆکان، وەکوو هەنگاوی یەکەم نهوتەکە بەسەر هاووڵاتيیانى ناوچە شاخاوییەکان دابەش بکرێت.