یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "شین و سپی" دژی ئێران رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە سوپای وڵاتەکەی لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ.
کاتس لە کاتی پێشکەشکردنی کورتەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: رەنگە سبەی خۆمان لە شەڕدا لەگەڵ ئێران ببینینەوە، ئەگەر ئێران مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات، ئەوا بە توندی هێرش دەکەینە سەری، باسی لەوەش کرد کە: سوپای ئیسرائیل چاوەڕێی ئەوە دەکات و لە دۆخی ئامادەباشیدایە، هەروەها تەلئەبیب هەڵوێستی خۆی بۆ ئیدارەی ئەمریکا روون کردووەتەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رونی کردەوە کە: هەڵگیرسانەوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران رەنگە لە حاڵەتێکدا روبدات ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری راگرتنی دانوستانەکان و دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بدات، یان ئەگەر ئێران خۆی دەستپێشخەری بکات بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، دواجار وتیشی: سوپا رێنمایی پێگەیشتووە بۆ ئامادەکاری بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی (شین-سپی) دژی ئێران.
راشیگەیاند کە ئێران "هێشتا کۆگایەکی مووشەکی و توانای هاوێشتنی هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد کە: سوپا لە رووی بەرگری و هێرشبەرییەوە ئامادەیە، لە حاڵەتی پێویستیشدا رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بەرەی ناوخۆیی دەگیرێتەبەر.
کاتس ئاماژەی بەوە کرد کە "ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی هەر هەڕەشەیەک، رونی کردەوە کە "هەر تەقەکردنێک لەلایەن حزبوڵاوە، بە لێدان لە باشوری بەیرووت وەڵام دەدرێتەوە.
سەبارەت بە لوبنان، کاتس وتی: ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنی لە باشوری لوبنان ناکشێتەوە، مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لەوێ وەک گرنگترین دەستکەوت کە بەدەستهاتووە و کشانەوە پێش داماڵینی چەکی حزبوڵا لە تەواوی لوبناندا رونادات.
وتیشی، سوپای لوبنان بە پاڵپشتی ئەمریکا، کار لەو ناوچەیەدا دەکات کە دەکەوێتە نێوان سنوورەکان و روباری لیتانی بۆ دوورخستنەوەی حزبوڵا، ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتۆن و تەلئەبیب پێکەوە لایەنگری راهێنانی یەکە تایبەتەکانی سوپای لوبنان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە.
هەروەها باسی لە دۆسیەی سوریا کرد و وتی: ئیسرائیل لەو ناوچانە ناکشێتەوە کە لە ناوەوەی سوریا کۆنترۆڵی کردوون، و تەلئەبیب لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکات و بەرپرسیارێتی پاراستنی دروزەکان دەگرێتە ئەستۆ.
سەبارەت بە کەرتی غەززەش، کاتس رایگەیاند کە: ئیسرائیل رێگە بە دووبارە پڕچەککردنەوەی بزووتنەوەی حەماس نادات، و بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، ئەگەر چەکی حەماس بەگوێرەی مەرجەکان دانەماڵرێت، ئەوا خۆمان ئەرکەکە تەواو دەکەین.
لە کۆتاییدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لە گروپی ئەنساروڵڵا (حۆسییەکان) کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە: ئەوان هەڕەشەیەکی گەورەترن لەوەی کە بیرۆکەی لێدەکرێتەوە، رونی کردەوە کە: ئیسرائیل خۆی بۆ سیناریۆ جیاوازەکانی داهاتوو ئامادە دەکات.