کرملن: ترەمپ بەهۆی ئەوەی لەژێڕ فشاری سۆزداریدایە بۆیە پوتن بە شێت ناو دەبات
هەساو ئەمیر
٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥
کۆشکی کرملنی روسیا وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە کە پوتنی بە شێت ناوبرد و رایگەیاندووە، "ترەمپ لەژێر فشاری سۆزداریدایە".
کۆشکی کرملن رایگەیاندووە، "ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیای بە شێت ناوبردووە بەهۆی ئەوەیە 'ترەمپ لەژێر فشاری سۆزداریدایە'، بەڵام هێشتا سوپاسی دەکەین بۆ هەوڵەکانی لەبارەی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراین".
لەو بارەیەشەوە دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملن ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێمە زۆر سوپاسی ئەمریکییەکان بەگشتی و دۆناڵد ترەمپ بە تایبەتی دەکەین، بۆ هاوکارییەکانی و رێکخستنی دانوستانێکی لەو جۆرە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمە ساتێکی چارەنووسسازە، کە ئەوەش پەیوەندی بە فشاری سۆزدارییەوە و کاردانەوەی سۆزدارییەوە هەیە".
ئەوەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دوایین هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکراین پوتنی بە "شێت" ناوبرد و وتیشی، سزای زیاتر بەسەر روسیادا دەسەپێنن.
لە هەمان کاتدا رووی دەمی کردە ڤۆڵۆدیمێر زیلینسکی و بە توانجەوە وتی، هەر کاتێک قسە بکات دۆخەکە خراپتر دەکات، بۆیە بێدەنگ بێت باشترە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە شەوی شەممەی رابردوودا، روسیا 300 هێرشی زەمینی و 70 هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئۆکراین ئەنجام داوە، کە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە، ئەوە زۆرترین ژمارەی هێرشەکانی روسیایە لەماوەی یەک شەودا.