هەواڵەکانهەواڵەکان

بەپێی ریزبەندی بوارەکانی خوێندن بۆ ساڵی 2025 ، Subject Rankings 2025 زانکۆی سلێمانی لە چوار زانستی سەرەکیدا پلەی یەکەمی سەر ئاستی زانکۆکانی عیراقی بەدەستهێناوە.

ریزبەندییەکە دامەزراوەی تایمز بۆ خوێندنی باڵا ئەنجامی داوە و لەنێوان دوو هەزار و ٢٩ زانکۆی جیهاندا کراوە، لەسەر ئاستی عیراق زانکۆی سلێمانی لە بوارەکانی ئەندازیاری، زانستە فیزیکییەکان و پزیشکی و تەندرووستی، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی عێراق بەدەستهێناوە.

لە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنەکەدا، دامەزراوەی تایمز هەمان پێوەرەکانی ریزبەندیی زانکۆکانی جیهانی بەکارهێناوە، کە بەراوردکارییە لەسەر ئاستی ژینگەی فێربوون، ژمارە و ناوبانگی توێژینەوە، گواستنەوەی زانیاری و بەنێودەوڵەتی بوون.

ساڵانە دامەزراوەی تایمز ریزبەندی زانکۆکانی جیهان ئەنجام دەدات و سەرجەم ساڵەکانیش لەسەر ئاستی عیراق زانکۆی سلێمانی لەپلەی یەکەم و پێشینەی ریزبەندییەکەدایە.

زانکۆی سلێمانی یان زانکۆی دایک، یەکەم زانکۆی هەرێمی کوردستانە و لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە، ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٨١دا، رژێمی بەعس زانکۆى سلێمانی بە زەبری هێز بۆ هەولێر گواستەوە و ناوەکەی بۆ 'زانکۆی سەلاحەدین' گۆڕی، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٢دا، بۆ جارى دووەم دامەزرێنرایەوە.

زانکۆی سلێمانی لەڕووی ئەکادمییەوە هەردوو پڕۆگرامی بەکالۆریۆس و خوێندنى باڵا پێشکەشدەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس، بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا، ماستەر و بڕوانامەی دکتۆرا دەبەخشێت، هەروەها چەندین گۆڤاری ئەکادیمی بڵاودەکاتەوە و لە پێنج کامپ و شەش سەنتەر پێکهاتووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە رایگەیاند، لە نزیك شاری مەنبج هەشت چەكداری گرووپەكانی سەر بە توركیا كوژران و چەند ئۆتۆمبێلێكی سەربازی تێكشكێنران.

هەسەدە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، شەوی رابردوو پێكدادان لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە نزیك مەنبج روویداوە و بەهۆیەوە شەش چەكداریان لێ كوژرا و دوو چەكداری تریش برینداربوون.

دەشڵێت، چەند ئۆتۆمبێلێكی سەربازی ئەو گروپەش تێكشكاون و لە هێرشكردن بەردەوامن.

وتیشی، یەكینەكانی پاراستنی ژنان-یەپەژە ئۆپراسیۆنێكیان لە دژی گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا ئەنجامدا و دوو چەكداریان كوژران و 16ی تریش برینداربوون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەهۆی روداوی کەوتنەوە ئاگر لە کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری پارێزگای بۆلۆ و گیانلەدەستدانی 76 کەس، سەرەخۆشی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات.

د. لەتیف رەشید رایگەیاندووە، "پرسە و سەرەخۆشی دڵسۆزی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و لەڕێگەی ئێوەوەشەوە لە گەلی دۆستی تورکیا دەکەین و هاوخەمی خۆمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەکەی هاوینەهەواری پارێزگای بۆلۆ لە تورکیا دەردەبڕین".

ئەوەشی خستووەتە روو، "داوا لەخودای گەورە دەکەین کە قوربانیان بەر رەحمەتی خۆی بخات و سەبوری و دڵنەوایی بەخانەوادەکانیان ببەخشێت و هیوای زووتر چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین".

بەرەبەیانی دوێنێ ئاگر لە هۆتێلی کۆمەڵگەیەکی گەشتیاریی لە پارێزگای بۆلۆی تورکیا کەوتەوە و بەهۆیەوە ٧٦ کەس گیانیان لەدەستدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، پلەکانی گەرما دادەبەزن و لە ناوچە سنوورییەکان بەفر و باران دەبارێت.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە شەودا بۆ نیمچەهەور دەگۆڕیت، پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی پێنجشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت بەگشتی و لە ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، بەتایبەت لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنورییەکان، لەگەڵ دابارینی کەمێک بەفر و نمەباران لەو ناوچانە. پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :

هەولێر: 14 پلەى سیلیزى

سلێمانی:  10پلەى سیلیزى

دهۆک: 13 پلەى سیلیزى

کەرکوک  : 16 پلەى سیلیزى

زاخۆ:  14 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە : 11  پلەى سیلیزى

حاجی ئۆمەران: 1 پلەى سیلیزى

سۆران: 10 پلەى سیلیزى

گەرمیان  : 17 پلەى سیلیزى

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند، كورد جوانی و رووناكی بۆ رەنگاورەنگی گەلی سوریا زیادكردووە و بەیەكەوە وڵات بنات دەنێنەوە.

ئەسعەد حەسەن شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند، كورد جوانی و روناكی بۆ رەنگاورەنگی گەلی سوریا زیادكردووە و گەلی كورد لە سوریا روبەڕوی ستەمبوونەتەوە لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە.

دەشڵێت، پێكەوە وڵاتێك بونیاددەنێین هەمووان تیایدا هەست بە یەكسانی و دادپەروەری بكەن.

ئەمە یەكەمین جارە دەسەڵاتی نوێی سوریا پەیام بە زمانی كوردی بڵاوبكاتەوە و پێدەچێت پەیوەندی بە دانوستانەكانی ئەمدوایەی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتی نوێی سوریاوە بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلی ناوچەیەکی گەشتیاریی تورکیا گەیشتە 76 کەس و بۆ ئەمڕۆ ماتەمینی راگەیەنراوە.

بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە، ئاگر لە هۆتێلی ناوچەیەکی گەشتیاری تایبەت بە خلیسکێنە و تەلەفریکی سەر بەفر لە پارێزگای بۆلۆ کەوتەوە و بەهۆیەوە لە سەرەتادا ئەوە راگەیەنرا، 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 32 کەسی دیکە بریندار بوون.

بەهۆی بەردەوامی ئاگرەکە و تەشەنەسەندنی ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارەکان بەرزبووەوە و بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، تاوەکو ئێستا 76 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هێشتا ژمارەی بریندارەکان راناگەیەنراوە.

عەلی یەرلی کایا وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەوەی خستووەتە روو، هێشتا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە، پرسە و سەرەخۆشی خۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری سەرجەم قوربانییەکان کرد. 

وتیشی، تاوەکو ئێستا نۆ کەس بە گومانی کردنەوەی ئاگرەکە دەستگیر کراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوێنێ رێورەسمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد تڕەمپ وەک 47ـەم سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچوو و ئاهەنگی دەستبەکاربوونەکەی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە یەکێک لە وێنەکاندا کە بڵاوکراوەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەم جۆرە ناوی دەبەن: 884 ملیار دۆلار لە یەک وێنەدا.

لە وێنەکەدا چوار ملیاردێری جیهان دەردەکەون، کە بەکۆی گشتی سامانەکەیان بە ٨٨٤ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و لەوەشەوە وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناونراوە، "٨٨٤ لیار لە یەک وێنەی رێورەسمی دەستبەکاربوونی تڕەمپدا".

لە وێنەکەدا هەریەک لە مارک زوکەربێرگ سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا، ئیلۆن مەسک سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس، جێف بیزۆس دامەزرێنەری ئەمازۆن و ساندرا بیتچای سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای گوگڵ لە باڵەخانەی کاپیتۆڵ وەستاون.

بەپێی راپۆرتە جیهانییەکان، ئیلۆن مەسک سامانەکەی بە 433 ملیار دۆلار، جێف بیزۆس بە 239 ملیار دۆلار، مارک زوکەربێرگ بە 211 ملیار دۆلار و ساندرا بیتچای بە 1.3 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

لە رێورەسمی دەستبەکاربوونەکەیدا تڕەمپ رایگەیاند، سەردەمی زێڕێنی ئەمریکا دەستی پێکرد و وتیشی، رێگە نادەن هیچ کەسێک هەلەکان دژی ئەمریکا بقۆزێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی گرتەوە، کەشناسیی هەرێم رێژەی بەفربارینی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکان، زۆرترین بەفر لە حاجی ئۆمەران باریوە.

بەپێی ئاماری کەشناسیی هەرێم، لە حاجی ئۆمەران زۆرترین رێژەی بەفر باریوە کە 18 سانتیمەتر بووە، لە پلەی دووەمیشدا پێنجوێن و بەرزنجە و تەوێڵە دێن کە 11 سانتیمەتر بەفریان لێباریوە.

 لەدوای ئەوانیش زۆرترین بەفر لە مێرگەسور باریوە کە 7 سانتیمەتر بووە و شوێنەکانی دیکەش بەم جۆرە بوون: 

یاخسەمەر 4 سم

چۆمان 3 سم

 چوارتا 2 سم

ئامێدى 1 سم

چەمانکێ 1 سم

کانى ماسى 2 سم

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە دەستپێكی دەستبەكاربوونیدا رایگەیاند، متمانەی بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس نییە. 

ترەمپ لە كۆشكی سپییەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە جەنگی غەززەدا بزوتنەوەی حەماس لاواز بوو، كەرتی غەززەش بووەتە ناوچەیەكی وێرانەی گەورە كە ژمارەیەكی زۆر دانیشتووانی تێدایە، بۆیە دەبێت بە شێوازێكی جیاواز نوێ بكرێتەوە.

ئاشكراشی كردووە، ئیدارەكەی هاوكار دەبێت لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی غەززەدا.

تڕەمپ نەشیشاردووەتەوە، متمانەی بە بەردەوامبوونی ئاگربەستی نێوان ئیسرایل و بزوتنەوەی حەماس نییە . 

ئەوە لەكاتێكدایە، لە رۆژی یەكشەممەوە رێككەوتنی ئاگربەستی غەززە لە نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە قۆناغی یەكەمیشدا حەماس سێ بارمتەی ئیسرائیلی  لە بەرامبەر 90 دەستگیركراوی فەڵەستینیدا ئازاد كرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا مارکۆ روبیۆی وەک وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەسەند کرد، بەوەش بووە یەکەم وەزیری کابینەکەی تڕەمپ.

موکۆ روبیۆی سیناتۆری کۆمارییەکان، یەکێک بوو لەو کاندیدانەی تڕەمپ کە کەمترین مشتومڕی لەسەر بوو. دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو گفتوگۆیەکی راستەوخۆی لەگەڵ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکادا ئەنجامدا، کە چوار کاتژمێری خایاند و تیایدا چەندین پرسی جیهانیان شەن و کەو کرد. شەوی رابردوو وەک وەزیری دەرەوەی کابینەکەی تڕەمپ پەسەند کرا.

لەو بارەیەوە چاک گراسلی سیناتۆر ئەوەی خستووەتە روو، مارکۆ روبیۆ پیاوێکی زیرەکە و تێگەیشتنێکی باشی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەیە.

رۆبیۆ بەوە ناوی دەرکردووە، "وەک باز وایە لە سیاسەتی دەرەوەدا" و بە تەواوی دژی جەنگی نێوان ئیسرائیل و غەززەیە، پێی وایە، بوونی گروپە چەکدارەکانی وەک حەماس و حزبوڵای لوبنان هۆکاری ئەو شەڕەن کە لەو دوو وڵاتەدا هەیە و لەو رووەوە پشتگیری لە ئیسرائیل دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، رۆبیۆ دژی ئێرانە و لە رابردوودا ئەو سیستمەی لە ئێراندا هەیە، بە تیرۆرست ناوی هێناون.

ساڵی رابردووش باسی لەوەکرد، "سەرهەڵدانی بەرەیەک کە چین و روسیا و ئێران سەرکردایەتی بکەن، گەورەترین هەڕەشەی جیۆسیاسییە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان".

مارکۆ روبیۆ لە ساڵی ١٩٧١ لەدایک بووە، سیناتۆر و سیاسەتوانە و لە دایک و باوکێکی کوبایی لەدایک بووە. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە، رۆبیۆ دەڵێت: هیچ کارێک لە بوون بە باوک گرنگتر نییە.

لە ساڵی ٢٠٠٠دا بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و لە ساڵی ٢٠٠٦دا بووە وتەبێژی ئەنجومەنەکە، لە ساڵی ٢٠١١شەوە وەک سیناتۆر لە ئەنجومەنی پیراندا کار دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی شەپۆلێکی بەفربارین دوێنێ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی گرتەوە، کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ و سبەی کەش جێگیر دەبێت و پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە.

کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان ساماڵ و کەش سارد دەبێت، پلەکانی گەرما کەمێک نزم دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ.

ئەوەش هاتووە، سبەی چوارشەممە، ئاسمان لە ساماڵەوە بۆ پەڵەهەور و نیمچەهەور دەگۆڕێت و پلەکانی گەرما ١ بۆ ٢ پلە بەرز دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :

هەولێر     : 11 پلەى سیلیزى

سلێمانی  :   9 پلەى سیلیزى

دهۆک     : 12 پلەى سیلیزى

کەرکوک  : 15 پلەى سیلیزى

زاخۆ      :  13 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە : 11  پلەى سیلیزى

حاجی ئۆمەران: 2- پلەى سیلیزى

سۆران: 5 پلەى سیلیزى

گەرمیان  : 17 پلەى سیلیزى

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان جەخت لەسەر گرنگی یەكلاكردنەوەی یاسا گرنگەكان دەكاتەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران بەتایبەت هەمواری یاسای بودجە و باری شارستانی .

چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردۆتەوە ، بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق ،  سەركردەكانی چوارچێوەكە لە نوسینگەی هومام حەمودی كۆبونەتەوە و كۆمەڵێك دۆسیەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیان تاوتوێكردوە .

سەرجەم سەركردەكانی چوارچێوەكە جەختیان لە گرنگیی یەكلاكردنەوەی یاسا گرنگەكان كردۆتەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران بەتایبەت هەمواری  بودحە و یاسای ناسنامەی كەسێتی  ، هەروەها باس لە كاری ئەنجومەنی پارێزگاكان كراوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە پارێزگاكان و داوایانكردوە پشتگیری تەواوی سەرجەم پارێزگارەكان بكرێت بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان . 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر چوار پرۆژەیاسای مشتومڕهەڵگر كۆدەبێتەوە، كە دووانیان تایبەتن بە هەرێمی كوردستان و گەلی كورد.

بەگوێرەی كارنامەی كۆبوونەوەكان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوە و كۆبوونەوەكەش لە 10 بڕگە پێكهاتووە. چوار بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، تایبەتكراوە بە دەنگدان بە چوار پرۆژەیاسای مشتومڕهەڵگر بە جیا. یەكەم هەمواری یاسای بوودجە تایبەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم. دووەم، هەمواری یاسای باری كەسێتی. سێیەم، هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی. چوارەم، پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەكانیان.

خاوەندارێتی پرۆژەیاساكان بەجۆرێكە، هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی تایبەت بە پێكهاتەی سوننە و هەمواری یاسای باری كەسێتی تایبەتە بە پێكهاتەی شیعە، هەروەها هەمواری یاسای بوودجە تایبەت بە نەوتی هەرێم و گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەكانیان لە كەركوك، تایبەتن بە گەلی كورد.

ئەوەش لەكاتێكدایە، تائێستا هیچ رێككەوتنێكی سیاسی گشتگیر بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایانە لە ئەنجومەنی نوێنەران نەكراوە و بەوهۆیەشەوە لە رابردوودا بەجیا پرۆژەیاساكان چەند جارێك خراونەتە دەنگدانەوە، بەڵام پەسەند نەكراون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ''هەسەدە'' رایدەگەیەنێت: هێزەکانیان لە باکور رۆژهەڵاتی سوریا چەک دانانێن، بەڵام ئامادەن بە دانوستان بچنە ناو سوپای داهاتووی سوریاوە.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ''ئەلعەرەبیە'' مەزلوم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ''هەسەدە'' رایگەیاندووە، کە هێزەکانی بڕیاری ڕادەستکردنی چەک یان هەڵوەشاندنەوەی خۆیان نەداوە، بەڵکو دەیانەوێت بچنە ناو سوپای داهاتووی سوریاوە. وتیشی: جگە لە دانوستان بۆ رێکخستنەوەی هێزەکان لە سوریا هیچ رێگەیەکی دیکە نیەو هەر شیوازێکی دیکە تاقیبکرێتەوە کاردانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، شەڕی بەنداوی تشرین بەردەوامە، دەشڵێت: ویستمان لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکە لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەین بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام، رەتیشیکردەوە هیچ هێرشێکیان لە دژی تورکیا ئەنجامدابێت.

هەر لە چاوپێککەوتنەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت دەستور مافەکانی کورد لە سوریا دەستەبەر بکات، ئێمەش پشتیوانی یەکگرتوویی خاکەکانی سووریا دەکەین، هەروەها داوا دەکات دان بە زمانی کوردیدا بنرێت و وشەی عەرەبی لە (کۆماری عەرەبیی سوریا) لاببرێت.

سەبارەت بە هێزە ئەمریکییەکان لە سوریا ڕوونی کردەوە، کە بوونیان گرنگە بۆ ئەوەی بۆچوونەکان لێک نزیک بکەنەوە. راشیگەیاند، پشتیوانی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکەین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بەبۆنەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ وەک 47 هەمین سەرۆکی ئەمریکا  دەڵێت: چاوەڕێم لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا کاربکەم بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

دەقی پەیامەکە:

 

لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەم بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. سەرکردایەتییەکەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە بەردەوامەکانی نێوان گەلی کورد و گەلی ئەمریکادا هەڵدەداتەوە.

بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێم لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا کاربکەم بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانمان و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. گەلی کورد و گەلی ئەمریکا پێکەوە دەتوانن جیهانێکی سەلامەتتر و ئاوەدانتر بۆ هەمووان بنیادبنێن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کۆبوونەوەی وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکوەمتی فیدڕاڵ تەئکید لەسەر چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا کراوەتەوە، وەزارەتی دارایی هەرێمیش ئاشکرایکردووە، لەگەڵ دارایی عیراق رێککەوتن کراوە بگەنە چارەسەرێکی ریشەیی لەبارەی موچەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم، رۆژی دووشەممە بەسەرپەرشتیی فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی ئابوری كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان وەفدی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و لەگەڵ وەفدی حكومەتی عێراق كە پێكهاتبوون لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق بەڕێوەچوو
ئەوەشخراوەتەڕوو، كۆبوونەوەكە لە كەشێكی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 كراو و هەردوولا هاوڕابوون كە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوكات داواكارییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی كە ساڵی رابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی رەسمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، هەردوولا ڕێككەوتن كۆبوونەوەكان بەردەوامبێت و رۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجامبدرێت كە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا تیمێكی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێم پێكبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەكە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربن و  ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ كۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرك و پابەندییەكانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025 . 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...337338339340341...990