قوباد تاڵەبانی: ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێم گەشەپێدان و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵە
سام
٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە چو دونیو، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی FAO و لە کۆبوونەوەی نێوانیادا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری لەنێوان حکومەتی هەرێم و رێکخراوی FAO گفتوگۆکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە 26ـی 5ـی 2025، بە ئامادەبونی هەر یەکە لە د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییە تەکنیکی و راوێژکارییەکانی رێکخراوەکە و کردنەوەی Gene Bank کە تایبەتە بە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵیی کرد و هیوای خواست لەم قۆناغەدا کە ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێم گەشەپێدان و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵە، هاوکاری و پەیوەندیی نێوان رێکخراوی FAO و هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەو پێش بچێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گەشەپێدانی ناوچەیی و بووژانەوەی ئابوری شارۆچکەکان و گوندەکان کرا و لەم روەوە راهێنانی پیشەیی جوتیاران و دابینکردنی نوێترین تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی جوتیاران بە هەنگاوی پێویست و بنەڕەتی بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی دانرا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پڕۆژەی گەشتوکاڵ کرا کە لەلایەن جێگری سەرۆک وەزیرانەوە راگەیەندراوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێشخستنی گەشتوکاڵ لەپێناو رەخساندنی هەلی کاری زیاتر و پێشخستنی هەردوو کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و گەشەپێدانی ناوچەیی.
سەبارەت بە پەرەپێدانی بەرهەمە ناوخۆییەکان و دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوەی هەرێم، جێگری سەرۆک وەزیران بە گرنگی زانی سود لە ئەزمونی رێکخراوی FAO وەربگیرێت و داوایکرد رێکخراوەکە لەمبارەیەوە زیاتر هاوکاربێت.





