بەهۆی شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ و زریانەوە لە ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا 43 کەس گیانیان لەدەستدا، کە 15یان منداڵن.
دەسەڵاتدارانی ویلایەتەکە رایانگەیاندووە، لافاوێکی بەهێز بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و رەشەباوە دروستبووە و ناوەندی ویلایەتی تەکساسیان گرتووەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، تیمەکانی فریاگوزاری لە سەرەتای سەرهەڵدانی لافاوەکەوە سەرقاڵی رزگارکردنی هاووڵاتیانن، تاوەکو ئێستا توانیویانە زیاتر لە 850 کەس رزگار بکەن و بیانگوازنەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو.
بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا 43 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 15یان منداڵن، جگە لەوەش 27 کچ لە یەکێک لە کەپمە هاوینەییەکاندا بێسەروشوێنن.
فيضانات مدمّرة في #تكساس.. عشرات القتلى والمفقودين#سوشال_سكاي pic.twitter.com/0fgRnWRLS7
— سكاي نيوز عربية (@skynewsarabia) July 5, 2025
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە موسەنا سەمەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی دروستکردنی ژینگەیەکی سەقامگیری هەڵبژاردن، کە بەشداریی فراوانی دەنگدەران مسۆگەر بکات.
لە میانەی دیدارەکەدا کە رۆژی شەممە 5-7-2025 لە بەغداد بەڕێوەچوو، دوایین پێشهاتی سیاسیی وڵات و گرنگی هەوڵە نیشتمانییەکان لەم قۆناغە تایبەتەدا بە تایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان تاوتوێ کرا و جەختکرایەوە لەسەر پێویستی دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیری هەڵبژاردن، کە بەشداریی فراوانی دەنگدەران مسۆگەر بکات و متمانە بە پرۆسەی دیموکراسی بچەسپێنێت.
لای خۆیەوە موسەنا سەمەڕائی پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و پێداگری لەسەر پابەندبوونی هاوپەیمانی عەزم بە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی سەقامگیری و بەهێزکردنی هەنگاوی هاوبەشی نیشتمانی دووپاتکردەوە.
حزبوڵا ی لوبنان رەزامەندی دا لەسەر دانانی چەكدنان، بەڵام بەمەرجی كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو پێنج خاڵەی سنوریەی كە لە باشوری لوبنان داگیری كردووە و كۆتایی بە پێشێلكاری و هێرشە بەردەوامەكانی بهێنێت بۆسەر ئەندام و سەركردەكانیان.
ئێوارەی رۆژی هەینی، حزبوڵا وەڵامی رەسمی خۆی سەبارەت بە پرسی رادەستكردنی چەكەكانی بە دەوڵەتی لوبنان پێشكەشی نەبیە بەڕی سەرۆكی پەرلەمان كردووە و رەزامەندی خۆی لەوبارەیەوە نیشانداوە.
حزبوڵا لە وەڵامەكەیدا دەڵێت، ئەو چەكانەی لەبەردەستیدایە، بابەتێكی ناوخۆییە كە ستراتیژی بەرگریی و ئاسایش و سەروەری لوبنان دەپارێزێت.
بەگوێرەی ئەو پلانەی كە حكومەتی لوبنان دایڕشتووە، پرۆسەی چەك دانانی حزبوڵا قۆناغ بە قۆناغ دەستپێدەكات، ئەمەش دڵنیایی زیاتر دەدات لە كشانەوەی ئیسرائیل لەو ناوچانەی لوبنان كە داگیری كردوون، كۆبوونەوەی چەند رۆژی داهاتووی ناتانیاهۆ و ترەمپیش لە كۆشكی سپی، رەنگە ئەم پرسە هێندەیتر بباتە پێشەوە.
لەم كاتەدا لوبنان ئامادەكاری دەكات بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیازەكەی تۆماس باراك نێردەی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ سوریا كە كرد لە سەردانەكەیدا بۆ بەیروت لە 19ـی حوزەیرانی ئەمساڵ پێشكەشی بەرپرسانی كرد، ناوەرۆكی پێنشیازەكە بریتیە لە چەكداماڵینی حزبوڵا، كشانەوەی ئیسرائیل لە پێنج خاڵی باشوری لوبنان، جێبەجێكردنی چاكسازییە ئابوری و داراییەكان، رێكخستنی پەیوەندییەكانی لوبنان لەگەڵ دراوسێكانی، دیاریكردنی سنورەكانی لوبنان لەگەڵ سوریا و ئیسرائیل.
جۆزێف عەون، سەرۆكی لوبنان مانگێك لەمەوبەر داوای لە حزبوڵا كرد موشەكەكانی رادەستی سوپای لوبنان بكات، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە، لەكاتێكدا ئێوارەی رۆژی هەینی نمایشێكی چەكداری كە ئەندامانی حیزبوڵا لە ناوەڕاستی بەیروت رێكیانخستبوو، شەپۆلێكی توڕەیی و ئیدانەكردنی سیاسی و جەماوەری لێكەوتەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەڵێت، حزبوڵا لە دوای شەڕەكەی لەگەڵ ئیسرائیل دەستی بە پێداچوونەوەیەكی ستراتیژی خۆیدا كردووە، كە بریتییە لە كەمكردنەوەی رۆڵی خۆی وەك گروپێكی چەكدار بەبێ ئەوەی بەتەواوی چەك رادەست بكات، بەڵام هەرچی بێت بەو ئەنجامە گەیشتووە كە ئەو چەك و جبەخانەیەی هەیەتی، بووەتە بارگرانی.
لە تشرینی دووەمی 2024ـەوە رێككەوتنی ئاگربەست لە لوبنان كاری پێدەكرێت، ئەوەش دوای ململانێیەكی بەرفراوانی حزبوڵا و ئیسرائیل كە زیاتر لە ساڵێكی خایاند، سەرەڕای ئەوەش ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆسەر چەند ناوچەیەكی باشوری لوبنان
ئەم پێشهاتانە لە كاتێكدان كە گرژییەكان لەسەر سنوری لوبنان و ئیسرائیل لە پەرەسەندنی بەردەوامدان و هەوڵی چڕ و پڕی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتیكردنی لوبنان لە پاراستنی سەروەری و سەقامگیریی خاكەكەی بەردەوامە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی عاشورادا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "جەخت لەسەر برایەتیی نێوان عیراقییەکان و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای وڵات و پتەوکردنی دەکەینەوە".
دەقی پەیامەکە..
لە یادی عاشورادا بەهاکانی حەق و ئارامی و قوربانیدان کە ئیمام حوسەین سەلامی خوای لەسەر بێت بەرجەستەی کردن و ئەم بۆنەیەش کە هەڵگری واتای شکۆداری مرۆیی و وانە و پەندی نەمرن کە داوای دادپەروەری و لێبووردەیی و ئاشتی دەکەن، وەبیر دێنینەوە.
جەخت لەسەر گیانی پێکەوەیی و برایەتیی نێوان عیراقییەکان و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای وڵات و پتەوکردنی سەقامگیری، دەکەینەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "بەم بۆنەیەوە جەخت لەداواکاریمان بۆ یەکخستنی ڕیزەکان دەکەینەوە کە هەموان پێکەوە کار بکەن بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری، بەردەوامی چاکسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی".
دەقی پەیامەکە
بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (علیه السلام) و خانەوادەکەی و یاوەرانی لە ڕۆژی عاشورا سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلەکەمان و مەرجەعی باڵای ئایینی و موسوڵمانان دەکەین و ئەو قوربانییە گەورانە بیر دێنینەوە کە لە پێناو پابەندبوون بە وشەی حەق و چاکسازی و ڕەتکردنەوەی زوڵم و ستەم داویانە.
بەم بۆنەیەوە جەخت لەداواکاریمان بۆ یەکخستنی ڕیزەکان دەکەینەوە کە هەموان پێکەوە کار بکەن بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری، بەردەوامی چاکسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، باشترکردنی خزمەتگوزاری و ژیان و گوزەرانی وڵات و خەلکەکەمان.
سەرۆكی روسیا و سەرۆكی ئەمریكا لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا پرسی راگەیاندنی ئاگربەستیان لە ئۆكراین و گرفتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران یان تاووتوێ كرد و جەختیان لە گرتنەبەری رێكاری دیبلۆماسی كردەوە.
كۆشکی سەرۆكایەتی روسیا-كرملن رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤلادیمێر پوتن پەیوەندیەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و دەربارەی دواین پێشهاتەكانی ئۆكراین و ئێران و سوریا و ناوچەكانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەیانکرد.
ئاماژەی بەوەش كرد، پوتن بە ترەمپی وتووە، پێویستە لەڕێی چارەسەری دیبلۆماسیەوە كۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنرێت، پێشی وتووە، روسیا دەستبەرداری ئامانجەكانی خۆی لە ئۆكراین نابێت، بەڵام ئامادەن دەست بە دانوستاندن بكەنەوە.
لەبارەی پرسی ئێرانیشەوە پوتن جەختی كردووەتەوە پێویستە دەست بە دانوستان بكرێتەوە و چارەسەرێكی كۆتایی بدۆزرێتەوە و رێككەوتنی ئەتۆمی ئەنجام بدرێت.
دوای نزیکەی دوو هەفتە تەرمی عەبدولڕەحمان خالیدی تەمەن حەوت ساڵ لە زێی بچووک دۆزاریەوە کە لە سەیرانگای بۆگد لەگەڵ باوکی و خوشکێکیدا خنکان.
لە رێکەوتی 21/6 لە سەیرانگای بۆگد خێزانێکی بە رەگەز عەرەب کە پێک هاتبوو لە "باوکێک و دوو منداڵ" کەوتنە ناو ئاوی سەیرانگەکەوە و دوای 13 رۆژ لە بێ سەروشوێنبوونی تەرمی کوڕەکە، ئەمڕۆ تەرمەکەی لەلایەن دانیشتووانی گوندەکەوە دۆزرایەوە.
رووداوەکە 13 رۆژ پێش ئێستا رویداوە و لەپاش گەڕانێکی درێژ ئەمڕۆ تەرمی منداڵەکە لەلایەن دانیشتووانی گوندەکەوە دۆزراوەتەوە.
دوابەدوای بەردانەوەی ئاوی زیاتر لەلایەن توركیاوە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق چارەسەركردنی قەیرانی كەمی ئاوی لە پارێزگای بەسرە راگەیاند.
وەزارەتی سامانە ئاوییەكان ئاماژەی بەوە كردووە، پشكی تەواوی ئاوی پارێزگای بەسرەیان مسۆگەر كردووە، ئەوەش راستەوخۆ دوای بەردانەوەی ئاوی زیاتر لەلایەن توركیاوە.
رونیشیكردووەتەوە، ئەم پێشهاتە دەرئەنجامی هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەتە بۆ دەستخستنی پشكی ئاو و لابردنی پرۆژە نایاساییەكانی بەخێوكردنی ماسی.
ئەوە لەكاتێكدایە، هەفتەی رابردوو پارێزگاری بەسرە رایگەیاند، كەمبوونەوەی ئاو لە پارێزگاكە گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و یەكەمجارە لە مێژووی عیراقدا تۆمار بكرێت.
دوێنێ مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، سەرۆكی توركیا ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ زیادكردنی پشكی ئاوی عیراق لەسەر هەردوو رووباری دیجلەو فورات.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئەمریکیەکەی دۆناڵد ترەمپ ئەنجام بدات.
ئاژانسی ئینتەرفاکس لە زاری پوتنەوە بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا قسە دەکەم".
لای خۆشیەوە سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس نووسیویەتی: بەمزوانە لەگەڵ پوتن سەرۆکی روسیا قسە دەکەم... سوپاس!"
دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی 7ـی 2025، لە کۆشکی بەغداد، لەبەردەم د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق سوێندی یاسایی خوارد.
سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لەدادوەر مونزر حسێن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەڕاپەڕاندنی ئەرکە نوێیەکەیدا و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی دادگای باڵای فیدراڵی لە ئەرکە دەستوورییەکانیدا دووپات کردەوە.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەڕۆڵی جەمسەریی دادگا کرد، لەپاراستنی پرۆسەی دیموکراسی ومسۆگەرکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، هاوکات دووپاتی لەوە کردەوە کە رێزگرتن لە دەستوور و پەنابردن بۆ بڕگەکانی کۆڵەکەیەکی گرنگن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر و دادپەروەر، لەسەر بنەمای سەروەری یاسا و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار و پشتیوانی لە سەربەخۆیی دادگا وەک پارێزەری دەستور دەربڕی و جەختی لەپابەندبوونی بەبڕگەکانی دەستوور و یاسا ودەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دادگا و پاراستنی لە هەر دەستوەردانێک کردەوە.
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە راگەیەنراوێکی لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و ماتۆڕسکیلەکانەوە چەند زانیاری و رێنماییەکی نوێی بڵاوکردەوە.
دەقی بڕیار و رێنماییەکان:
یەکەم: دروستکردنی لیژنەیەکی ئەمنیی هەمیشەیی تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی ناوبراو لە سەرجەم لایەنە ئەمنییەكانی پارێزگاكە.
دووەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا، پێویستە ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بێ سەرەتان و تا ئێستا ناساندنیان بۆ نەکردووە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، بەشی جموجوڵ، لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان بناسێنن و پابەندی سەرجەم رێنماییەکانی هاتوچۆ بن لە پارێزگای هەڵەبجە.
سێیەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جامڕەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێسەرەتان و جامیان رەشە، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە و ئیجرائاتی تەواویان لە لایەن لیژنەی ئەمنییەوە لەگەڵدا دەکرێت.
چوارەم: سەبارەت بە ماتۆڕسکیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە کاری دلیڤەری دەکەن، خاوەن کارەکانیان ئاگادار دەکەینەوە، لە شەقامی سەرەکیدا بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە ماتۆڕسکیلەکانیان پاڕک بکەن، بەڵکو پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت.
پێنجەم: ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ماتۆڕسکیل رێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەک بچنە ناو سەنتەری شار و شوێنە گشتییەکان و ناوچە گەشتیارییەکان. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن.
شەشەم: سەرجەم دانیشتووانی خۆشەویستی سنوری پارێزگاکەمان بە هەر چوار ناحیەکەوە ئاگادار دەکەین، ئەو شوفێرانەی خاوەنی ماتۆڕسکیل یاخود ئۆتۆمبێلی بێسەرەتان، پێویستە پابەند بن بە بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواو و سزای پابەند نەبوون دەدرێن.
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، سبەینێ هەینی خۆڵبارینێکی کەم بەردەوام دەبێت، بەڵام پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە بەراورد بە ئەمڕۆ. کەشناسیی عیراقیش دەڵێت: ئەو شەپۆلە هەوا فێنكە لە سیبریاوە رووی لە عیراق و هەرێم كردووە و تا دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی کەم لە کەشدا، هەروەها بەردەوامی خۆڵبارین بەتایبەت لە ناوچەکانی باشوری هەرێم.
ئەوەش هاتووە، سبەینێ هەینی، بەهەمان شێوە ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام خۆڵبارین بە رێژەیەکی کەم بەردەوام دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ خێرایی با زیاد دەکات و دەگاتە 25 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، بەڵام سبەینێ خێراییەکەی کەمتر دەبێت و لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردا دەبێتی.
کەشناسیی هەرێم ئەوەشی خستووەتە روو، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە بەراورد بە دوێنێ، بەڵام سبەینێ 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی نزمتر دەبنەوە بەراورد بە ئەمڕۆ.
لەلایەکی دیکەشەوە کەشناسیی عیراق ئاماژەی بەوەکردووە، كاریگەری شەپۆلی سیبریا لە كاتەكانی شەو و بەرەبەیاندا زیاتر دەبێت و خێرایی بای باكور لە ناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی عیراق دەگاتە 45 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا، بە گشتی پلەکانی گەرما تاوەکو دووشەممەی داهاتوو لە خوار 40 پلەوە دەمێننەوە، و لە دوای ئەو كاتەشەوە پێشبینی دەكرێت پلەكانی گەرما تەنیا لە ناوچەكانی باشوری عیراق بەرزببنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ بەم جۆرە دەبن:
هەولێر : 38 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 37 پلەی سیلیزی
دهۆک : 38 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 41 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 39 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە :38 پلەی سیلیزی
سۆران : 38 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 28 پلەی سیلیزی
گەرمیان :41 پلەی سیلیزی
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، لە مانگی شەشی ئەمساڵدا بە بڕی 61 ملیۆن دینار سزای پێبژاردنی ئەو شوێنانە دراوە کە سەرپێچی رێنماییەکانیان کردووە و 21 شوێنی کاریش داخراون.
قائیمقامییەتی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی لیژنە هاوبەشەکانی بۆ مانگی رابردوو بڵاوکردەوە و ئەوەی خستووەتە روو، شەش هەزار و 770 سەردانیان ئەنجامداوە، کە لەو سەردانانەدا 127 شوێنکار ئاگادار کراونەتەوە و زیاتر لە 26 تۆن ماددەی بەسەرچووش لەناوبراوە.
بەپێی ئامارەکانی قائیمقامییەت، هەر بەهۆی سەرپێچییەکانەوە 21 شوێنی بارزگانی داخراون، کە لە رابردوودا ئاگادارکردنەوەیان هەبووە، بەڵام پابەندی رێنماییەکان نەبوون و جارێکی دیکە سەرپێچییان ئەنجام داوە، هەروەها سێ شوێنکاریش دراون بە دادگا.
بەراورد بە مانگی ئایار
بەراورد بە مانگی ئایار ژمارەی سەردانەکانی لیژنەکە کەمتر بووە، کە لە مانگی پێنجدا شەش هەزار و 29 سەردان ئەنجام دراوە، بەڵام ژمارەی سزادان بە پێبژاردن بووە بە دوو هێندە، بەجۆرێک لە مانگی پێنجدا بە بڕی 30 ملیۆن و 25 هەزار دینار سزای پێبژاردن هەبووە، بەڵام لە مانگی شەشدا سزاکە بۆ 61 ملیۆن بەرزبووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە لە مانگی پێنجدا بڕی 87 تۆن و 416 کەلوپەل و خۆراک لەناوبراون کە شیاوی بەکارهێنان نەبوون، بەڵام لە مانگی شەشدا بڕەکە بۆ 26 تۆن و 29 کیلۆگرام کەمبووەتەوە.
هاوکات، لە مانگی پێنجدا 741 سەرپێچێ ئەنجامدراون، بەڵام لە مانگی شەشدا ژمارەی سەرپێچییەکان کەمبووەتەوە بۆ 452 سەرپێچی.
ماوەی هەفتەیەكە شەپۆلێكی گەرما بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپای گرتووەتەوە، بەهۆیەوە تا ئێستا هەشت كەس گیانیان لەدەستداوە كە زۆرینەیان بەتەمەن بوون.
بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەتینەی كە وڵاتانی رۆژئاوا و باشووری ئەوروپای گرتووەتەوە، لێپرسراوانی چەند وڵاتێكی وەك ئیتاڵیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا و پرتوگال و كرواتیا شارەوانی و تەندروستی وڵاتەكانیان خستووەتە خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیی، هەروەها هۆشداری پرتەقاڵییان راگەیاندووە كە بەرزترین ئاستی هۆشدارییە بۆ كەشوهەوا.
هاوكات تەندروستی ئەوروپا رایگەیاندوە، بەهۆی هاتنی ئەو شەپۆلی گەرماوە كە تا ئێستا لە هەندێك ناوچەكە 40 پلەی سیلیزی تێپەڕاندوە، لانیكەم هەشت كەس گیانیان لەدەستداوە، كە زۆرینەیان كەسانی بەتەمەنن، لەو ژمارەیەش سیانیان لە فەرەنسا بوون.
بەهۆی گۆرانكارییەكانی كەشوهەواوە ماوەی سێ ساڵە لەسەر یەك بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا لەم وەرزەدا رووبەروی شەپۆلی گەرمای بەتین دەبنەوە، ، بەڵام چاوەڕواندەكرێت ئەمساڵ ئاستی پێوانەیی تۆمار بكات و بۆ یەكەمجاریش لە مێژوودا 46 پلەی گەرما لە ئیسپانیا تۆمار كرا.
پنتاگۆن ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانی تا دوو ساڵ بردە دواوە.
ئەمریکا بڕیاری ئێران بۆ راگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە "قبووڵنەکراو" وەسفدەکات، ئەمەش دوای شەڕی ئەم دواییەی تاران و ئیسرائیل.
تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێمە وشەی 'قبووڵنەکراو' بەکاردەهێنین بۆ وەسفکردنی هەڵبژاردنی ئێران بۆ راگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە کاتێکدا کە دەرفەتی گۆڕینی رێڕەو و هەڵبژاردنی ڕێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئێران بە تەواوی و بەبێ دواکەوتن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەستبکاتەوە بە کارکردن.
میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە فەرمانێکی دەرکرد و هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی راگرت.