محەمەد بن ئەحمەد یەماحی، سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری نوێی عیراق کرد و تێیدا هاتووە: هیوای سەرکەوتن بۆ سەرۆک کۆماری نوێی عیراق دەخوازم


سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک کۆماری نوێی عیراق کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

هاوکات، ستایشی ئەو پاڵپشتییە فراوانەی کرد کە رەنگدانەوەی کۆدەنگیی نیشتمانیی و ویستی سیاسییە کە پشتیوانی لە سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە دەکات.

یەماحی ئەوەشی دووپاتکردەوە، ئەم دەستکەوتە دەستورییە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پتەوکردنی دەزگاو دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی بناغەی ئاسایش و سەقامگیری و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ سەرۆک کۆمار خواست لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی بە شێوەیەک کە لەگەڵ ویستی گەلی عیراقدا بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتر بگونجێت.

لەلایەکی تریشەوە، پەرۆشی پەرلەمانی عەرەبی دووپاتکردەوە بۆ پتەوترکردنی هاوکاریی لەگەڵ عیراق و پەرەپێدانی میکانیزم و هەماهەنگی و کاری هاوبەش بە شێوەیەک کە خزمەت بە دۆزی عەرەبی بکات و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا پەرەپێبدات.