هەواڵەکانهەواڵەکان

کۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمریکی، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند 14 هەزار کارمەندی دوردەخاتەوە، کۆمپانیاکە ئاماژەی بە شوێنی کارمەندەکان نەکردووە، بەڵام هۆکارەکەی بۆ زیرەکی دەستکرد گەراندوەتەوە.

کۆمپانیاکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛"ئەو کەمکردنەوەیانەی ئەمڕۆ رایدەگەیەنین بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ بنیاتنانی هێز لەڕێگەی کەمکردنەوەی بیرۆکراسی و نەهێشتنی پلەبەندی و دابەشکردنەوەی سەرچاوەکان".

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ " کەمکردنەوەکە لە هەندێک بوار و دامەزراندنی کارمەند لە هەندێکی دیکەدا دەگرێتەوە، بەڵام دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کۆی گشتی نزیکەی 14 هەزار هەلی کار لە ئۆفیسەکانی ئەمازۆن".

بەپێی میدیاکان، ئەو کارمەندانەی دوردەخرێنەوە  ئەو کەسانە دەگرێتەوە  کە لە پۆستی پشتیوانی یان ستراتیژیدان وەک؛ (سەرچاوە مرۆییەکان، ڕیکلام، کارگێڕی) کۆمپانیاکە باسی لەوەشکردوە ، نابێت ئەوەیان لەبیربچێت کە جیهان بە خێرایی دەگۆڕێت و ئەم نەوەیە لە زیرەکی دەستکرد گەورەترین گۆڕانکاری ئەنجامداوە لە بواری تەکنەلۆژیادا لە دوای ئینتەرنێتەوە.

ئەم دورخستنەوەی 14 هەزار کارمەنەدەی ئەمازۆن لە کاتێكدایە، بەردەوام هۆشداری دەدرێت و پێشبینیش دەکرێت زیرەکی دەستکرد ببێتە جێگرەوەی لە سەدا 80ی هەلی کار لە سەرانسەری جیهاندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پارێزگاریکردن لە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، وەک قۆناغی یەکەمی پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، جوڵەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی سنووردار کردووە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی لە قاڵب داوەتەوە.

بەپێی رۆژنامەکە، ئەو "سەرپەرشتییە باوکانەیەی" واشنتن بۆ تەلئەبیبی دەکات، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، بەتایبەتیش لەنێوان خودی ترەمپ و ناتانیاهۆدا.

گۆڕانی هەڵوێستی ترەمپ

لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، دۆناڵد ترەمپ چەندین "دیاریی سیاسی" بەخشییە ناتانیاهۆ، لەوانە دانپێدانان بە قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و دانپێدانان بە سەروەریی تەلئەبیب بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا. بەڵام دوای بۆردومانکردنی شاندی دانوستانکاری حەماس لە دەوحە لەلایەن ناتانیاهۆوە لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، ترەمپ توڕە بوو و ناچاری کرد پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانی قەتەرەوە بکات و داوای لێبوردن بکات.

جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ، هەفتەی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی، "پێم وایە [ترەمپ] هەستی کرد ئیسرائیلییەکان دەستیان کردووە بە زیادەڕەوی، بۆیە ناچار بوو زۆر توند بێت و رێگرییان لێبکات لە کردنی شتێک کە لە بەرژەوەندیی درێژخایەنی خۆیاندا نییە."

ترەمپ فشاری خستووەتە سەر ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی پلان20 خاڵییەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە قبوڵ بکات، کە داننان بە خواستەکانی فەڵەستینییەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت. هەرچەندە ناتانیاهۆ بە توندی دژی ئەم خاڵە وەستایەوە، بەڵام ترەمپ بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی وتبوو، "پێویستە بەوە رازی بێت، هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، لەگەڵ مندا، پێویستە رازی بێت."

بەرپرسانی ئیسرائیل دەستیان کردووە بە خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی کە ئەمریکییەکان رۆڵێکی سەرەکی و توند دەگێڕن لە سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستەکەدا. واشنتن ناوەندێکی هەماهەنگیی مەدەنی-سەربازیی لە باشووری ئیسرائیل کردووەتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە.

نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستپێکردنی فڕینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا بەسەر غەززەدا، نیشانەی ئەوەیە کە واشنتن دەیەوێت وێنەیەکی سەربەخۆ دوور لە گێڕانەوەی ئیسرائیلی دروست بکات، ئەمەش گۆڕانێکی گەورەیە بۆ ئیسرائیلییەکان.

رۆڤین حازان، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی عیبری لە قودس، دەڵێت: "وێنەی ناتانیاهۆ لەبەردەم ترەمپدا بچووک بووەتەوە" و "زیاتر وەک حاکمی ویلایەتێک دەرکەوتووە نەک سەرکردەی وڵاتێک."

راپرسییەک کە لەلایەن دەستەی پەخشی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە %48ی ئیسرائیلییەکان پێیان وایە وڵاتەکەیان بووەتە "پارێزراوێکی ئەمریکی."

بەپێی رۆژنامەکە، ئەم روداوانە دەریدەخەن کە ترەمپ لەوانەیە مەترسی لەسەر داهاتووی سیاسیی ناتانیاهۆ دروست بکات، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل. نمرود نۆڤیک، راوێژکاری پێشووی شیمۆن پێرێز، دەڵێت: "پێم وایە بیبی (ناتانیاهۆ) دەزانێت کە ترەمپ دەتوانێت بە یەک پۆستی سۆشیال میدیا سنوورە هەڵبژاردنەکانی تێکبشکێنێت."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، لە میانی کەرنەڤاڵی گەورەی جەماوەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوک، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە کردەوە کە دوو ساڵ پێش ئێستا بە خەڵکی کەرکوکیان دابوو، راشگەیاند، "کەرکوک بە دیموکراسی و یەکڕیزی رزگارکرا."

سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لە وتارەکەیدا ستایشی کارەکانی پارێزگاری ئێستای کەرکوکی کرد و وتی، "پارێزگاری ئێستای کەرکوک رۆحیەتی شارەکەی گۆڕی، بە یەک چاو سەیری هەمووان دەکات و خزمەت دەکات." ئاماژەی بەوەشکرد کە بەهۆی ئەو ئارامی و پێشکەوتنەوە، ئێستا کۆمپانیا و سیاسەتمەداری بیانی دێنە کەرکوک و هەموو دنیا دەیەوێت بازرگانی لە شارەکەدا بکات.

سەبارەت بە دۆخی جوتیارانیش وتی، "جوتیارەکانمان مافیان پارێزراوە."

سەرۆکی یەکێتی جارێکی دیکە کەرکوکی بە "چەپکە گوڵەکەی مام جەلال" ناوبرد و جەختی کردەوە، "وتمان کەرکوک دەکەینە نمونەی پێكەوەژیان، ئەمڕۆ هەموو پێکهاتەکان لە کەرکوک وەک یەک دەژین."

سەرۆک بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵکی کەرکوک کرد و وتی، "بۆ ئایندەی کەرکوک ئێمە هێزی تۆین لە بەغداد، ئێمە کەرکوک بەهێز دەکەین لە بەغداد." رونیشیکردەوە کە یەکێتی پارێزەری هەرێمی کوردستانە و لەگەڵ کەرکوکییەکان دەوەستێتەوە.

یەکێکی دیکە لە تەوەرە گرنگەکانی وتارەکەی سەرۆک بافڵ، پرسی خوێندنی کوردی بوو لە شارەکە. لەمبارەیەوە وتی، "خوێندکارەکانی کەرکوک دەبێت بە کوردی بخوێنن، چونکە کوردی زمانی رەسمییە لە عیراق." بەڵێنیشیدا، "هەوڵدەدەین سیستمێك دابنێین کە لە حکومەتی فیدراڵەوە موچەی مامۆستایانی شارەکە بێت."

لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆک بافڵ تاڵەبانی داوای لە جەماوەر کرد کە "سندوقەکانی دوزخورماتوو سەوز بکەن" و پشتیوانیی پارێزگاری کەرکوک بن. جەختیشی کردەوە کە "یەکێتی لە هەموو حزبێكی تر یەکڕیزتر و گەشبینترە و لە کەرکوکیش لە هەموو حزبەکانی تر بەهێزترە،" وتیشی، "بەرنامەی سەرۆك مام جەلال لە عیراق و کوردستان جێبەجێ دەکەین."

 



بەردەوامبە لە خوێندنەوە
 
قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە: هۆزی برادۆست وەک زۆرێک لە هۆزەکانی دیکە رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە پاراستنی خاکی کوردستان و شوناسی کوردبوونمان. نەوەکانی خانی لەپ زێڕین و پاڵەوانانی قەڵای دمدم سیمبولێکی گەورەی ئازایەتیی کوردن و هەردەم سەلماندوویانە کە دەمرن بەڵام سەردانانەوێنن.
 
ئاماژەی بەوەشداوە: خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی برای بەڕێزم کاک فەیسەڵ کەریم خان لە سیدەکان بە دیداری خزمان و کەسوکاری برادۆستمان شادبوومەوە. پەیوەندیی مێژوویی نێوان جەنابی سەرۆک مام جەلال و میری میران کەریم خانی برادۆستم بیرهێنایەوە کە چۆن لە یەکەم رۆژی دەستپێکی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان ئەو پەیوەندییە پتەوە دروست بوو و تا ئێستاش بەردەوامە.
 
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت: جەختم کردەوە کە یەکێتی ساڵی ٢٠٢٥ زۆر جیاوازە لە یەکێتییەکەی پێش دە ساڵ، ئەم یەکێتییە ئەوەندە بەهێزە کە رێگە نادات غەدر لە هەڤاڵان و جەماوەرەکەی بکرێت و تا بە دەنگی خەڵک بەهێزتریش بێت، باشتر و کاریگەرتر رووبەڕووی غەدر و ناحەقی دەبێتەوە. داوام لێکردن لەم ماوەیەدا تا دەتوانن خەڵکە زویربووەکەی یەکێتی ئاشت بکەنەوە و دەنگی زیاتر بۆ یەکێتی کۆبکەنەوە، چونکە یەکێتییەکی بەهێز واتە کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چەکدارانی نەناسراو لەسەر رێگای نێوان دیمەشق و سوەیدا تەقەیان لە پاسێکی نەفەرهەڵگر کرد و بەهۆیەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کەناڵی "ئەلئیخبارییەی سوری" راگەیاند، هێرشەکە لە نزیک وێستگەی سووتەمەنیی "مەرجانە" لەسەر رێگای دیمەشق - سوەیدا رویداوە و لەلایەن چەکداری نەناسراوەوە ئەنجامدراوە.

هاوکات ئاژانسی سانای سوریا بڵاویکردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و راوەدوونانی ئەنجامدەرانی هێرشەکە کردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەرنەڤاڵی جەماوەریی لیستی ٢٢٢ی یەکێتی لە شاری کەرکوک بەڕێوەبچێت، کە تێیدا سەرۆکی یەکێتی وتارێکی گرنگ پێشکەش بە ئامادەبووان دەکات.

کەرنەڤاڵەکە کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوک دەستپێدەکات و تێیدا جەماوەرێکی فراوانی یەکێتی و لایەنگرانی ئامادە دەبن.

پێشکەشکردنی وتارەکەی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لە کەرکوک لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت تێیدا تیشک بخرێتە سەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان و هەڵوێستی یەکێتی لەسەر پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە کەرکوک و ناوچەکە.

کەناڵی کوردسات نیوز، راستەوخۆ ڕووماڵی کەرنەڤاڵەکە و وتاری سەرۆک بافڵ تاڵەبانی دەکات و بینەران دەتوانن لە کاتی دیاریکراودا بینەری بن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بانكی ناوەندیی عیراق پێشبینی دەكات پارەی ئەلیكترۆنی تا ساڵی 2035 بگاتە 60 ملیار دۆلار، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی چاكسازی بۆ كۆتاییهێنان بە پارەی كاش. 

عەلا فەهد وتەبێژی بانكی ناوەندیی عیراق رایگەیاند، پارەدانی ئەلیكترۆنی هاوكار بووە لە كەمكردنەوەی چاپكردنی پارەی كاش بە شێوەیەكی بەرچاو، هانی هاووڵاتیانیشیدا زیاتر روو لە پارەی ئەلیكترۆنی بكەن بە تایبەتی بۆ موچەی فەرمانگەكانی حكومەت.

وتیشی، پارەدانی ئەلیكترۆنی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بازدانێكی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەشێوەیەك كارتی بانكی دەرهاتوو گەیشتووەتە زیاتر لە 22 ملیۆن، لەگەڵ هاوردەكردنی زیاتر لە 75 هەزار ئامێر، پێشبینیش دەكرێت پارەی ئەلیكترۆنی تا ساڵی 2035 بگاتە 60 ملیار دۆلار.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زۆربەی شۆفێران پێیان وایە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بە خێراییەکی زیاتر لەوەی لە شەقامەکاندا دیاریکراوە، کاتێکی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە، بەڵام شیکارییەکان دەریدەخەن کە ئەو کاتەی بۆ شۆفێران دەگەڕێتەوە زۆر کەمترە لەو مەترسییە گیانی و ماڵیەی کە لە بەردەمیاندایە. 

بڕی ئەو کاتەی کە بەهۆی خێرالێخوڕینەوە بۆ شۆفێران دەگەڕێتەوە، پشت بە سێ هۆکاری سەرەکی دەبەستێت: درێژیی گەشتەکە، جیاوازیی خێرایی، و بەربەستەکانی وەک ترافیک لایت، قەرەباڵغی، و یاساکانی هاتوچۆ.

لەسەر بنەمای یاسا فیزیاییەکان، کات بریتییە لە دابەشکردنی ماوە بەسەر خێراییدا. بۆ نموونە:

  • گەشتێکی 10 کیلۆمەتری: ئەگەر بە خێرایی 50 کم/سەعات بیبڕیت، 12 خولەکی پێویستە. بەڵام ئەگەر خێراییەکەت بۆ 60 کم/سەعات زیاد بکەیت، 10 خولەکی پێویستە. واتە لەم گەشتەدا تەنها دوو خولەک دەگەڕێتەوە بۆ شۆفێرەکە.
  • گەشتە کورتەکانی ناو شار: لە گەشتە کورتەکانی ناو شاردا کە چەند کیلۆمەترێکن و ترافیک لایتی زۆریان تێدایە، زیادکردنی خێرایی لە نێوان ترافیکەکاندا تەنها 20 بۆ 90 چرکە کات دەگەڕێنێتەوە، کە بڕێکی ئەوتۆ نییە هەستی پێبکرێت و هیچ بگۆڕێت.

لەسەر رێگا خێراکان و لە گەشتە درێژەکاندا کاریگەرییەکەی زیاترە، بەڵام هێشتا سنووردارە. بۆ نموونە:

  • گەشتێکی 100 کیلۆمەتری: زیادکردنی تێکڕای خێرایی لە 90 کم/سەعاتەوە بۆ 110کم/سەعاتێک، کاتی گەشتەکە لە سەعاتێک و 7 خولەکەوە بۆ 54 خولەک کەمدەکاتەوە، واتە نزیکەی 13 خولەک پاشەکەوت دەکرێت. هەرچەندە ئەمە سوودی هەیە، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغی و بەربەستەکانی دیکەوە، دەگمەنە شۆفێرێک بتوانێت بە درێژایی رێگاکە پابەندی ئەو خێراییە بەرزە بێت و لە رێگاکانی دەرەوەی شاریشدا هەمیشە مەترسی هاتوچۆی ئاژەڵان و چاککردنی رێگاکان رەنگە وابکات توشی روداوی هاتوچۆبین.

 

ئەو کاتە کەمەی بۆ شۆفێر دەگەڕێتەوە، لە بەرامبەر چەندین تێچووی گیانی و ماڵی هەیە:

سەلامەتی
: مەترسیی روداوی هاتوچۆ بەشێوەیەکی نایەکسان لەگەڵ زیادبوونی خێراییدا بەرز دەبێتەوە. خێرایی زیاتر هەم ئەگەری پێکدادان و هەم سەختیی زیانەکان زیاد دەکات.

  • خەرجیی سووتەمەنی و چاککردنەوە: خەرجیی سووتەمەنی و دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەگەڵ زیادبوونی خێراییدا، بەتایبەت لە سەرووی 80-100 کم/سەعاتەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. هاوکات تەمەنی تایە، برێک و بزوێنەریش کەم دەکاتەوە.
  • ئاکامە یاسایی و داراییەکان: سزای دارایی، زیان بەرکەوتن بەر ئۆتۆمبێل و بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە و سزاکانی پۆلیسی هاتوچۆ

    چەند رێنماییەکی پراکتیکی لەبری خێرا لێخوڕین:

لەبری خێرا لێخوڕین، دەتوانیت ئەم رێگایانە بەکاربهێنیت بۆ کورتکردنەوە و کەمکردنەوەی کاتی گەشتەکەت:

  • هەڵبژاردنی کات و رێگای گونجاو: لە کاتێکدا گەشت بکە کە قەرەباڵغی کەمترە و رێگایەک هەڵبژێرە کە خێراترە و کورتترە.
  • کەمکردنەوەی وەستان: تا دەتوانیت لە وەستانی ناپێویست دووربکەوەرەوە.
  • پاراستنی خێراییەکی جێگیر: هەوڵبدە خێراییەکەت لە نزیک سنووری رێپێدراو بهێڵیتەوە و جڵەوی خێرایی (Cruise control) بەکاربهێنە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هەنگاوێکدا بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چین، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و سانای تاکایچی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، رێککەوتنێکی چوارچێوەییان بۆ مسۆگەرکردنی دابینکاریی کانزا ستراتیژییەکان واژۆکرد.

کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، لە میانی سەردانەکەی ترەمپ بۆ ژاپۆن، rێککەوتنەکە ئیمزاکرا و ئامانج لێی بەهێزکردنی زنجیرەکانی دابینکاریی ئەو کانزا گرنگانەیە کە لە کەرتی وزەی نوێبووەوە، ئەلیکترۆنیات و ئۆتۆمبێلدا بەکاردەهێنرێن.

ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدایە کە چین زیاتر لە %90ی کانزا ستراتیژییەکانی جیهان پرۆسێس دەکات و لەم دواییانەشدا کۆتوبەندی زیاتری خستووەتە سەر هەناردەکردنی ئەو ماددانە، ئەمەش فشارەکانی لەسەر ئەو وڵاتانە زیاد کردووە کە پشتیان پێ دەبەستن.

لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنها یەک کانی کانزای ستراتیژیی چالاکی هەیە و لە پێشبڕکێدایە بۆ دابینکردنی ئەو کانزا گرنگانەی کە بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، سیستەمی بەرگری و پیشەسازیی پێشکەوتوو پێویستن.

بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆببێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، ئەمریکا و ژاپۆن هەروەها تاوتوێی دانانی سیستەمێکی کۆگاکردنی تەواوکەریی دوولایەنە دەکەن و لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دیکەشدا کاردەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی زنجیرەکانی دابینکاری.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.1 پلەی رێختەر قەزای سندرگی لە پارێزگای باڵکئەسیری تورکیای هەژاند، بەهۆیەوە چوار باڵەخانە روخان و 22 هاووڵاتی برینداربوون، پارێزگاری باڵکئەسیریش ڕایگەیاند، هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.

دەستەی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا (ئافاد) رایگەیاند، کاتژمێر 10:48 خولەکی شەوی دووشەممە بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1پلە و بە قوڵایی 5.99 کیلۆمەتر لە قەزای سندرگی رویداوە.

بومەلەرزەکە لە چەندین پارێزگای دیکەی وەک مانیسا، ئیزمیر، بورسا، کوتاهیا، ئەستەنبوڵ و کۆجائێلی هەستی پێکراوە و تیمەکانی فریاگوزاری دەستبەجێ دەستیان بە پشکنین و بەدواداچوون کردووە.

پارێزگاری باڵکئەسیر: گیانلەدەستدان نییە

ئیسماعیل ئوستاۆغڵو، پارێزگاری باڵکئەسیر، کە گەیشتووەتە شوێنی روداوەکە رایگەیاند، "خۆشبەختانە لە 75 گوندی سنوری قەزاکەدا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان نییە. لە سەنتەری قەزاکەش چوار باڵەخانە روخاون کە پێشتر بەهۆی بومەلەرزەی دیکەوە زیانیان بەرکەوتبوو و چۆڵکرابوون، بۆیە هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە."

پارێزگار ئوستاۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، "تا ئێستا 22 هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە کە چواریان چارەسەریان وەرگرتووە و دەرچوون."

پاشەلەرزەکان بەردەوامن

بەپێی زانیارییەکانی ئافاد، لە دوای بومەلەرزە سەرەکییەکەوە چەندین پاشەلەرزەی بەهێز ناوچەکەیان هەژاندووە، کە بەهێزترینیان بە گوڕی4.4 پلە بووە.

هاوکات ئافاد هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییان کە بەهیچ شێوەیەک نەچنە ناو باڵەخانە زیانلێکەوتووەکان و بۆ پەیوەندیکردن پشت بە نامە (SMS) و ئینتەرنێت ببەستن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک، سێ گەنج گیانیان لەدەستدا و بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێراش دەڵێت، هۆکاری روداوەکە خێرایی زۆر بووە.

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای 122ی سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز، ڕاگەیاند؛ "کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە بازنەی مەلیک مەحمود و لە نزیک نەخۆشخانەی شار، ئۆتۆمبێلێک بەهۆی خێرایی زۆرەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە."

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، سامان نادر وتی، "بەداخەوە لە ئەنجامی روداوەکەدا، هەر سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە کە گەنج بوون، دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا."

بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی 122 ئەوەشی خستەڕوو، "تاوەکو ئێستا ناسنامەی قوربانییەکان نەزانراوە و تەرمەکانیان بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی نەوت وکانزاکانی هەڵەبجە بڵاویکردوەتەوە، سبەینێ لەسەنتەری پارێزگاکە دەست بەدابەشکرد نەوتی سپی دەکەن بەسەر هاووڵاتییاندا و ئەوەشیان خستوەتە روو دابەشکردنەکە کۆڵان بەکۆڵان دەبێت  و بۆ وەرگرتنیشی کارتی نەوتی پێویستە.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت وکانزاکانی هەڵەبجە راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە  وتێێدا هاتووە؛سبەینێ دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە دەست پێ دەکات، وەدابەشکردن بەردەوام دەبێت تا تەواوی هاووڵاتیان بە شە نەوتی خۆیان وەردەگرن .

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ دابەشکردنەکە گەرەک بە گەڕەک دەبێت و  هاوڵاتییان لە گەريکەکانی خۆیان نەوت وەردەگرن و سەرەتاش لە گەڕەکی شارەوانییەوە دەستپێدەکەن.

بۆ وەرگرتنینەوتەکەش پێوستە هەر خێزانێک کارتی زیرەکی نەوتی پێبێت و لە بەرامبەر 200 لیتر نەوتی سپی 104 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی لە میانی سەردان و کۆبونەوەکانی لە قەزای رواندز رایگەیاند، هەموان دەزانن لەو شوێنانەی یەکێتی باڵادەست بووە، رێگەی نەداوە جیاوازی لە نێوان هاووڵاتییاندا بکرێت لەسەر هەڵوێستی سیاسی و ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەم یەکێتییە ئێستا غەدر قبوڵ ناکات.

قوباد تاڵەبانی بڵاویکردوەتەوە؛ هەمووان باش دەزانن لە شوێنانەی یەکێتی باڵادەستە، قەت رێگەی نەداوە و رێگەش نادات لە هیچ فەرمانگە و دامەزراوەیەک جیاوازی لەنێوان هاووڵاتییاندا بکرێت لەسەر ئینتیمای حیزبی و هەڵوێستی سیاسی.

ئاماژەی بەوەشکردوە؛ لە بەرانبەردا هەمووان دەزانن کە لە شوێنەکانی دیکە چۆن غەدر لە یەکێتییەکان و لایەنەکانی دیکەش دەکرێت.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت؛ لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەی شارە جوانەکەی رواندز رایگەیاند؛ ئەم یەکێتییەی ئێستا غەدر قبوڵ ناکات و لەسەر هەر غەدر و ناحەقییەک بەرانبەر بە هەڤاڵەکانی بکرێت دێنە وەڵام و کاردانەوەیان دەبێت.

جەختیشیکردوەتەوە، ئەوان وەک یەکێتی پێیان وایە، ئەگەر نەتوانن هەڤاڵ و ئەندامەکانی خۆیان بپارێزن، ناشتوانن نوێنەرێکی شایستەی خەڵکی کوردستان بن و داکۆکی لە مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان بکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق لەناوجەرگەی پایتەخت سەردانی مۆزەخانەی بەغدادیی کرد لەشەقامی رەشید و گەشتێکی کرد بەنێو راڕەوەکانیدا بۆ روانین لەگەنجینە مێژوویی و چیرۆکی وێنەیی روداوەکان و ئەو دیمەنانەی کەڕەنگدانەوەی پیشە نەریتی و میللیەکانی مێژووی ئەو شارە دەردەخەن.

خانمی یەکەم، بەیاوەری باسم محەمەد عنێزی بەڕێوەبەری کاروباری گەشتیاری و مۆزەخانەی بەغدادی، چەند وێستگەیەکی کلتوریی لەچەند ساتەوەختێکی بەغداد و شێوازی ژیانی نەریتی و کلتوری بەسەرکردەوە؛ کەچەند دیمەنێکی دوکان و بازاڕی پیشەگەرە میللیی و خۆماڵییەکان و پیشە دەستیەکانی جارانی بەغدادی لەخۆگرتبوو. 

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد مۆزەخانەکەی بەپێویستییەکی نیشتمانی وەسفکرد بۆ پاراستنی کلتوری میللی و پاراستنی میراتی رۆشنبیری و پیشاندانی پەیوەندی ناسنامە و یادەوەری و ئینتیما و رۆشنگەری، سەرباری ڕۆڵی گرنگی لەگەشەسەندنی کۆمەڵگە لەسەر هوشیاری و شانازی بەبەها شارستانییەکانەوە. 

دەستخۆشی لەو هەوڵانە کرد کەگیراونەتە بەر بۆ پاراستنی شتومەکە دێرینە ڕەسەنەکانی نێو مۆزەخانەکە، کەئاماژەیەکی روونە بۆ ئاستی گرنگیدان بەکلتور و فەرهەنگ و وێنایەکی راستەقینەی چەند لایەنێکی مێژووی شار دەردەخات، هەروەک ئاماژەشی بەپێویستی ئەنجامدانی کاروبارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاکسازی چەند بەشێکی مۆزەخانەکە کرد بەئامانجی پاراستنی ئەم شوێنەوارە گەشتیارییە گرنگە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزەکانی روسیا دوای پێنج مانگ وەستانی جومجوڵی سەربازی، گەشتە سەربازییەکانیان لە نێوان بنکەی ئاسمانی حمەیمیم لە سوریا و بنکەی ئاسمانی ئەلخەدیم لە رۆژهەڵاتی لیبیا دەستپێکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی نۆڤای ئیتاڵی بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی روسی لە بنکەی ئاسمانی ئەلخەدیمەوە بەرەو بنکەی ئاسمانی حمەیمیم لە پارێزگای لازقییە رۆشتوە، کە ناوەندی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکانی روسیایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

تا ئێستا نازانرێت ئەو فڕۆکەیە چی تێدابووە، بەڵام زیاتر لە پێنج مانگە روسیا هیچ جموجوڵێکی ئاسمانی لە بنکەی ئاسمانی حمەیمیم لە لازقییە ئەنجام نەداوە.

دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان دوای ماوەیەکی کەم لە سەردانەکەی ئەحمەد شەرع،  سەرۆکی کاتی سوریا دێت بۆ مۆسکۆ کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئەنجامیدا و بەڵێنی بە پوتن دا رێککەوتنەکانی سەردەمی بەشار ئەسەت دەپارێزێت.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی و سەرخستنی لیستی 222 تاوتوێکرا و سوپاس و پێزانینی بێپایان ئاڕاستەی کۆمەڵانی خەڵک و چین و توێژەکان کرا لە بەرامبەر بەشداریی کارایان لە کەرنەڤاڵەکاندا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی و پێزانین ئاڕاستەی سەرجەم هەڤاڵانی یەکێتی لە بازنە و ئۆرگانەکان کرا کە خەمخۆرانە و وەفادارانە بۆ رێبازی سەرۆک مام جەلال و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک لە ئەرکدان، هەروەها تەواوی هەڤاڵانیش راسپێردران بەرنامە و کارەکانیان زیاتر بخەنە خزمەتی گشتی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، هەر بەڵێنێکمان بەخەڵکە خۆشەویستەکەی خۆمان دابێت جێبەجێی دەکەین، چونکە یەکێتی هێزی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و بەدیهێنانی خواستی هاونیشتمانییانە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...224225226227228...1076