قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانیدا پێداچوونەوەیەکی گەورەی بەخۆیدا کردووەتەوە و ئێستا سەرکردایەتییەکەی "زیاتر لەهەر کاتێکی تر یەکدەنگ و یەکهەڵوێستە" و سیاسەتەکانی رەنگدانەوەی ویستی جەماوەرەکەیەتی.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بازنەکانی هەریر و خەلیفان، قوباد تاڵەبانی دانی بەوەدا نا کە تا چەند ساڵێک لەمەوبەر، جەماوەر و کادرانی یەکێتی "بە حەق گلەیی و رەخنەیان لە حیزبەکەیان هەبوو."
رونیکردەوە: "ئەیانوت بۆچی سەرکردایەتییەکەی یەکدەنگ و یەکهەڵوێست نییە، ئەیانوت بۆچی ئەو سەرکردایەتییە لە جەماوەرەکەی دوورکەوتووەتەوە."
تاڵەبانی جەختی کردەوە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا، لەژێر رۆشنایی رەخنەی جەماوەردا، یەکێتی پێداچوونەوەیەکی گەورەی بەخۆیدا کردووەتەوە و وتی: "قەت سەرکردایەتیی یەکێتی وەک ئێستا یەکدەنگ و یەكهەڵوێست نەبووە. ئێستا سیاسەت و بڕیاری یەکێتی رێک بڕیار و هەڵوێستی کادران و جەماوەرەکەیەتی."
ناوبراو دووپاتیکردەوە کە ئەمە کۆتایی پرۆسەکە نییە و وتی: "هەر بەمەش ناوەستین، بڕیاری کاک بافڵ و سەرکردایەتییە کە پێداچوونەوەی زیاتر بە رێکخستنەکاندا دەکرێت بۆ ئەوەی دەرفەتی هیچ بۆشاییەک نەمێنێت و هەمووان هەست بە کاریگەریی خۆیان بکەن."
لە کۆتاییدا، قوباد تاڵەبانی وتی: "یەکێتی بڕیاری داوە حیزبی خەڵک بێت و خەڵک لە کوێ بێت، یەکێتی لەوێ دەبێت."
لە چوارچێوەی پرۆسەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان ئیدارەی خۆسەری و لیژنەی ئەمنی و لیژنەی کۆچ و کۆچەرانی پەرلەمانی عیراق، ئەمڕۆ 279 خێزانی تری عیراقی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ عیراق.
ئەمڕۆ دووشەممە، کاروانێکی نوێ کە لە 249 خێزان پێکهاتوون و ژمارەیان نزیکەی 840 هاووڵاتییە کە ژن و پیاو و منداڵیش لەخۆدەگرن، لە کەمپی هۆڵەوە دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی جادە لە پارێزگای نەینەوا و گواستنەوەکە لەژێر چاودێری ورد و چڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا ئەنجام دەدرێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە 13هەمین کاروانی هاووڵاتییە عیراقییەکانە و لە ساڵی (2021)یشەوە 30 هەمین کاروانە کە کەمپی هۆل بەجێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە بۆ نیشتمانەکەیان.
کەمپی هۆڵ، کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە سەرپەرشتی دەکرێت، 45 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەوە دوورە، گەورەترین کامپی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوایە و بە دەیان هەزار ژن و منداڵی چەکدارانى داعشیان تێدایە لەرەگەزنامە و ناسنامەى جیاوازی جیهانن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، زیاتر لە ٪60 منداڵن و لەژێر دەسەڵاتی داعشدا لەدایکبوون و بێ ناسنامەن، ئەو کامپە لەئێستادا بە یەکێک لە مەترسیدارترین شوێنەکانی دنیا دادەنرێت.
بڕیارە سبەی سێشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی فراواندا لە شاری کەرکوک وتارێکی گرنگ پێشکەش بکات.
کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەرنەڤاڵەکە بۆ پشتیوانیکردن لە لیستی ژمارە (٢٢٢)ی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنەکان لەژێر دروشمی "هێزی تۆین لە بەغداد" بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، چالاکییەکە کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، رێکەوتی 28ی تشرینی یەکەمی 2025، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە شاری کەرکوک بەڕێوەدەچێت و تێیدا سەرۆکی یەکێتی وتارەکەی پێشکەش دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە راگەیاندنەکەی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، سەبارەت بە تاقیکردنەوەی موشەکێکی کروزی ئەتۆمی "نەگونجاو" بووە.
ترەمپ داوای لە پوتین کرد کە لەبری تاقیکردنەوەی چەک، کار بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراین بکات.
ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی وت: "پێویستە کۆتایی بە شەڕەکە (لە ئۆکراین) بهێنێت. ئەو شەڕەی کە وا دانرابوو تەنها یەک هەفتە بخایەنێت، ئێستا نزیک دەبێتەوە لە ساڵی چوارەمی. ئەوەیە کە دەبێت بیکات، نەک تاقیکردنەوەی موشەک."
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو موشەکەی کە مۆسکۆ دەڵێت 14 هەزار کیلۆمەتری بڕیوە، ترەمپ وتی ئەمریکا پێویستی بەوە نییە موشەکی وا دوورهاوێژ بێت، چونکە "ژێردەریاییەکی ئەتۆمیی لە کەناراوەکانی روسیا هەیە."
وتیشی: "ئەوان دەزانن کە ئێمە بەهێزترین ژێردەریایی ئەتۆمیی جیهانمان لە کەناراوەکانیان هەیە، بۆیە پێویست ناکات 8 هەزار میل (نزیکەی 14 هەزار کیلۆمەتر) ببڕیت."
سەبارەت بە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیادا، ترەمپ تەنها وتی: "دەبینین چی ڕوودەدات."
رۆژی یەکشەممە، ڤلادیمیر پوتن رایگەیاند کە وڵاتەکەی دوا تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی بۆ موشەکی "بورڤێستنیک" ئەنجامداوە، کە بە وتەی خۆی مەودایەکی "بێ سنوور"ی هەیە.
ڤالێری گێراسیمۆڤ، سوپاسالاری روسیا، بە پوتنی راگەیاندبوو کە موشەکەکە لە تاقیکردنەوەکەیدا بۆ ماوەی نزیکەی 15 سەعات لە ئاسماندا ماوەتەوە و 14 هەزار کیلۆمەتری بڕیوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمە ئەوپەڕی توانای مووشەکەکە نییە.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان
ترەمپ چەندین جار بەڵێنی داوە کە ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، بە خێرایی کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین دەهێنێت. رۆژی شەممە رایگەیاند کە "کاتی خۆی بەفیڕۆ نادات" بۆ رێکخستنی دیدارێکی نوێ لەگەڵ پوتن، مەگەر مۆسکۆ جددی بێت لە گەیشتن بە رێککەوتنێک.
رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل رایگەیاند کە بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل بە یاسادانەرانی ئیسرائیلیان راگەیاندووە کە هێزی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی سەقامگیرکردنی غەززە پێدەچێت سەربازانی پاکستانیش لەخۆ بگرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردوەتەوە، پاکستان یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی پێکدەهێنن لە غەززە و پاراستنی کەرتەکەیان پێدەسپێردرێت.
جگە لە رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ماڵپەڕی هەواڵی ئیسرائیلی یەنیتیش بڵاویکردەوە، ئەندامانی لیژنەی کاروباری دەرەوە و بەرگری پەرلەمانی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا ئاگادارکراونەتەوە کە "هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی" لە سەربازانی ئەندەنوسیا، ئازەربایجان و پاکستان پێکدێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، تورکیا ویستیەتی ببێتە یەکێک لەو هێزانەی کە سەقامگیری غەززەیان پێدەسپێردرێت و لایخۆیەوە ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک ئەوەی رەتکردەوە و رایگەیاند ئەمەریکا ئاگادارە ئێمە ڕێگە بە تورکیا نادەین هێز بنێرێتە غەززە.
مەبەست لە "هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە"، بە گوێرەی راپۆرتە میدیاییەکانی ئیسرائیل، سەقامگیرکردنی دۆخی ئەمنی و سیاسی کەرتی غەززەیە لە دوای شەڕ و یارمەتیدانی ئیدارەی کاتی ناوچەکەیە، بەڵام هێشتا وردەکارییەکان سەبارەت بە پێکهاتە و ئەرکی ورد و سەرکردایەتی ئەو هێزە ئاشکرا نەکراون و دانوستانەکان بەردەوامن.
ئەندەنوسیا بە ئاشکرا پێشنیازی ناردنی هێزی سەربازیی بۆ ئەو نوێنەرایەتییە کردووە، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بە رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلیان راگەیاندووە، ئازەربایجانیش رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ناردنی هێزەکانی، بەڵام تا ئێستا ئەگەری بوونی سەربازانی پاکستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە ئاشکرا نەکراوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، زۆرێک لە وڵاتان پێشنیازی بەشداریکردنیان لە هێزی ئەمنی نێودەوڵەتی بۆ غەززە کردووە، کە بە وتەی ئەو بەشێکی سەرەکییە لە پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکدا رایگەیاند کە دابەشبوونی دەنگی ناڕازیی هاووڵاتیان تەنها لە بەرژەوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بووە، و داوای لێکردن لەبری پەرتەوازەبوون، دەنگ بدەن بە یەکێتی بۆ ئەوەی هێزێکی گەورە دروست ببێت کە کۆتایی بە پەراوێزخستن و نادادپەروەری بهێنێت.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا کە لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، دانی بەوەدا ناوە کە "رێژەیەکی گەورەی خەڵک ناڕازین لە شێوازی ئیدارەدان و حکومڕانی، ناڕازین لەبەر پەراوێزخران و نادادپەروەری."
ئاماژەی بەوەشکردووە کە زۆرینەی ئەم خەڵکە لە رابردوودا بنکەی جەماوەریی یەکێتی بوون، بەڵام بەشێکیان بەهۆی "خەمساردی و بێ بەرنامەیی و ناکۆکی ناوخۆیی" یەکێتییەوە هیوابڕاو بوون.
تاڵەبانی رونیکردووەتەوە کە "ئەم دابەشبوونەی خەڵکی ناڕازی تەنها لە بەرژەوەندیی پارتیدا بووە، چونکە پارتی نایەوێت هێزێکی گەورە لە بەرامبەر خۆیدا ببینێت و ستۆپی پێ بکات و پێی بڵێت رێگە نادەم خەڵک لەبەر هەڵوێستیان پەراوێز بخرێن."
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی هیران و باسرمە جەختی کردەوە کە ئەگەر پێشتر لە یەکێتی ناڕازی بوون، "ئێستا یەکێتی هێزێکی تۆکمە و خاوەن بەرنامەیە" و سازش لەسەر داواکارییەکانی خەڵک ناکات.
لە کۆتاییدا، قوباد تاڵەبانی پرسیارێکی ئاراستەی خەڵکی ناڕازی کردووە: "ئایا باشتر نییە لە جیاتی دابەشبوون یان بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، بە دەنگی خۆیان ئەو حیزبە بەهێزتر بکەن کە هێزی پێویستی هەیە لە کوردستان کۆتایی بە پەراوێزخستن بهێنێت و لە بەغداش کێشەکان چارەسەر بکات؟"
دادگای تاوانەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە، سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو تۆمەتبار دەرکرد کە لە ساڵی 2024دا لە کاتی ئەرکدا کارمەندێکی پۆلیسیان بە ناوی رزگار ئەحمەد حەسەن شەهید کردبوو.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، شەوی 21ی کانوونی دووەمی 2024، مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بەمەبەستی دەستگیرکردنی تاوانبارێک بە ناوی (ر،ح، ق) کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو، دەرچوون.
پۆلیس رایگەیاندووە، "دوای روبەروبوونەوەیەکی قورس، تاوانباری ناوبراو دەستگیرکرا، بەڵام لەلایەن تاوانبارێکی ترەوە بە ناوی (ژ، س، ح) تەقە لە مەفرەزەکەی پۆلیس کرا."
لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا، کارمەندی پۆلیس (رزگار ئەحمەد حەسەن) شەهید بوو و ئەفسەرێکی دیکەی هەمان بەش بریندار بوو. دواتر تاوانباری دووەم (ژ، س، ح) کە هەڵاتبوو، دوای ماوەیەکی کەم دەستگیرکرا.
وردەکاریی بڕیارەکەی دادگا
ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای تاوانەکانی 3ی سلێمانی، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، سزای لەسێدارەدانی بۆ هەردوو تاوانبار (ژ، س، ح) و (ر،ح، ق) دەرکرد.
ژیاننامەی شەهید رزگار:
شەهید رزگار ئەحمەد حەسەن لە ساڵی 1980 لە ناوچەی گەرمیان لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر لەدایکبووە و یازدەیەمین شەهیدی خانەوادەکەیەتی. لە ساڵی 1996ـەوە پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ هێزەکانی پۆلیس. بۆ ماوەی 11 ساڵ تا کاتی شەهیدبوونی، لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی لە ئەرکدا بووە و بە پۆلیسێکی دڵسۆز و چالاک ناسرابوو.
دوای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند کە هێزەکانی لە تورکیا دەکشێنێتەوە، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی، تولای هاتیمۆغوڵاری و تونجەر باکرهان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە رایانگەیاند کە قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە کۆتایی هاتووە و جەختیان کردەوە کە "بڕیاری ئاشتیمان تاهەتایەیە."
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، ئاماژەی بەوە کرد کە دوای راگەیەندراوەکەی پەکەکە بۆ گواستنەوەی پرۆسەکە بۆ قۆناغی دووەم، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە هەنگاوی یاسایی و سیاسی بەرەو ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی بچن.
باکرهان وتی: "ئێستا لە قۆناغی دووەمی گرنگترداین. ئەم قۆناغە هێندەی قورسییەکەی، مانادارە. پێویستە پەرلەمان ئەم دۆخە ئاسانتر بکات و پەرەی پێبدات. دەبێت رێکخستنی یاسایی بۆ ئەم قۆناغە گواستنەوەیە بکرێت، چونکە ئەمانە تەنها رێکخستنی تەکنیکی نین، بەڵکو بناغەی ئاشتیش دەبن."
هاوسەرۆکی دەم پارتی بڕیارەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد و رایگەیاند، "ئەو بڕیارە هیوای 86 ملیۆن کەس بوو. دەرگایەک کراوەتەوە و پێویستە سوودی لێ ببینین."
هەروەها بانگەوازی ئاراستەی هەموو لایەنەکان کرد و وتی: پێویستە هەموو لایەک بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و دەبێت میدیا واز لە زمانی زبر بهێنێت و بە زمانی ئاشتی قسە بکات.
لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە: "بە هیچ شێوەیەک واز لە ئاشتی ناهێنین، با هەموو کەسێک ئەمە باش بزانێت."
کۆریای باکور، رۆژی دووشەممە، رەخنەی توندی لە هەنگاوە نوێیەکانی ژاپۆن بۆ پڕچەککردن و بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی گرت و هۆشداریی دا کە ئەم کارانە لەوانەیە تۆکیۆ بکاتە ئامانجی تۆڵەسەندنەوەیەکی بەهێزی وڵاتانی دراوسێ.
رۆژنامەی "رۆدۆنگ سینمون"، کە بەربڵاوترین رۆژنامەی کۆریای باکوورە، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئەم هۆشدارییەی بڵاوکردەوە. رۆژنامەکە ئاماژەی بە چەند هەنگاوێکی نوێی ژاپۆن کردووە، لەوانە:
خستنەگەڕی شەشەمین ژێردەریایی هێرشبەری جۆری "تایگی".
بەرهەمهێنانی بەرفراوانی موشەکی پێشکەوتووی جۆری "12ی روبەر بۆ کەشتی".
پلانەکانی دیکە بۆ بەهێزکردنی بەرگری.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی یۆنهابی کۆریای باشور، رۆژنامەکەی پیۆنگیانگ نووسیویەتی، ئەم چەکانە ئامرازن بۆ "لێدانی پێشوەختە" و مەوداکانیان سنووری ژاپۆن تێدەپەڕێنێت و دەگاتە وڵاتانی دیکە.
رۆژنامەکە پەرەپێدانی ئەم چەکانەی بە کارێکی "مەترسیدار" لەلایەن "وڵاتێکی تاوانباری پێشووی جەنگ" وەسف کردووە و هۆشداریی داوە کە "ئەمە تەنها وا دەکات دوورگەکانی ژاپۆن ببێتە ئامانجێکی هاوبەش بۆ تۆڵەکردنەوەیەکی بەهێزی وڵاتانی دراوسێی."
هەروەها، رۆژنامەکە تۆکیۆی بەوە تۆمەتبار کردووە کە بە بیانووی "هەڕەشەی" دراوسێکانی، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات و خێرایی پێدەدات، کە ئەمەش وەک نمایشێکی ئاشکرای دەستدرێژیکاری لێکداوەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە ژاپۆن کە دووەم وێستگەی گەشتە ئاسیاییەکەیەتی. چاوەڕوان دەکرێت لەم گەشتەیدا لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆببێتەوە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو جەنگە بازرگانییەی لەنێوان دوو گەورەترین ئابووریی جیهاندا هەیە.
بڕیارە ترەمپ لە تۆکیۆ لەگەڵ ئیمپراتۆر نارۆهیتۆ و دواتریش رۆژی سێشەممە لەگەڵ سانای تاکایچی، سەرۆک وەزیرانی نوێی ژاپۆن کۆببێتەوە. ترەمپ رایگەیاند کە "شتە مەزنەکانی" لەبارەی تاکایچییەوە بیستووە و ستایشی ئەوەی کرد کە کەسێکی نزیکی شینزۆ ئابی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تیرۆرکراوی ژاپۆن بووە، کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵیدا هەبوو.
لەلایەن خۆیەوە، تاکایچی ئاشکرای کرد کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ترەمپی وتووە، "بەهێزکردنی هاوپەیمانیی نێوان ژاپۆن و ئەمریکا لەپێشینەی کارەکانی ئیدارەکەی من دەبێت لە روی دیپلۆماسی و ئەمنییەوە."
ترەمپ گەشتە ئاسیاییەکەی دوێنێ لە کوالالامپوری پایتەختی مالیزیاوە دەستپێکرد. لەوێ، چاودێریی ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان تایلاند و کەمبۆدیای کرد و بە "هەنگاوێکی گەورە" وەسفی کرد. هاوکات رایگەیاند کە "گرێبەستێکی گەورەی بازرگانی لەگەڵ کەمبۆدیا و رێککەوتنێکی زۆر گرنگی لەبارەی کانزا دەگمەنەکانەوە لەگەڵ تایلاند" ئەنجام داوە.
هەروەها ترەمپ و ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا، رێککەوتنێکی بازرگانییان ئیمزا کرد کە دەرفەتی زیاتر بە ئەمریکا دەدات بۆ دەستڕاگەیشتن بە کانزا دەگمەنەکان.
چاوەڕوان دەکرێت کۆریای باشوور گرنگترین وێستگەی گەشتەکەی ترەمپ بێت، چونکە لەوێ بۆ یەکەمجار لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، لەگەڵ سەرۆکی چین کۆدەبێتەوە. ترەمپ رۆژی چوارشەممە دەگاتە شاری بوسان بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی (APEC) و لەگەڵ لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوریش کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی نیشاندا سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییە بازرگانییەکان و بە رۆژنامەنووسانی وت، "پێموایە دەگەینە رێککەوتن." لەلایەن خۆیەوە، چین دووپاتی کردەوە کە گەیشتوونەتە "لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی" لەگەڵ ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی کێشە بازرگانییەکانیان.
وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو 193فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینمان لە پارێزگاکانی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکەیان خستووەتە خوارەوە، کە 34 دانەیان مۆسکۆی پایتەختیان کردبووە ئامانج.
ئەم هێرشە درۆنییە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی کیێڤ بەشێوەیەکی رۆژانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک ناوچەکانی باشوری رۆژئاوای روسیا دەکەنە ئامانج. لە بەرامبەردا، سوپای روسیا لە پێشڕەوییەکانی لە هەموو میحوەرەکانی جەنگ بەردەوامە.
پێشتر ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، جەختی لەسەر پێویستیی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کردبووەوە. ئامانجی ئەم فراوانکردنە بریتییە لە دوورخستنەوەی هێزەکانی کیێڤ لەو خاکانەی روسیا کە دەکەونە مەودای ئەو موشەک و چەکە ڕۆژئاواییانەی ئۆکراین بۆ هێرشکردنە سەر روسیا بەکاریاندەهێنێت.
قوباد تاڵەبانی دەلێت: یەکێتی بە دەنگی خەڵک باشتر دەتوانێت کێشەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا چارەسەر بکات.
قوباد تاڵەبانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئەم وێنانەی بڵاوکردوەتەوە و نوسیوویەتی: لە هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە رۆڵی خێریان بینیوە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و هەروەها هاندان و رێنیشاندانی کۆمەڵگا بۆ گرتنەبەری هەڵوێستی دروست، هەڵوێستێک کە لە بەرژەوەندی و خێری گشتیدا بێت، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆڵەکەکانی پاراستنی کۆمەڵگەی کوردستانن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆشحاڵ و شەرەفمەند بووم بە دیداری ژمارەیەک لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی شاری هەولێری خۆشەویست، بۆم روونکردنەوە کە بۆچی لەم هەڵبژاردنەدا لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە کە پێگەی یەکێتی لە بەغدا بەهێزتر بکرێت، داواشم لێکردن پێگە و قسەڕۆیشتوویی خۆیان بەکاربهێنن بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و دەنگدان بە یەکێتی، چونکە یەکێتییەکی بەهێز و پشبەستوو بە دەنگی خەڵک باشتر دەتوانێت کێشەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغدا چارەسەر بکات و داکۆکی لە مافە رەوا و دەستورییەکانمان بکات.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لەکۆشکی سەلام لەشاری بەغداد چاویکەوت بەژمارەیەک لەهونەرمەند و ئەکتەرە دیارەکانی بواری نواندن لە عیراقدا.
لەو دیدارەدا کەچەند کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتیش ئامادەیبوون، خانمی یەکەم باسی لەو رۆڵە دیار و بەرچاوە کرد کەهونەرمەندان دەیبینن لەناساندنی رۆشنبیری و کلتوری وڵات و گەیاندنی پەیامی هونەری گەلان و نەتەوە جیاکان لەڕێی دراما و زنجیرەی تەلەفزیۆنی و شانۆییەکانەوە ، کەڕەنگدانەوەی واقعی کۆمەڵایەتی و مێژوویی و رۆشنبیری کۆمەڵگەیە و ناسنامەی عیراق و کەلەپورە دەوڵەمەندەکەی دەردەخات، هەروەک دیداری هونەرمەندان و ئەکتەرەکانیشی بەدەرفەتێک زانی بۆ سوپاسگوزاری و رێزلێنان لەکاروانی هونەرمەندان و بەخشینەکانیان، لەپشتیوانی و بەرەوپێشبردنی هونەر لەم وڵاتەدا.
هاوکات شاناز ئیبراهیم ئەحمەد باسی لەگرنگی دۆبلاژکردن و وەرگێڕانی زنجیرەی تەلەفزیۆنی و دراماکانی کرد لەعەرەبیەوە بۆ کوردی و بەپێچەوانەشەوە لەجیاتی پەنابردنە بەر فیلم و درامای بیانی کەهەندێکیان لەگەڵ پێودانگەکانی خێزان و داب و نەریتی کۆمەڵگەدا ناگونجێت، هەروەها بەگرنگیشی زانی کە کەناڵە ئاسمانییەکان گرنگی بدەنە پەخشکردنی بەرهەمی هونەری و دراما خۆماڵییەکان لەپێناو پشتیوانیکردنی هونەرمەندان و پیشاندانی وێنایەکی راستەقینە دەربارەی ژیانی هاوڵاتیانی عیراق.
هەروەک لەدیدارەکەدا تاوتوێی پێشنیازێک کرا دەربارەی گرنگیدان بە رێکخستنی دیدار و سەردانی مەیدانی بۆ پارێزگا جیاکان لەپێناو لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکان و ئاڵوگۆڕی کلتوری و کاری هاوبەش لەو درامایانەی کە روناکی دەخەنە سەر داب و نەریت، شێوە زارەکان، هونەری میللی، کەناسنامەی کلتوری بەهێزدەکات و وابەستەیی نیشتمانیی لەنێوانی نەتەوە جیاکان دروست دەکات و برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوانی تاکەکانیدا پەرە پێدەدات و کۆی ئەمانەش دەکاتە بەشێک لەیادەوەری نەوەکانی ئایندە.
لای خۆیانەوە هونەرمەند و ئەکتەرە ئامادەبووەکان، سوپاسی خانمی یەکەمی عیراقیان کرد بۆ بەدواداچون و گرنگیدانی بەهونەرمەندان و چالاکیەکانیان و پەرۆشیی بۆ بەردەوامی کارە هونەرییەکان لەوڵاتدا.
لەنێو هونەرمەندە ئامادەبووەکاندا، فاتمە روبەیعی و زهرە روبەیعی خوشکی، و محەمەد حسێن عەبدولرەحیم و ئیناس تاڵب و ئیحسان دعدوش و مەحمود ئەبو عەباس و لەیلا محەمەد و هیند کامل و فەوزیە حەسەن و محەمەد هاشم، هەبوون.
ئیسرائیل جەختدەکاتەوە وڵاتەکەی ئەو هێزە نێودەوڵەتییانە دیاری دەکات کەدێنە ناو خاکی غەززە و وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت: دەبێت ئیسرائیل ئاسودە بێت.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، بڕیار لەسەر سیاسەتی ئەمنی خۆی و ئەو هێزە نێودەوڵەتییانە دەدات کە قبوڵیان دەکات بۆ کارکردن لە کەرتی غەززە و بێنە ناوچەکە.
وتیشی، کۆنترۆڵی ئاسایشی خۆیان دەکەن هەروەها بە هێزە نێودەوڵەتییەکانیان راگەیاندووە، ئیسرائیل بڕیار لەسەر ئەو هێزانە دەدات کە لای ئەوان پەسەند نین، و ئەمە شێوازی هەڵسوکەوتکردنی ئەوانە و بەو شێوازەش بەردەوام دەبن لە کارکردن.
ناتانیاهۆ ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کارەی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە پەسەند کراوە، وەک چۆن نوێنەرە باڵاکانی لە چەند رۆژی رابردوودا ئاماژەیان پێداوە.
لەبەرانبەردا مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاند، ئیسرائیل دەبێت "ئاسوودە بێت" بە بەشداربووانی هێزی نێودەوڵەتییە چاوەڕوانکراوەکان کە بڕیارە لە غەززە جێگیر بکرێت.
بەپێی ئاگربەستێک کە بە نێوەندگیری ئەمریکا لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا ئەنجامدرا، چاوەڕوان دەکرێت هێزێک کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەندامانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پێکدێت لە کەرتی غەززە جێگیر بکرێت.
هاوکات بەپێی قۆناغەکانی داهاتووی پلانەکە؛ کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاز کرابوو بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە، بریتین لە چەکدانانی حەماس، جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایش، و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ یەکێتی بە ١٨ کورسییەوە بەتەنها لە هەمو لایەنەکانیتر پێگەی بەهێزتر بووە و دەبێت کاربکرێت بۆ زیاتر کردنی کورسییەکانی یەکێتی بۆ ئەوەی پێگەی یەکێتی بەهێزتر بێت، تا باشتر کێشەکان چارەسەر بکات وداواشیکردوە تەواوی هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی هانی خەڵکی بدەن دەنگ بە یەکێتی بدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، قوباد تاڵيبانی رایگەیاندوە؛ دوێنێ سەرۆک بافڵ لە کۆیە راستییەکی روونکردەوە کە وتی یەکێتی لە چەند ساڵی رابردوودا بە ١٨ کورسییەوە، بە تەنها قورسایی و پێگەی لە هەموو لایەنەکانی دیکە زیاتر بوو و کاری زیاتری کرد.
دەشپرسێت؛ ئەی ئەگەر ئەمجارەیان ژمارەی کورسییەکان زۆر زیاتر بکات، دەبێت یەکێتی چەندە بەهێزتر و کاریگەرتر کار بۆ چارەسەری کێشەکان بکات؟
ئەوەشی خستوەتەڕوو؛ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەی ١٢ی عەنکاوە و کوران رایگەیاندوە پێویستە خەڵکی ناڕازیی هەولێر و یەکێتییەکان لەم هەڵبژاردنەدا پێگەی یەکێتی لە بەغدا بەهێزتر بکەن.
داوای لە هەڤاڵانی یەکێتیش کردوە؛ لەم دوو هەفتەیەدا هەوڵ بدەن زۆرترین خەڵک هان بدەن بۆ دەنگدان بە یەکێتی، چونکە بە راستی ئەوەی لە بەغدا دەتوانێت و دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکات، یەکێتییە و بەس.