سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری نوێی عیراق کرد و تێیدا هاتووە: هیوادارم بە دیدگای حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال ببێتە پارێزەری دەستوور و مافە رەواکانی گەلی کورد

دەقی پەیامەکە: 

لەناخی دڵەوە جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی گەرمتان لێ دەکەین بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێز نزار ئامێدی وەک سەرۆک کۆماری عێراق، متمانەبەخشین بە جەنابتان بۆ ئەم پۆستە باڵایە، نیشانەی لێهاتوویی و ئەزموونی دەوڵەمەندی ئێوەیە لە کایەی سیاسی و کارگێڕیدا، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سیاسەتێکی راست، درووست و رۆڵی لە دنیای کایەی سیاسی عێراقدا.

ماندووبوون و هەوڵە چڕە دیبلۆماسییەکانی بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی دانووستکار و فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرزدەنرخێنین و بەڕیز بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەم سەرکەوتنەی لەم بارودۆخە ناهەموارەدا خستە پاڵ سەرکەوتنەکانی دیکەی.

ئومێدەوارین بەڕێز نزار ئامێدی، فەخامەتی سەرۆک کۆمار لەم ئەرکە نیشتمانییە نوێیەدا، بە هەمان دیدگەی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال، ببێتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتە جیاوازەکان، پارێزەری دەستوور، مافە رەواکانی گەلی کورد و خزمەتکردنی زیاتر بە وڵات، پاراستنی یاسا و یەکگرتوویی نیشتیمانی سەرجەم گەلانی عێراق.

دامەزراوەکەمان هەمیشە پشتیوانی هەر هەنگاوێکی جەنابی فەخامەتی سەرۆک کۆمار دەبێت کە خزمەت بە سەقامگیری، پێکەوەژیان و گەشەپێدانی وڵات بکات.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەین و هیوای سەرکەوتنان بۆ دەخوازین.

باڵیۆز، د. محەمەد سابیر

سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی