کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و کۆتایی بە رەشەبا دێت، خێرایی با دەگاتەوە 5 بۆ 10 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، سبەینێش لە ئێوارەدا ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو.
لەبارەی پلەکانی گەرماوە کەشناسی ئاماژەی بەوەداوە، پلەکان نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ و بە جێگیری دەمێننەوە، بەرزترین پلەش لە گەرمیان تۆمار دەکرێت کە 18 پلەیە و نزمترینیش لە سلێمانی دەبێت کە 14 پلەیە.
سەبارەت بە سبەینێ یەکشەممە، کە دەبێتە یەکەم رۆژی وەرزی زستانی ئەمساڵ (21ـی کانوونی یەکەم)، سەرەتا ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو و خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ:
گەرمیان : 18 پلە
هەولێر : 17 پلە
کەرکوک : 17 پلە
زاخۆ : 17 پلە
دهۆک : 16 پلە
هەڵەبجە : 16 پلە
سلێمانی : 14 پلە
وەزارەتی داد-ی ئەمریکا بەشێکی نوێی لە بەڵگەنامە چاوەڕوانکراوەکانی تایبەت بە دۆسیەی "جێفری ئێپستاین"، ملیاردێری کۆچکردووی ئەمریکا بڵاوکردەوە، کە وردەکاریی نوێ و شۆکهێنەری تێدایە و پێدەچێت دەرهاویشتەی سیاسیی لێبکەوێتەوە.
شاردنەوەی ناوی 254 "مەساجکەر"
لەو کۆمەڵە بەڵگەنامە زۆرەی کە بڵاوکراونەتەوە و قەبارەکەیان دەگاتە 3 گێگابایت، حەوت لاپەڕە هەن کە تێیدا ناوی 254 "مەساجکەر" هاتووە، بەڵام بە پاساوی "پاراستنی زانیاریی قوربانییە ئەگەرییەکان" سەرجەم ناوەکان بە رەش داپۆشراون و شاراوەن.
کلینتۆن بە عەزی و پێڵاوی پاژنە بەرزەوە:
یەکێک لە سەیرترین ئەو بەڵگانەی ئاشکرا بوون، وێنەیەکە کە لە شوقەکەی ئێپستاین لە مانهاتن هەڵواسراوە و تێیدا بێڵ کلینتۆن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بە عەزییەکی رەنگ شین و پێڵاوی پاژنە بەرزەوە دەردەکەوێت.
هەروەها لە بەڵگەکاندا وێنەی کلینتۆن بڵاوکراوەتەوە کە پشوویەک لەگەڵ ئێپستاین و گیسلێن ماکسوێڵ و ژنێکی نەناسراودا بەسەر دەبات.
لە بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکاندا، وێنەیەکی جێفری ئێپستاین لەگەڵ مایکڵ جاکسۆن، ئەستێرەی پۆبی جیهانی دەردەکەوێت. هاوکات وێنەیەکی دیکەی ئێپستاین بڵاوکراوەتەوە کە بە "شەوقەوە" سەیری کێکێک دەکات کە لەسەر شێوەی سنگی ژن دروستکراوە.
ترەمپ و یاسای بڵاوکردنەوەکان:
سەبارەت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ناوی لە دەفتەرێکی پەیوەندییەکاندا هاتووە کە لەناو دۆسیەکەدا دۆزراوەتەوە، بەڵام روون نییە دەفتەرەکە هی کێیە.
بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی ترەمپ بۆ ماوەی چەند مانگێک پرۆسەی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکانی دواخستبوو، بەڵام دواجار لەژێر فشاری کۆنگرێسدا مانگی رابردوو یاسایەکی ئیمزا کرد کە پابەندی دەکات بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان.
تۆد بلانچ، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی داد و پارێزەری پێشووی ترەمپ رایگەیاند، وەزارەتەکە دەسەڵاتی تەواوی هەیە لە شاردنەوەی ناو و زانیارییە هەستیارەکان بۆ پاراستنی سەدان قوربانیی ئێپستاین.
ململانێی دیموکراتەکان:
ئەم شێوازە لە بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان توڕەیی دیموکراتەکانی لێکەوتووەتەوە؛ چاک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران دەڵێت یاساکە روونە و دەبێت "هەموو بەڵگەکان" ئاشکرا بکرێن.
هاوکات ئانجێل ئۆرێنا، بەڕێوەبەری نووسینگەی کلینتۆن رایگەیاندووە، دواخستنی بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان لەلایەن کۆشکی سپییەوە بۆ پاراستنی کلینتۆن نەبووە، بەڵکو "بۆ پاراستنی خۆیان بووە".
جێفری ئێپستاین ساڵی 2019 لە زیندانێکی نیویۆرک بە مردوویی دۆزرایەوە، ئەوەش لەکاتێکدا بوو چاوەڕێی دادگایی کردن بوو بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە ڤێلایەکی ناوچەی گەشتیاریی مێرگەپان لە سنوری پارێزگای سلێمانی، تەرمی دوو گەنج دۆزرانەوە کە گومان دەکرێت بەهۆی غازەوە گیانیان لەدەستدابێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دۆزینەوەی تەرمەکان دوای تێپەڕبوونی 48 سەعات دێت بەسەر گیانلەدەستدانیاندا، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش هۆکاری مردنەکەیان بۆ غازی سۆپا دەگەڕێتەوە.
هەردوو گەنجەکە لە نەتەوەی عەرەبن و بە مەبەستی گەشتکردن روویان لە شاری سلێمانی کردووە، یەکێکیان لەدایکبووی ساڵی 1991ـە و کاسبکارە، ئەوەی دیکەشیان لەدایکبووی ساڵی 2001ـە و خوێندکاری زانکۆ بووە.
رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئاژانسەکەیان هیچ داتا و راپۆرتێکی لەلایەن ئێرانەوە بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بە دۆخی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو و ئەو زیانانەی بەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان کەوتوون لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا.
گرۆسی لە وەڵامی ئەوەی ئایا دوای هێرشەکان راپۆرتیان لە تارانەوە پێگەیشتووە، بە ئاژانسی هەواڵی "نۆڤۆستی" روسیای راگەیاندووە: "نەخێر، هیچمان بەدەست نەگەیشتووە".
پێشینەی روداوەکە:
شەوی 13ی حوزەیران، ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی کردە سەر ئێران و تارانی بە هەبوونی بەرنامەی ئەتۆمیی سەربازیی نهێنی تۆمەتبار کرد، هێرشەکە دامەزراوە ئەتۆمییەکان و زانایان و بنکە ئاسمانییەکانی گرتەوە.
دواتر و دوای 12 رۆژ لە ئاڵوگۆڕی هێرش لەنێوان هەردوو لا، شەوی 22ی حوزەیران ئەمریکا تێیدا و بۆ هاوکاری ئیسرائیل، بەشداریکردوو هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. لە بەرامبەردا ئێران ئێوارەی 23ی حوزەیران بە موشەک وەڵامی دایەوە و بنکەی "عەدید"ی ئەمریکی لە قەتەر کردە ئامانج، بەڵام رایگەیاند لەگەڵ فراوانبوونی شەڕ و ئاڵۆزییەکان نییە.
مێژووی ململانێی ئاژانسی وزەی ئەتۆم و ئێران:
لە 20ی تشرینی دووەمی رابردودا، ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بڕیارێکی دەرکرد و داوای لە ئێران کرد بەپەلە زیانەکان و دۆخی کۆگاکانی یۆرانیۆم ئاشکرا بکات، بەڵام تاران بڕیارەکەی بە "نابیناکەر و سیاسی" وەسفکرد و هەمان رۆژ بە رەسمی کۆتایی بە "رێککەوتنی قاهیرە" هێنا، کە مانگی ئەیلوول لەنێوان هەردوولا ئیمزا کرابوو.
تاران ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێکی نوێ، بەڵام مەرجی هەیە و دەبێت ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بڕیار لە شێوازی مامەڵەکە بدات.
ئەمە لەکاتێکدایە مانگی تەمموز تاران یاسایەکی دەرکرد کە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکە سنوردار کرد و پشکنەرانی دەرکرد، سەرەڕای ئەوەش پشکنەرانی ئاژانسەکە لە سەرەتای تشرینی دووەم سەردانی وێستگەی بوشەهر و توێژینەوەی تارانیان کردووە، بەڵام رێگەیان پێ نەدراوە بچنە ئەو شوێنانەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کراون، بەتایبەت دامەزراوەکانی نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: ئاشتی لە غەززە بەبێ چەکدانانی حەماس بەرقەرار نابێت، جەختیش لە جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی لەو کەرتە دەکاتەوە.
مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەدیهێنانی ئاشتی لە کەرتی غەززەدا بەبێ چەکدانانی بزووتنەوەی حەماس رونادات، هۆشداریدا ئەگەر حەماس لە داهاتوودا بتوانێت هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات یان هێرشی بکاتە سەر ئەوا ئاشتی بەرقەرار نابێت.
وتیشی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری زۆری لەبەردەمدایە بۆ پاراستنی رێککەوتنی غەززە و دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی.
رۆبیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک وڵات لە پەیوەندیدایە بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی لە غەززە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ئاسایش و رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان.
سەبارەت بە لوبنان، وەزیری ئەمریکی هیوای وڵاتەکەی دەربڕی کە گفتوگۆکانی نێوان دەسەڵاتدارانی لوبنانی و ئیسرائیل ببنە هۆی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزی لوبنانی و چەککردنی بزوتنەوەی حزبوڵڵا.
ئەوەشی خستەڕوو، هیوادارن گفتوگۆکانی نێوان دەسەڵاتدارانی لوبنانی و ئیسرائیلییەکان ببنە هۆی داڕشتنی هێڵە گشتییەکان و رێگەیەک کە رێگری بکات لە تەشەنەسەندنی ململانێکان.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لە رەوشی ڤەنزوێلا کرد و وتی رەوشی ئێستای ئەو وڵاتە جێی قبوڵ نییە و دەبێت بگۆڕدرێت، دەشڵێت؛ ئەو وڵاتە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی جەژنی رۆژیێن ئێزی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئێزیدییەکان دەکات و دەڵێت: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشانە بەردەوام لە هەوڵدا دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەتر بۆ ئێزدییەکان.
دەقی پیرۆزباییەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئێزیدییەکان....
لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم بەبۆنەی جەژنی (رۆژیێن ئێزی) و هیوای جەژنێکی پڕخۆشی و کامەرانییان بۆ دەخوازم.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشانە بەردەوام لە هەوڵدا دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەتر بۆ ئێزدییەکان و ئاسایی کردنەوەی رەوشی شنگال تاوەکو چیدیکە ئێزدییە سەربەرزەکان نەبنە قوربانی ململانێکان و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بەهۆی کێشەی زەویوزار چوار کەس کوژران و حەوتی دیکەش برینداربوون، پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت؛ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لەسەر رێگای گوندی خاڵەبەگ سەربە قەزای رزگاری لەسەر زەوی وزار شەڕ لەنێوان دوو لایەن رویدا کە خزمی یەکترن، لە ئەنجامدا چوارکەس لەیەک خێزان گیانیان لەدەستدا کە سێ کەسیان برای یەکترن و دانەیەکیان ئامۆزایانە هەروەها برایەکی سێ کوژراوەکە بریندارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە لایەنەکەی دیکەش شەش کەس برینداربوون، دوای چارەسەری خێرا شەش لەبریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون .
لەئێستادا لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە کراوەتەوە.
پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، لەکاتی هەر گۆڕانکاریەک لە رەوتی لێکۆڵینەوە، هەر بەڵگەو زانیاریەک کە ئاڕاستەی پەڕاوەکە بگۆڕێت بەفەرمانی دادوەر یاخود هەر زانیاریەک پێویست بکات رای گشتی ئاگادار دەکەنەوە.
راشیگەیاند، ئەمە تەنها زانیارییە سەرەتاییەکانی بەدەست هاتووی روداوەکەن، سەرجەم هێزەکانیش لەئامادە باشیدان بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی دادوەری لێکۆڵینەوە هەر لەفەرمانەکانی دەستگیرکردن تا هەموو بڕیارەکانی تر.
قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی جەژنی رۆژووی ئێزی پەیامێکی پیرۆزبای ئاڕاستەی ئێزدییەکان دەکات و رایدەگەیەنێت: ئەم جەژنە دەرفەتێکی گرنگە بۆ دووپاتکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی ئایینی کە هەمیشە جێگەی شانازیمان بووە.
دەقی پیرۆزباییەکی قوباد تاڵەبانی بۆ ئێزدییەکان...
بۆ خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی "رۆژووی ئێزدی"، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و تاراوگە دەکەم.
ئێزدییەکان بەشێکی ڕەسەن، دێرین و دانەبڕاوی نیشتمانەکەمانن. ئەم جەژنە دەرفەتێکی گرنگە بۆ دووپاتکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی ئایینی کە هەمیشە جێگەی شانازیمان بووە.
لەم جەژنەدا، جەخت لە پشتیوانیی بەردەواممان دەکەینەوە بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە، ئارام و سەقامگیر بۆ سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی.
جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە شادی و سەرفرازیدا بن.
بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە لە گوندێکی گەرمیان چوار کەس کوژران و شەش کەسی دیکەش بیرنداربوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گوندی خاڵەبەگی سنوری گەرمیان بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروست بووە و کوژران و برینداری لێکەوتووەتەوە.
رەفیق قادر بەرێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەید هەژار لە کەلار بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لەو روداوەدا چوار کەس کوژراون کە ئەندامی یەک خێزانن و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە گەرمیان، سیان لە كوژراوەكان برای یەكترن و ئەوی دیكەش زاوایان بووەو سەرجەمی كوژراو و بریندارەكان فیشەكیان بەركەوتووە و لەنێویشیاندا برینداری سەخت هەیە.
سێرگی مێلیک بۆگداسارۆڤ، باڵیۆزی روسیا لە ڤەنزوێلا، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە ژمارەیەک لە میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردوەتەوە و باس لەوەدەکەن، ڤەنزوێلا داوای لە روسیا کردوە هێزی سەربازی لە خاکەکەیاندا جێگیر بکات.
لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا، باڵیۆزەکەی روسیا پشتراستیکردوەتەوە،کە دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا هیچ داواکارییەکی لەو جۆرەیان لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە پێشکەش نەکردووە، رونیکردوەتەوە، کە هاوکارییە سەربازی-تەکنیکییەکانی ئێستای نێوان مۆسکۆ و کاراکاس سنووردارە بە جێبەجێکردنی ئەوەی کە لە گرێبەستەکانی پێشوودا لەسەری رێککەوتوون، بەبێ هیچ فراوانکردنێک و داواکارییەکی نوێ.
جەختیشیکردوەتەوە لەوەی روسیا پشتیوانییەکی بێوچانی خۆی بۆ حکومەتی ڤەنزوێلا بە سەرۆکایەتی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا دوپاتدەکاتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا روون نییە ئەمریکا چۆن فەرمانەکەی ترەمپ جێبەجێ دەکات، کە بڕیاریداوە بە قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوە یان دەرچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی لە ڤەنزوێلاو سزادانیان، لە کاتێکدا نیکۆلاس مادۆرۆ فەرمانی بە هێزە دەریای وڵاتەکەی کردوە، یاوەری ئەو کەشتیانە بکەن، کە نەوتی وڵاتەکە دەگوازنەوە.
کەشناسی پێشبینی 48 سەعاتی داهاتووی بۆ کەشوهەوا بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکان باران نابارێت و پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبنەوە.
ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، بڵاویکردوەتەوە، پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنی کەمێک بەرزدەبنەوە، ئەم شەپۆلی بایەش بەردەوامی دەبێت و خێراییەکە لە نێوان (10 بۆ 20)کم دەبێت لە سەعاتێکدا.
بە گوێرەی پێشبینییەکانیش، لەم دوو رۆژەدا ئەگەری باران بارین نییە و ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت.
لەبارەی کەشی سبەینێشەوە، کەشناسی ئاماژەی بەوەکردوە، پلەکانی گەرما نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ و بە هەمانشێوە کەشی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراویش لە ناوچەکان بەمشێوەی دەبێت
هەولێر : 16 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 14 پلەی سیلیزی
دهۆک : 16 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 17 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 18 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی
سۆران : 14 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی
دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا بە پاڵپشتیکردنی ئۆکراین بە 90 ملیار یۆرۆ لە سامانە بلۆکراوەکانی روسیا، ئیمانوێل ماکرۆن داوایکرد، رێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ دەستپیکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ روسیا لە هەفتەکانی داهاتوو دا.
سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندوە؛ لە هەفتەکانی داهاتوودا، دەبێت رێگە و هۆکارەکان بۆ ئەورووپییەکان بدۆزینەوە، لە چوارچێوەیەکی گونجاودا، بۆ ئەوەی جارێکی تر دەست بە گفتوگۆیەکی تەواو و روون لەگەڵ روسیا بکەن.
ماکرۆن پێی وایە، گفتوگۆکردن لەگەڵ روسیا لە بەرژەوەندی ئەوروپیەکان و ئۆکرایندایە، سەرەڕای پابەندبوونی بەردەوامی یەکێتیی ئەوروپا بە دابینکردنی پارە و پشتیوانی بۆ ئۆکراین، جەختیکردوەتەوە پێویستە لە هەفتەکانی داهاتوودا رێگە و میکانیزمێک بدۆزرێتەوە، کە رێگە بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆیەکی تەواو لەگەڵ روسیا بدات.
ئەم قسانەی ماکرۆن لە دوای ئەوە دێت، یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا لە پارە بلۆکراوەکانی روسیا، بە بڕی 90 ملیار یۆرۆ پاڵپستی دارایی ئۆکراین بکات لە دوو ساڵی داهاتوودا.
جیی باسە، لە مانگی تەمموزی رابردوودا یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا لە نێوان پوتن و ماکرۆن ئەنجامدرا و لە پەیوەندییەکەدا هەردوو سەرکردەکە روشی ئۆکراین و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان تاوتوێ کرد.
یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا 90 ملیار یۆریۆ وەک پاڵپشتی دارایی بە شێوەی قەرزی بێ ئەوەی سووی بچێتە سەر بداتە ئۆکراین ئەمەش لە دوای ئەوە دێت سەرۆکی ئۆکراین هۆشداری دابوو، ئەگەر پاڵپشتی نەکرێن رەنگە شکستبهێنن و یەکێتی ئەوروپاش بە خوێن بەجاکەی دەدات.
دوای کۆبوەنەوەی یەکێتی ئەوروپا، لەسەر پاڵپشتیکردنی ئۆکراین بە پارە بلۆکراوەکانی روسیا، یەکێتی ئەورپا بڕیاریاندا 90 ملیۆن یۆریۆ بە شێوەی قەرز بدەنە ئۆکراین و قەرزەکەش لە پارە بلۆکراوەکانی روسیا نییە، ئاماژەی بەوەش کردوە ئەو پاڵپشتییە داراییە بۆ ساڵەکانی 2006 و 2027 دەبێت.
ئەنتۆنیۆ كۆستا سەرۆكی ئەنجومەنی ئەوروپا رایگەیاند، سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا رۆژی هەینی رێككەوتنێكیان ئەنجامدا بۆ پێدانی قەرزێكی 90 ملیار یۆرۆیی بە ئۆكراین بۆ پڕكردنەوەی كۆرتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتە، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاینی سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، ئۆكراین لە كاتی وەرگرتنەوەی قەرەبوی جەنگ دەبێت قەرزەكانی بداتەوە.
ئەمە لە کاتێكدای، پێشتر لەسەر هەمان پرس دۆناڵد تاسک سەرۆک وەزیرانی پۆڵەنداش رایگەیاند، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسیل، رێکککەوتون لەسەر ئەوەی لە ساڵەکانی 2026 و 2027 دا بە بەکارهێنانی سامانە بلۆکراوەکانی روسیا پاڵپشتی دارایی ئۆکراین بکەن، نەک پشت بەستن بە قەرزکردن.
تاسک بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بە دڵنیاییەوە ئامانجیان پێشکەوتنە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی، کە شایەنی هەوڵدان و بەکارهێنانی سەروەت و سامانی روسیا بۆ بەرژەوەندی ئۆکراین رەوا و باش دەبێت بۆ ئەوروپا.
لە دوای لەشکرکێشییەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، 210 ملیار یۆرۆ لە سەروەت و سامانی روسیا لە یەکێتی ئەوروپا بلۆکراوە، کە 185 ملیاریان لە بەلجیکایە و ئەو وڵاتە ترسی ئەوەی هەیە ببێتە ئامانجی تۆڵەسەندنەوەی روسیا ئەگەر رازی بێت بە پێدانی پارەکانی روسیا بە ئۆکراین وەک ئەوەی لە پلانی یەکێتی ئەوروپادا هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیا هەڕەشی کردبوو، لە ئەگەری پێدانی پارە بلۆکراوەکانی بە ئۆکراین، لە هەمان کاتدا سەرۆکی ئۆکراینیش رایگەیاندبوو، لە قەیرانی دارایی قوڵدان، ئەگەر یەکێتی ئەوروپا ئەو پارەیان پێنەدەن، کە پێوستیانە ئەوا رەنگە بەرانبەر روسیا شکست بهێنن و یەکێتی ئەوروپاش باجەکەی بە خوێن دەدات.
د.لەتیف رەشیدی سەرۆک کۆمار، پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان کرد بەبۆنەی هاتنی جەژنی رۆژووەوە، هاوکات ئاماژەی بە قووڵیی رەگ و ریشەی مێژوویی و رەسەنایەتی پێکهاتەی ئێزیدی لە عیراقدا کردوە، جەختیکردوەتەوە لە پێویستیی گەڕاندنەوەی مافەکانیان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان بەرانبەریان و کارکردن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێنراوان و بێسەروشوێنبووان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆک کۆمار لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوتەوە و تێیدا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هاوڵاتییە ئێزدییەکانی عیراق و جیهان دەکات بەبۆنەی هاتنی جەژنی رۆژووەوە، هیواشی خواستوە جەژنێک بێت کە لە ماناکانیدا هیوا و ئاشتی هەڵگرتبێت، بەرجەستەی ئەو بەها رۆحییانە بکات کە ئەم رۆژووە پیرۆزە بانگەشەی بۆ دەکات.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم بۆنە ئاینییە جەخت لە قووڵیی رەگ و ریشەی مێژوویی و کولتووریی پێکهاتەی رەسەنی ئێزیدی دەکاتەوە و ئەوان پێکهاتەیەکی چەسپاوی عیراقن، هەروەها داوای كرد هەوڵەكان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، قەرەبووكردنەوەی قوربانییان و سزادانی تاوانباران چڕتر بكرێنەوە.
د. لەتیف رەشید، جەختیکردوەتەوە لەسەر پێویستیی گەڕاندنەوەی مافەکانیان و بەدەستهێنانی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان و کارکردن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێنراوان و بێسەروشوێنبووانی ئێزیدی..
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئاسۆ بەكر مستەفا، قائیمقامی پێشوتری قەزای دوکان، لە شوێنی رەمک رەمەزان، وەكو قائیمقامی نوێى قەزای چەمچەماڵ بە وەکالەت لە رۆژی یەکشەممەوە دەستبەکاردەبێت.
پەیامنێری کوردستان نیوز، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە ئاسۆ بەكر مستەفا رایگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممە، ئاسۆ بەكر وەک قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بە وەکالەت دەستبەکاربێت.
ئاسۆ بەکر، پێشتر چەندین بەرپرسیارێتی هەبووە و لە ساڵی 2001 بۆ 2017 قائیمقامی قەزای دوکان بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەو لافاوەی قەزای چەمچەماڵ و سنورەکەی گرتوە، قوباد تاڵەبانی بە خێرایی لیژنەیەکی پێکهێنا، بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکەو دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون.
رەک رەمەزانی قائیقامیش وەک هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، یەکێک بوو لەوانەی داوای دەستلەکارکێشانەوەی کرد لە پۆستەکەی و لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتەوە داواکەی پەسەند کرا.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای نوێیان بەسەر ژمارەیەک کەشتی دا سەپاندوە، کە بە ناڕاستەوخۆ سەر بە ئێرانن و نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئەو وڵاتەیان بە شێوازێکی فریودەرانە گواستوەتەوە، ئاماژەیان بەوەشکردوە، بەردەوام دەبن لە دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی تاران، کە بۆ دابینکردنی دارایی بەرنامە سەربازی و چەکدارییەکانی بەکاری دەهێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نووسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییەکانی بیانی سەر بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاندوە، سزای نوێی بەسەر 29 کەشتی دا سەپاندوە کە بە ناڕاستەوخۆ سەر بە ئێرانن و بە گوێەری راگەیەندراوەکە سزاکان، کۆمپانیا بەڕێوەبەرەکانی پەیوەندیدار بەوانیش دەگرێتەوە کە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار بەرهەمی نەوتیی ئێرانیان گواستووەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، لە نیو سزادراوەکاندا، حاتم ئەلسەید فەرید ئیبراهیم سەکر، بازرگانی میسڕیش دەگرێتەوە، کە کۆمپانیاکانی لەگەڵ حەوت لەو کەشتیانەدا کاری کردوە کە نەوتی ئێرانیان گواستوەتەوە.
لەبارەی ئەم سزایانەوە، جێگری وەزیری خەزێنە لە کاروباری تیرۆر و زانیارییە داراییەکانی ئەمریکا وتویەتی؛ هەروەک سەرۆک ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکان رێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی هەبێت و وەزارەتەکەیان بەردەوام دەبێت لە دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی تاران، کە بۆ دابینکردنی دارایی بەرنامە سەربازی و چەکدارییەکانی بەکاری دەهێنێت.