دەستەی دەروازە سنوورییەکان: گەڕانەوەی زیاتر لە18هەزار حاجی لە رێگەی دەروازەی عەرعەرەوە کۆتایی هات
سەوسەن سەید
٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عیراق رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، پڕۆسەی گەڕانەوە و بەڕێکردنی زیاتر لە 18 هەزار حاجی لە رێگەی دەروازەی سنووریی "عەرعەر"ەوە بە ئاسانکاری و رەوتی سادەی باڵا کۆتایی هاتووە.
لە راگەیەندراوێکی دەستەکەدا هاتووە: "لەسەر بنەمای رێنماییەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ حاجیانی گەشتی ماڵی خوا، فەریق عومەر عەدنان وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، لە رۆژی یەکەمەوە لە مەیداندا سەرپەرشتی پێشوازیکردن و بەڕێکردنی حاجیانی لە رێگەی دەروازەی عەرعەرەوە کردووە، و بەردەوام بووە لە بەدواداچوونی رێکارەکانی گەڕانەوەیان دوای تەواوکردنی فەریزەی حەج، بەجۆرێک کۆی گشتیی ژمارەی گەڕاوەکان گەیشتووەتە (18،746) حاجی، لەگەڵ نزیکەی (600) کەس لە ئەندامانی تیمی پزیشکی، کارگێڕی و ستافی خزمەتگوزاریی هاوڕێی تیمی حەجی عیراقی.
وائیلی رونی کردەوە: پڕۆسەی پێشوازیکردن و بەڕێکردنی حاجیان بە شێوەی شەو و رۆژ (24 کاتژمێری) و بۆ ماوەی چوار رۆژی لەسەریەک بەڕێوەچوو، بەبێ تۆمارکردنی هیچ بەربەست یان دواکەوتنێک، ئەمەش بەهۆی هەماهەنگی هاوبەش و کاری تەواوکاری نێوان سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە پاڵپشتەکانی ناو دەروازەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد: ئەم دەستکەوتە رەنگدانەوەی ئاستی ئامادەیی و رێکخستنی باڵای ستافە کاراکانە، هاوکات پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی کە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ئاسانکاریی رێکارەکانی هاتنەناوەوەی حاجیان بۆ ناو وڵات بە خێرایی و بەبێ گرێچن بوون دراون.
وائیلی جەختی لەسەر بەردەوامیی دەستەکە کردەوە لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی حکومەت کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی کوالێتی ئەو خزمەتگوزارییانەیە پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێن لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکاندا، بە شێوەیەک کە رەوتی هاتوچۆ مسۆگەر بکات و باشترین کەش بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران دابین بکات.



