سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ سزای زیاتر لە دوو ساڵ زیندانیكردن و قەدەغەی كاری سیاسی بەسەردا سەپێنرا و تانەی پارێزەرەكانیشی رەتكرایەوە.
فەرمانگەی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئیستەنبوڵ بە تاوانی سوكایەتیكردن بە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكان و فەرمانبەرانی دەوڵەت، سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و 15 رۆژ زیندانیكردن و قەدەغەی كاری سیاسی بەسەر ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی پێشوی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵدا سەپاند.
دادگاكە تانەی پارێزەرانی ئیمامئۆغڵوی رەتكردەوە و دۆسیەكەی رەوانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی توركیا كرد بۆئەوەی بڕیاری كۆتایی لەسەر بدات.
ئیمامئۆغڵو سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ، كاندیدی پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، بەڵام بە تۆمەتی گەندەڵی و بڕوانامەی ساختە، لە 19ی ئاداری ئەمساڵ لەسەر بڕیاری داواكاری گشتیی ئیستەنبوڵ دەستگیركرا.
سبەینێ ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: نزیکەی دوو ملیۆن خوێندکار بەشدارن لە پرۆسەکە.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاندووە، تێکڕای ژمارەی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی 2025 بۆ 2026 ملیۆنێک و 954 هەزار خوێندکارن، هەروەها حەوت هەزار و 438 ناوەندی خوێندن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، 148 هەزار مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندن وانە دەڵێنەوە و 33 هەزار فەرمانبەریش لە ناوەندەکانی پەروەردە هەیە.
وەزارەتی پەروەردە ئاشکراشیکردووە، نزیکەی 140 هەزار خوێندکاری نوێ پەیوەندی بە ناوەندەکانی خوێندن کردووە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، بۆ ئەمساڵی خوێندن 22 ملیۆن و 134 هەزار کتێبی نوێ چاپکراون و گەیندراونەتە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پەروەردە، تێکڕای خوێندکاران بۆ ساڵی 2024-2025 یەک ملیۆن و 755 هەزار خوێندکاربوونە.
بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی لە کەرکوک تووشی تەنگەنەفەسی بوون بۆ 39 کەس بەرزبووەوە و نۆشیان منداڵن.
سامان یابە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی کەرکوک، رایگەیاند: "ژمارەکە رو لە بەرزبوونەوەیە و تەواوی ئامادەکارییەکان کراون بۆ پێشوازیکردن و چارەسەرکردنی هەر حاڵەتێکی نوێ."
فەرمانگەی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەکات، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی هەناسەدان و هەستیارییان هەیە، تا دەکرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە و خۆیان لە چوونە دەرەوە بپارێزن.
لە بەغداد، خانمی یەکەمی عیراق یادی دامەزراندنی منداڵپارێزی کوردستانی کردەوە و جەختی کردەوە: "پاراستنی منداڵان ئامانجێکی پیرۆزە"
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، مەراسیمێکی شایستەی بەبۆنەی 34هەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە سازکرد.
لە مەراسیمەکەدا کە ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و نوێنەری نێردە دیپلۆماسییەکانی عیراق ئامادەیبوون، خانمی یەکەم وتارێکی پێشکەشکرد. لە وتارەکەیدا، ئاوڕی لە قۆناغەکانی دامەزراندنی رێکخراوەکە لە ساڵی 1991ەوە دایەوە و تیشکی خستە سەر ئەو ئامانجانەی کە لەپێناویدا کاریان کردووە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و شکۆمەندانە بۆیان.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە رێگای رێکخراوەکە ئاسان نەبووە بەهۆی ئەو سەختی و نەهامەتیانەی روبەروی گەلی کوردستان بووەتەوە، و جەختی لە رۆڵی کارا و مرۆییانەی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کردەوە لە چارەسەرکردنی کێشە و نەهامەتییەکانی منداڵاندا.
خانمی یەکەم پەیامە سەرەکییەکەی دووپاتکردەوە و وتی: "پاراستنی منداڵان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت، لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمەڵگا. ئەمە ئەرکێکی نیشتمانی و بەهایەکی مرۆیی و ئامانجێکی پیرۆزە کە بنیاتنانی وڵاتێکی ئارام و خۆشگوزەرانی لەسەر وەستاوە."
لەلایەن خۆیەوە، خاتوو سارا رەشید، سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، باسی لە ستراتیژییەت و بەرنامە فراوانەکانی رێکخراوەکەیان کرد کە کارکردنیان لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و پشتگیریکردنی گەنجان لەخۆدەگرێت.
مەراسیمەکە پێشانگایەکی وێنەیی لەخۆگرتبوو کە کار و چالاکییەکانی 34 ساڵی رابردووی رێکخراوەکەی نیشان دەدا، لەگەڵ پێشکەشکردنی چەند پارچە مۆسیقا و گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردی و عەرەبی کە بەشداربووان چێژیان لێ بینی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، ئەنجامدا و دواتر رایگەیاند کە پەیوەندییەکە "زۆر بەرهەمدار و باش" بووە.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە چەندین بابەتی گرنگدا پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە و سەردانێکی چاوەڕوانکراویشی بۆ چین لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا راگەیاند.
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" (Truth Social) نووسیویەتی: "تازە پەیوەندییەکی زۆر بەرهەمدارم لەگەڵ شی جینپینگ سەرۆکی چین، کۆتایی پێهێنا. ئێمە لە چەندین بابەتی زۆر گرنگدا پێشکەوتنمان بەدەستهێنا، لەوانە بازرگانی، ماددەی فێنتانیل، پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین، و پەسەندکردنی رێککەوتنی تیکتۆک".
رێککەوتنی تیکتۆک و سەردانە چاوەڕوانکراوەکان:
یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم پەیوەندییە، چارەنووسی ئەپلیکەیشنی تیکتۆک بوو. ترەمپ سوپاسی سەرۆکی چینی کرد بۆ "پەسەندکردنی رێککەوتنی تیکتۆک" و رایگەیاند کە کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی ئارەزووی کڕینی پشکەکانی تیکتۆکیان هەیە لە ئەمریکا. ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدایە کە لە ساڵی 2024دەرچوو و داوای لە کۆمپانیای خاوەنداری چینی (ByteDance) دەکرد پشکەکانی لە ئەمریکا بفرۆشێت، ئەگینا روبەروی قەدەغەکردن دەبێتەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، ترەمپ رایگەیاند: "لەگەڵ سەرۆک شی رێککەوتم کە لە لوتکەی کۆڕبەندی هاوکاریی ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن (APEC) لە کۆریای باشوور یەکتر ببینین. هەروەها من لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا سەردانی چین دەکەم و سەرۆک شی'یش بە هەمان شێوە، لە کاتێکی گونجاودا دێتە ویلایەتە یەکگرتووەکان".
پاشخان و ناکۆکییەکان
پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکییە بازرگانییەکانەوە گرژیی بەخۆیەوە بینیبوو. هەردوو وڵات هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگییان بە ڕێژەی زیاتر لە %100 بەسەر کاڵاکانی یەکتردا کردبوو، بەڵام لە ئێستادا ئاگربەستێکی کاتی لە ئارادایە کە ترەمپ تا 10ی تشرینی دووەمی درێژکردووەتەوە.
ئەمە دووەم پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان هەردوو سەرۆکە لەدوای دەستبەکاربوونەوەی ترەمپ لە 20ی کانوونی دووەم، و سێیەم پەیوەندییانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، کە ئاماژەیە بۆ هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەنێوان دوو گەورەترین ئابووریی جیهاندا.
بەرێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا چەند رێنماییەکی ئاراستەی شۆفێران کرد بۆ خۆپاراستن و سەلامەتی لەکاتی خۆڵباریندا و داوادەکات پابەندی ئەم خاڵانە بن.
1. کەمکردنەوەی خێرایی: لەبەرئەوەی لە کاتی خۆڵبارینی چڕدا ئاستی بینین زۆر کەم دەبێتەوە، پێویستە خێرایی ئۆتۆمبێلەکەت بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکەیتەوە.
2. پاراستنی ماوەی سەلامەتی: هەمیشە ماوەیەکی سەلامەت و گونجاو لەنێوان ئۆتۆمبێلی خۆت و ئۆتۆمبێلی پێشەوەت بهێڵەرەوە.
3. دڵنیابوون لە فڵچەی جامەکان: پێویستە دڵنیابیت لەوەی کە بڕی پێویست ئاو لە دەبەی فڵچەکاندا هەیە و فڵچەکان بە باشی کاردەکەن بۆ پاککردنەوەی جامی پێشەوە.
4. خۆپاراستن لە شۆفێریی شەوانە: تا دەکرێت لە شۆفێریکردن لە کاتەکانی شەودا خۆت بپارێزە، بەتایبەتی ئەگەر خۆڵبارینەکە چڕ بوو.
5. سنووردارکردنی گەشتی دەرەوەی شار:
* ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، گەشتکردن و شۆفێری لە رێگاوبانی دەرەوەی شارەکان دوابخە تا کۆتاییهاتنی شەپۆلی خۆڵبارینەکە.
* لە ئەگەری ناچاریدا، پێویستە زیاتر پابەندی خێرایی دیاریکراو بیت، لایتی نزمی ئۆتۆمبێل (رووناکی نزم) دابگیرسێنیت، و بە هیچ شێوەیەک هەوڵی تێپەڕاندنی (سەبقەکردن) هەڵە و مەترسیدار نەدەیت.
6. پەیوەندیکردن لە کاتی پێویستدا: لە کاتی رودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا، دەتوانیت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی کۆنترۆڵی هاتوچۆی سلێمانییەوە بکەیت لەسەر ژمارە 188.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سەنتکۆم) رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سوریا، بەرپرسێکی باڵای رێکخراوی داعشیان کوشتووە کە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بووە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.
بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، بەرپرسە کوژراوەکە ناوی "عومەر عەبدولقادر" بووە و ئەندامێکی داعش بووە کە "بە شێوەیەکی چالاکانە هەوڵی هێرشکردنە سەر ئەمریکای داوە."
راگەیەندراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە "کوژرانی ناوبراو توانای رێکخراوە تیرۆریستییەکە بۆ داڕشتنی پلان و جێبەجێکردنی هێرشی داهاتوو کە هەڕەشە لەسەر ئەمریکییەکان و هاوبەشەکانمان دروست بکات، تێکدەدات."
لەمبارەیەوە، براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، رایگەیاند: "ئێمە لە راوەدوونانی ئەو تیرۆریستانەدا کۆڵنادەین کە هەوڵی هێرشکردنە سەر ئەمریکا، هێزەکانمان، یان هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە دەرەوەی وڵات دەدەن". ناوبراو هەروەها ستایشی هەوڵی هێزە بەشداربووەکانی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کرد.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا، هەنگاوی سێ وڵاتی ئەوروپی (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا)ی بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە "نایاسایی، بێپاساو و وروژێنەر" شەرمەزار کرد و رایگەیاند کە بەرپرسیارێتیی تەواوی دەرئەنجامەکانی ئەم هەنگاوە لە ئەستۆی ئەمریکا و ئەو سێ وڵاتەدایە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو سێ وڵاتە "میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکی"ی نێو رێککەوتنی ئەتۆمییان بە شێوەیەکی خراپ بەکارهێناوە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو بڕیارنامانەی کە لە ساڵی 2015دا بەپێی بڕیارنامەی2231ی ئەنجومەنی ئاسایش کۆتاییان پێهاتبوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە بڕیارنامەی 2231دانینابوو بە سروشتی ئاشتیانەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا و هەموو سزاکانی پێشووی هەڵوەشاندبووەوە، بەڵام هەنگاوە "تێکدەرانەکەی" ئەوروپا لە کاتێکدایە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "کەوتوونەتە بەر هێرشی نایاسایی رژێمی زایۆنی و ئەمریکا."
تاران رەخنەی توندی لە وڵاتانی ئەوروپی گرت کە نەک هەر ئەو هێرشانەیان شەرمەزار نەکردووە، بەڵکو گرنگییان بە لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش نەداوە، کە گرنگترین بیانوویان بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان بوو. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پێشنیارە "ژیرانەکەی" ئێرانیشیان پشتگوێ خستووە، چونکە "هەر لە سەرەتاوە بەدوای ئامانجە سیاسییە زیادەخوازانەکانی خۆیانەوە بوون" و سەربەخۆییان نییە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئێران چەند خاڵێکی سەرەکیی خستەڕوو:
نایاساییبوون: هەنگاوەکەی ئەوروپا نایاساییە و پرۆسە دیپلۆماسییەکان بە توندی لاواز دەکات.
بەرپرسیارێتی: بەرپرسیارێتیی تەواوی دەرئەنجامەکان لە ئەستۆی ئەمریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکەدایە، کە فشاریان خستووەتە سەر ئەندامانی تری ئەنجومەنی ئاسایش.
لاوازکردنی ئەنجومەنی ئاسایش: ئەم هەنگاوە کە بەبێ کۆدەنگی ئەنجام دراوە، متمانە بە ئەنجومەنی ئاسایش لاواز دەکات و گورزێکە لە دیپلۆماسی.
مافی وەڵامدانەوە: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ئاشتیانەیە و بەردەوام دەبێت. ئێران مافی وەڵامدانەوەی گونجاو بۆ هەر هەنگاوێکی نایاسایی بە پارێزراو دەزانێت.
داواکاری: ئێران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە هەنگاوە نایاساییەکەی ئەوروپا رەتبکەنەوە و هیچ شەرعیەتێکی پێنەدەن.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ هەینی، لە پەسەندکردنی پڕۆژە بڕیارێک بۆ لێخۆشبون و درێژکردنەوەی ماوەی هەڵگرتنی سزاکان بەسەر ئێراندا شکستی هێنا، ئەمەش جیهانی خستووەتە بەردەم ئەگەری گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکیی سزاکان لە کۆتایی ئەم مانگەدا و دابەشبوونێکی قوڵی لەنێوان زلهێزەکاندا ئاشکرا کرد.
لە دانیشتنەکەدا کە پڕ بوو لە گرژی و لێدوانی دژ بەیەک، پڕۆژە بڕیارەکە، کە لەلایەن روسیا و چینەوە پشتیوانی دەکرا، نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت. نۆ وڵات، لەنێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، دەنگیان دژی پڕۆژەکە دا. لە بەرامبەردا تەنها چوار وڵات (روسیا، چین، پاکستان و جەزائیر) دەنگیان بۆ دا، و دوو وڵاتیش دەنگیان نەدا (بێلایەن بوون).
شکستهێنانی ئەم پڕۆژە بڕیارە بەو مانایە دێت کە میکانیزمی ناسراو بە "سناپ باک" یان "میکانیزمی پەلەپیتکە" (Trigger Mechanism)، کە لەلایەن سێ وڵاتە ئەوروپییەکەوە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) لە 28ی ئابدا کارا کرابوو، بەردەوام دەبێت. بەپێی ئەم میکانیزمە، ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێکی پێچەوانە دەرنەکات، هەموو ئەو سزایانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون، لە 28ی ئەیلول بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەگەڕێنەوە سەر ئێران و ئەمەش بە گورزێکی کوشندە لە ئابوری تاران دادەنرێت.
هەڵوێستی دژ بەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایش:
دانیشتنەکە گۆڕەپانێک بوو بۆ ئاڕاستەکردنی تۆمەتی توند لەنێوان لایەنەکاندا:
بەرەی ئەوروپی (بەریتانیا و فەرەنسا): نوێنەرانی ئەم دوو وڵاتە بەرگرییان لە هەنگاوەکەیان کرد. نوێنەری بەریتانیا دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی بە "بڕیارێکی دروست" وەسف کرد و وتی "هیچ پاساوێکی مەدەنی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نییە." لەلایەکی ترەوە، نوێنەری فەرەنسا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "هەموو پێشنیازێکی چارەسەری" رەتکردووەتەوە و داوای لێکرد هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوو وڵات ئاماژەیان بەوەدا کە پێشنیازی درێژکردنەوەی ماوەی هەڵگرتنی سزاکان هێشتا "لەسەر مێزە" و دەرگای دیپلۆماسییان دانەخستووە.
بەرەی روسیا و چین: نوێنەری روسیا بە توندی هێرشی کردە سەر وڵاتانی ئەوروپا و تۆمەتباری کردن بە "پێشێلکردنی" رێککەوتنی ئەتۆمی و بەکارهێنانی ( فشار و هەڕەشە) بەرامبەر بە ئێران. ئەو جەختی کردەوە کە هەنگاوی ترۆیکای ئەوروپی هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
هەڵوێستی ئەمریکا: نوێنەری ئەمریکا رایگەیاند کە ئێران بەردەوام بووە لە "رەتکردنەوەی پلانی کاری هاوبەش" (رێککەوتنی ئەتۆمی). لە کاتێکدا وتی هیچ رێگرییەک لە چارەسەری دیپلۆماسی لەنێوان ئێران و ئەوروپادا ناکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە "پێویستە فشار بخرێتە سەر ئێران بۆ هەڵبژاردنی رێگای ئاشتی." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە گەڕانەوەی سزاکان بەو مانایە نییە کە بۆ هەمیشە دەمێننەوە.
کاردانەوەی توندی ئێران:
لە بەرامبەردا، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی هەڵوێستی وڵاتەکەی دەربڕی و رایگەیاند: "ئێمە بە تەواوەتی ئەو ئاگادارینامەیە رەتدەکەینەوە." ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییەکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە "شکستیان هێناوە لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانیان" و هەنگاوەکەیان بە "دەستدرێژیی راستەوخۆ بۆ سەر یاسای نێودەوڵەتی" وەسف کرد. نوێنەری ئێران هۆشداری دا کە "سێ وڵاتە ئەوروپییەکە بەرپرسیارێتی ئەو گرژی و قەیرانە لە ئەستۆ دەگرن کە لێی دەکەوێتەوە."
پێشینە و هەنگاوەکانی داهاتوو:
پێشتر ئێران لە رێگەی وەزیری دەرەوە، عەباس عراقچی، پێشنیازێی "داهێنەرانە و دادپەروەرانە"ی پێشکەش بە لایەنی ئەوروپی کردبوو بۆ رێگریکردن لەم قەیرانە، بەڵام وەک نوێنەری فەرەنسا ئاماژەی پێدا، ئەم هەوڵانە بە ئەنجام نەگەیشتوون.
ئێستا تاران و زلهێزە ئەوروپییەکان کەمتر لە هەشت رۆژیان لەبەردەستە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ پێش وادەی 28ی ئەیلول. چاوەکان لەسەر هەفتەی داهاتووی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لەوانەیە ببێتە دەرفەتێکی کۆتایی بۆ دانوستان و خۆلادان لە گرژییەکی زیاتر.
ناکۆکیی توند لە ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر سزاکانی ئێران و شکستهێنانی پڕۆژەبڕیارەکان
لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ناکۆکییەکی توند لەنێوان زلهێزەکاندا سەریهەڵدا سەبارەت بە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیدا هەڵگیرابوون.
هەڵوێستی روسیا:
نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی دژی هەنگاوەکانی وڵاتانی ئەوروپا وەستایەوە و رایگەیاند:
وڵاتانی ئیمزاکەری رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران مافی ئەوەیان نییە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە.
هەنگاوەکەی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە (ترۆیکای ئەوروپی) بۆ سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
ئەوروپییەکان دیپلۆماسییان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە رەتکردووەتەوە.
دووبارە سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا هیچ شەرعییەتێکی نییە.
هەڵوێستی بەریتانیا و فەرەنسا:
بەرەی ئەوروپی، بە پێچەوانەی روسیاوە، بەرگرییان لە هەڵوێستی خۆیان کرد:
نوێنەری بەریتانیا: جەختی کردەوە کە بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش رێگە بە دووبارە سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا دەدات. هەروەها وتی کە وڵاتانی ترۆیکای ئەوروپی بەپێی یاسا هەنگاویان ناوە بۆ سەپاندنەوەی سزاکان.
نوێنەری فەرەنسا: ئاماژەی بەوەدا کە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش رێگەخۆشکەرە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی و بڕیارنامەی2231بە شێوەیەکی گونجاو. ناوبراو نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی دەربڕی و وتی:
ئێران یۆرانیۆمی بە رێژەی 48 هێندەی ئاستی رێگەپێدراو پیتاندووە.
فەرەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپی پابەندییەکانی خۆیان بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ کردووە.
سیستمی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە مەترسیدایە.
پێویستە ئێران رێگە بدات پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە مەیداندا کار بکەن.
ئاژانسی نێودەوڵەتی ناتوانێت چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمەی ئێران دیاری بکات کە بە رێژەی %60 پیتێنراوە.
سەڕەڕای ئەمەش، فەرەنسا پابەندە بە کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ئەنجامی دەنگدانەکان:
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی شکستی هێنا لە پەسەندکردنی پڕۆژەبڕیارێک بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا.
هاوکات، ئەنجومەنی ئاسایش شکستی هێنا لە پەسەندکردنی پڕۆژەبڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئێران.
بڕیارێکی تایبەت بە فەڵەستین:
لەلایەکی ترەوە، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسەند کرد کە rێگە بە سەرۆکی فەڵەستین دەدات لێدوانێکی تۆمارکراو لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەکەدا پێشکەش بکات.
کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەزامەندیی نیشاندا کە سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس، لە رێگەی ڤیدیۆوە وتارێک پێشکەش بکات لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەمەش دوای بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ دێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزاکەی.
145 وڵات دەنگیان بە "بەڵێ" دا، 5 وڵات دژی وەستانەوە (ئیسرائیل، ئەمریکا، پالاو، پاراگوای و ناورۆ)، و 6 وڵاتیش دەنگیان نەدا (بێلایەن بوون).
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، رایگەیاند کە پلانێکی "ژیرانە و کردەیی" بۆ رێگریکردن لە قەیرانێکی چاوەڕوانکراو پێشکەش بە هاوتا ئەوروپییەکانی کردووە، بەڵام رەخنەی توند لە وەڵامی ئەوان دەگرێت و بە "بیانوو هێنانەوە و خۆدزینەوە" وەسفی دەکات.
عراقچی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "دوێنێ لەبری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پلانێکی ژیرانە و جێبەجێکردنی ئاسانم پێشکەش بە هاوتاکانم لە E3/EU (فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا) کرد، بۆ خۆلادان لە قەیرانێکی ناپێویست لە رۆژانی داهاتوودا."
ناوبراو رەخنەی لەوە گرتووە کە لەبری گفتوگۆکردن لەسەر ناوەڕۆکی پلانەکە، ئێران روبەروی "کۆمەڵێک بیانوو و خۆدزینەوەی ئاشکرا" بووەتەوە، لەوانەش "ئەو ئیدیعا پێکەنیناویەی کە گوایە وەزارەتی دەرەوە نوێنەرایەتی تەواوی دامەزراوە سیاسییەکە ناکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کاتێکدا خۆشحاڵی خۆی بە دانپێدانانی سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، نیشانداوە کە پێشنیارەکەی بە "ژیرانە" زانیوە، جەختی کردەوە کە "پێویستە ئەو، و هەموو جیهان، بزانن کە من پشتگیریی تەواوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانم هەیە، بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەیشمەوە."
عراقچی هۆشداری دا کە "مەترسییەکان لە بەرزترین ئاستدان" و رەخنەی ئاڕاستەی دەزگای دیپلۆماسیی ئەوروپا کرد و وتی رەنگە ئەوان بن کە "لەکارکەوتوون". هەر بۆیە داوای کرد "کاتی ئەوە هاتووە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوەردان بکات و دیپلۆماسی لەبری روبەروبوونەوە هەڵبژێرێت."
لە کۆتاییدا، عراقچی ئاماژەی بە هەنگاوەکانی ئێران کرد و وتی:
١. ئیمزاکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA) بۆ کردنەوەی "قۆناغێکی نوێی هاوکاری."
٢. پێشکەشکردنی "پێشنیارێکی داهێنەرانە، دادپەروەرانە و هاوسەنگ" کە دەتوانێت بە خێرایی قەیرانەکە چارەسەر بکات.
پەیامەکەی بەوە کۆتایی پێهێنا کە بەرپرسیارێتییەکە تەنها لە ئەستۆی ئێراندا نییە و نووسی: "رێگایەک بۆ پێشەوە هەیە، بەڵام ئێران ناتوانێت تاکە ئەکتەری بەرپرسیار بێت."
هاتوچۆی هەولێر ئاشکرایدەکات، زۆربەی روداوەکانی هاتوچۆ بەهۆی ماتۆڕ سکیلەوەیە، بۆ کەمکردنەوەی ئەو روداوانەش چەند رێوشوێنێک دەگیرێتەبەر.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، بە گوێرەی بە دواداچوونەکان، بەشی زۆری روداوەکانی هاتووچۆ یان بە هۆی ماتۆڕسوارەوەیە یان ماتۆڕسکیل و ماتۆرسوار یەکێکن لە لایەنەکانی هەر روداوێکی هاتووچۆ، کە بەردەوام یان مردن یاخود برینداربوونی سەختی لێدەکەوێتەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ لێژنەیەکی هاوبەشی نێوان پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی هەولێر ئاگاداری بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی ماتۆڕسکیلیان لە ناو سەنتەری شاری هەولێر کردوەتەوە، بۆ ئەوەی خۆیان دوور بگرن لە دروستکردنی ماتۆڕسکیل بە پارچە و مامەڵەکردن بە ماتۆڕی بێ سەرەتا و تۆمارنەکراو.
دەشڵێت، ئەمڕۆ تیمەکانیان لە بازاڕی شێخڵا و بازاڕی هەینی هەولێر ئامادەبوون بۆ ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە رێوشوێنەکانی یاسایی بەرانبەر بە ماتۆڕی بێ سەرەتا.
هاتوچۆی هەولێر داوا لە دایکان و باوکان دەکات، رێگری بکەن لە هەرزەکارانیان بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی مانۆڕەکانی ماتۆڕسواری و هەروەها توشی سزای دارایی نەبنەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 کاتژمێری داهاتوودا پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە و خۆڵبارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ هەینی ئاسمان ساماڵ دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەتی ناوچە سنوریەکانی باکوور پەلە هەور دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆز و خۆڵ بەرزدەبێتەوە، لە نیوەڕۆوە چڕییەکەى زیاد دەکات بە تایبەتى سنورى پارێزگاى سلێمانى و کەرکوک و ئیدارەى راپەڕین وگەرمیان.
کەشناسی هەرێم راشیگەیاندووە، سبەینێ شەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت، لەگەڵ بەردەوامى بەرز بوونەوەی تۆز و خۆل تا کاتەکانی نیوەڕۆ, پاشان کەشەکە سەقامگیر دەبێت.
سودانی دەڵێت، بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن چارەسەری هیچ پرسێك ناكات، بەڵكو دەبێتە دیارییەك بۆ گەندەڵكاران و دەبێت هەمووان بەشداری هەڵبژاردن بكەن.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، گرنگە هەمووان بەشداری لە هەڵبژاردنەكەی مانگی 11ی ئەمساڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا بكەن، چونكە بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن و نەچوون بۆ دەنگدان چارەسەر نییە بۆ هیچ پرسێك، بەڵكو دەبێتە دیارییەكی گەورە بۆ گەندەڵكاران.
وتیشی، بەشداریكردن لە هەڵبژاردن و دەنگدان، بڕینی نیوەی ئەو رێگەیەیە كە بەرەو ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندن دەچێت، دەشڵێت، ئێستا وڵاتانی جیهان چاویان لەسەر عیراقە كە وڵاتێكی پارێزراو و گەشەسەندووە، هەر ئەوەش وایكردووە چەندین كۆمپانیای گەورەی جیهان وەبەرهێنانیان هێناوەتە عیراق و گۆڕانكاریی گەورەی ئابوریش لە وڵاتدا بەدیهێنراون.
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی زیاتر لە 11 ملیار دیناربووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، لە رۆژی 13ـی 9 تا 19ـی ئەم مانگە، داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان زیاتر لە 11 ملیار و 59 ملیۆن دینار بووە.
هەر بەپێی داتای ماڵپەڕی شەفافیەت، بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی 2 ملیار دینار داهاتی نانەوتی کەمتر بووە.
جێگەی ئاماژەیە، ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.