بەچاودێری قوباد تاڵەبانی بۆدووەمجار كۆڕبەندی دێڵفی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
سەعید
٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بە چاودێری جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رۆژانی 6 و 7ی ئەم مانگە دووەمین كۆڕبەندی ئابوری نێودەوڵەتی دێڵفی لە سلێمانی دەبەسترێت و لە 17 پانێڵدا ئاسایشی وزە تاووتوێ دەكرێت.
دكتۆرە رۆژە كەمال وتەبێژی كۆڕبەندی دێڵفیی لەسلێمانی، لە میانی بەشدارییكردنی لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەكانی كوردسات نیوز رایگەیاند، بە هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، توانراوە كۆڕبەندەكە لە یۆنانەوە بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی.
وتەبێژی كۆڕبەندی دێڵفیی جەختیکردەوە، هاتنی ئەم هەموو میوانە لە دەرەوەی وڵات و ناوخۆی ئێراق هەرێم لەم رەوشی شەڕەدا بۆ سلێمانی گرنگییەکی زۆری هەیە و دەرخەری ئەوەیە سلێمانی شارێکی ئارامە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دوای سەركەوتنی خولی یەكەم، دووەمین خولی كۆڕبەندەكە بە چاودێری قوباد تاڵەبانی ، لە رۆژانی 6 و 7ی حوزەیرانی 2026 لە كارگەی كلتوری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و 17 پانێڵ لەخۆدەگرێت.
وتیشی، كۆڕبەندەكە چەندین كەسایەتی باڵا، بڕیاربەدەست و بازرگانی گەورە لە هەرێم، عیراق و وڵاتانی وەك یۆنان، توركیا، ئیتاڵیا و فەرەنسا كۆدەكاتەوە و تیایدا گفتوگۆی چڕ دەكرێت لەسەر ئاڵنگارییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەكانی ناوچەكە، بەتایبەت گۆڕانكارییە جیۆپۆلیتیكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسایشی وزە، گواستنەوەی سەوز و دەرفەتەكانی وەبەرهێنان.


