دوای پچڕانی بۆ ماوەی 10 رۆژ، بەهۆی رنووی بەفر و بەستەڵەک لە چیای حەساری سەکران، تیمەکانی چاککردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چۆمان توانییان ئاوی خواردنەوە بۆ سەنتەری قەزاکە و نۆ گوندی دەوروبەری بگەڕێننەوە.

سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان رایگەیاند، تیمەکانیان بۆ ماوەی سێ رۆژی بەردەوام لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا لە ناو بەفردا کاریان کردووە تاکو توانیویانە کێشەی پرۆژەی ئاوی 'پڕژێ' چارەسەر بکەن و ئاو بۆ تۆڕەکانی دابەشکردن بگوازنەوە، کە بەهۆی رنووەکەوە زیانی مادی بەر خەزانە سەرەکییەکانی پرۆژەکەش کەوتبوو.

پرۆژەی ئاوی پرژێ، کە وەک شادەماری دابینکردنی ئاوی قەزای چۆمان دادەنرێت، لە ساڵی 2008ـەوە دروستکراوە و بەهۆی هەڵکەوتە شاخاوییەکەیەوە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی کەشوهەوادایە؛ بە جۆرێک تەنها لەمساڵدا ئەمە سێیەم جارە بەفر و سەرمای زۆر ببێتە هۆی بڕانی ئاوی خواردنەوەی نزیکەی شەش هەزار هاوبەشی ناوچەکە.