لە پارێزگای موسڵ یەكێك لە گەورەترین گۆڕە بەكۆمەڵەكانی مێژووی مرۆڤایەتی هەڵدەدرێتەوە.

رائید حەمید سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا رایگەیاند، ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمی  هەڵدانەوەی یەكێك لە گەورەترین گۆڕە بەكۆمەڵەكانی مێژووی مرۆڤایەتییە كە بە "بیری نهێنییەكانی مەرگ " ناسراوە.

رائید حەمید ئاماژەی بەوەشكرد، ئامانج لە هەڵدانەوەی گۆڕەكە بۆ بە بەڵگەكردنی تاوانەكانی تیرۆرستانی داعشە و وەرگرتنەوەی مافی كەسوكاری شەهیدەكانە.

وتیشی،  پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەكە لە چوارچێوەیەكی یاسایی و مرۆیی و بە هاوكاری لایەنە پزیشكی و ئەمنییەكان ئەنجامدەدرێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە، تیرۆرستانی داعش لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 ئەو شوێنەیان وەك گۆڕی بەكۆمەڵ بەكارهێناوە و مەزەندە دەكرێت دوو بۆ چوار هەزار تەرمی تێدابێت.