حكومەتی عیراق رایدەگەیەنێت، پلان و ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی خۆڵبارین و رێگری لە بەبیابانبوون ئامادەكردووە، ئەمساڵیش پێشبینی دەكرێت شەپۆلی خۆڵبارین كەمتر بێت.
لوئەی موختار، وتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عیراق راگەیاندووە، لە 60% خۆڵبارین، لە دەرەوەی عیراقەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوی دیكەی لە ناوخۆی وڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت كە پەیوەندی بە وشكەساڵییەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەش كردووە، رەنگە ئەمساڵ شەپۆلی خۆڵبارین زۆر نەبێت و كاریگەرییەكانیانی توند و چڕ نەبن، بە تایبەتی ئەگەر لە مانگەكانی كۆتایی بەهاردا بڕێك باران ببارێت و شێ زۆر ببێت.
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی لە رۆژی هەینی داهاتوو لە سەرتاسەری عیراق دەكات "دژی هێرشەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر غەززە".
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە لە راگەیەنراوێكدا داوایكرد هەینی داهاتوو خۆپیشاندانی ملیۆنی لە سەرتاسەری عیراق بكرێت لە دژی "هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و خەڵكی فەڵەستین".
داواش دەكات، خۆپیشاندانە ملیۆنییەكە مەدەنییانە بەڕێوەبچێت و تیایدا هەردوو "ئاڵای ئەمریكا و ئیسرائیل بسوتێنرێت"، ئاڵای فەلەستینیش بەرزبكرێتەوە.
هەروەها، سەدر لە نووسراوەكەدا، بەشداربووانی خۆپیشاندانەكەی سەرپشك كردووە لەوەی كە بە جلوبەرگی ئاساییەوە بەشداری خۆپیشاندانەكە بكەن یاخود بە كفنەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە چەند مانگی رابردوودا چەند جارێك لەسەر بانگەوازی موقتەدا سەدر، خۆپیشاندانی ملیۆنی لە بەغداد و چەند پارێزگایەكی تری عیراق بەڕێوەچووە، بۆ ئیدانەكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و پشتیوانیكردنی گەلی فەڵەستین.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ شەممە 12ـی نیسانی 2025 بەشداری لە رێوڕەسمی ناوەندی یادکردنەوەی ساڵانەی رۆژی شەهیدی فەیلی و رووخانی رژێمی بەعسی لەناوچوو کرد، کە لەژێر دروشمی (کوردانی فەیلی پرسی نیشتمانن) بەڕێوەچوو.
سەرۆک کۆمار لەو بۆنەیەدا ووتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە عیراقییەکان لەم رۆژەدا یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی جینۆساید دژ بەم پێکهاتە رەسەنەی کوردە فەیلییەکان بەبیردەهێننەوە و ئاماژەی بە پێویستی دادپەروەری و تۆڵەسەندنەوەیەکی دادوەرانە بەرانبەر ئەو کەسانە کرد کە ئەم تاوانانەیان ئەنجامیان داوە لەپێناو بەرقەرارکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیان.
ئەمەی خوارەوە دەقی ووتەی سەرۆک کۆمارە لەمیانەی رێوڕەسمی یادکردنەوەدا:
به ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
ئامادەبووان خوشکان برایانی بەڕێزان
دروود وسڵاوی خودای گەورەتان لێبێت.
لەم رۆژەدا عیراقییەکان یادی چل و پێنجەمین ساڵیادی یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی جینۆساید لە مێژووی هاوچەرخی عیراقدا دەکەنەوە، کە ئەمڕۆ کۆدەبینەوە بۆ وەبیرهێنانەوەی تاوانی کوشتن و کۆچپێکردنی زۆرەملێ و دەست بەسەرداگرتنی سەرمایەی کوردە فەیلییەکان، ئەو پێکهاتە عیراقییە ڕەسەنەی کەکاریگەرییەکی روونی هەیە لەبنیاتنانی دەوڵەتی عیراقی هاوچەرخ و ژیانی سیاسی و هەڵوێستە بەرچاوەکانیان لەبەرنگاربونەوەی رژێمی پێشوودا کە ستەم و چەوساندنەوەی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عیراقی گرتبوەوە لە سەروی هەموویانەوە کوردە فەیلییەکان.
لە کاتێکدا یادی رۆژی شەهید فەیلی دەکەینەوە، بە ئازارێکی زۆرەوە ئەو ستەم و زۆرداریە بەبیر دەهێنینەوە کەبەسەر رۆڵەکانی ئەم پێکهاتە رەسەنەدا هاتووە.
ئەم پێکهاتە رەسەنە پێویستیان بە پاکێجێک لە رێوشوێنی گونجاو هەیە کە هەندێکیان پەیوەستە بە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە و هەندێکیش لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی هەڵوەشاوە، کەهێشتا کاری پێدەکرێت وپێویستی بە هەڵوەشاندنەوە و جێگرتنەوەیان بە بڕیاری نوێ هەیە، سەرەڕای پێویستیی قەرەبووکردنەوەی دەست بەسەرداگرتنی پارە و موڵک و سامانیان کە ئەوەندەی ئێمە بزانین قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووەکانی سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو نەکراوەتەوە، بەڵام ئەو تۆڵەسەندنەوەی دادوەری لەلایەن ئەوانەی ئەو تاوانانەیان ئەنجام داوە ئێستا بۆتە پێویستییەکی گرنگی دادپەروەری بۆ قوربانیان، لەکاتێکدا کە هەندێک دەنگ مژدەی گەڕانەوەی تاگڕەوی و زۆرداری دەدەن.
لەم پلاتفۆرمەشەوە داوا دەکەین کاری جددی بکرێت بۆ ئەوەی رێگە نەدرێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئەزموونە تاڵەی کە هەموو عیراقییەکان چەشتویانە، چونکە زۆرێک لە کاریگەری و تراژیدیای ڕژێمی سەرکوتگەر تا ئەمڕۆ نەدۆزراونەتەوە و چەند هەفتەیەک لەمەوبەر حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ لە تەل ئەلشێخەی سەر بە پارێزگای موسەننا دۆزرانەوە و کارەکانیش بەردەوامن بۆ ناساندنەوەی روفاتی شەهیدان و رادەستکردنیان بە خانەوادەکانیان .
خوشکان و برایانی بەڕێز
سەرۆکایەتی کۆمار هەمیشه ئامادەیی خۆی دەربڕیوه بۆ پشتیوانی لەمافه کانی رۆڵەکانی پێکهاتەی کوردی فەیلی و ئامادەیه پشتیوانی لە مافەکانی هەموو گەلی عیراق بکات، بۆ ئەوەی گوێ لە نەهامەتیەکانی رۆڵەکانی ئەم پێکهاتە رەسەنە بگرێت، چاوپێکەوتن لەگەڵ زۆرێک لەشاندەکان کراوە و گوێ لە داواکارییەکانیان گیراوە و لیژنەیەکی تایبەتمەندیش لە سەرۆکایەتی کۆمار پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوونی داواکانیان.
لەکاتێکدا داوا لە هەمووتان دەکەین هەوڵەکانتان یەکبخەن بۆ مێژوو و کلتووری کوردە فەیلییەکان و رۆڵی سیاسیتان بگێڕن بۆ بەدیهێنانی داخوازییە رەواکان و جێگای خۆیەتی کە سوپاسی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش برامان موحسین مەندەلاوی بکەین بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم چالاکییە گرنگە و دەستخۆشی لە بەرپرسانی ئەم مەراسیمەیش دەکەین و هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازین.
سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت.
خالید بەتل ئەلنەجم وەزیری پیشەسازی عیراق رایگەیاند، کە قورسە بتوانن بە بەرهەمی ناوخۆ کێبڕکێی کاڵا هاوردەکراوەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت چین بکەن، هۆکارەکەشی بۆ بەرزی تێچوی بەرهەم هێنان گەڕاندەوە لە عیراق.
وەزیری پیشەسازی لە پەراوێزی کۆنفرانسی "هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت"کە لە بەغدا بەڕێوەچو، رایگەیاند: ئێمە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە دەورە دراوین کە بەدەست کێشەی ئابورییەوە دەناڵێنن. جەختیشی لەوە کردەوە "زۆربەی بەرهەمە هاوردەکراوەکانی عیراق لە ئێران و تورکیا و چینەوە دێن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "تمەنی ئێرانی داڕماوە، تێچوی بەرهەمهێنان لەوێ زۆر کەمترە لە عیراق. بۆ نموونە تێچووی وزەی کارپێکردنی بەڕێوەبردنی هەر پڕۆژەیەکی پیشەسازی لەو وڵاتەدا نزیکەی لەسەدا 30ـی تێچوی بەرهەمهێنانە".
خالید بەتل ئەلنەجم، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو گەمارۆ ئابورییەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە بووەتە هۆی دابەزینی تێچوی بەرهەمهێنان، هاوشێوەی دۆخی عیراق لە کاتی گەمارۆکەدا لە ساڵانی نەوەدەکاندا. هەروەها تورکیا شاهیدی دابەزینی دراوی ناوخۆیی خۆیەتی، سوریاش دەچێتە پاڵ ئەم دوو وڵاتە ئەگەر بارودۆخی ئەوێ سەقامگیر بێت، ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، و بەرهەمی سوریاش دێتەوە ناو بازاڕی عیراقەوە.
وەزیری پیشەسازی عیراق لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "کێبڕکێکە لە بەرزی تێچووی کارکردن لە عیراقەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمە جگە لە جیاوازی دراوەکانمان بەراورد بە دۆلاری ئەمریکی".
چالاکوانێکی کەیسی ئەنفال و جینۆساید رایگەیاند کە دوای بەدواداچوونێکی بەردەوام، شوێنی ژمارەیەک گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانیان لە سنوری پارێزگای کەرکوک دۆزیوەتەوە کە تا ئێستا بە شاراوەیی مابونەوە.
هێمن حەسیب، چالاکوانی کەیسی ئەنفال و جینۆساید، لە پەیجی تایبەتی خۆیدا بڵاوی کردەوە کە دوای سێ مانگ لە بەدواداچوونی بەردەوام، ئەمڕۆ هەینی، توانیویانە گۆڕستانێک لە کەرکوک بدۆزنەوە کە روفاتی ژمارەیەک لە ئەنفالکراوانی تێدا نێژراوە.
ئەو چالاکوانە ئاشکرای کردوە کە گۆڕستانەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی دوورەدەست لە دەوروبەری گوندی تۆپزاوە و نزیکەی 100دۆنم زەوی پێکهێناوە. زیاتر لە هەزار گۆڕی تێدایە کە هەمویان بەبێ کێلن و بە ئەستەم دیارە کە گۆڕن.
هێمن حەسیب ئاشکراشی کردووە کە بەپێی بەدواداچونەکانیان، نزیکەی ٪80ـی گۆڕەکانی ئەو گۆڕستانە، گۆڕی روفاتی ئازیزانی ئەنفالکراوانن و بەپێی بەڵگەنامەکانی رژێمی بەعس، ٪100 بۆیان پشتڕاست بوەتەوە.
چالاکوانەکە رایگەیاندووە کە سبەی شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، زانیاریی تەواو لەسەر ژمارە و شوێنی ناشتنی روفاتەکان و بەڵگەکانی رژێمی بەعس و چەندین زانیاریی گرنگی دیکە دەخەنە رو، دواتریش سەردانی شوێنی گۆڕەکان دەکەن.
دوای بڕیای بایكۆتی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بڕیاردرا بەپارێزگابونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەران بخرێتە دەنگدانەوە.
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوە و بەپێی كارنامەكە، یەكەمین بڕگەی دانیشتنەكە تایبەتە بە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
ئەوەش لە كاتێكدایە سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بایكۆتی دانیشتەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كرد و رایانگەیاند، بەو مەرجە دەچنە دانیشتەكانەوە كە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتن. چونكە پێشتر خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە كراوە و بۆ تەنیا ئەوە ماوە دەنگی لەسەر بدرێت.
سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی باس لە پەرەپێدانی هاریکاری هاوبەش و چەسپاندنی سەقامگیری ناوچەکە دەکات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەمڕۆ لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەر دوو وڵاتی دراوسێ و چۆنییەتی پەرەپێدانی هاریکاریی لە بوارە جیاجیاکانی بەرژەوەندی هاوبەش تاوتوێکرا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەر دوو گەل بکات و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت.
هەردوو سەرۆک بەبۆنەی جەژنی رەمەزان و نەورۆزەوە پیرۆزباییان لە یەکتر کرد و هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتریان بۆ گەلانی عێراق و ئێران خواست.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ هەینی لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازی لە زیاد هاب ئەلریح وەزیری ناوخۆی فەلەستین و وەفدی یاوەری کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە دەستبەجێ هەموو جۆرە دەستدرێژییەک کە فەلەستینییەکان رووبەڕووی دەبنەوە کۆتایی پێبهێنرێت.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد، بارودۆخی خاکی فەلەستین له رووی ئەمنی و ئابووری و مرۆییەوه تاوتوێکرا و د.لەتیف رەشید بۆچونی عیراقی له پشتیوانی لە فەلەستین و مافی گەلەکەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دووپاتکردەوه.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەستبەجێ هەموو جۆرە دەستدرێژییەک کە فەلەستینییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە کۆتایی پێبهێنرێت و ئاسایش و سەلامەتی ئەوان دەستەبەر بکرێت، ئاماژەی بەوەدا کە سەقامگیرکردنی بارودۆخی فەلەستین تاکە رێگایە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی فەلەستین سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک کۆمار بۆ پرسی فەلەستین و ڕۆڵی سەرەکی عێراق لەداکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی فەلەستین.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، لە رۆژی 15ی ئەم مانگەوە دەرگا بۆ تۆماركردنی حزب و هاوپەیمانێتی و كاندیدە سەربەخۆكان دەكرێتەوە.
جومانە غەلایی وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە 15-4 تا 4-5-2025 دەرگا بۆ دەرگا بۆ تۆماركردنی حزب و هاوپەیمانێتی و كاندیدە سەربەخۆكان دەكرێتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رۆژی پێنج شەممە، ئامادەی كۆمیسۆنەكەیان پیشاندا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی یاسادان لە عیراق لەو رۆژەی كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن كە ئەوەیش 11-11- 2025.
تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆن رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەك ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، وەك كۆمیسیۆن ماوەیەكی زۆرە دەستیانكردووە بە ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.
دەشڵێت، كۆمیسیۆن خشتەی كاری خۆی داناوە و بەپێی ئەو خشتەكانی كارەكانی بەڕێوەدەبات و لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوودا رێكاری نوێ دەگرنەبەر كە دواتر رایدەگەیەنن لە پێناو زامنكردنی پرۆسەكە بەشێوەیەكی پاك و بێگەرد.
هاوكات، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عیراق رایگەیاند، بۆ ئەو كەسانەی كێشەی پەنجەمۆریان هەیە پشكنینی چاویان بۆ دادەنێن بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری دەنگدان بكەن.
هەروەها جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆن رایگەیاند، لە سەرەتای كردنەوەی بنكەكانیانەوە لە مانگی سێی ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 140 هەزار هاووڵاتی زانیاریەكانیان نوێكردووەتەوە و تائێستا نزیكەی 18 ملیۆن كارتی بایۆمێترییان دابەشكردووە.
سەرۆک کۆماری عیراق هیوای سەرکەوتن بۆ یەکەمین فێستیڤاڵی ئەکیتو دەخوازێت و بەبۆنەی ساڵی نوێی بابلی-ئاشووری پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەل دەکات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دوێنێ پێنجشەممە، بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی-ئاشوورییەوە، پیرۆزبایی لە بەشداربووانی یەکەمین فێستیڤاڵی ئەکیتو کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ فێستیڤاڵەکە خواست ، داوایکرد کە ئەم فیستڤاڵە بەشداربێت لە بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان تەواوی پێکهاتەکانی عیراق.
وتارەکەی سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەن سەکفان موراد جوندی بەڕێوەبەری گشتی بەشی پلاندانان و پەرەپێدانی سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێشکەشکرا کە سڵاو و پیرۆزبایی سەرۆک کۆماری گەیاندە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە ، جەختیشی لە پابەندبوونی سەرۆکایەتی کۆماری کردەوە بۆ چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و مەدەنی لە نێوان هەموو عیراقییەکان و پاراستنی ئەو فرەچەشنییەی کە عیراق شانازی پێوە دەکات، وەک سەرچاوەیەکی هێز بۆ ئێستا و داهاتووی خۆی.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتاری سەرۆکایەتی کۆمارە:
بەڕێزان لێپرسراوان
بەڕێزان، ئامادەبوانی بەڕێز
سەرەتا، شەرەفی ئەوەم پێدراوە کە سڵاوی سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشیدتان پێ بگەیەنم. ئەو مەبەستی بوو لەگەڵ ئێوە بەشداری چالاکییەکانی ئەم فێستیڤاڵە پڕ شکۆیە بکات، ئەگەر دەرفەت بگونجایە.
هەروەها پیرۆزبایی بەڕێزیان بە بۆنەی سەری ساڵی بابلی-ئاشووری و سریانیمان دەگەیەنم بە رۆڵەکانی کلدانی و ئاشووری و سریانی و هیوای سەرکەوتن بۆ بەشداربووانی یەکەمین فێستیڤاڵی ئەکیتو دەخوازین، کە ئەمە دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق، هەروەها چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوەژیان و پاڵپشتیکردنی فرەیییە لە وڵاتەکەماندا، کە ئەمەش هەوڵەکان چڕبکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی هێز بۆ پشتگیریکردن لە یەکێتی نیشتمانی.
ئەمڕۆ بە دروشمی (فێستیڤاڵی ئەکیتو.. فێستیڤاڵی شارستانیەتی عێراقی) لە یەکەم فێستیڤاڵی ئەکیتودا کۆدەبینەوە بە واتا گەورەکانیەوە کە ئاماژە بە قووڵایی و ڕەسەنایەتی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا دەکەن، کە تیایدا یەکەم پیتی نووسین دەستیپێکرد و یەکەم یاسا و ڕێسای بەڕێوەبردنی کاروباری مرۆڤایەتی ناسێنرا، جگە لە گەشەسەندنی هونەر و ئەدەب و زانستەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، بەم شێوەیە پشکێکی گەورەیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بەردەکەوێت کە تا ئەمڕۆش دیارە.
لە دەیان ساڵی ڕابردوودا وڵاتەکەمان و گەلەکەمان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری گەورە بوونەتەوە لە شەڕ و توندوتیژی و ستەمکاری کە ماف و ئازادییەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقمانیان رەتدەکردەوە .
ئەو فرەچەشنییەی کە وڵاتەکەمان شانازی پێوە دەکات، بەهۆی سیاسەتی گۆشەگیری و جیاکاری و پەراوێزخستن و گومان خستنە سەر رۆڵەکانی گەل کە تاکە تاوانیان ئەوەیە کە سەر بە پێکهاتە ڕەسەنەکانی خاکی دوو ڕووبارن شێوێندراو کە بەم هۆیەوە فرەڕەنگیان شێواند ، بۆیە سەیر نەبێت لاتان کە ئەم دەسەڵاتی دیکتاتۆرییە لە ئەنجامی قۆرغکردنی چەمکی هاووڵاتیبوون روخاو لەناوچوو .
دوای ڕووخانی دیکتاتۆرییەت، عێراقییەکان بە هەموو بیروراجیاوازەکانیەوە دەستوورێکی نوێیان بۆ وڵات داڕشت، کە یەکێک لە بناغە گرنگەکانی بریتی بوو لە پاراستنی فرەچەشنی و پاراستنی تایبەتمەندی و سەرکەوتنی پرەنسیپی هاووڵاتیبوون، بەو پێیەی هەمووان یەکسانن لە ماف و ئەرکەکاندا ، سەرەڕای کێشە و ئاڵەنگارییە گەورەکان، بە تایبەت ئەو پەلامارە تیرۆریستییە تاریک پەرستانەی کە بێهودە هەوڵی تێکدانی ویستی عێراقییەکان و شکستپێهێنانی تاقیکردنەوە نوێیەکەیان دا.
عێراقییەکان بەهێزتر لەم ئاڵەنگارییانە دەربازبون، ئەمەش لە سایەی خۆڕاگری و پابەندبوونیان بە ژیان و شکۆمەندی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەوە بوو، بە ویستێکی پتەوەوە بۆ ژیان بە ئازادی و شکۆمەندییەوە هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق ڕووبەڕووبوونەوەی تاقمە تیرۆریستییە تاریک پەرستەکان یەکیانگرت و قوربانییەکی یەکجار زۆریان دا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
سەرۆکایەتی کۆمار ویستی پتەو و نەگۆڕە لە چەسپاندنی چەمکەکانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و مەدەنی بون و تائێستا پێشوازی لە دەیان وەفدی تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵ کردووە بۆ ئەوەی گوێیان لێبگرێت و ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە چارەسەر بکات، لەسەر بنەمای باوەڕی سەرۆک کۆمار بە پێویستی پاراستنی ئەو فرەچەشنییەی کە لە وڵاتەکەماندا بونی هەیە، بەو پێیەی سەرچاوەی هێزە بۆ ئێستا و داهاتووی وڵات.
ئەمڕۆ ئێمە بەرپرسیارێتی هاوبەشمان هەیە، هەریەکە لە پێگەی خۆیەوە، بۆ چەسپاندنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و بنەماکانی مافی مرۆڤ و زامنکردنی ئازادی و مافەکان بۆ پاراستن و بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسی وڵات. ئەمەش بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەموو دەسەڵاتەکانی وڵاتە کە بریتیە لە : یاسادانان، جێبەجێکردن، و دادوەری.
لەم نێوەندەدا سەرۆک کۆمار گرنگییەکی زۆر بە مافەکانی مرۆڤ دەدات و سەرۆکایەتی کۆمار کار لەسەر چەندین بابەتی پەیوەست بە داواکارییەکانی هاوڵاتیان کردووە و کاری کردووە بۆ ئازادکردنی زیاتر لە ١٥ هەزار دەستگیرکراو و زیندانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا کە پێکهاتووە لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، داد، ئاسایشی نیشتمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە.
هەروەها سەرۆکایەتی کۆمار چەندین پرۆژە یاسای گرنگی پەیوەست بە ماف و داواکاری عێراقییەکان بە هەموو پاشخان و مەزهەبەکانەوە پێشکەشی پەرلەمان کردووە و دەرگای سەرۆکایەتی کۆماریش بەڕووی هەموواندا کراوەیە.
لە کۆتاییدا سڵاوی سەرۆک کۆمار بەئێوە دەگەیەنم و هیوای سەرکەوتنی ئەم فێستیڤاڵە بۆ ئێوە دەخوازم. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی لێپرسراوانی ڕێکخستنی فیستفاڵەکە و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە بەشداری سەرۆك بافڵ كۆبووەوە و رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بە یاسای ئێستا و بەبێ هەمواركردنەوە بەڕێوەبچێت.
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە بەشداری بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغداد كۆبووەوە و رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكرێتەوە و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەپێی یاسای ئێستا و لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
ئەوەش لە كاتێكدا دێت، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا رۆژی 11ی 11ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەوڵ و ئامادەكارییەكانی چڕتر كردووەتەوە.
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبووەوە و داوای لێ كرد, رێگە نەدات ململانێكان ببنە بەربەست لە بەردەم ناردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەغداد كۆبووەوە و رایگەیاند، پێویستە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ و بە شێوازێكی بنەڕەتی چارەسەربكرێن، داواشی لە سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد رێگە نەدات ململانێی لایەنە سیاسییەكان ببێتە بەربەست لەبەردەم ناردنی ماف و شایستە داراییەكانی مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان.
لە كۆبوونەوەكدا جەخت لە جێبەجێكردنی دەستور بە ئامانجی خزمەتكردنی تەواوی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عیراق كرایەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە رۆژی پێنجشەممە سەرۆكی یەكێتی بە جیا لەگەڵ سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم لە بەغداد كۆبووەوە و جەختی لە چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و عیراق و بەڕێوەچونی هەڵبژاردن كردەوە.
سەرۆك كۆماری عیراق بە ئامانجی چاودێریكردن و ئامادەبون لە یادی رۆژی جیهانی شارستانییەتی بابل گەیشە ئەو شارە و بەشداری ژمارەیەك چالاكی كرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق گەیشتە ناوەندی پارێزگای بابل و لەلایەن پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و بەرپرسانی شارەكەوە پێشیوازی لێكرا.
لە پەراوێزی كۆبونەوەكەدا، سەرۆك كۆماری عیراق ژمارەیەك دیداری لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی پلاندانان و چەند راوێژكارێكی سەرۆكایەتی كۆمار ئەنجامدا و رایگەیاند، بەرزڕاگرتنی ئەم رۆژە بیرهێنانەوەی مێژوی دێرینی ئەو شارە و میراتی كولتوری و ئەو زانستانەیە كە بۆ مرۆڤایەتی دابینی كردوە.
ئاهەنگی یادی رۆژی شارستانیەتی بابل بە ئامادەبونی ژمارەیەك وەزیر و پارێزگار و دیپلۆماتكار بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆك كۆمار لە مەراسیمێكدا پێشانگایەكی گوڵ و كشتوكاڵی كردەوە و بەشداری چەند چالاكیەكی جۆراوجۆری تری كرد.
د. کامل دولەیمی بە نوێنەرایەتی سەرۆک کۆمار بەشداری لە کۆنفرانسی زانکۆی توراس سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی دەکات.
بە نوێنەرایەتی د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، د.کامل کەریم دولەیمی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-4- 2025 بەشداریکرد لە چالاکییەکانی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی کە لەلایەن زانکۆی توراس لە بەغداد بە ناونیشانی ' بەرەنگاربونەوەی توندڕەوی و پێشخستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە بەڕێوەچو'.
لە وتارێکدا کە بەناوی سەرۆک کۆمارەوە پێشکەشی کرد، د. دولەیمی سڵاوی سەرۆک کۆماری گەیاند و هیوای سەرکەوتنی بۆ کۆنفرانسەکە خواست و پاڵپشتی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ هەموو ئەو هەوڵانە دووپات کردەوە کە ئامانجیان چەسپاندنی کەلتوری ئاشتی کۆمەڵایەتییە، جەختیکردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار پێکەوەژیانی ئاشتیانە و سەقامگیری کۆمەڵایەتی کردۆتە ئامانجی قۆناغی داهاتوو.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە عیراق دەستی کردوە بە پرۆسەی ئاشتی کۆمەڵایەتی کە لە دەرئەنجامی جەنگی تائیفی و تیرۆرەوە دروست بوە و بە متمانەوە بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵێکی دادپەروەرانە هەنگاو دەنێت کە مافی هاووڵاتیانی خۆی دەستەبەر بکات، د. دولەیمی رایگەیاند، "دامەزراوە پەروەردەییەکان و زانکۆکان و ناوەندەکانی توێژینەوە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە لە بنیاتنانی مرۆڤ و چاندنی بەهاکانی گفتوگۆ و رەتکردنەوەی توندوتیژی".
د. دولەیمی لە کۆتایی وتەکەیدا جەختیکردەوە لەسەر باوەڕی سەرۆکایەتی کۆمار کە ئاشتی کۆمەڵایەتی تەنها لە رێگەی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی بەدی نایەت، بەڵکو لە رێگەی چەسپاندنی کەلتووری نەتەوەیی لێبوردەیی کە هاندەری هاوبەشی راستەقینەیە لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵدا، هیواشی خواست کە راسپاردەکانی کۆنفرانسەکە بگۆڕدرێن بۆ هەنگاوی کردەیی کە بەشدار بن لە بنیاتنانی عیراقێکی ئاسایش و دادپەروەر و ئاوەدان.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیە سیاسی و ئەمنیی و ئابوورییەکان لەسەر ئاستی وڵات و ناوچەکە هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و پابەندبوون بە دیدی هاوبەش و رێککەوتن لەسەر پرۆژەی نیشتمانی لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا جەختی لەسەر کرایەوە.
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە کۆبوونەوەکەدا خرایەبەر باس و هەردوولا پەرۆشبوون بۆ رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە ببێتە مایەی بوژاندنەوە و بەهێزترکردنی هاوبەشیەتی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە کارکردن بە بنەما دەستووریی و یاساییەکان کردەوە و رایگەیاند، یەکێتی سیاسەتی هاوسەنگی و پاراستنی ئارامی و ئاسایش پەیڕەو دەکات کە ئەمەش بۆ زامنکردنی مافی هەموولایەکە.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوپاسی سەرۆککۆماری عیراقی کرد بۆ پەرۆشی و بەدواداچونی بەردەوامی بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی پرسی موچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.