لە بەغداد، خانمی یەکەمی عیراق یادی دامەزراندنی منداڵپارێزی کوردستانی کردەوە و جەختی کردەوە: "پاراستنی منداڵان ئامانجێکی پیرۆزە"

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، مەراسیمێکی شایستەی بەبۆنەی 34هەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە سازکرد.

لە مەراسیمەکەدا کە ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و نوێنەری نێردە دیپلۆماسییەکانی عیراق ئامادەیبوون، خانمی یەکەم وتارێکی پێشکەشکرد. لە وتارەکەیدا، ئاوڕی لە قۆناغەکانی دامەزراندنی رێکخراوەکە لە ساڵی 1991ەوە دایەوە و تیشکی خستە سەر ئەو ئامانجانەی کە لەپێناویدا کاریان کردووە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و شکۆمەندانە بۆیان.

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا کە رێگای رێکخراوەکە ئاسان نەبووە بەهۆی ئەو سەختی و نەهامەتیانەی روبەروی گەلی کوردستان بووەتەوە، و جەختی لە رۆڵی کارا و مرۆییانەی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کردەوە لە چارەسەرکردنی کێشە و نەهامەتییەکانی منداڵاندا.

خانمی یەکەم پەیامە سەرەکییەکەی دووپاتکردەوە و وتی: "پاراستنی منداڵان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت، لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمەڵگا. ئەمە ئەرکێکی نیشتمانی و بەهایەکی مرۆیی و ئامانجێکی پیرۆزە کە بنیاتنانی وڵاتێکی ئارام و خۆشگوزەرانی لەسەر وەستاوە."

لەلایەن خۆیەوە، خاتوو سارا رەشید، سەرۆکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، باسی لە ستراتیژییەت و بەرنامە فراوانەکانی رێکخراوەکەیان کرد کە کارکردنیان لە بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و پشتگیریکردنی گەنجان لەخۆدەگرێت.

مەراسیمەکە پێشانگایەکی وێنەیی لەخۆگرتبوو کە کار و چالاکییەکانی 34 ساڵی رابردووی رێکخراوەکەی نیشان دەدا، لەگەڵ پێشکەشکردنی چەند پارچە مۆسیقا و گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردی و عەرەبی کە بەشداربووان چێژیان لێ بینی.