جومانەی غەلای: لەسەدا 50ی لاپەڕەکانی دەنگدان ئامادەن
٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رایگەیاند کە پرۆسەی چاپکردنی لاپەڕەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکان گەیشتووەتە رێژەی 50٪.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پرۆسەی چاپکردنەکە لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت، ئاماژەی بەوەشکرد؛ بۆ پاراستنی دەنگی دەنگدەران لاپەڕەکان بەپێی ستانداردی ئەمنیی زۆر توند چاپ دەکرێن.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کۆی گشتیی ژمارەی لاپەڕەی دەنگدان بۆ دەنگدەرانی گشتی 22 ملیۆن و 46 هەزار و 200 لاپەڕەیەو بۆ دەنگدانی تایبەتیش یەک ملیۆن و 509 هەزار و300 لاپەڕەیە . هەروەها لاپەڕەی یەدەگیش چاپکراوە بۆ روبەروبوونەوەی هەر پێشهاتێک.
وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەدا کە لاپەڕەکان چەندین تایبەتمەندیی ئەمنیان هەیە، لەوانە:
-
نیشانەی شاراوە.
-
جۆرە مەرەکەبێکی تایبەت کە تەنها بە ئامێر و تاقیکردنەوەی تایبەت دەدۆزرێتەوە.
-
تایبەتمەندیی دژە-کۆپیکردن.
-
جۆرە کاغەزێکی تایبەت کە هاوشێوەی پارەی نەختینە نیشانە و هێمای نهێنیی تێدایە بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی پرۆسەکە.
وتەبێژی کۆمسیۆن دووپاتیکردەوە کە ئەم رێوشوێنە توندانە بۆ دڵنیابوونە لە سەلامەتی و پاک و بێگەردیی پرۆسەی دەنگدان.