وەزارەتی بازرگانی عیراق پێشنیازێك تاوتوێ دەكات بۆ بڕینی بەشەخۆراكی بەشێك لە فەرمانبەران
٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
وەزارەتی بازرگانی عیراق پێشنیازێك تاوتوێ دەكات بۆ بڕینی بەشەخۆراكی ئەو فەرمانبەرانەی موچەیان لە یەك ملیۆن و 500 هەزار دینار زیاترە.
ئەسیر داود وەزیری بازرگانی عیراق رایگەیاند، دابەشكردنی بەشەخۆراك و فۆڕمی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراك بەردەوامە و داتا و ئاماری ورد و نوێش لەسەر سوودمەندانی بەشەخۆراك وەرگیراوە.
وتیشی، لە سیستمی دابەشكردنی بەشەخۆراكدا هەر فەرمانبەرێك موچەكەی لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت بەشەخۆراكی دەبڕدرێت، پێشنیازێكیش هەیە بۆ بڕینی بەشەخۆراكی ئەو فەرمانبەرانی موچەیان لە یەك ملیۆن و 500 هەزار زیاترە، بەڵام تائێستا ئەو پێشنیازە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندنەكراوە، لە ئەگەری پەسەندكردنیشی لە ساڵی نوێوە كاری پێدەكرێت.
وەزیری بازرگانی عیراق راشیگەیاند، دابەشكردنی سەبەتەی بەشەخۆراك بە هەمان میكانیزم و بڕ بەردەوام دەبێت و ئەو كەسانەی چاودێری كۆمەڵایەتییش دەیانگرێتەوە 12 بەشەخۆراكی زیادە لەساڵێكدا وەردەگرن كە ژمارەیان زیاتر لە حەوت ملیۆن كەسە.



