قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی قائانی گەیاندە بەغداد، بڕیاریشە لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردەكانی چوارچێوەدا چەكدانانی گروپە چەكدارەكان تاوتوێ‌ بكرێت.

ماڵپەری عەرەبی جەدید بڵاویكردەوە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە سەردانێكی نهێنی گەیشتووەتە بەغداد و لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گروپە چەكدارەكان زنجیرەیەك كۆبوونەوەی ئەنجامداوە، دواتریش گەڕاوەتەوە بۆ ئێران.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كۆبوونەوەكانی قائانی، قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی تاوتوێكراوە و قائانی پێداگریكردووە لە رێگریكردن لە هەر پەرتبوونێك لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا، جەختیشیكردووەتەوە لە پاراستنی سەقامگیری عیراق لە رەوشی ئێستا كە نزیكە لە هەڵبژاردن.

بەشێك لە میدیاكانی عیراقیش بڵاویانكردووەتەوە، لە كۆبوونەوەی داهاتووی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا كە بڕیارە دوو شەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دوایین فشار و داواكارییەكانی ئەمریكا لە عیراق تاوتوێ دەكرێت، ئەویش دۆسییەی چەكدانانی گروپە چەكدارەكان و دەستەبەركردنی ژینگەیەكی ئارامە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.