وەزیری نەوتی عیراق: هەناردەی نەوتی هەرێم گەیشتووەتە 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا
ئاکام
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان گەیشتوەتە 200 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا و دانوستان لەگەڵ رێكخراوی ئۆپیكیش دەكەن بۆ زیادكردنی پشكی بەرهەمهێنانی عیراق.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، هەناردەكردنی نەوت بەردەوامە و هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەبووە و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا گەیشتوەتە 195 هەزار و هەندێكجاریش دەگاتە 200 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
دەشڵێت، ئەو ئاگرەی رۆژی یەكشەممە لە كێڵگەی زوبێر لە بەسرە كەوتەوە كاریگەری لەسەر هەناردەكردنی نەوت دروستنەكردووە.
وتیشی، عیراق بە نیازە لەگەڵ رێكخراوی ئۆپێك گفتوگۆ بكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، چونكە پلانی زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی هەیە بۆ زیاتر لە شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە تا ساڵی 2029.



