سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، تا کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نووسراوی تایبەت بە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاراستەی وەزارەتی دارایی نەکراوە، هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە لە وەزارەتی دارایی جەختدەکاتەوە کە ئامادەکارییەکان بۆ ناردنی موچەکە دەستیپێکردووە.

سەرچاوەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی بە بێستون سەلام پەیامنێری کوردسات نیوزی وت، "تا کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی،" بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، "چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ ئەو نووسراوە رەوانە بکرێت."

لەلایەکی ترەوە و بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی دیکەی کوردسات نیوز لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی، "دەست کراوە بە ئامادەکاری و وردبینی و رێکارەکانی تایبەت بە لیستی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."

ئەو سەرچاوەیە دووپاتیکردەوە، "هەرکات کۆتایی بە وردبینییەکە هات و فەرمانی خەرجکردن لەلایەن وەزیر و بەڕێوەبەری گشتییەوە ئیمزاکرا، ئەوا دەستبەجێ موچەکە دەخرێتە سەر حیسابی بانکیی هەرێم."