"نید پرایس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ حکومەتی عێراق ھەماھەنگی دەکەن بۆ وەڵامدانەوەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەی سەر ماڵی "مستەفا کازمی".
"پرایس" ئامادەیی ئەمریکای نیشانداوە بۆ ھەماھەنگی کردن لەگەڵ حکومەتی عێراق، وتیشی لە ھەر کات و شوێنێکدا بیانەوێت، مافی بە ئامانجکردنی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەی سەر ماڵی "کازمی"یان ھەیە، بەڵام ھێشتا چاوەڕێی لێکۆڵینەوەکانی لێپرسراوانی عێراقن و لە دانوستان بەردەوام دەبن لەگەڵیاندا.
"پرایس" وتیشی، بەو پێیەی توانای ھێزە عێراقییەکان لە ئاستی پێویستدا نییە، ئامادەن بۆ پێشکەش کردنی ھاوکاری و لەگەڵ حکومەتی عێراق ھەنگاوەکانی داھاتوو دیاری دەکەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، ٤ ڕاوچی بۆ ماسیگرتن چوونەتە دەریاچەی عوزێم و لە ناوچەیەک کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ھێزە ئەمنییەکان بووە کەوتوونەتە بۆسەی تیرۆریستانی داعش و دووان لە ڕاوچییەکان کوژران و کە یەکێکیان کارمەندی پۆلیسە و دوانەکە تریش ھەڵھاتوون.
وتیشی، بەھۆی سەختی شوێنەکەوە، ھێزە ئەمنییەکان بە ئۆتۆمبێل نەیانتوانیوە بگەنە شوێنەکە و بڕیارە لە ڕێی ھەلیکۆپتەری سەربازییەوە ھەوڵی دۆزینەوەی تەرمەکان بدەن.
"عیسام حسێن" سەرکردە لە ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، دوای ڕووداوەکانی پێکدادان لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران و ھێرشکرنە سەر ماڵی "مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی عێراق، ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێ خێراتر دەبن، چونکە چەند لایەنێک ھەن دەیانەوێت "عێراق" بەرەو ململانێیەک لە بەرژەوەندی خۆیان پەلکێش بکەن.
"عیسام حسێن" وتیشی، دانوستانەکان سەبارەت بە پێکھێنانی حکومەت دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن دادگای باڵاوە دەستپێدەکەن، لە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا دەبێت سەرۆکەکەی دیاری بکرێت و پاشان دانوستانەکانی پێکھێنانی حکومەت درێژەیان دەبێت.
ئەو سەرکردەیەی ڕەوتی "سەدر" وتیشی، "موقتەدا سەدر" سەرۆکی ڕەوتەکە ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەو کوتلانە کردووە کە دانوستانیان لەگەڵ دەکات و تەنھا ڕاگەیاندنی گەورەترین کوتلە و دیاری کردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ماوە.
عەلی فەتلاوی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاندوە، ھێزە ئەمنییەکان بە فەرمانی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە، بۆیە کازمی بەرپرسیارە لە کوشتنی خۆپیشاندەران.
زوحا قەیسەر ئەندامی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش رایگەیاندوە، ھێزە ئەمنییەکان پێشێلکارییەکی مەترسیداریان بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامداوە و تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە، بۆیە پێویستە لیژنەیەکی دادوەری سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران پێکبھێنرێت.
رۆژی ھەینی، خۆپیشاندانەکانی بەغداد کە دژی ئەنجامی ھەڵبژاردن بەڕێوەچوو، توندوتیژی لێکەوتەوە و دەیان خۆپیشاندەر برینداربون، ئەوەش بە ھۆکارێک ناو دەبرێت بۆ بە ئامانجکردنی ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پەنجەی تۆمەت بۆ لایەنەکانی سەر بە حەشدی شەعبی رادەکێشرێت.
بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، قائانی لە بەغداد لەگەڵ بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرکردەی گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک ئێران کۆبوەتەوە .
لەسەرجەم کۆبونەوەکانیشدا گرنگی ھێورکردنەوەی رەوشەکە دوپاتکراوەتەوە و داواشی لە سەرکردەی گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک ئێران کردوە ، ھەڵوێستە توندەکان بەرامبەر کازمی کەمبکەنەوە.
سەردانەکەی قائانی بۆ بەغداد، چەند سەعاتێک لە دوای ھەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی دێت کە گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک ئێران بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبار دەکرێن .
زوھەیر ئەعرەجی قائیمقامی موسڵ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە قۆناغی دووەمدا بینا رووخاوەکان ئاوەدان دەکرێنەوە و شەش پردی نوێ و چەندین بینای تر دروست دەکرێن بۆ پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری، بڕی ١٦٠ ملیار دیناریش بۆ ئەو قۆناغە تەرخان کراوە.
ئەعرەجی راشیگەیاند، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ٥٠٪ی پڕۆژە وێرانکراوەکانی شارەکە گەڕێندراونەتەوە و ھێشتا ٥٠٪ی پڕۆژەکانیش ماون و ھەڵمەتەکانی ئاوەدانکردنەوەش لەو شارە بەردەوام دەبن.
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە شەش ملیۆن عێراقی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە.
ھەیسەم عوبێدی بەڕێوەبەری بەشی پتەوکردنی تەندروستی و ئەندامی راگەیاندنی پزیشکی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندوە، تا ئێستا شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا لە عێراق دەستیپێنەکردوە، بەڵام بە ھۆشداریەوە چاوەڕوانی دەکەن، چونکە مەترسییەکانی ئەو شەپۆلە کە لە چەند وڵاتێک دەستیپێکردوە، لە عێراق بە دور نییە.
رونیشیکردوەتەوە، تا ئێستاش شەش ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار عێراقی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە، بەڵام ئەو ژمارەیە بەپێی پێویست نییە و ئامانجیان ئەوەیە رێژەی لەسەدا ٧٠ی ھاوڵاتیان ڤاکسین وەربگرن.
راوێژکارەکەی کازمی ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، لە کۆی ٥٢ ملیار دۆلار کە بۆ قەرەبوکردنەوەی کوەیت لەسەر عێراق دیاریکرابوو، تەنھا ٦٠٠ ملیۆن دۆلار ماوە و بۆ دانەوەی ئەو بڕەش، لە بەھای ھەر بەرمیلێک نەوت، رێژەی لە سەدا ٣ی بۆ کوەیت دادەنرێت.
بە وتەی راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دۆسێی قەرەبوکردنەوەی کوەیت لە وەرزی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا بە تەواوی دادەخرێت.
هەوڵی تیرۆركردنی "مستەفا كازمی" سەرۆك وەزیرانی عێراق كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە."موقتەدا سەدر" سەرۆكی رەوتی سەدر لە تویتەر رایگەیاند، هەوڵی تیرۆركردنی "كازمی" بە ئامانجكردنی عێراق و گەلەكەیەتی، هەروەها پەلكێش كردنێتی بۆ ناسەقامگیری بۆ ئەوەی هێزە نادەوڵەتییەكان كۆنترۆڵی بكەن،
"د.بەرهەم ساڵح" سەرۆك كۆماری عێراقیش رایگەیاند، پەلامارە تیرۆریستییەكەی سەر "كازمی" تاوانە دژ بە عێراق و دەبێت رێگە نەدرێت بە پەلكێشكردنی عێراق بەرەو ئاژاوە و كودەتا بەسەر دەستور، داوای یەكهەڵوێستیش دەكات بۆ روبەڕوبوونەوەی شەڕانگێزان.
"حەیدەر عەبادی"یش هۆشداریدا لە تێكەڵ كردنی كارتەكان و وتی، دوێنی خۆپیشاندەران كوژران و ئەمڕۆ سەرۆك وەزیران كرایە ئامانج، ئێمە لە گۆڕەپانی شەڕدا نین.
"عەمار حەكیم"یش رایگەیاند، بە ئامانجكردنی "كازمی" هۆشدارییەكە بۆ ئەگەری رووداوی مەترسیدارتر.
"قەیس خەزعەلی" ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهللحەق وتی، دەبێت تاوانباران بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن، چونكە ئەوە هەوڵێكە بۆ تێكەڵكردنی كارتەكان، چونكە تەنها رۆژێك لەدوای كوشتنی خۆپیشاندەران دێت.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئیدانەی ئەو پەلامارە تیرۆریستییەی كرد و "نید پرایس" وتەبێژی وەزارەتەكە رایگەیاند، بە وردی چاودێری رەوشەكە دەكەن و خۆشحاڵن كە "كازمی" هیچ زیانێكی پێنەگەیشتووە. وتیشی لە پەیوەندیدان لەگەڵ هێز عێراقییەكان بۆ پاراستنی سەروەری خاكی عێراق. لای خۆشییەوە "عەلی شەمخانی" ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وتی، ئەو پەلامارە ئاژەوەیەكی نوێیە و لەلایەن گروپە تیرۆریستەكانەوە ئەنجامدراوە. هەروەها سەرۆكانی میسر و لوبنان و وەزارەتەكانی دەرەوەی ئیمارات و سعودیە و قەتەر و كوەیت و ئوردن پەلامارەكەیان ئیدانە كرد و رایانگەیاند ئەو پەلامارە بە ئامانجكردنی سەقامگیری عێراقە.
بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزیری نەوت و بەڕێوبەرایەتی دابەشکردنی سوتەمەنی عێراق ڕەزامەندیداوە بە دابەشکردنی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکان پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین ٢١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار لیتر نەوت، کە دەکاتە رۆژانە ٢٥٢ ھەزار لیتر، ھەروەھا پارێزگای ھەولێر ١٥ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار لیتر کە رۆژانە ١٨٠ ھەزار لیتر، پارێزگای ھەڵەبجە ٥ ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار لیتر کە رۆژانە بڕی ٣٦ ھەزار لیتر و پارێزگای دھۆکیش ٧ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار کە رۆژانە دەکاتە ١٠٨ ھەزار لیتر نەوتی سپی.