"ئەحمەد سەحاف" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا ١٧٠ کۆچبەر تۆمارکراون کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەیانەوێت سنورەکانی بێلاروس و پۆڵندا بەجێبھێڵن و بگەڕێنەوە عێراق.
وتیشی، ٥٥ پاسپۆرتیان بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران ئامادەکردووە و کارەکان لەگەڵ لێپرسراوانی فڕۆکەخانەی "مینسک" جێبەجێ دەکەن بۆ ڕێکخستنی ئەو گەشتە.
پێشتریش "ئەحمەد سەحاف" ڕایگەیاندبوو، ١٨ی ئەم مانگە یەکەم گەشت ڕێکدەخەن بۆ ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی بە شێوەی ئارەزوومەندانە دەیانەوێت لە سنوری "بێلاروس"ەوە بگەڕێنەوە وڵاتەکە. وتیشی حکومەت لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەراندایە.
عەمار حەكیم، لە وتارێكدا لە كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش، لە دهۆك ، رایگەیاند، پێویستە لێپرسراوای عێراق هەوڵی جدی بدەن بۆ دابینكردنی سەقامگیری لە عێراق، چونكە هاوڵاتیانی ناوچەكە بەدەست سێ شتەوە دەناڵێنن، ئەوانیش ئاڵۆزی و ناسەقامگیری ناوخۆیی و ترس لە داهاتوو، وتیشی، پێویستە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی رێكبخرێنەوە و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن.
بەرهەم ساڵح لە كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش، كە شاری دهۆك بەڕێوەدەچێت رایگەیاند، كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد، كێشەی كەڵەكەبوون و پێویستیان بە هەڵوەستەی جدیە، وتیشی، كاتی ئەوە هاتووە، ئەو كێشانە دوور لە ئەمری واقع و مەنتقی هێز، لە كەشوهەوایەكی بونیادنەرانەدا چارەسەرێكی بنەڕەتیان بۆ بكرێت.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ١٨ی ئەم مانگە گەشتێک رێکدەخەن بۆ ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی بە شێوەی ئارەزوومەندانە دەیانەوێت لە سنوری بێلاڕوسەوە بگەڕێنەوە بۆ وڵات.
وتیشی، حکومەت لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەراندایە و چەندین رێکاری سیاسی و دیبلۆماسیش بۆ چارەسەرکردنی رەوشی کۆچبەران گیراونەتە بەر.
ئەحمەد سەحاف راشیگەیاند، ٥٧١ کۆچبەری عێراقی تر لە ھەشت کەمپی سنوری بێلاڕوس و پۆڵەندا تۆمارکراون و ھەماھەنگیشیان لەگەڵ وڵاتان ھەیە کە رێگەنەدەن عێراقییەکان لە رێیانەوە بچنە بێلاڕوسەوە.
سەنا موسەوی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح بەرپرسیارێتی ئەم رەوشەی ئێستا عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت خستە ئەستۆی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و رایگەیاند، یاریکردن بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەمووان روونە.
وتیشی، کازمی بەشێکە لە پڕۆژەی ساختەکاری و قبوڵکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنیش بەو شێوەیەی ئێستا ھەیە، پەرلەمان و حکومەتێک دەھێنێتە کایەوە، کە ناتوانێت داواکارییەکانی گەل بەدیبھێنێت و بۆ ماوەیەکی زۆریش نامێنێتەوە.
ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگەکانی ١٠٨ وێستگە دەکات لە بەغداد، ئەوەش بە بڕیارێکی دەستەی دادوەری کە بڕیاری ژماردنەوەی دەنگەکانی ئەو وێستگانەی داوە.
عیماد جەمیل ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنەکەش دەڵێت، ئەو وێستگانەی ژماردنەوەیان بۆ دەکرێت سەر بە نوسینگەی ھەڵبژاردنی بەغدادە.
چاوەڕوانیش دەکرێت ھەفتەی داھاتوو پێداچوونەوە بە تانەکان لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە کۆتایی پێبێت.
"حەسەن فدعم" ئەندامی رەوتی حیکمە رایگەیاندووە، ئەگەر کوتلە سیاسییەکان بە ویلایەتی دووەمی "کازمی" وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق رازی بن، ئەوا چوار ساڵی تر لە پشێوی و ئاژاوە بەردەوام دەبێت، وتیشی نابێت بێدەنگ بن بەرامبەر بە کوژرانی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و جەختی کردەوە لەوەی دەستی دەرەکی ھەیە لە پشت کاروبارەکانی ناوخۆی عێراق و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن. ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە وتیشی، رەتیدەکەنەوە "کازمی" بۆ ویلایەتێکی تر ببێتەوە بۆ سەرۆک وەزیران.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وەرگرتنەوەی مۆڵەت لە کۆنسوڵی فەخری بێلاروس لە بەغداد بۆ ماوەیەکی کاتییە و ئامانج لێی پاراستنی کۆچبەرە عێراقییەکانە و پاراستنی ھاوڵاتیانە لەو گروپانەی قاچاغچیەتی بە مرۆڤەوە دەکەن و بە نایاسایی دەیانگەیەننە بێلاروس.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتیشی، عێراق ھەموو گەشتە ئاسمانییە ڕاستەوخۆکانی لەگەڵ بێلاروس ڕاگرتووە و ھەردوو باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ و وارسۆ ھەماھەنگی دەکەن بۆ ئەوەی کۆچبەرە عێراقییەکان کە لە سنورەکانی بێلاروس گیریان خواردووە، بە خواستی خۆیان بگەڕێننەوە.
موختار موسەوی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە، دەستوەردانی دەرەکی لە ئەنجامی ھەڵبژاردن ڕوون و ئاشکرایە و ئەو ساختەکاریەش کە لە پڕۆسەی ھەڵبژاردندا ئەنجامدراوە بە دەستوەردانی دەرەکی بووە، بۆیە داوای لە سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەت و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کردووە گوێ لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بگرن و دوور بکەونەوە لە پشتگوێخستنیان.
ڕەوتی سەدریش دووپاتیکردووەتەوە ھەوڵ دەدەن بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی و بە ھەموو جۆرێک دەستوەردانی دەرەکیان لە کاروبارەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق ڕەتکردووەتەوە.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەژمارکردنەوەی دەستی دەنگەکاندا نزیکەی ٧٥٠ ھەزار دەنگی پوچەڵ ھەبووە، بە کۆمەڵێک ھۆکاری جیاوازیش ئەو ٧٥٠ ھەزار دەنگە پوچەڵە ھەژمار کراوە.
وتیشی، بەشێکی ئەو دەنگانە دەنگدەر سوتاندوویەتی و بەشێکیشیان بێ مۆر بوون یاخود چەند مۆرێکیان لەسەر بووە یان لە شوێنی ناڕاستدا مۆرکراون، لە ئێستاشدا چاوەڕوانی دەستەی دادوەری دەکەن بە مەبەستی سەیرکردن و یەکلاکردنەوەی ھەموو ئەو تانانەی لەسەر ئەنجامەکان پێشکەشکراون.
جەختیشیکردەوە، دەستەی دادوەری دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەژمارکردنەوەی دەستی لە بازنەیەک یاخود چەند ناوەندێکی دەنگدان یان چەند وێستەگەیەکدا بدات.
بەشیر حەداد جێگری خولی پێشووی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رەوشی عێراق بە ئاراستەیەكی نادیاردا دەڕوات، تا ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردن لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەند نەكراوە.
وتیشی، ئەو لایەنانەی ناڕازین لە ئەنجامەكان دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنن، كە ئەنجامی هەڵبژاردن نەكرێت بە مەرجی پێكهێنانی حكومەت، بەڵكو ئەوانەی كورسی كەمیشیان هێناوە بەشدارییان پێبكرێت.