سەدر لە تویتەر ھاشتاگی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی راگەیاندوە و نوسیویەتی، لەگەڵ ھیچ لایەنێکی سیاسی ناکۆکی نییە تەنھا لە بابەتی چاکسازی ناوخۆیی و دەرەکی و خۆشەیستی نیشتماندا نەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، باشترین کار بۆ داھاتوی عێراق، پێکھێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانییە، سەدر پێی وایە خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دوو بەرە دابەش دەبێت، بەرەیەکیان ئەو لایەنانەن کە پێکەوە حکومەتێکی زۆرینە پێکدەھێنن و ئەرکی ئەنجامدانی چاکسازی لەسەر سەرجەم ئاستەکان لە ئەستۆ دەگرن، بەرەی دوەمیش بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت کە نابێت پەراوێز بخرێن.
کۆمسیۆن رایگەیاند، لە زیقار ژماردنەوە بۆ دەنگەکانی ٦١٢ وێستگە دەکەن کە تانەیان لێدراوە و پڕۆسەکەش ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
تا ئێستا کۆمسیۆن ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی بۆ وێستگە تانە لێدراوەکانی شەش پارێزگا کردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە، ھیچ گۆڕانکارییەک لە ئەنجامەکاندا رووی نەداوە و ساختەکاری بەدی نەکراوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆردومانەکان بە فڕۆکەی ئێف ١٦ ئەنجامدراون و مۆڵگەیەکی شانە نوستوەکانی داعشیان لە ناوچەی عەیس لە خۆرھەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین کردوەتە ئامانج.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ھێزێک لە ئۆپراسیوانەکانی سەڵاحەدین پشکنینیان بۆ ناوچەی بۆردومانەکە ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا تیرۆریستێکیان دەستگیرکردوە و لە ھەمان شوێندا سێ تیرۆریست گەمارۆ دراون.
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پێش کۆتاییھاتنی کارەکانی حکومەت، ھەوڵدەدەن چەند گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی بە بەھای چەندین ملیار دۆلار ئیمزا بکەن و لە رێی ئەو گرێبەستانەوە کۆمپانیاکە لە عێراق وەبەرھێنان لە کەرتی غاز و وزە و ئاو و پیشەسازی پترۆکیمایی وەبەرھێنان بکات.
وەزیری نەوتی عێراق ھیواشی خواستوە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا کۆمپانیا سعودی و ئیماراتی و بیانییەکان لە عێراق پارێزراو بن، بۆئەوەی بەو شێوەیە ھانی کۆمپانیاکان بدرێت لە عێراق وەبەرھێنان بکەن.
"سەدر" لە تویتێکدا نوسیوویەتی، زانیاری تەواویان لە بەردەستدایە کە چەند وڵاتێکی ھەرێمی دەستوەردان دەکەن لە کاروباری ھەڵبژاردنەکانی عێراق و فشار لەسەر کوتلە و لایەنە سیاسییەکان دروست دەکەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، کە ئەوەش زیانی بۆ عێراق و گەلەکەی ھەیە.
"سەدر" داوای لەو وڵاتانە کرد کە بکشێنەوە لە دەستوەردانەکان و ھەروەھا دانوستان کردن لەگەڵیان ڕەتدەکاتەوە، جەختیشی کردەوە لەوەی ھەر دەستوەردانێک بەزاندنی سەربەخۆی و سەروەری و ھەژموونی وڵاتەکەیە.
کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا دەنگەکانی زیاتر لە ١٤ ھەزار و ٦٢٠ وێستگەی تانەلێدراو ژماردنەوەی بۆ کراوە، کە دەکاتە ٢٥٪ی وێستگەکانی عێراق، ھیچ گۆڕانکارییەکیش لە ئەنجامەکان ڕووی نەداوە و ساختەکاریش نەکراوە.
کۆمسیۆن ڕاشیگەیاندووە، تا ئێستا ژماردنەوەی دەنگەکان لە وێستگە تانە لێدراوەکانی بۆ چەند پارێزگایەک کراوە ئەمڕۆش ژماردنەوەی دەنگەکانی پارێزگای "ھەولێر و کەرکوک و موسەنا و کەربەلا و قادسیە و ئەنبار" بەڕێوەدەچێت.
بڕیارە تابلۆی ئۆتۆمبێل لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق یەکبخرێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیایەکی ئەڵمانی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل ھەڵدەستێت بۆ سەرتاسەری عێراق دروست دەکات و ژمارەکانیش بە ئینگلیزی دەنوسرێت و بۆ ھەر تابلۆیەکیش ٣٠ ھەزار دینار لە خاوەنەکەی وەردەگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی عێراق دەڵێت، یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل تەنھا لە عێراق نییە، بەڵکو زۆربەی وڵاتان جێبەجێیان کردووە، چونکە ئەو بابەتە دەکەوێتە ناو رێککەوتنی ڤیەننا، کە وڵاتانی پابەند کردووە بۆ یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە جۆرێک ژمارەکەی روون بێت و بە زمانی ئینگلیزی نووسرابێت و لەبری ناوی پارێزگا ژمارە و کۆدی تایبەت دابنرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەگەر ئەو سیستمە جێبەجێ بکرێت، لە کاتی چونەدەرەوەی ئۆتۆمبێل بۆ وڵاتانی دەرەوە، پێویست بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل ناکات.
کۆمسیۆن لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە سێیەم ڕۆژی دەستپێکردنی پڕۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگی وێستگە تانە لێدراوەکان، بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنەکان و ڕێکخراوەکان و ڕاگەیاندنەکان، ژماردنەوەی دەستیی بۆ دەنگی وێستگە تانە لێدراوەکان لە پارێزگاکانی میسان و دیالە و بەری ڕەسافەی بەغداد کراوە و ئەنجامەکەی بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران بەرز کراوەتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو لەبەر ڕۆشنایی ڕێکارە پەیڕەوکراوەکان.
کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگی وێستگەکانی بەری کەرخی بەغداد دەکرێت.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق ڕایگەیاند، بە پێی ڕێنماییە نوێیەکانی ھێڵی ئاسمانی عێراق بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، لە ئێستادا کار بە کارتی نێودەوڵەتی وەرگرتنی ڤاکسین ناکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گەشتیار تەنھا بە پشکنینی "پی سی ئاڕ"ی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە کەمتر لە ٧٢ سەعات پێش گەشتکردن، دەتوانێت گەشتەکەی ئەنجام بدات.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەنگۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەک خێزانیان لە گوندەکانی قەزای شارەبان بڵاوکردووەتەوە، کە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستیەوە و تا ئێستا ھیچ خێزانێکی تر بەھۆی پشێویەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ئەو گوندانەوە ئاوارە نەبوون.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ڕایگەیاند، ٢٢٧ خێزان لە گوندی نەھر ئیمام بەھۆی پەلامارەکانی داعش بەرەو خانەقین ئاوارەبوون، ھاوکات ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان، بۆ تاوتوێکردنی دواین پێشھاتەکانی ڕەوشی گوندەکانی سنووری شارەبان کۆبووەوە.
مستەفا کازمیش ڕایگەیاند، داعش ھەوڵ بۆ کردنەوەی جێپێی خۆی لە پاریزگای دیالە دەدات، بەڵام ھەرگیز ڕێگەیان پێنادەن.
تارق حەرب ڕونیکردۆتەوە، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و دادگا، دەسەڵاتی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنیان نییە، و بەپێی دەستور ئەو دەسەڵاتە لای ئەنجوومەنی نوێنەرانە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەڵبژاردن گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، لەبەرئەوەی خولی پێشوو خۆی ھەڵوەشاندۆتەوە، پێویستە چاوەڕوانی کۆبوونەوەی خول نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت کە بڕیاربدات بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردن، ئەوەش کارێکی ئەستەمە
لە نوسراوێکدا کە ئیمزای موقتەدا سەدری لەسەرە ھاتووە، لە ھەنگاوی یەکەمدا بۆ داخستنی بارەگاکانی ھێزەکانی سەرایا سەلام، سەرجەم بارەگاکانیان جگەلە بارەگاکانی نەجەف و کەربەلا و سامەڕا و بەغداد دادەخرێن و کارمەندەکانیان وەک ئەندامی رەوتی سەدر دادەنرێنەوە و چەکھەڵگرتنیش تەنھا لە چوارچێوەی ئەو بارەگایانەدا دەبێت.
ھێزەکانی سەرایا سەلام کە گرووپێکی چەکداری سەر بە رەوتی سەدرن و بەشێکیشن لە حەشدی شەعبی، ساڵی ٢٠١٤ دوای سەرھەڵدانی گرووپی تیرۆرستی داعش دروستکران و راستەوخۆ لە ژێر فەرمانی موقتەدا سەدر رێبەری رەتی سەدردان.