بەیانی ئەمڕۆ شەممە، باماکۆی پایتەختی مالی رووبەڕووی دۆخێکی ئەمنیی گرژ بووەوە دوای ئەوەی چەند گروپێکی چەکداری سەر بە رێکخراوی قاعیدە هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر بنکەی سەربازیی "کاتی" و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و چەند شوێنێکی هەستیاری دیکەی سەربازی.
لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکە لەسەعات شەشی بەیانی، دەنگی تەقەیەکی زۆر و تەقینەوەی بەهێز لە دەوروبەری پایتەخت بیسترا و هێزە ئاسمانییەکانی مالی بە هێلیکۆپتەر و چەکی قورس وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە، ئەمەش وای کرد شارەکە بۆ چەند سەعاتێک بە تەواوی پەک بکەوێت و شەقامەکان چۆڵ بن.
سوپای مالی دوای چەند سەعاتێک لە شەڕ رایگەیاند کە دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و هێرشەکەیان تێکشکاندووە، بەڵام تا ئێستاش دڵەڕاوکێ و ترس بەسەر پایتەختدا زاڵە و هێزە ئەمنییەکان لەناوچە هەستیارەکاندا لە ئامادەباشی تەواودان بۆ رێگری لە هەر پێشێلکارییەکی تری ئەمنی.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێرشەکان تەنها ئامانجە سەربازی و سیادییەکانیان پێکاوە و نەچوونەتە ناو گەڕەکە نیشتەجێبووەکان.
چاودێران پێیان وایە ئەم رووداوە تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ دەسەڵاتدارانی مالی بۆ پاراستنی سەقامگیری و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییە ئەمنییە گەورانە.