عەلی فەتلاوی سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، دەستپێشخەری چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ چارەسەری ئەو بنبەستبوونە سیاسییەی ھاتووەتە ئاراوە، لە لایەن بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران و ھێزە سەربەخۆکانەوە پێشوازیکراوە.
وتیشی، ژمارەی پەرلەمانتارانی سێ یەکی پەکخەر نیوە کۆ یەکی تێپەڕاندووە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە جگە لە دەستپێکردنی گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی و پەلەکردن لە پێکھێنانی حکومەتی نوێ، ھیچ بژاردەیەکی دیکەی لە بەردەستدا نەماوە.
عەلی فەتلاوی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبێت، ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە لێی بەرپرسیارە، کە تا ئێستاش چارەسەرەکان ڕەتدەکەنەوە.
"عەمار حەکیم" لە یادی ٣٤ ساڵەی تاوانی ئەنفالدا ڕایگەیاند، ئەنفال قێزەونترین تاوانی ڕژێمی بەعسی پێشوو بوو بەرامبەر گەلی کورد، کە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان و ئاوارەبوون و داگیرکردنی سەرەوەت و سامان و خاک و باخ بوونەوە و دەیان گۆڕی بە کۆمەڵیشی لێکەوتەوە.
"عەمار حەکیم" ڕاشیگەیاند، بۆ زامن کردنی دووبارە نەبوونەوەی کارەسات و تاوانی لەو شێوەیە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان پابەند بن بە دیموکراسیەت و کار بکەن بۆ بەدیھێنانی، ئەوەش لە ڕێی یەکخستنی ڕیزەکان و وەلانانی بەرژەوەندییە حزبییەکان و بەدیھێنانی داواکاری گەل لە باکورەوە تا باشور.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لە ئەنجامی دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق، بڕیاردراوە ماوەی مانەوەی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی یەکێتیەکە لە عێراق تا ٣٠ نیسانی ٢٠٢٤ درێژ بکرێتەوە، لە کاتێکدا بڕیار بوو ئەرکی ئەو ڕاوێژکارانە لە ٣٠ ئەم مانگەدا کۆتایی پێبێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە یەکێتی ئەوروپا جگە لە حکومەتی عێراق لەگەڵ ھاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانیش گفتوگۆی کردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە تا ئێستا عێراق لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە پێویستی بە پشتگیری و ھاوکاری نێودەوڵەتیە.
ڕاوێژکارەکانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق ئەرکیان پێشکەشکردنی ڕاوێژی ستراتیژی دەبێت بە ھێزە عێراقییەکان بۆ جێبەجێکردنی لایەنە شارستانیەکان لە پڕۆگرامی کەرتی ئەمنی عێراقی.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە ، پێش مانگی رەمەزان بڕیاری گرنگیان داوە لە بەرژوەندی ھاووڵاتیان بۆ بەرەنگاربونەوەی گرفتی بەرزبونەوەی نرخی خۆراک کە بەھۆی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراینەوە دروست بووە و حکومەت بەرپرسیارێتی چەند بریارێکی سەختی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام بەشێک لە وەزارەتەکان ھەندێک بریاریان داوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ھاوڵاتیان ھەیە، ھەربۆیە دوپاتیکردۆتەوە کە دەبێت سەرجەم وەزارەتەکان بە تەواوی پابەندی بریارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بن.
کازمی راشیگەیاندووە ، قۆناغی داھاتوو قۆناغی داواکاری و بە دیھێنانی ئامانجەکانە ،بۆیە دەبێت ھەموان لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن، داواشی لە ھێز و لایەنە سیاسییەکان کردووە کاری جددی بکەن بۆ ئامادەکردنی یاسای بودجەی ٢٠٢٢ ی عێراق .
تورکی عەتەبی سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاند ، بژاردەی بون بە ئۆپۆزسیۆنی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان و تا ئێستا باسی لێوەنەکراوە و بە نیازی ھەنگاوێکی لەو شێوەیەش نین ، بەڵکو ھەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانی لەگەڵ رەوتی سەدر بەردەوامە و بە تەنھا چارەسەری دەزانن بۆ کرانەوەی بنبەستی سیاسی و پێکھێنانی حکومەتێکی بەھێز.
دوپاتیشیکردۆتەوە ھەوڵی چوارچێوەکە بۆ بەشداریکردن لە پێکھێنانی حکومەتی داھاتوودا لە پێناو دەستکەوتی سیاسی نیە ، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە پارێزگاری لە پرۆسەی سیاسی بکەن و روبەروی قەیرانەکان ببنەوە ، بەتایبەت لە ئێستادا کە ناوچەکە بە چەندین ئاڵەنگاریدا تێدەپەرێت .
زاملی بە ئاژانسی ھەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەنجومەنی نوێنەران یاسایی و دەستورییە و بەردەوامە لە ئەرک و کارەکانی و خاوەنی بڕیار و ڕای خۆیەتی، بۆیە پشتیان بە دەستور و یاسا بەستووە، کاتێک داوای پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢یان لە حکومەت کردووە.
زاملی ئاماژەی بەوەشکرد، داوایان لە حکومەت کردووە، بە زووترین کات پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات.
دەربارەی یاسای ئاسایشی خۆراکیش زاملی وتی، یاسای ئاسایشی خۆراک نابێتە جێگرەوەی بودجە و بە ھیچ شێوەیەک دەستبەرداری پڕۆژەیاسای بودجە نابن.
ئاشکرایکرد، یاسای ئاسایشی خۆراک چارەسەری چەند کێشەیەکی دیاریکراو دەکات و بەم نزیکانەش پەسەند دەکرێت.
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێ ئێوارە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە ئاماژەیدا بەوەی، لە کۆبوونەوەکە باس لە رەوشی چەقبەستووی سیاسی و دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەت کراوە، جەختیان کردەوە لەوەی پابەندن بە ھەماھەنگی کردن لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی تر، چونکە بە بێ ھەماھەنگی و دەست خستنە ناو دەستی یەکتر، بەرژەوەندی خەڵک بەدی نایەت.
چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕاشیگەیاند، ھەوڵی تاکڕەوییان لە دەسەڵاتدا نەداوە و کاریش ناکەن بۆ دوورخستنەوەی لایەنەکانی تر بەڵکو ھەماھەنگییان لەگەڵ دەکەن.
ڕاشیانگەیاند دیاریکردنی وادەیەکی دیاریکراو بۆ پێکھێنانی حکومەت تەنھا چەقبەستوویی سیاسی درێژتر دەکاتەوە، ھەموو ھەوڵێکیش دەدەن بۆ لێکتێگەیشتن و ڕێگە نادەن گەورەترین پێکھاتە بکرێتە بچووکترین و لاوازترین.
چوارچێوەی ھەماھەنگی داواشی لە لێپرسراوانی دادوەری کرد ڕێگە لە حکومەتی ئێستا بگرن لە تێپەڕاندنی یاساکان، چونکە ئێستا حکومەتێکی کاربەڕێکەرە.
مەشعان جبوری، سەرکردە و پەرلەمانتاری ھاوپەیمانیی سەروەریی، ڕایگەیاند، بەھۆی چەقبەستوویی سیاسی و شکستھێنانی ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، بژاردەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ھەیە، کە بژاردەی ھاوپەیمانیی سێ لایەنەکەیە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان و چەقبەستوویی سیاسی.
وتیشی، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بە ھەڵوەشاندنەوەی خۆی بدات و داوای ھەڵبژاردنێکی نوێ بکات، ئەوا بارێکی گەورە دەکەوێتە سەر عێراق و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان.
ماددەی ٦٤ی دەستووریی عێراق دوو ڕێگەی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریکردووە، یەکەم لەسەر داوای سەرۆک وەزیران و بە ڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، یاخود سێ یەکی پەرلەمانتاران داواکارییەک پێشکەش بکەن و بە زۆرینە دەنگی لەسەر بدرێت.
بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدۆییانەی لە لایەن دانیشتووانی بەغدادەوە تۆمار کراون و بڵاوکراونەتەوە، چڕی و بەھێزی شەپۆلی خۆڵبارینەکە، شارەکەی داپۆشیووە و ئاستەنگی بینینی بۆ ھاووڵاتیان و شۆفێران دروستکردووە و مەودای بینین بۆ ٢٠٠ مەتر کەمبووەتەوە.
فەرمانگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ڕایگەیاند، زۆربوونی خۆڵبارین بۆ کەمی بارانبارین و دیاردەی بە بیابانبوون دەگەڕێتەوە، کە زیانێکی زۆر لە عێراق دەدات.
لە کۆتاییەکانی ھەفتەی ڕابردووەوە، شەپۆلێکی بەھێزی خۆڵبارین عێراق و ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە پارێزگاکانی ھەرێم سەدان کەس بەھۆی تەنگەنەفەسییەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
"ڕیاز حەلفی" بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، ھێشتا ھیچ ئاماژەیەکی دروست بوونی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا نییە، بەڵام بە دووری نازانن گۆڕاوەکانی کۆرۆنا بگەنە وڵاتەکە، چونکە ھێشتا وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن ھاووڵاتیانی عێراقەوە بە پێی پێویست نییە و بەرگری گشتی دروست نەبووە.
وتیشی، وەزارەتی تەندروستی عێراق لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ھەماھەنگی دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا، بە تایبەت ئەو جۆرانەی لە چین سەرھەڵدەدەن.
(عەلی موسا عاگول مەسعودی) ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی موبین لە قەزای حەمزەی سەر بە پارێزگای بابل، کە یەکێکە لە شوێنکەوتووانی مەحمود سەرخی لە وتاری ھەینیدا داوایکرد گۆڕی ئیمامەکانی شیعە بڕوخێنرێت، ئەوەش کاردانەوە و ناڕەزایی توندی لێکەوتەوە و لە بەغداد و شارەکانی تری عێراق خۆپیشاندانی ناڕەزایی ڕێکخرا و ھێرشکرایە سەر شوێنکەوتووانی مەحمود سەرخی و چەندین کەسیشیان دەستگیرکران.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا ڕایگەیاند، چاوەڕوانی سەرخی دەکات خۆی لەو تاوانبارە بێبەری بکات و ماوەی سێ ڕۆژ مۆڵەتی پێ دەدات بە پێچەوانەوە ناچار دەبێت بە پێی ئەرکی ئایینی خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسە و ھاوشێوەکانیدا بکات بە پێی شەرع و یاسا و نەریتی کۆمەڵایەتیی گونجاو.
ھەروەھا دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن لە دادگای حەلە (عەلی موسا عاگول مەسعودی)یان بە پێی ماددەی ٢٠٠ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکردووە.
زوھرە بوخاری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، گروپی سەرخی لە ڕووی بیروباوەڕەوە گروپێکی لادەرن و پاشماوەی حزبی بەعسن.
مەحمود سەرخی یەکێکە لە مەرجەکانی ١٢ ئیمامەکەی شیعە، بەوە ناسراوە بانگەشەی دەوڵەتی مەدەنی دەکات و ھەوڵی بونیادنانی پەیوەندی بەھێز لە نێوان شیعە و سونە دەدات.
ئیرەج مەسجدی لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی دیداری تایبەتی کوردسات نیوز، ڕایگەیاند ئێران سەیری ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردووی عێراق دەکات و "ئاراستەی سازان" لە پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراقدا بە شیاوتر دەزانێت.
ئیرەج مەسجدی دەڵێت "شێوەی حکومەتی داھاتوو بەندە بە بڕیاری بەرپرسان و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق خۆیان، بەڵام پێموایە سازان گونجاو ترە."
لەبارەی خواستی بەشێک لە لایەنەکان بۆ ڕێککەوتن لە ڕێگەی زۆرینەی نیشتیمانی، ئیرەخ مەسجدی دەڵێت ئەو بۆچوونەش جێگەی ڕێزگرتنە بەڵام پێم وایە حکومەتی زۆرینە سەرکەوتوو نابێت.
بە وتەی ئیرەج مەسجدی "ئەو بۆچوونەش (حکومەتی زۆرینە) جێگەی ڕێزگرتنە، سازانیش ڕای منە، پێموایە حکومەتی زۆرینە سەرکەوتوو نابێت تەنیا لەو وڵاتانە نەبێت کە ساڵانێکی زۆر دیموکراتی تێیدا بەرقەرارە و فۆڕمێکی دامەزراوەیی وەرگرتووە، من ناڵێم دیموکراسی لە عێراقدا نیە."
نزیکەی ٦ مانگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەڵنەبژێردراون.
بڕیار بوو ڕۆژی ٣٠ی مانگی ڕابردوو کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڕێوەبچێت بەڵام بۆ جاری سێھەم بەھۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ھەروەھا ڕۆژێک دوای شکستەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ کۆبوونەوە، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامێکی ئاراستەی لایەنەکانی عێراق کرد و داوای کرد دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە جگە لە ڕەوتی سەدر بکەن بۆ پێکھێنانی حکومەت.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە ھاوکاری کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی و کۆمپانیای عێراقی بۆ گواستنەوە، توانراوە لە ماوەیەکی پێوانەیدا ١٥٠ ھەزار تەن گەنمی ھاوردەکراو بگوازرێتەوە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند ڕۆژی داھاتودا چاوەڕوان دەکرێت یاسای ئاسایشی خۆراک پەسەند بکرێت و چەندین ڕێکەوت ئمیزا بکرێن، بۆ ھاوردەکردنی کەلوپەل و خۆراک .
لە ساڵانی ڕابردودا عێراق یەکێک بووە لەو وڵاتانەی گەنم و دانەوێڵەی لە ڕوسیا و ئۆکراینەوە ھاوردە کردووە، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی جەنگەوە نەتوانراوە گەنمی ئۆکراینی ھاوردە بکرێت، بۆیە ئێستا بەشێکی زۆر لەو گەنم و دانەوێڵەیەی ھاوردە دەکرێت، لە ئوسترالیاوە دێت.
ئەمڕۆ وەفدێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدادیان کرد و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، لەبارەی پرسی نەوت و بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر دۆسێیەی نەوتی و گازی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، لەبارەی کۆبوونەوەکەوە، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پێویستە ھەموو گرێبەست و رێککەوتنەکانی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا نەوتییەکان رەوانەی بۆ وەزارەتی نەوت بکرێن، بە مەبەستی پێداچوونەوە و ھەمووارکردنەوە و پێشخستنیان، ھەروەھا گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆمپانیایەکی نەوت بگوازرێنەوە، کە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، لە شاری ھەولێر دادەمەزرێندرێت.
ھاوکات، خالید شوانی سەرۆکی وەفدی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکان راشکاوانە بوون و سەرەتایەکی باشن بۆ ھەماھەنگی لە نێوان وەزارەنی نەوت و حکوومەتی ھەرێم، راشیگەیاند، رێککەوتن لەسەر دانانی میکانیزم، بۆ دانانی پلانی کاری داھاتوویان، بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەی نەوت، جەختیشیکردەوە، کە یاسای نەوت و گاز چارەسەریکی نموونەیی دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ھەموو کێشەکان.
لە لایەکی ترەوە، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق ھەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان دەنێت.
بانکی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستوەتە روو، گەشەی بەرھەمی ناوخۆیی نانەوتی عێراقیی لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣ لە ٣٪ زیاتر نابێت ئەویش لەبەر نەبوونی پرۆسەی چاکسازی خێرا و بەردەوامی کەمی ئاوو کارەبا لە وڵاتدا.
سندوقی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ لە لایەن بانکی ناوەندی و وڵاتانی کۆمەک بەخش بە پشتیوانی دارایی کەنەدا و ئەڵمانیا و سوید و بەریتانیا دامەزراوە.
حسین ئەسەدی پێشبینیکاری کەشوھەوا ئاشکرایکردووە، خۆڵباریینەکەی عێراق بە چڕی دەبێت و لە شەویشدا لەسەر زەوی کۆ دەبێتەوە، ئاماژی بۆ ئەوەش کردووە، لە ئێستا شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕووی لە خۆرھەڵاتی دیالە و کوت کردووە و بەرەو سنورەکانی ئێران دەجوڵێت .
ئەو پێشبینیکارە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، ئەمڕۆ تا ئێوارەی دوو شەممە کەشەکە ئاسایی دەبێت و لە شەوی دوو شەممەشدا بەھۆی ھەڵکردنی باوە کەشوھەوا سارد دەبێت و پلەکانی گەرماش دادەبەزن.
دەشڵێت، لە سوریاوە شەپۆلێکی خۆڵبارین روو لە ناوچەکانی باکوور دەکات، پاشان بۆ ناوچەکانی ناوەراست و خۆرئاوا و باشوور درێژ دەبێتەوە.