نەجم عیقابی بەرێوەبەری راگەیاندن لە وەزارەتی کاری عێراق راگەیاند، کرێکارانی بیانی توانایەکی باشی پیشەییان ھەیە و کێبڕکێ لەگەڵ کرێکارانی ناوخۆیی دەکەن.
ئەوەشی راگەیاندوە، زۆری ژمارەی کرێکاری بیانی وایکردووە، کە رێژەی بێکاری لەعێراق بگاتە بەرزترین ئاست.
ئەو لێپرسراوەی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ئەوەشی ئاشکراکردووە ، زۆری ژمارەی کرێکاری بیانی پەیوەستە بەوەی لەدوای تەواوبوونی مۆڵەتەکانیان کۆمپانیاکانی نایانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان، بەشێکیشیان لەگەڵ بۆنە ئایینییەکان و ھەندێکیشیان بە ناوی گەشتیارییەوە ھاتوونەتە عێراق و نەگەڕاونەتەوە.
جاسم عەلەوی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەر مافی ئەوەی نییە پرۆژەی بودجە رەوانە بکات و بودجەی نوێ تایبەت دەبێت کابینەی نوێی حکومەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی راگەیاندووە، پڕۆژەی بودجە پێویستی بە رێککەوتنی یاسایی ھەیە و ئەوەش ئەرکی حکومەتی کاربەڕێکەر نییە و درێژەپێدانیشی بەم شێوەیە ھێندەی تر پرۆسەکە قورس دەکات.
لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی داوای پەلەکردن لە پێکھێنانی کابینەی نوێ و کارکردن لەسەر پرۆژە یاساکان دەکەن لەسەروو ھەمووشیانەوە پرۆژە یاسای بودجە. کە کۆی کایەکانی ژیانی لە عێراقدا پێوە بەستراوە.
مامۆستایانی زانکۆ لە بەغداد لەو خۆپیشاندانەدا نیگەرانییان دەربڕی سەبارەت بە ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر وانەبێژێک لە زانکۆی "بەغداد" لەلایەن ھێزەکانی روبەڕوبوونەوەی ئاژەوەگێڕان، داواشی لێکۆڵینەوەش لەو رووداوە دەکەن.
مامۆستایانی زانکۆ داواشیانکرد ئەو پارچە زەوییانەیان بەسەردا دابەش بکرێت، کە لە "عامریە" بۆیان تەرخان کراوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە "ئەمڕۆ، شەممە، ١٧/٤/٢٠٢٢، وەزارەتی دەرەوە بانگھێشتی باڵیۆزی سوێد لە بەغداد، ھاکان رۆس، کرد و ناڕەزایی حکومەتی عێراقی پێگەیاند."
دەشڵێت سوتاندنی قورئان لەلایەن گروپێکی تووندڕەو لە سوید بۆ ئەوە بووە "ھەستی موسوڵمانان بوروژێندرێت" و ئەمە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی سوید لەگەڵ وڵاتانی موسوڵمان.
پێشتر موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ڕایگەیاند لەسەر سوتاندنی قورئان لە وڵاتی سوێد پێویستە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ھەڵوێستی ھەبێت و بانگھێشتی باڵیۆزی سوێد بکات.
ڕۆژی ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢، ڕاسموس بالودان، سەرۆکی حزبی "ھێڵی توندڕەوی" دانیمارکی کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی لە شاری لینشوبینگ لە باشوری سوید و لەژێر پاسەوانیی پۆلیسدا سوتاند.
لەپاش سوتاندنی قورئانی پیرۆز، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی موسوڵمانان خۆپیشاندان دەکەن.
پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند ھێزەکانی سوپای سەر بە لیوای ٥٢ی فەوجی ٤ و حەشدی شەعبی بەرپەرچی ھێرشەکەیان داوەتەوە.
گوندی بوستاملی دە کە وێتە باشووری قەزای خورماتوو، گوندیکی تورکمان نشینی سونە مەزھەبە.
لەدوای ڕزگارکردنی گوندی "بوستاملی" لە دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، تاوەکو ئێستا دانیشتوانەکەی نەگەڕاونەتەوە، تەنیا ھێزی ئەمنی لە سنووری گوندەکە جێگیرکراوە.
سەعات ٧ی ئێوارەی دووشەممە شەعلان کەریم لە دیدارێکی تایبەتی کوردسات نیوزدا باس لە پێشھاتەکانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و کێشەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەکات و دەڵێت: قورسی رەوشی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ قۆرخکردنی پۆستەکان و دەستکەوتەکان و شەڕکردن لە پێناو مانەوەدا.
شەعلان کەریم دەشڵێت ھەر یەکێک لەو لایەنانە لەو باوەڕەدایە کە لایەنەکەی تر خۆی و مێژووە سیاسیەکەی لەناودەبات، ھۆکەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، بۆیە نەبوونی متمانە ئەو قەیرانانە دروستدەکات.
سەرۆکی ھاوپەیمانیی سیادە لە پەرلەمانی عیراق لە دیدارەکەدا باس لەوەشدەکات، کە زۆرێک لە شیکەرەوانی سیاسی و ئەوانەی تێڕوانینان بۆ داھاتوو ھەیە، پێیانوایە عێراق بەم سیستمە سیاسییەی ئێستای نامێنێتەوە.
ئەو بەرپرسە عێراقییە دەشڵێت ئەگەر ناکۆکییەکان بەردەوام بن، ئەگەر دەستتێوەردانە دەرەکییەکان بەردەوام بن، ئەوا دەبێت دەستوری عێراق ھەموار بکرێتەوە و دەستورێکی شەفاف بنووسرێتەوە و تێیدا رەچاوی ھەموو پێکھاتەکانی گەلی عێراق بکات و دیموکراسییەکی راستەقینە ھەبێت بۆ دروستکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ھەروەھا دروستکردنی دەوڵەتێکی بەھێز و رەسەن.
ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی کەرکوک بڵاویکردەوە، گەورەترین مۆڵگەی بەکارھێنراوی تیرۆریستانی داعشیان لە دۆڵی چای لەناوبردوە و دەستبەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی ئەو گروپە تیرۆرگرووپەکەشدا گیراوە.
داعش لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٣٣ ھێرشی لە پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەدین و ئەنبار ئەنجامداوە و بەھۆیانەوە نزیکەی ٥٠ کەس بوونەتەقوربانی، لە کۆتاییەکانی ھەفتەی رابردووشەوە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە نێوان پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەدین بۆ کێوماڵکردنی ئەو سنوورە دەستپێکردووە.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بۆ دروستکردنی ئارد ٥٢ ھەزار تۆن گەنمی ئوستراڵی گەیشتوەتە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانیی و لەچەند رۆژی داھاتوودا بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشکردووە، پشکی ھەرێمی کوردستان ٦ ھەزار و ٢٥٠ تۆنە، کە پارێزگای ھەولێر ٢ ھەزار و ٢٥٠ تۆن، سلێمانی ٢ ھەزار و ٢٥٠ تۆن و دھۆکیش ھەزار و ٧٥٠ تۆنە، پشکی پارێزگای کەرکوکیش ٢ ھەزار و ٢٥٠ تۆن گەنمە.
ماھر حەماد بریکاری ھونەری وەزارەتی پلاندانای عێراق ئاشکرایکرد، حکومەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناکات و بۆ حکومەتی داھاتوو جێدەھێڵێت.
ماھر حەماد ڕاگەیاندووە تا کاتی پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ حکومەتی ئێستا یاسای پاڵپشتییە بە پەلەکان، کێشەی ئاسایش و خواردن و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان چارەسەر دەکات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا مالکی بڵاویکردەوە، حکومەتی ئێستای عێراق حکومەتی کار بەڕێکەرە، بە گوێرەی دەستور دەسەڵاتی کەموکورتی ھەیە و ناتوانێت پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆری نەوتی بەسڕە- عەقەبە جێبەجێ بکات.
مالکی جەختیکردووەتەوە، ئەو ھەنگاوە پێشێلکاری دەستورە و پێچەوانەی یاسایە، وا پێویست دەکات دادگای فیدراڵی ڕایبگرێت و ھەموو ئەو بڕیار و یاسایانەش ڕابگرێت کە لەو حکومەتەوە دەردەچێت.
مالکی باسی لەوەشکردووە، ئەوان لەگەڵ زۆرکردنی ژمارەی سەرچاوەکانی ھەناردەکردنی وزەن بۆ وڵاتانی جیھان، بەڵام بەو مەرجەی بەفیرۆدانی دارایی تیا نەبێت و نەبێتە بارگرانی بۆسەر شانی ھاوڵاتی عێراقی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا مالکی داوایکردووە، حکومەتی ئێستا پەلە نەکەن لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە و وازی لێ بھێنێت بۆ حکومەتی داھاتوو.
شەوی پێنجشەممەش وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ئەوەی ڕوویدا کێشەیەکی دروستکراو بووە و توانیویانە چارەسەری بکەن و نرخی بەنزین جێگیر بکەنەوە.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێکاری یاسایی دژی ئەو بەنزینخانە ئەھلییانە دەگرنە بەر کە نرخی بەنزینیان بەرزکردووەتەوە و ئەم دۆخە نەخوازروەیان دروستکردووە. بە پێی ھەندێک سەرچاوەش سزای ئەو بەنزینخانانە دراوە کە نرخیان بەرزکردووەتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق بە گران سوتەمەنی دەکڕێتەوە و بە نرخی ھەرزان بۆ بەنزینخانەکانی دابین دەکات تاکو ڕێگر بێت لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
مشعان جبوری لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە نیوە کۆ یەک ھەیە، نەک دوو لەسەر سێی پەرلەمانی، پێشیوایە ھاوپەیمانی ڕزگاری نیشتیمان توانای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھەیە و ھەر کاتێکیش ئەو بڕیارە درا، ئەوان ئامادەن بۆ ئەو ئەرکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەڵبژاردن ھیلاکی و تێچوونی دارایی و مرۆیی دەوێت، بەڵام جێی قبوڵ نییە پڕۆسەی سیاسی بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، چونکە دەوڵەت خەرجی و پەسەندکردنی بودجەی لە بەردەمدایە.
مشعان جبوری جەختیکردەوە لە ئێستادا دوو بژاردە لەبەردەستدایە، یان ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، یاخود پەنا بردن بۆ دادگای فیدراڵی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکە.
بانکی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئابوری عێراق دوای شۆکی پەتای کۆرۆنا و نزمبوونەوەی نرخی نەوت، ھێدی ھێدی دەستی بە بوژانەوە کردووە و گەشەی کەرتی نەوت و نا نەوتی بە ئاڕاستەی ڕاستەقینەی خۆیاندا ھەنگاو دەنێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، بەھۆی بەردەوامبوونی بەرزی نرخ و زیادەی داھاتی نەوتەوە لە بازاڕەکانی وزەدا، کورتھێنانە داراییەکان نەماوە و یەدەگی نەختینەش زیادیکردووە.
بانکی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی وشکەساڵی و پچڕانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخ لە جیھاندا، کەرتی کشتوکاڵی عێراق دووچاری پاشەکشە بووە، بە شێوەیەک لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی لە ١٧.٥٪ و ٣٦.٨٪ دووچاری پاشەکشە بووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی کەشناسی عێراق بڵاویکردەوە، سبەینێ شەممە لە سەرانسەری عێراق ئاسمان ساماڵ و نیمچە ھەور دەبێت ، بەڵام پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور، لە چاو ڕۆژانی پێشتر کەمێک بەرزدەبێتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت پلەکانی گەرما وەک ڕۆژی ڕابردوو دەبێت و لە ناوچەکانی باکور کەمێک پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە.
ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی داھاتوو، لە سەرانسەری عێراق ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک لە ڕۆژانی سەرەتای ھەفتە بەرزتر دەبێتەوە، لە ھەندێک ناوچەش لە دوای نیوەرۆوە ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور.
مەزھەر محەمەد بە ئاژانسی ھەواڵی نیشتمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، بەھۆی ئەو داھاتە زۆرەی نەختینە کە دێتەدەستی، عێراق لە مێژووی خۆیدا لە باشترین دۆخی داراییدایە.
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق داوایکرد، ئەو زیادەیە لە پارەی نەختینە لە کەرتی بەرھەمھێن و ئابوری نیشتمانیدا بەگەڕ بخرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت دەستی کار و توانای مرۆیی نیشتیمانی پێ بەگەڕ بخرێت و سامانی نیشتمانی زیاتر بێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سیاسەتی وەبەرھێنان لە توانا داراییە گەورەکاندا، پێویستە لەو جومگە ئابوریانەدا بەگەڕبخرێت، کە بەردەوامی چالاکی ئابوری و دارایی دەستبەر دەکەن.
ماڵپەڕی (زە وۆڵد)ی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، تیرۆریستانی داعش لە ئێستادا ھێرشی چەتەیی ئەنجام دەدەن لە دژی ژێرخانی ئابوری عێراق و تەنھا دەتوانن ھاوڵاتیان و کەسانی بێدەسەڵات بترسێنن.
ئاماژەی بەوەکردووە، ئێستا داعش لە لاوازترین ساتەوەختەکانی خۆیدایە لە عێراق، ئەو جموجوڵانەش کە لێرە و لەوێ ئەنجامیان دەدات، تەنھا جۆرێکە لە خۆ نمایشکردن و ھیچی تر.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ھۆکاری ئەو لاوازیەی داعش دەگەڕێتەوە بۆ ئۆپراسیۆنە سەرکەوتووەکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە کوشتنی ژمارەیەک لە سەرکردە مەیدانییەکانی داعش.
لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە جەختیکردووەتەوە، چیتر داعش لە ١٠ دەقە زیاتر ناتوانێت لەو شوێنانە خۆی بگرێت کە چالاکی تێدا ئەنجام دەدات.